سڵاوی با ... سیروان كاروانی

نیگاری: هونەرمەند، (تارا ئەمین)

تۆ نەهاتی،

تا ئەم تاریكییە

بە تیغی ڕووناكی لەت بێ. .

تۆ نەهاتی،

تا چرای هاتنت

تەنێ جارێ لەم ماڵە هەڵ بێ. .

ئەوەتا،

(تا)ی ژیان مێلۆدییەكانی

بەبەر چاوی خوماری كازێوەوە

ڕەش كردەوە. .

ئەوەتا،

تا-ی ژیان خاتوو (ئەڤین)ی

بەنێو قەتارەی سامۆتكەكاندا

لەگەڵ خۆی بردەوە. .

ئیدی،

مێلۆدی گۆڕغەریب بوو و

لە حزووری حەزرەتی بادا،

پەیكەری بۆ دانرا. .

خانمی ئەڤین مرد و

لە گۆڕستانی حەوادا،

بە خاك سپێردرا. .

تۆ نەهاتی،

تا خونچەگوڵی ماچ

بەری سڵاوی با بگرێ. .

تۆ نەهاتی،

تا مفرەدیی گۆنای سوور

بە چریسكەی شەوق،

لەگەڵ حەزرەتی مانگ بەشەڕ بێ. .

٠٨ / ٠٨ / ٢٠٢١

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu