مامۆستا جه‌مال تاهیر له‌ بیره‌وه‌ری پێشمه‌رگه‌یه‌كدا ... ئەكرەم محەمەد ئەمین - به‌شی یه‌كه‌م

بەپێوستمزانی ئه‌وه‌نده‌ی له‌ یادما مابێت، ئەم بیرەوەرییانە بنووسمەوە، چونكە مێژو و سەروەرییەكانی "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" بەخوێنی پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی نەخشێنراوە.

مامۆستا "جەمال تاهیر" ناوه‌ نهێنییه‌كه‌ی "سه‌ركه‌وت" بوو، هاوڕێیەتیان هەبوو لەگەڵ مامۆستا "عەلی كه‌مال محەمەد ئەمین" كە برا گەورەی من دەكات و لە پێشمندا بوو بوو بە پێشمەرگە لەناوەندی كۆمەڵە لە نێوزەنگ، چاوی بە مامۆستا جەمال دەكەوێت، دوای گفتوگۆی تایبەت بەخۆیان پێیدەڵێت: ئەكرەمی برام لەم ماوەیەدا دێتە شاخ و ده‌بێت به‌پێشمه‌رگه‌. ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا پێیده‌ڵێت: بینێرە بۆ ئێرە. مەبەستی له‌ ناوەندی كۆمه‌ڵه‌ بوو بوو. منیش دوای تەواوبوونی خوێندن و وەرگرتنی "تەسكیە" پەیوەندیم كرد بەهێزی پێشمەرگەوەو ساڵی (1982) چوومە ناوەندی كۆمەڵە لەنێوزەنگ.

لێرەوە مامۆستا جه‌مال تاهیر-م ناسی، ئەوكاتە بەرپرسی ناوەندی كۆمەڵە و دەزگای رێكخستن بوو. دوای بەخێرهاتنم كۆمەڵێك قسەی بۆ كردم لەسەر شۆڕشی نوێ و ئەركەكانی ئەندامی كۆمەڵە لە ژیانی شاخدا و پێیوتم: پێمخۆشە لێرە بمێنیتەوە تا زیاتر شارەزابیت و باری رۆشنبیریی خۆت زیاتر بەرزبكەیتەوە.

منیش لەسەر داوای بەڕێزی له‌وێ مامه‌وه‌، رۆژانە یەكترمان دەبینی پرسیار و وەڵام دروستدەبوو وایلێهات پەیوەندییەكانمان زیاتر په‌ره‌یده‌سه‌ند، بوومە ئەو پێشمەرگەیەیی كە جێگەی هەموو بڕوایەكبم، تا نووسینی ئەم بیرەوەرییە بۆ یەك خولەكیش دانەبڕاوم، ئەمەش بۆ خودی خۆم و كەسوكارم و خەڵكی دڵسۆزی "یەكێتی" جێگەی شانازییە.

باسی چاكی و گه‌وره‌یی و كەسێتی مامۆستا جەمال بكه‌م هه‌ر ته‌واو نابێت، زۆر هێمن و لەسەرخۆ بوو، گوێی لێدەگرتی تا تۆ له‌ قسه‌كانت تەواو دەبوویت، پێشنیار و رەخنەی زۆرلا گرنگ بوو دڵسۆز بۆ كارەكەی، لە زیندانیشدا خۆڕاگر و ئازا هەروەك بەڕێز "مام جەلال" بەقارەمانی زیندانەكانی رژێمی بەعس ناوی دەبات.

كەسێكی زۆر شارەزا و بلیمەت بوو بۆ كاری رێكخستن و چۆنیەتی كاركردن و پێشخستنی. دەتوانم بڵێم دوای شە‌هیدبوونی گەورەترین زیان بەر رێكخستنی كۆمەڵە و یەكێتی كەوت، تا ئێستاش هه‌ست به‌و بۆشاییه‌ ده‌كرێ.

هه‌موو شەوێك له‌ ناوەندی كۆمەڵە له‌ نێوزه‌نگ كۆڕ ده‌گیرا، بابه‌تێك پێشكه‌شده‌كرا و به‌تایبه‌تی ئەندامانی سەركردایەتی و كادیرە پێشكەوتووەكان كۆڕه‌كانیان سازده‌كرد لەوانە ھەڤاڵان جەمال تاهیر، فەره‌یدون عه‌بدولقادر، ملازم عومەر، ئازاد هەورامی، قادری حاجی عەلی. . به‌ڕه‌خنه‌و پێشنیاره‌كانیش ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كرا.

ئه‌وه‌ی له‌ یادما مابێت كاك قادری حاجی عه‌لی بیرۆكه‌ی ئەنجومەنی گوندەكانی پێشنیار كردو كاری بۆكرد، كه‌ یەكێك لە كارە سەركەوتووەكانی یەكێتی بوو.

مامۆستا جەمال خێزانەكەی لەگەڵیدا بوو بەناوی "بەدری" ژنێكی هێمن و لەسەرخۆ بوو، رێزو خۆشەویستی بۆ پێشمەرگە زۆر بوو، دواجار به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ نێوزەنگی به‌جێهێشت، بەندە و یاسینە رەش و شێرکۆی شێخ نوری قەڵادزێیی، پێکەوە خاتوو بەدریمان گەیاندە بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە سونێ، ئەوەشم بیرنەچێت شێرکۆی شێخ نوری ھاوڕێ و خۆشەویستی لەناو حیزبی دیموکراتی ئێراندا ھەبوو ھەر لەڕێی ئەویشەوە بردمان بۆلای حیزبی دیموکرات و گەڕایەوە بۆ سلێمانی.

ئیتر بەهۆی شەڕو تێكچوونی ناوچەكەوەو هاتنی سەربازی ئێران و تۆپبارانی بارەگاكانی سەركردایەتی و گواستنەوەمان بۆ ناوچەیەكیتر نەیتوانی مامۆستا ببینێتەوە.

خۆشه‌ویستی و رێزی مامۆستا جەمال له‌ناو پێشمەرگەكاندا رۆژبه‌ڕۆژ زیادی دەكرد، چونكه‌ ئه‌و خۆی رێزی زۆر له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌گرت. وایلێهات رۆژ بەس نەبوو بۆ قسەكردن لەگەڵی، بەشەویش سەردانیمان دەكرد، زۆری باسەكانی لەسەر چۆنیەتی زیندانی كردنی و ئازاردانی و ئه‌و سووكایه‌تیانه‌ی له‌ زینداندا رووبه‌ڕووی بووبۆوه‌، ئامۆژگاری دەكردین كه‌ كەسایەتی پێشمەرگە دەبێت چۆن بێت؟ بۆی شیده‌كردینه‌وه‌. ئه‌وه‌شم له‌بیرنه‌چێت زۆرێك لە پێشمەرگەكان خوێندكاری خۆی بوون لە سلێمانی. تەنها لێپرسراومان نەبوو هاوڕێیەكی بەڕێز و خۆشەویستیشمان بوو.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu