چەند ڕاستیەک سەبارەت بە هەڵکردنی ئاڵا لە هەرێمی کوردستان ... هیوا سەید سەلیم

 
لە یەکەمین کۆنگرەی یەکگرتنی حزبی (زەحمەتکێشان و ئاڵای شۆڕش) کە لە ئایاری ساڵی ١٩٩٢ لە شاری هەولێر بەسترا، بڕیاردرا لە پاڵ هەڵگرتنی درووشمی سەربەخۆیی بۆ کوردستان لە شوێنی (ئاڵا و لۆگۆی حزبی)، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەسەرجەم بارەگاکانی ئاڵای کوردستان هەڵبکات.
شایانی باسە، بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو کاتەدا بێ گرفت نەبوو، چونکە لە نێوان دوو لایەنی سیاسی ئەوسا (پارتی_یەکێتی) ململانێی توند هەبوو لەسەر درووشمی سیاسیان، یەکیان هەڵگری درووشمی ئۆتۆنۆمی و ئەوی دیکەش داوای مافی چارەخۆنووسینی دەکرد.
زەحمەتکێشان، بە درووشمی سەربەخۆیی بۆ کوردستان و هەلکردنی ئاڵای کوردستان لەوانی تێپەڕاند، بۆیە هەر زوو هەموو لایەک لەو بڕیارەی زەحمەتکێشان بە تایبەت لە پرسی هەڵکردنی ئالای کوردستان کەوتنە تەقە.
دوای کۆنگرە چەند کۆڕێکی جەماوەریمان بەست، ئامانج لەو کۆڕانە باسکردن بوو لە گرنگترین بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرە، کە درووشم و بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بوون.
لە یەکێک لە کۆڕەکان کە ئەگەر هەڵە نەبم بۆ هەریەک لە خوالێخۆشبوو (زرارجۆڵا و کاردۆ موحەمەد) لە شاری رواندز سازدابوو، کادیڕێکی پارتی لە کۆرەکە قسەی کردوو ووتی:
" ئەوەی زەحمەتکێشان کردوویەتی لە بە مەرکەزیکردنی درووشمی سەربەخۆیی بۆ کوردستان و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان وەک هەڵگرتنی بەردی گەورە وایە، هەلگرتنی بەردی گەورەش نیشانەی لێنەدانە"
ئەمە دەستپێکی سیاسەتی ناڕەزایی حزبەکان بوو لە بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستان.
دوای ئەوە رۆژێک بەرپرسێکی باڵا یەکێک لەو دوو حزبە کە نامەوێت ناوی بهێنم بەبەردەم مەکتەبی سیاسی زەحمەتکێشان ڕەتدەبێت کاتێک ئاڵاکە دەبینێت دەڵێت:
" ئێستا نەچی بەشەق ئەو ئاڵایەیان پێ داگری"
رۆژگار هات و ڕۆیشت، لە رۆژانی نەگریسی شەڕی ناوخۆ، پارتی و یەکێتی بۆ نێوەندگری لە شەڕی براکان پەنا بۆ هیزی بەناو ئاشتی پارێزی تورک دەبەن ( PMF ) رۆژیکیان فەرماندەی ئەو هێزە کە ناوی (حەسەن قاپلان) بوو، دەیەوێت لە هەولێرەوە بێتە سلێمانی، بۆیە دەبوو قاپلان لەو سەفەرەی بەبەردەم بارەگای زەحمەتکێشان لە شاری کۆیە رەتببێت، بۆ راگرتنی دڵی ئەو فەرماندە تورکە، لیژنەی ئاشتی (پارتی – یەکێتی) فشار دەخەنە سەر زەحمەتکێشان کە تا ئەو بەرپرسە لەوێ ڕەتدەبێت دەبێت ئاڵای کوردستان دابگرن، بەڵام بەرپرسانی زەحمەتکێشان بەو داوایە رازی نابن.
دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ی خەڵکی کوردستان وێڕای هەموو ئەو ئاستەنگیانە بۆ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان هاتنەپێش، دواجار بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان لە ١١/١١/١٩٩٩، رۆژی ١٧/١٢ بە رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دیاریکراوە، ئەوەش وەک ئاماژە بۆ ئەو رۆژە مێژوویەی کە پێشەوا قازی موحەمەد لە رۆژی ١٧/١٢/١٩٤٦ لە مەیدانی چوارچرای مهاباد بە ئامادەبوونی دەیان هەزر کەس بۆ یەکەمین جار ئاڵای کوردستانی بەرزکردۆتەوە.
واتا دوای ١٧ ساڵ لە ئازادبوونی هەرێمی کوردستان و ١٦ ساڵ دوای بڕیاری هەڵکردنی ئالای کوردستان لە لایەن حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئینجا بڕیاری فەرمی بۆ هەڵکردنی ئاڵا لە هەرێمی کوردستان دراوە.
نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu