ساڵیادی شەھیدی فەرماندە رەسوڵی حەمە زێر جاسەنەی . . . عەلی مەحمود

“{gallery}resul{/gallery}

١٩٨٧/١٢/٨

‎سی وچوار ساڵ لەمەوبەر و لەرۆژێکی وەک ئەمرۆدا یەکێک لە رۆژە تاریکەکانی ئێمەبوو کە تائێستاش داخ و حەسرەتی ئەورۆژە لەبیرو ھزرماندا وەک خۆی ماوەتەوە،

‎لە ساڵی ١٩٨٥ بەدواوە و بەدیاری كراوی دوای تێکچونی گفتوگۆی نێوان رژێمی عێراق و (ی ن ک) رژێم لەچەند کەناڵێکەوە لەھەوڵدابوو بۆ قەناعەت پێکردنی شەھید رەسوڵ بۆ تەسلیم بونەوە ھەر لە ھەرەشەو فشار خستنە سەر خۆی و کەسوکارەکەی دواترینی ناردنی نامەیەک بوو کە لەئەگەری رازیبونی ئەیکەن بە مستشار وبڕی چل ھەزار دینارو خانوو سەیارەی وەک خەڵات پێئەدرێت شەھید ڕەسوڵ لەوەڵامی نامەکەی قائد فرقەی دوکاندا نوسیبوی ھەرکاتێک داڵ وھەڵۆ کەوتنە وێزەی شاخەکان و کڵۆکڵۆ شاخەکانی ساراو پیرەمەگرون و باوێدە یان گواستەوە ئەوکاتە مەگەر لاشەكەم تەسلیمی ئێوە ببێتەوە،

‎ئەم هەڵوێستە مەزنەی شەهید ڕەسوڵ وای کرد رقێکی گەورە لەدڵی داگیرکەرانی کوردوستان دروست بکات و بیر لەکوشتنی بکەنەوە،

‎لەدوای ئەوە رژێم چەند جارێک ھێزی کۆکردەوەو ھێرشی توندی کردە سەر گوندی قەمچوغە بەڵام هەموو جارەكان ھێزەکانی بەشکستەوە ئەگەرانەوە، بۆیە دوا پلانی ڕژێمی بەعس و پیاوەكانی چاودێری کردنی شەهید ڕەسوڵ بوو لەڕێگەی سیخوڕەکانیانەوە بۆ دیاری کردنی شوێنەکەی بەخەستی کەوتنە تۆپباران کردنی گوندی قەمچوغە و بارەگاو شوێنی حەوانەوەكەی،

‎سەرئەنجام شەوی٢٧-١٩٨٧/٨/٢٨ حکومەتی عێراق لەفیرقەی دوکانەوە بەخەستی تۆپبارانی گوندی قەمچوغەی کرد زۆر بەوردی بەدوای ئامانجەکەیدا ئەگەڕا لە نزیك بارەگاو ماڵەكەی كە نزیكەی پەنجا مەترێك لەیەكەوە دووربوون تا لەنیوەشەودا یەکێک لەتۆپەکان بەر دیواری ژورەكەی کەوت کە شەھید ڕەسوڵی برام لەپانایدا حەوابوەوە ھەرچەندە لەلایەن خێزان و مناڵەکانیەوە ئاگادار کرابوو کە لەگەڵیان بچێتە ئەو کونەی کە بۆ خۆشاردنەوە لە تۆپ و تەیارە بۆ مناڵەكانی ئامادە کردبوو چونکە ئامانجی تۆپبارانەکە روون بوو كە بۆ ماڵی ئەوان بوو بەڵام كاكم رەتی کردبۆوە كە خۆی پەنا بدات ووتبوی ئەگەر من لەناو ژن و مناڵاندا خۆم پەنا بدەم ئیتر چۆن ئەتوانم بەکوڕی خەڵک بڵێم بەرگری بکەن بۆیە ئەو شەوە بەدوا تۆپی دوژمن بەخەستی بریندار ئەبێت ھەر ئەوشەوە بەڕێ ئەکرێت بۆ نەخۆشخانەی بەرگەڵوو

ئیتر رژێم ھەم ئەوشەوە وھەم دواتریش تاماوەیەک ھیچ تۆپێکیان نەتەقاندەوە بەرەو قەمچوغە لەوە ئەچوو لەنزیکەوە ئاگاداری بارو دۆخی گوندەکەبێت

ھەر ئەو بەیانیە لەڕێگەی ماڵی وەستا محمدەوە کەیەکێک بوو لەو پێشمەرگانەی کەلەگەڵ کاکمدا بوو لەگەل ماڵی باوکی لەگەڕەکێکدابوین ھەواڵەکەیان پێ وتین ھەر ئەو بەیانیە بەپەلە خۆم گەیاندە ماڵی ئامۆزاکانم لەگەرەکی رزگاری پشتی مەڵبەندی ئێستا ماڵی کاک حسن وکاک مەزن و کاک ئەحمەد کە ئامۆزامن لەوی بوون کە گەشتمە ئەوی زۆربەی ئامۆزاو خزمەکانمان لەوێ کۆبوبونەوە وام زانی ئەوانیش زانیویانە لێیان پرسیم چۆنت زانیوە منیش وتم ئەی ئێوە چۆنتان زانیوە قسەکەی منیان لا سەیر بوو وتیان ھەر لێرە لەماڵی کاک ئەحمەد ئەمری خوای کردوە ووتم کێ وتیان کاک اسماعیل کەئامۆزامان بوو شەو لەوێ مابوەوە ئەو بەیانیە بەجەدەڵدەی دڵ کۆچی دوای کربوو خوالێی خۆشبێت

وتم من نەمزانیوە بۆ شتێکی تر ھاتوم کاکم برینداربوە نەھامەتی لەم ساڵەیا وەک باران بەسەرمانا ئەباری ئەگەر رۆژێک بێ غەم بوینایە زۆر ئەترساین کەچ كۆستێکی گەورە خۆی بۆ مەلاس داوین لەپڕ خۆی دەر ئەخات

ھەر لەویا وتیان بەپەلە بڕۆ بزانە چیبوە ھەواڵمان بۆ بێنەوە

لەو زەمەنەیا نە مۆبایل ھەبوو نەئوتومبیلی تایبەت وەک ئێستا بونی ھەبوو بۆ گوندەکانیش ھەموو پیادە ڕەوی بوو ھەر ئەو ڕۆژە خۆم گەیاندە جاسەنە ماڵی نازداری خوشکم لەوێ بو مێردەکەی پێشمەرگەبوو بۆبەیانی بەڕێکەوتم بۆسەرگەڵو لەوێوە بۆ خەستەخانەکەی بەرگەڵوو کەچومە ژوری خەستەخانەکە ئەوەم بینی کەھەرگیز بەخەیاڵیش بەمێشکمدا نەدەھات ئاخر کاکم بۆ ئێمە لەشاخی پیرەمەگروون گەورەتر بوو لەزەینی ئێمەدا ئەو پۆڵا بوو کەناکرێت لەسەر تەختی نەخۆشخانە بەبێ دەنگی راکشێت ئاخر ئەو بۆئێمە ژیان بوو ئەو ئەو ئومێدو ھیوایەبووکەھەموومان چاومان تێبڕیبوو ھیچ کارێکمان بێ ئەو نەئەکرد ئاخر ھەموو شتێک بوو بۆ ئێمە

تەنھا سێ ساڵ بوو باوکم کۆچی دوای کردبوو مناڵەکانی کاکم زۆر ورد بوون

چومە ژور سەری تەنانەت چاوەکانیشی بۆ ھەڵنەئەبڕا بۆماوەی سێ مانگ لەسەر تەختی نەخۆشخانە مایەوە لەوماوەیەدا

چوار پێشمەرگەی قارەمان

چوار خزمی دڵسۆز چوار پیاوی تەنگانە ئەوانیش

١-وەستامحمد خوا لێ خۆشبێت کەلەژیاندا نەماوە کەخوشکەزای خێزانەکەی بوو

٢-کاک بختیار عمر برازای خێزانەکەی بوو ئێستا خانەنشینە

٣- کاک رزگار ئەحمەد ناسراوە بەرزگارە سور کە پورزامانە پارتیزانی دوای ئەنفالە و ئێستا عمیدی پۆلیسە

٤-کاک محیدین محمود کە ئامۆزامانە پارتیزانی دوای ئەنفال وعمیدی ئاسایش

بۆ ساتێکیش خافڵیان نەکرد شەو و رۆژ ئێشکیان گرت بەدڵ و گیان خزمەتیان کرد لەکاتێکا بەرگەڵوو رۆژانە ئامانجی تۆپەکانی رژێم بووبۆ رژاندی گازی کیمیاوی بەناپاڵم و تەیارە و راجیمە بەبەردەوامی لەو ماوەیەدائاگر بارانی ئەو ناوچەیە ئەکرا ئەم چوا پیاوە خۆ ڕاگرە بێ گۆێ دانە گیانی خۆیان خەریکی خزمەت کردن پاراستی کاکم بوون

ئێمە ئەوەندە قەرزاری ئەم چوار پیاوە مەردەین کەتاماوین چاکەی ئەوانمان بۆ نادرێتەوە داوا ئەکەین خوای گەورە پاداشتیان بداتەوە

بۆ ماوەی سێ مانگ لەسەر تەختی نەخۆشخانە مایەوە لەو ماوەیەدا لەرێگەی سەرکردایەتی و چەن شوێنی ترەوە ھەوڵی زۆر درا بۆناردەنە دەرە بۆ چارەسەر بەڵام بەھۆی سەختی بارو دۆخی سیاسی و سەربازیەوە وە بەھۆی سەختی برینەکەیەوە نەتونرا ھیچ بکرێت تادواجار بریاری ناردنەدەرەوەی درا لەمانگی دوانزە بەڕێ کرا بەرەو ئێران بەڵام بەداخەوە لەڕێگە لەگوندی مەرگە بەرەبەیانی رۆژی ١٩٨٧/١٢/٨ کاتژمێر ٤:٢٠ بۆ دوا جار چاوەکانی لێکنا دواتر ھێنایانەوەبۆ گوندی قەمچوقە بەڵام کات و ساتێکی ھێندە مەترسیدار بوو بە ئاسانی نەئەتوانرا ئەسپەردەی خاک بکرێت بۆیە لەلایەن مام عمر کەرکوکی و کاک ملابکر و وستا محمد و کاک بختیار و کاک رزگار و کاک محی دین لەخوار شەخسەکەی قەمچوغە سەنگەریان گرت بەرامبەر ھێزە سەربازیەکەی رژێم تا لەلایەن سێ ھاوڵاتی گوندی قەمچوغەوە ئەسپەردەی خاک کرا

داوای لێبوردن ئەکەم کەناوەکانیان نازانم

ئای کە رۆژگارێکی سەخت بوو ئەو رۆژە خۆشم نازانم بۆ وەچۆن زانیم کەس پێ ی نەوتبوم بەڵام ھەستم بەنائارامیەکی زۆر ئەکرد بۆیە ملم نا بەرەو جاسەنە لەو رۆژگارەدا لە سلێمانیەوە چوون بۆ ناوچە ئازاد کراوەکان زۆر سەخت بوو تەنانەت لەبەزاندنی سنوری دوو دەوڵەت سەخت تر بوو لەخوار جاسەنەوە کاک ئاوات قادر لەلای حەیوانەکانیان بوو کەمنی بینی ووتی کەسی لێنیە ھەموویان لەقمچوغەن ئیتر لەو قسەیە گیانم کەوتە لەرزین بەڵام نەم ئەویست باوەربکەم بەناچاری لەبناری ئاغڵوجەوە بەرەو زێورەستێ و قەمچوغە ڕۆشتم کە گەیشتمە قەمچوغە دڵنیابوم کەکۆستەگەورەکەمان کەوتوە رۆژی نائومێدیمانە گوندی قەمچوغە بەتەواوی چۆڵ کرابوو تەنھا بارەگایەکی پێشمەرگەی لێبوو ئەورۆژانە ئەوەندە سەخت بوو باسکردنی وەک خۆی زۆر زەحمەتە لەئێستادا باوەڕی پێ بکرێت کەگەیشتمە قەمچوغە براژنم وماڵی نازداری خوشکم و گەلاوێژ خێزانی ئامۆزا یاسین و کاک خالیدی زاوامان مام بکر و وەستا صادق و ملا عبداللەلەوێبون پێشمەرگەکانی کەرتەکەی قەمچوغە و کاک فاتیح جاسەنەی کە چەند خزمێکی خۆی لەگەڵ بوو وە کاک مەلابەکری جاسەنە لەدوو رۆژ لەگەڵمان مانەوە داوای لێبوردن لەوانە ئەکەم کەبیرم نەماوە چونکە ئەم گێڕانەوەیە یاداشت نەکراوە تەنھا ئەوەم نوسیوە کەلە یادەوەریمدا ماوەتەوە

لەوێ تەنھا ئاھی ساردی ئێمەو ناڵەی تۆپەکانی رژێمە زاڵمەکەی بەغدا ئەبیسرا تەنانەت کەسەنزیکەکانیشمان نەیان ئەتوانی بێن وە دواتر لەناو شاریش نەمان توانی پرسەی بۆ دابنێین ھەر یەکێکمان لە کونجی ماڵەکانمانەوە بەداخ و حەسرەتی لەدەستدانی ئازیزترین کەسمانەوە دەمان ناڵاند

لێرەوە سەری رێزو نەوزش بۆ روحی بەرزە فڕی دائەنەوێنم داواکارم لەخوای گەورەبەبەھەشتی بەرینی خۆی شادی بکات

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu