چەند وشەیەک بۆ مەرگی {{پۆڵا نانەوازادە}}ی شاعیر ... هەڵۆ بەرزنجەیی ١١/٣/٢٠٢٤

پێش چەند ساڵێک، دوای مەرقێکی زۆر دیوانی شاعیر جەلال مەلەکشام دەستکەوت .. هەر زوو خوێندمەوە و وتارێکی دوورودرێژم لەسەر نووسی بەناونیشانی 

[[[ بە ھەگبەیەکی کوردانەوە، گەشتێک بە دیوانەکەی (جەلال مەلەکشا) دا ]]]

وتارەکە بەخێرایی بووە جێی ڕەزامەندی خوێنەران. پاشان لەسەر داوای کاکە {شوانە}ی بەرپرسی ماڵپەڕی [بۆکان- ڕۆژهەڵات] درێژەم بە نووسینەکە دا و تا ئێستا بە زنجیرە لە ماڵپەڕی ناوبراودا بڵاو دەکرێتەوە..زۆرن ئەوانەی دەستخۆشییان لە کارەکەم کرد! دیارترینیان کە لەبیر ناچێتەوە 

ڕەوانشاد و هەمیشە زیندوو کاک (پۆڵا نانەوازادە) بوو.. 

کاک پۆڵام وەک ناو و بنەماڵە و دەنگبێژی ڕادیۆ و شاعیر دەناسی و ئەو لەمێژبوو ئامادەیی خۆی لەو پانتاییانەدا سەلماند بوو. لە بۆنەیەکیشدا کە بۆ رۆژنانەنووس کاک عەلی جوانمەردی لەبەرلین ساز درابوو، ئەویش بە شيعرێک و بەشداری تر لەگەڵمان بوو..

ئێوارەیەک زەنگێکی لێدا و دوای چاک و چۆنی بە کورتە پێشەکییەک چووینە ناوباسوخواستی زۆرەوە و پێکەوە ئاخافتین!.. فرە خۆشحاڵ بووم بە زمانی شیرین و هەست و باوەڕی بێگەردی کوردایەتی و مێژووی تێکۆشان و دڵسۆزی..

زۆر بە گەرمی قسەی هێنایە سەر وتارەکەم لەمەڕ مەلەکشاوە و ئافەرینی لێ کردم..ڕاستەوڕاستیش داوای کرد گفتی بدەمێ، هەرکات دیوانەکەی چاپ بوو، بەهەمان هەناسە و شێواز و رۆحی کوردانەوە لەسەر ئەویش بنووسم..

پۆڵا نانەوازادە خۆی بە بەرۆگری شیعر و ڕێچکەی خانی و حاجی و پەشێو و مەلەکشا دەزانی . بەم قوتابخانە شیعرییە سەرسام بوو! هەژار و هێمنی زۆر لا بەرز بوون!..

پۆڵا ئەوەی ڕوون کردەوە کەوا شیعرەکانی بۆ خۆشەویستی نیشتمانە و باوەڕی نەتەوایەتی هەڵگرتووە و کەم و زۆریش لە کار و بیرکردنەوەی من ئاگادارە...

منیش پێم وتەوە بەهەمان ئەندازە منیش پێ ئاگانیم لە تۆ- بە تایبەت ئەو ساتە بەچەند ئەڵقەیەک بیرەوەریەکانی خۆی نووسیبووە و بڵاوی دەکردەوە و بەتامەزرۆوە دەمخوێندەوە. 

ئەم گفتوگۆیەی زۆر پێ خۆش بوو!. بەکورتی پێکەوە کاتێکی بەتام چێژ و پڕ لە باسی کوردایەتی و ئەدەبیمان بە قسەکردن تێپەڕاند!..خۆشم نەمزانی چۆن دەوری کاتژمێرێک زیاترمان بەسەر برد و هیچ بێزار نەبووین .. 

ئیدی ئەوە بوو بێ ئەوەی هیچ ئاستەنگ و ئاڵۆزی و منجەمنجێ بکەم لەگەڵیدا، دەمودەست گفتی کوردانەم دایە کەوا بە خۆشحاڵییەوە ئەو کارە ئەنجام دەدەم.

پێم وت: سەرەتا وا باشە دیوانەکە بخوێنمەوە و سەروبەر ی شارەزا بم، ئەوسا قۆڵی لێهەڵدەماڵم.. 

لێ ناخۆشترین باسێکی پێش خواحافیزیمان لەیەکتر بریتی بوو لەوەی وتی: باری تەندروستی زۆر باش نییە و زوو زوو دەچێتە نەخۆشخانە، جا ئەگەر ماوەیەک دیار نەما ، ئەوە بزانم کەوا لە نەخۆشخانەیە!...درکاندنی ئەم ڕازە بە ئەسپایی کسپەی لە جەرگمەوە هەستان و هێندەی تر مەحکومی کردم کەوا ئەمەکداری گفتەکەم بم!..دڵی ئەو شاعیر و کەسایەتییە جوانە نەشکێنم!

ڕۆژ هات و چوو، گرفت و کارەسات و ناخۆشییەکان زۆر بوون، نە ئەو دەنگی بووەوە و نە منیش سەرم پەرژا وەدووی ئەو گفت و ئەرکە بکەوم!... بەتایبەت جاروبار دەمبیست ناساغە!..

ئەوا ئێستا چەند ڕۆژێک دەبێت کاکە پۆڵای کوردایەتی چاوە گەشەکانی لێک ناوە و بەجێی هێشتووین . بەڵام مێژوویەکی تژی لەسەربەرزی و تێکۆشان و چەندەها شیعر و پەخشان و نووسینی پاش خۆی بەیادگار بۆ جێهێشتووین!.. 

شایانی وتنە ڕەوانشاد لە بنەماڵەیەکی دیار و تێکۆشەری ژوردایەتی شاری مەهابادی خۆڕاگر و سەرکەشن و پۆڵا هەر لەلاوێتییەوە تێکەڵی کۆڕی خەباتی کوردایەتی بووە. لە سەردەمی رژێمی شای گۆڕبەگۆڕدا لە پای خەباتی کوردایەتی زیندانی کراوە، پاشان لەگەڵ شۆڕشی گەڵانی ئێراندا دەبێتە پێشمەرکەی حیزبی دیموکراتی دایک و ڕۆڵی گرنگ لەبەشی هونەریی و ئەدەبی دا لەتەک پێشمەرگایەتی سەنگەردا دەگێڕێ! دەنگبێژی ڕادیۆی دەنگی کوردستان بووە.

پێشمەرگەیەکی وتارنووس و شاعیر و ئەدیب بوو!! بە باوەڕ و قەڵەم و چەکەکەی بۆ گەلەکەی لە خەباتدا بووە..بەم هەموو وزە و خۆشەویشتی عەشقەوە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ تێدەکۆشا... 

لە دوا ساڵەکانی تەمەنیدا بووە ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان و دروشمی سەربەخۆیی کوردستانی کردە مەشخەڵی دەستی و خستییە سەروو هەموو دروشمەکانی ترەوە و بە گیان و باوەڕ و جەستەی کوردایەتییەوە لە سەنگەری سەختدا بۆ نەتەوە و خاکەکەی لە خەباتدا بوو.. 

مەرگی کاک پۆڵا شۆکێکی گەورە بوو، ئەو هێشتا زۆری مابووی درێژە بە خزمەتەکانی بدات!.. گەلێ هیوا و خەونی خستبووە ئەجێندای ژیانییەوە…

مەرگی کاکە پۆڵا بە ئازار و سوێیە و خەرمانی یادەوەرییەکانی تایبەتن کە هەرگیز لە بیر ناچنەوە..

من گفتم بە خۆم داوە و پابەند دەبم بەو سۆزەکەمەوە بۆ ڕەوانشاد کاکە پۆڵا و هەر چرکەساتێ دیوانەکەیم بەرچنگ بکەوێ، ئەو ئاواتەی دەهێنمە دی و حەزی خۆشم بەجێ دێنم!...

لێرەداکۆتایی بەم چەند وشەیە دێنم و هاوخەمی خۆم بۆ بنەماڵە و دۆستانی دەردەبڕم!.. سەرەخۆشی لە هونەر و ئەدەب و باوەڕی کوردایەتیش دەکەم، کەوا دڵڕەقانە و لەناوادەدا ڕۆڵەیەکی بەئەمەک و دڵسۆزی خۆیان لەدەست چوو!.. 

 

لە پێناو خاک و خەڵک و نیشتمانم

بە شانازی دەدەم گیان و ژیانم

قەسەم بەخوا ئیرادەم چەشنی پۆڵاس

نییە یەک زەڕرە باکی دوژمنانم

پۆڵا ــ ستۆکهۆڵم ــ ٢٠٢١،١٢،١٩

 

ڕەوانت شاد کاکە پۆڵا .. 

بنوو …ڕۆڵە بێ دەوڵەتەکە لە نامۆیی و دوور لە ئامێزی ئەو نیشتمانەی بۆ ژیایت و بۆی تێکۆشایت و بۆی مردیت.. 

بنووووووووووو… ئیتر بە ئارامی ، زۆر نابات یەکێکمان مژدەی ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستانت بۆ دەهێنین بۆۆۆۆۆۆۆۆ..........دیداری داهاتوومان، تێهەڵچوونەوە و بونیاتنانەوەی وڵاتە کاولکراوەکەمان 

بۆ ئازادی و بۆ یەکسانی لە کوردستان دا..

هەمیشە سڵاو لە ناو و یادگارەکانت!!...

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu