دەرفەتەكانی بەردەم پاراستنی یەكڕیزیی نێوان ھێزە سیاسییەكان. . . محەمەد عەلی

لە ماوەی ڕابردوودا، سەرۆكی ھەرێم كاك (نێچیرڤان بارزانی) ھەوڵەكانی چڕكردەوە بە ئاراستەی دروستكردنی كۆدەنگی لەسەر پرسە جیاوازەكانی پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی كوردستاندا، ھاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی ھەڵبژاردنەكانی عێراق و گۆڕانكارییە ھەرێمییەكانیش، كە مەترسییەكانی سەر كوردستانیش زیادیان كردووە، یەكڕیزیی نێوان ھێزە سیاسییەكان، تاكە ڕێگەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گشت پێشھاتەكان.

لە ئێستادا، مەترسییەكی زۆر ھەیە كە لە پەرلەمانی داھاتووی عێراق گۆڕانكاری لە ھاوكێشەی ھێز لە نێوان ھێزە سیاسییە جیاوازەكاندا ڕووبدات، بە تایبەتی سوننە، بۆیە مەترسییەكی زۆر لەسەر لەدەستدانی پۆستی سەرۆككۆمار ھەیە، بە تایبەتنر كە لە ئێستادا وڵاتانی عەرەبی بە ھێزەوە بەرەو عێراق ھاتوون، لە ئەگەری سەركەوتنی ھێزە سیاسییەكانی نزیك لە وڵاتانی ھەرێمیش، لە ھەر كاتێكدا ئەگەری ئەوە ھەیە ڕووداوەكانی ١٦ ی ئۆكتۆبەر دووبارە ببنەوە بۆ لەباربردنی قەوارەی كوردستان، ئەوەتا توركیا بە ھاندانی گەریلاكانی پەكەكە بەرەو قوڵایی خاكی ھەرێم ھەنگاو دەنێ، لە لایەكی تریشەوە حەشدی شەعبی لەسەر سنووری ھەرێم لەگەڵ عێراق بوونێكی بەھێزی ھەیە و لە ئەگەری بەدەستھێنانی زۆرینە لەلایەن ھێزە شیعە توندڕەوەكانیش لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا، لە ھەر كاتێكدا توانایان ھەبێت، ئەم ھێزانە لە دژی كوردستان بەكار دەھێنن.

بیرمان بێت، ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، پرسێكی تری ستراتیژییە كە پێویست دەكات ھێزە سیاسییەكانی كوردستان كۆدەنگ بكات، ئەوەتا لە دوای بڕیاری كردنەوەی ناوەندی ھەماھەنگییەكانی نێوان ھێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق، كە دەكرێ دەرفەتێكی زۆر باش بێ بۆ پاراستنی كوردانی ناوچەكە و ھاوكات بەدەستھێنانی دەنگی پێویست بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی داھاتووی عێراق، بەڵام لە ئەگەری گەیشتن بەم ئامانجە بە مانای سەلماندنی كوردستانیبوونی ناوچەكە دووپات دەكاتەوە، ئێستاش درەنگ نییە بۆ ھەبوونی ھەماھەنگیی نێوان ھێزە سیاسییەكان ئەگەر تەنھا بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێمیش بێت، كە بە دڵنییایەوە كاریگەریی لەسەر پێگەی داھاتووی ھەرێم لە عێراقدا دەبێت.

سەرباری ئەوانەش، دەستوور، ئەو پرسەیە كە دەكرێ وەك بنەمایەكی پتەو بێت بۆ دروستكردنی یەكڕیزیی نێوان ھێزە سیاسییەكان و گشت پێكھاتەكانی ھەرێمی كوردستان، بە جۆرێك داواكاریی ھەمووانی تیادا جێگیر بكرێت، ھاوكات بە دیاریكردنی سیستەمی حكومڕانی، ھیچ بۆشاییەك جێنەھێڵێت بۆ پارچەكردن و ھەڵوەشانەوەی قەوارەی ھەرێم، لەلایەكی ترەوە دەشێ بكرێتە دەروازەیەك بۆ یەكخستنەوەی گشت ھێزە سەربازییەكان و چڕكردنەوە و خێراكردنی ھەنگاوەكانی چاكسازیی دارایی و دەرفەتێكیش بێت بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی نشتیمانی لە پێناو پاراستن و دوورخستنەوەی ھەرێم لە گشت مەترسییەكان.

كابینەی نۆیەم، كە وەك ئاشكرایە دەرفەتێكی ترە بۆ كۆكردنەوە و لێكتێگەیشتن و تەبایی نێوان ھێزە سیاسییەكان، فرسەتی رەخساند تا لە ماوەی ڕابردوودا شاندی ھەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، زۆرینەی یەكێتی و گۆڕان بن، ئەمە لە كاتێكدایە حكوومەتی ھەرێم بە بێ جیاوازی خزمەت بە گشت ناوچەكانی ھەرێم دەكات، ئەوەتا سەرۆكوەزیر كاك (مەسروور بارزانی) ھەر ڕۆژەی لە شارێك پرۆژەی خزمەتگوزاری دەكاتەوە، بۆیە لەبری ناكۆكی، دەكرێت كابینەی نۆیەم بكرێتە دەروازەیەك بۆ وەلانانی جیاوازییەكان و چارەسەركردنی گشت ناكۆكییەكان، بە شێوەیەك ھەموو ھەوڵەكان چڕبكرێنەوە بە ئاراستەی پێشكەوتنی كوردستان لە گشت ئاستەكاندا.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu