چەند وتەیەک لەسەر بۆنە و جەژن و سیمبۆلی نەتەوەیی ... هەڵۆ بەرزنجەیی

١/١٢/٢٠١٨
 هەرچەندە ناتوانین لە هیچ ڕوویەکەوە بە ئەمەریکییەکان، بڵێن نەتەوە ئەمەریکا، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان پلەهەنووکەدا گەورەترین زلهێزی جیهان و خاوەنی بەهێزترین دەوڵەتن، ئینجا بۆ دروستکردنی سیمبۆل و ئاوێتەکردنی خەڵکەکەی و سازدانی هێمای شانازیی و یەکگرتووی، کۆمەڵێ بۆنەیان بۆ خۆیان سازداوە، تێیدا ئاهەنگی نەتەوەیی و پشووی فەرمی ئەنجام دەدەن.
کورد تاکە جەژنی راستەقینەی لەگەڵ ئەو شێواوییەیشی کە دەوری مێژووەکەی داوە، جەژنی نەورۆزە، کەچی نە داگیرکەران ئەو بۆنەیەمان پێ ڕەوا دەبینن و نە گای بنەی خۆیی لێ دەگەڕێن بە ئاسوودەیی ئەم یادە بکرێتەوە.


وەک تاکێکی کورد بەهیوام، رۆژی ئاڵا و رۆژی پێشمەرگە و رۆژی گیانبەختکردووان، گەشمردان/ شەهیدان، ڕۆژی کۆماری کوردستان و رۆژی ریفەراندۆم بکرێنە جەژنی نەتەوەیی و جەژنی سەربەخۆییش بێتە پێشەوە. هیوادارم ڕۆژێک بۆ زمانی کوردی و ژنانی کورد و جەژنی لەدایکبوونی ئەحمەدی خانی و جەژنی سروشت / داربەڕوو وەک سیمبۆل بێنە کایەوە.


 دیارە ئەمە دەبێتە بەشێک لە پەروەردەی تاک و ئەم تاکەش لە سیستەمێک دا گەورە دەبێت، بەم پێوەر و خەسڵەتانە ساز بووە و قالبووە و کار دەکات. جا ئەوسا بڕوانە! کەسایەتی خوڵقاوی ژێردەستی ئەم سیستەمە چ کەسایەتییەک دەبێت  

ـ تاکێکی کورد، کوڕی نەتەوەیەکی داگیرودابەشکراو، بێبەشە لەهەموو سیمبۆلەکانی ژیان، بۆیە زۆر بە خۆی نەناسە و گەلێ جار لە ساکاری خۆیەوە بەها و نرخی سیمبۆلە نەتەوەییەکان بەرز ڕاناگرێ، یاخود نازانێ چۆن مامەڵەیاب لەتەک دا بکات.


ـ بنۆرن ئەمەریکا خاوەنی چەند رۆژی پشوو و جەژنی نەتەوایەتییە:



١ـ رۆژی ساڵی نوێ، رۆژێکە ئەمەریکا سەرلەنوێ ئایدیالی ئەمەریکی بەرجەستە دەکاتەوە.

٢ـ رۆژی لەدایکبوونی ئەبرەهام لینکۆلن

٣ـ رۆژی لەدایکبوونی جۆرج واشنتۆن

 ٤ـرۆژی درەخت(تەرخانە بۆ بەرپرسیارێتیمان لە بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان).

 ٥ـ رۆژی یادەوەریی کوژراوەکان/شەهیدان

 ٦ـرۆژی ئاڵا

٧ـرۆژی سەربەخۆیی

٨ـ رۆژی کارکردن

٩ـرۆژی دەستوور

 ١٠ـ رۆژی کۆلۆمبوس( رۆژی ڕێزلێنانی رۆحی پێشەنگ)

 ١١ـرۆژی نەتەوە یەکگرتووەکان

 ١٢ـ رۆژی هەڵبژاردن

١٣ـ رۆژی سوپاسگوزاری(رۆژێ لەپێناوی سوپاسگوزاری ژیان لە ئەمەریکا)،

بەدووری نابینم ئەم لیستە درێژتریش بێتەوە، چونکە بۆ هەر سەرکەوتنێک، سیمبۆلێک دروست دەکەن تا شانازییەکان زیاتر و هەستەکان بەتینتر بن.

هاوکات ڕەنگە هەر ولایەتێکیش لەدەڤەری خۆیدا بۆنە و جەژنی تایبەتی هەبێت. هەر بۆ نموونە ئەمساڵ لە پەرلەمانی ئەڵمانی بڕیار درا، ساڵی ٢٠١٩ رۆژی ژنان بێتە پشوویەکی فەرمی بەس لە ھەڕێمی بەرلین بەرلین. چونکە بەرلین وەک ولایەتێک کەمترین بۆنە و پشووی فەرمی هەیە، بۆ ئەوەی هەست بە ناهەقی نەکەن بەرامبەر بە هەرێمەکانی تر، ئەو ڕۆژەیان بۆ ناسێندرا.

ـ لە بەریتانیا سەردەمانێکی زۆر سروودیGod save the Queen

ـ بەر لە دەسپێکی فلیم لە سینەما و شانۆ دەچڕێندرا.

ـ فەرەنسییەکانیش کەمیان بۆ مارسیلیزی/ Marseilleise خۆیان نەکردووە.

لە کوردستانی ئازاد و سەربەخۆش دا دەکرێ، هەر دەڤەرێکی جەژنە تایبەتییەکانی خۆی یاد بکاتەوە و تەنانەت بیشیکەنە رۆژی پشوو.

بە هیوای (( کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان)) بە دەیان بۆنە و جەژن و پشووی فەرمییەوە. ئەم بابەتە دەبێتە چمکێکی کتێبی ئایندەم (( کوردبوون و ناسیۆنالیزم)).

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu