ژوانێک تەڕتر لە باران ... شیعری: ستیڤان شەمزینی

لەو شارە جەنجاڵەوە

باهۆزی عەشقم هەڵیکرد

لە ئێوارەیەکی هێمندا

کەرنەڤاڵی ئاوێزانبوونمان دەستیپێکرد

من ئەمەویست هەرچی خۆشاوی ماچە

لەسەر لێوی تۆ بیتوێنمەوە

تۆش بە چاوێکی شەرمنانەوە

باوەشت کردبوو بە پیاوێکی شێتدا

ئەو پیاوە دێوانەیەی

لەو سەری ئەوسەری دنیاوە

هاتە نێو خەونەکانتەوە

من ئەمویست، بتخوێنمەوە

وەک چۆن تینوو ئاو ئەخوێنێتەوە

ریشۆڵە رێگای کوێستانان ئەخوێنێتەوە

دەریا کتێبی چارەنووسی شەپۆل ئەخوێنێتەوە

تۆش ئەتویست، نیگام بکەیت

ئەتویست شتێک بڵێیت و هەر نەتوت

خۆ من ئەمزانی

رازی دڵە پەمەییەکەت چییە

خۆ من ئەمزانی چاوەکانت چی ئەڵێن

هەموو شتێکم

لە نیگا گەرمەکانتا خوێندەوە

دەمزانی ئەتەوێت وەک بڵێسەیەک

خۆت بخەیتە زەریای شیعرمەوە

دەمزانی ئەتەوێت وەک باڵندەیەک

لە رۆحی داگیرساوی مندا بنیشیتەوە

دەمزانی ئەتەوێت

مەشخەڵی عەشقێکی ئەبەدی

لە نێو چاوەکانی مندا داگیرسێنیت

هەموو شتێکم خوێندەوە

لە توێی دوا باوەشی بەر لە ماڵئاوایی

دەنگی شمشاڵی خۆزگەکانتم خوێندەوە

لە چاوبڕینە ناو چاوەکانم

بەهەشتێکی سەوزم خوێندەوە

من هەموو شتێک تێگەیشتم

کاتێک بە زمانی پەلکەزێڕینە

باسی رنوە بەفری موحیبەتت ئەکرد

من خەیاڵم لەلای ئەو سروەی عەشقە بوو

لە جەمسەری باکووری دڵتەوە

بە ئەسپایی رووەو من ئەهات

کاتێک بە زمانی فریشتەیەک

حکایەتەکانی خۆت ئەگێڕایەوە

من لە ئەندێشەی تەمێکدا ون ببووم

کە تەنیا رووناکی تۆم لێ دیار بوو

کاتێک بە زمانی گوڵ

باسی ئینجانە شکاوەکانت ئەکرد

من بیرم لە لای ئەو سترانە بوو

بەناو رێگاکانی مەحاڵدا تێدەپەڕی

کاتێک بە زمانی بروسکە و تیشک

داستانی درێژی خۆت لەگەڵ

شەوە نوتەکەکان ئەگێڕایەوە

خەیاڵم پڕ ببوو لە سەرگوزشتەی

ئەو کۆترە زامدارانەی بەسەر تەرمی

دڵۆپە بارانەکاندا هۆن هۆن ئەگریان

کاتێک بە زمانی پاسارییەکان

هۆنراوەکانی مەستیت ئەخوێندەوە

من لە نێو دێڕ بە دێڕیاندا

خۆم ئەبینی، وەک ئیمپراتۆری

سەر عەرشی بەرینی ئومێد

خۆم ئەبینی، وەک گەدایەک

لەبەردەم پەیکەری ڤینۆسیی باڵات

کاتێک بە زمانی هەور

باسی ژوانێکت ئەکرد تەڕتر لە باران

من لەناو ئاونگی خەیاڵی خوسان و

توانەوەی پەشمەکی هەناسەکانتدا

وێڵ ببووم

کاتێک بە زمانی شەماڵ

باسی درەختی عاتیفەت ئەکرد

من لە نێو رووباری بەرائەتدا

وەک مەلەوانێکی بزێو نغرۆ ببووم

کاتێک بە زمانی رەیحانە

لە بارەی چنارەکانی عەشقەوە ئەدوایت

من رۆژووی مەراقە دێرینەکانم

بە جامێ شەرابی سۆزت ئەشکاند

من هەموو شتێک تێگەیشتم

لەو کاتەی بە بێدەنگی ئەدوایت و

بە هاوارەوە بێدەنگ بوویت

لەوە تێگەیشتم، ئەو قەدەرەی

من و تۆی لەم شارە نەناسە کۆکردۆتەوە

تەنها سەرکێشییەکی ئەویندارانەیە

ئەوەی من و تۆی بەیەک گەیاندووە

تەنها تەختەی شانۆی فرمێسکە

ئەوەی من و تۆی لێرە کۆکردۆتەوە

تەنها حەسرەتی درێژترین چاوەڕوانییە

ئەوەی من و تۆی پڕ کردووە لە متمانە

تەنها خەتمی کتێبە بریسکاوییەکەی

حەزرەتی جوانییە

من لە هەموو شتێک تێگەیشتم

لەو کاتەی لە باوەشمدا دەلەرزیت و

دەرزی عەشقی من لە دڵت دەچەقی

تێگەیشتم، لە عەشقێک

بۆنی کوچە گرینۆکەکانی

نیشتمانی لێدێت

تێگەیشتم، لەو پەنجەرە روونەی

لە دەلاقەکەیەوە سەیری

کۆترە یاخییەکانی گەڕەکت لێ ئەکرد

تێگەیشتم، لەو بزە بکوژەی

منی خستە ناو دارمەیتی ژیان و

لە باوەشی مانگەشەودا رواندمی

تێگەیشتم، لەو ئەسرینە روونەی

وەک جۆگە بە لای سنەوبەری

خەونەکانی مندا رەت ئەبوو

تێگەیشتم، لەو دڵە ئەڵماسییەی

سنووری غەریزە سەرشێتەکانی

منی ئەبڕی

من لە هەموو شتێک تێگەیشتم

لەو کاتەی وەک زریان هورژمم هێنا و

تۆش وەک کەفی دەریا

سپی هەڵگەڕابوویت

من تێگەیشتم، ئەو ئەستێرەیەی

لە ئاسمانی مندا دەرکەوتووە

نەوەی رەسەنی ئاهورامەزدایە

تێگەیشتم، ئەو پەرییە ژنەی

ئاسۆی تاریکمی رووناک کردۆتەوە

ژنێکە لە جنسی بەهار و

یەکەمین ژوانمان خوسان بوو

تەڕتریش بوو لە باران

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu