ئامەد: ژمارەیەکی نوێی کۆڤاری زارەما کەوتە بازاڕەوە ... بەکر شوانی

ئەگەر دەرچوونی ڕۆژنامە و گۆڤار و چاپکردنی کتێبی کوردی لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان کارێکی ئاسایی بێت، ئەوا لە باکور و ڕۆژهەڵات بزاڤێکی واتەدار و مایەی ڕێز و شانازییە.

لە باکوری کوردستان و تورکیا، سەرباری ئەوەی کوردی زمانی پەروەرەدە و خوێندن نییە و بارودۆخی ژیان لە سەختترین ئاستدایە، کەچی نووسەر و ڕۆشنبیران وچان بەردەوامن لە خزمەتکردن بە ئەدەب و کولتووری کوردی.

نوێترین نموونە؛ لەم ڕۆژانەدا ژمارە ١٥ی گۆڤار/کۆڤاری "زارەما"ی ڕەخنەیی و تیۆری بە چەندین بابەتی سەنگینەوە کەوتە بازاڕەکانی باکور و تورکیاوە.

ئەم گۆڤارە هەر چوار مانگێک دەردەچێت و ئامانجی ئەوەیە زمانی کوردی لەسەر ئاستی زانستی کۆمەڵایەتی و ڕەخنەی وێژەیی و هونەری بەهێز بکات و هۆشەمەندیی ڕۆشنبیریی کوردی بکوردێنێت و لەژێر کاریگەریی زمانی تورکی دەری بهێنێت. وەک لە دێپاچەی ناساندنی گۆڤارەکەدا هاتووە، "زارەما" هەوڵ دەدات لە نێوان نووسەران و توێژەران و ڕەخنەگرانی بەشەکانی کوردستاندا ببێت بە پرد و بۆ ئەو مەبەستەیش لە هەموو ژمارەیەکدا ڕووبەرێکی فراوان بۆ نووسەرانی باشوور و ڕۆژهەڵات تەرخان دەکات.

"زارەما" لەلایەن فەخریە ئادسای-ەوە لە شاری ئامەد دامەزرێندراوە و هەر خۆیشی خاوەنداری دەکات. ئادسای، ساڵی ١٩٧١ لە شاری دێرکی سەر بە پارێزگای ماردین لە دایک بووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری ئیزمیر خوێندووە. پاشان بەشی مێژووی زانکۆی تەکنیکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە ئەنقەرە تەواو کردووە. لە زانکۆی دیجلەی ئامەد ماستەری کۆمەڵناسی و لە زانکۆی ئارتوکلوی ماردین ماستەری زمان و ئەدەبی کوردیی بەدەست هێناوە. ئادسای لە پاڵ نووسیندا بە کوردی، بابەتی ئەدەبی و کولتووری لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕێت.

یەکەم ژمارەی "زارەما" مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٤ دەرچووە و لە ١٧٦ لاپەڕەدا وتار و بابەتی ٢٠ نووسەر لەخۆدەگرێت. زۆربەی بابەتەکان بە زاراوەی کرمانجیی سەروون، بەڵام جێگە بۆ کۆمەڵێک بابەت بە زاراوەکانی کرمانجیی ناوین (سۆرانی) و زازاکیش تەرخان کراوە.

وشەی "زارەما" لە زمانی ئاوێستاوە وەرگیراوە و واتای "بەهار" دەگەیەنێت. هەمان وشە لە زاراوەی زازاکیدا بەرامبەر بە دەستەواژەی "دڵی ئێمە"یە.

#ئەدەبییات_شوانی

لە واڵی بەڕێزیانەوە وەرگیراوە

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu