نووسەری سروودی سەرۆکمان زێڕە مووچەی خانەنیشینیەکەی سێ بەقەد شەهیدانەی باوکمە. هیوا سەید سەلیم

ئافەرین بۆ تۆ ئومێد خۆشناو

ئێستا بیستمان لەسەر بڕیاری جەنابتان لەسەر لێدانی سرودی (سەرۆکمان زێڕە)ی سەردەمی بەعس کافتریای پەرمی جانۆ لە هەولێری پایتەخت داخراوە، خاوەنەکەشی دەستگیرکراوە.

بڕیارەکەی جەنابی پارێزگار لە جێگای خۆی بوو، بەڵام ئەگەر بەندە لە شوێنی ئەو کەمە دەسەڵاتێکم هەبایە، دەبوو نەک هەر ئەو کەسە دەستگیر بکەم، بگرە ئەو رووداوە وای لێدەکردم کە نووسەری تێکستی سەرۆکمان زێڕە و ئاواز دانەرەکەی بخمە لیستی ئەوانەی کە بە ناشایستەی بە پلەی لیوا خانەنیشین کراون، بڕیاری گرتنەکەشم هێندە فراوان دەکرد کە خاوەنی تێکست، ئاواز دانەر، تەنانەت کۆرسی گۆرانی سەرۆکمان زێڕەش بگرێتەوە.

ئەگەر جەنابی موتەسەڕیفی هەولێر ئەوانە ناناسێت با ناوی سیانی بۆ بەڕێ بکەین، بەندە کاتی خۆی یەکەم کەس بووم بۆ رادیۆی نەوام ئاشکرا کرد کە نووسەری سروودی سەرۆکمان زێڕە مووچەی خانەنیشینیەکەی سێ بەقەد شەهیدانەی باوکمە.

دەی جەنابی پارێزگاری هەولێر لەبەر خاتری خوێنی بە ناحەق رژاوی باوکە شەهیدەکەت جورئەت بکە هەولێر لە ئەنفالچی و رەمزەکانی بەعس پاک بکەوە، لیستی ئەوانەش لای بەرپرسێکی باڵایە کە زوو زوو دەعوەتیان دەبێت.

دەزانم داوای ئەرکێکی قورست لیدەکەم و ئاسان نیە دەستی بۆ ببەیت. بەڵام زۆر پێویستە، چونکە وا بروات بەعسیەکان چاومان دەردێنن.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu