گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦ ساڵی ٢٠٢٢

خوێندنەوەی کتێب: پرۆژەی لە چاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی ـ پاسۆک

گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦ ساڵی ٢٠٢٢


پێش ئەوەی ھەر شتێ بین . . دەبێ کورد بین

کوردستانێکی ئازاد      گەلێکی یەکسان

ئاڵای سووری کوردایەتی

ئۆرگانی ناوەندی ھێزی پێشمەرگەی- پاسۆک-

" چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە"

ژمارە ١١ ی بەفرانباری٢٥٩٣ کانوونی دووەمی ١٩٨٢



١١ بابەت لە دووتوێی ٦٢ لاپەڕەدا بەرچاو دەکەوێت. ئەم ژمارە لە رووی قەبارەی لاپەڕەوە تا ئێستا گەورەترینە و بابەتەکانی چڕوپڕ و خەست و خۆڵن بە رۆحی کوردایەتی و زانیاریی و ڕۆشنبیریی گشتی.


[ سەروتار] . . {سلێمانی لە ڕەگەزپەرستان گەورەتر ە و لە تێکدان قایم ترە}. .
وتارەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو بەرنامەیەی ڕژێمی بەعس و سەدامی دیکتاتۆر نەخشەیان بۆ وێرانکردنی شاری سلێمانی کێشا بوو. باس لە سوتانی رۆما لە لایەن نیرۆنەوە دەکات و گاڵتەی بە ئەقڵی ھیتلەرەی عروبە دێ.


سلێمانی سیمبۆڵی کوردایەتی و تێکۆشانی نەپساوی خەڵکی قوربانیدەر و دڵسۆزە، بۆیە هەر زوو بووە چقڵی چاوی داگیرکەران و خەونییان دەدی بە وێرانکردن و ڕاگوێزان و گەمارۆدانییەوە، بەڵام رۆڵەکانی سەرکارێز و مەڵکەندی و چواباخ و کانی ئاسکان، ئازادی و جولەکان شورای پۆڵایینی شار و تاجی سەروەری کوردستان نەیانھێشت بۆ چرکەساتێکیش ئەو خەونە گڵاوەی داگیرکەران بێتە دی. . .

جەماوەری شار و لوتکەی بەرزی چیاکانی گۆیژە و ئەزمەڕ و بەرانان و پیرەمەگرون پاڵپشتی شار و قەڵغانی پاراستنی بوون. . . ھەر لەم بۆچوونەوەیە وتارەکە بەم دێڕە کۆتایی پێ دێت:

"ئیتر چۆن کورد لە مەرگ قایم تر و لە سێدارە باڵاتر نییە؟ و چۆن صدام لە نیرۆن گێل تر و لە ھیتلەر گڵاو تر نییە؟!.  ".  .


[
شیعر]
شیعرەکە بریتییە لە باسکردنی رۆڵی کورد لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا ئێستا لەبەرەنگاربوونەوەی داگیرکەراندا. . بەداخەوە ناوی خاوەنی شیعرەکە نەنووسراوە.

[لە ھەندەران چ باسە]؟. .


ساڵی ١٩٨١ لە شاری ڤییەنا چالاکی حەفتەیەکی کوردی بەڕێوە براوە لەلایەن کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد ونەمساوییەوە. . . رووداوەکانی ئەو چالاکییە بەسەر کراوەتەوە. ھاوکات گفروگۆیەکی گەرم لەگەڵ نوێنەری لیبیادا کراوە و نوێنەری پاسۆک پرسیارێکی قورس ئاڕاستەی ئەو نوێنەرە دەکات. . بابەتەکە شایانی خوێندنەوەیە.

[ ڕازێکی کوردانە]. . {ناکۆکییەکان و شێوە و شێوازی چارەسەرکردنیان}. .

وتارێکی فکریی و شیکارییە. . باس لە شێوەکانی ناکۆکی دەکات و کرۆکی باسەکە جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی نالۆکییەکانی دەروونی کوردایەتی ئاسایی و لاوەکین و ناکۆکی سەرەکی کورد لەگەڵ داگیرکەرانیدایە واتە تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا. .
دیارە ھێزگەلی تر ھەبوون و ھەن کەوا پێیان وایە ناکۆکی نێوان چینەکانی کۆمەڵگەی کوردی ناکۆکی سەرەکییە و دەکرێ لەگەڵ ئەوانی بێگانەدا لەرووی چینایەتی و ئایدۆلۆژییەوە یەک بگرین .  .

وتارەکە لەم ڕووەوە ھەموو ئەو دید و ڕوانگە نێونەتەوەییانە ڕەت دەکاتەوە و دەست بۆ داگیرکەری سەرەکی ڕادەکێشێ. .


بەم پەیامە جوانە کۆتایی بەم وتارە بەپێزە دێت:" با ھەموان بەگیانی کوردانە و کورد دۆستانەو زانستیانەوە و دوورلە خواستی دەروونی و تایبەتییەوە لە زەمینەی واقعی کۆمەڵگەی کوردەواری و لەبەر ڕۆشنایی بیر و فەلسەفەی ( کوردایەتی) دا ھەنگاو ھەڵھێنین و بە ئەرکی میللی خۆمان ھەستین تا بەھەمووان کورد بگەیەنینە کەناری ئارامی سەربەخۆیی و ئازادی". . پەیامێکی ڕوون و تژی لە ئاماژەی کوردایەتی. .

[
شیعر]
دوو شیعری دیاری مامۆستا ھەژارە، بە ناوەکانی " لە خۆتم بپارێزە و ھەر کوردم"
ھەردوس دەقەکە ناسراون لە ئەدەبی کوردیدا و مانا و سەنگی خۆیان ھەیە. . .

[
بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە]

نامەیەکی تەوسئامێزە نووسراوە و نیردراوە بۆ سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان( ڤاڵد ھایم). .
دەرد و کێشەکانی کورد و مافی مرۆڤ لەژێر یاسای سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستاندا دەکات. . .

}داستانێک]
پەخشانە وتارێکە لە باوکێکەوە بۆمنداڵەکەی و ھاوکات نماتشتکردنی دۆخی منداڵانی کوردستانە بە ژیان و ئارامی!.  .

دەقێکی ئەدەبی بەرزە. .


[ قوتابخانەی پاسۆک] . . . {تاک و کۆمەڵ}. . .


{
تاک و کۆمەڵ دووشتی ئاوێتەی پێکەڵپێکی پێویستی یەکترین:نە تاک بێ کۆمەڵ دەبێت و نە "کۆمەڵ" بێ " تاک" ان پەیدا دەبێت}.  .  .
وانەیەکی فیکرییە سەبارەت بە تاک و کۆمەڵ و گرنگی و بایەخی ئەم دوس کاراکتەرە. . . گەشتێکی فراوانیشە بە ڕۆشنبیری ئەم بابەتە لای فەیلەسوفانی جیھان.
ئەم باسە جێی بایەخی فیکر و فەلسەفە و کۆمەڵناسی و سیاسەتیشە، ئامادەیی لە ڕۆشنبیریی گشتیشدا ھەیە. . دیارە خوێندنەوەی ئاڵا بە دید و ھەناسەیەکی نەتەوەییانەیە کە زۆر نزیکە لە واقعی ژیان و پێگە و ڕۆڵی چەمکی تاک و کۆمەڵ. . .

[ شادەمارە سەرەتانمان] . . . {١٠ - مافی پەرستن و باوەڕ و بیرکردنەوە و ڕادەبڕین و ھەموو مافێکی دیکەی مرۆڤ پیرۆزن لامان}. .

لەبەر ڕۆشنایی بیری نەتەوەیی و جیھانبینی فیکری پاسۆکدا یەکێ لە بنەما ھەرە بنجی و گرنگەکانی مرۆڤ شرۆڤە دەکرێ و خوێندنەوەیەکی لە ڕەھەندی فیکری و سیاسی و فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەکرێ. .


مرۆڤ ئەو کاتە مرۆڤە کە ئازاد بێت، کاتێکیش ئازادە کە ویستی خۆی بڕیار بدات، دڵخوازەکانی دیاری بکات و لەچوارچێوەی مەعقولدا ڕەفتار بکات و ڕێز لەئازادی بەرانبەر بنێ و حورمەتی مرۆڤبوونی خۆی بەرز ڕاگرێ. . .
لێرەدا لە وتارەکەدا وتەیەکی دیکارت بەرچاو دەکەوێ " ھیچ مرۆڤێک ناتوانێ لە یەکێکی تر مرۆڤ تر بێت چونکە ئازادی چونیەک لای ھەمووان بێ سنوورە".
ئازادی و ماناکەی وەک گرنگترین خەسڵەتی مرۆڤ لەم وتارەدا تیشکی خراوەتە سەر و داکۆکی لێ کراوە.


[
فەرھەنگۆک]

ئەم چەمکە سیاسییانە(بابۆفی، پرۆلیتاریا، پێکەوە ھەڵکردن، تەکنۆکراسی) شرۆڤە کراون و ئەو پێناسە زانستییەی بۆ ئەم چەمکانە کراوە خراوەتە بەردەست. . .
ھەروەک پێشتریش ئاماژەمان پێداوە، ئەم ھەوڵەش دیسان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ھوشیاری و رۆشنبیریی ھاوبیران و ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک و خوێنەرانی هێژایە. . .

شازادە" الامیر"


بەشێکی تر لە کتێبی شازادە/ میری مێکیاڤیلی، کە وەرگێڕانەوە و بە زنجیرە بڵاو دەکرێتەوە. . . ئەم بەشەش نزیکەی 30 لاپەڕەی گرتۆتەوە.

[ ماڵاوا]. . . { تەرکی ڕێگە}. . .

بابەتێکی کورتە لەسەر شێڵگیربوون لەسەر کوردایەتی و تەرک نەکردنی ڕێباز و تێکۆشانی خزمەت بە نەتەوە و نیشتمان.

سەرچاوەی ئەم عەشقەش پاسۆک و بیری گەشی کوردایەتییە. .


تا ژمارەی داھاتوو ماڵئاوا و ماڵتان پڕ لە شادی و تەندروستی بێت. .


نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu