تێلنیشان ... نه ژاد عزیز سورمێ

((ئایا باشتر نییە وەرگیر قاتلێك كەوی    

تا وەگیر خەیاڵی ژنێكی هەوەسباز؟))

نیتچە

(1)

/ سنووری كۆچەریان لەو سۆزەوە دوای هات/ پێخوستی/

/ئەرخەوانی پێوە بوو. . . / سۆمای چاوم مینا بوو/ سایە/

/بێهاوتا. . بێنەزیر/ كنێر پاڵپشت/ تەم بەركۆژە. . . / تۆ/

/نیگارێك نی مەكۆی سیحر و ئەفسانە/ تۆ بێشەڵانێكی،

جوانی و دڕەندەیت پێكەوە تێدایە. . . /

دونیا لە سەهەندی گومڕاییدا نووستووە،

ئەو پیاوە سادە و دڵپاكە نەبێ

دەڕوا پێ لەدڵی خۆی دەنێتەوە. . .

دڵی شووشە

لەیاری پێكردندا شكابوو. . .

مارەزیو،

دڕندەی جەنگەڵان، پەسیوی پیلان. . .

مارەزیو شایانی تەلاری دڵ نەبوو

شایانی تەلاری مینابەند نەبوو مارەزیو. .

(2)

/ (كارێ‌)، لە هەیوانی ڕوونایی/ فرمێسكباراندا هاتووە. . . /

/ ڕووبەندی هەواداریە/ گۆشەی ڕەشداگەڕاو/ چاو كەوشەنی

ئەوانی بڕیوە و بەردەوامە. . . / (كارێ‌)، پاسارییە؟/ نا/ كارێ‌

هەناسەی ڕەشی سەردەمە؟/ بەڵێ‌. .

نێرگسی گوڵڕەنگی بینایی بوو

فیراق نەورەسی تەنیایی . .

نەدیواری خانەقا ما،

نەبەر ئاستانەی خەرابات

ئیدی مەدەدیار لەكامە ڕووگە

لەشەیدایان دەردەكەوێ‌. . ؟

(3)

/ ژانری چی دادڕەس؟/ درەختی مەوسیمە/ نادیدە. . . / تیری

غەدر لە بەیان دەگرێ‌/ تەتەر بە دەردیان نەخوارد/ مۆسیقا/

/ئاواز/ لە كوێی مردنن. . . ؟

خۆزگەكانم گوڵیان دا

گوڵنار چەتری خەرامان بوو. . .

ئەوە من نیم سنووری تەم دەبڕم

ئەوە ئاوێنەی (كارێ‌)یە

شەوق لە سۆز دەداتەوە. . .

(4)

/كێ وای كرد وێنەی خۆمان نەناسینەوە؟/ توحفەیێك بوو لە

مۆزەخانە/ بەڵام هەڵنەواسرا بوو/ هەڵپەسێردرا بوو. . . /

/لافاویش هات/ ئێمە هەر تینووەكەی جارانین. . / زەنەكە. . . /

/زەنەكە. . . زەنەك/

چیا نایەڵێ‌ بخەوم،

چیا نەیانهێشت بخەوم

چیا تەماشامان دەكەن

چیا تەماشایان كردین

چیا دەبینن چ دەكەین

چیا بینیان چمان كرد. .

چیا ئیتر باوەشمان بۆ ناكەنەوە. .

چیا ئیتر تێمانگەیین چ ماڵێكین. .

چیا نایەڵن بخەوم .

(5)

/باران بوو خۆڵەمێشی دامركاندەوە. . . / بەی بوو/ قوببەی

هەڵداشتە فڕۆكەخانەكان. . . / هەورازێكی سەخت نەبوو/

ئەگینا شەو هەر من دەزانم چی پێ دەكردین/ ئارێ‌ !. . . /

/ماسكفرۆش بازاڕیانە/ ئارێ‌ (كارێ‌)یشی تێدا بەشدارە. . . !

لەو دیو جامخانە شینەكانەوە دەیانبینم

لەو دیو جامخانە شینەكانەوە دیتنم. . .

لەو دیو جامخانە شینەكان،

دەستیان لە پرچی شیعرم نابوو

ئاگریان بەڕوودا دەپرژاندم. . .

بانگ هەر جارێك بوو:

خوداحافیز مەوسیمی خایین. . . !

(6)

/فیراق/ پێشوتاری كتێبێك بوو/ بە شەختە نووسرابووەوە/

/باڵ بە باڵدارانەوە. . . / وچان بە سیمای ماندوو. . . / (دیسان شەوهات)، (كارێ‌) شەوبەشارە. . . / ئەرێ‌ ماندبوو نەبووی

كارێ‌؟/

سپێدە بەوازی ئێمە ڕوون دەبووەوە. . .

سپێدە بەوازی ئێمە ڕوون ببووەوە. . .

خەنەبەندانی ڕووبەند و

شینی سایەی ڕەشماڵان بوو

سپێدە ئەی دڵ درێژدەبێتەوە. .

درێژدەبێتەوە. . .

درێژدەبێتەوە. . . درێژ

تا دەستی بە بوولێڵ ڕا دەگا و

نایەڵێ‌ تاریك دابێ. . .

حوزەیرانی/ 2003

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu