لەئاسۆی چیرۆکی ڕاپەرین وڕووداوەکانەوە ... ئاوات (عبدالرحمن رسول)

 

لە هەر کۆمەڵگایەک ڕاپەرین لەلایەن خەڵکەوە ئەنجامدرابێت بە ئامانجی هێنانەدی ئازادی و یەکسانی و ژیانێکی باشتربووە ئەگەر لەدوایی چیرۆکی ڕاپەڕینەکانیش خواست وئاواتەکانی خەڵکی ڕاپەڕیو بەدی نەهاتووە ئەوا هەرگیزاو هەرگیز خەڵکی ڕاپەریو هەڵەنەکردووە لەئەنجامدانی ڕاپەرین لەبەرئەوەی مێژووی مرۆڤایەتی ئەوەمان پێدەڵێت کە خەڵک ڕێگای جۆراوجۆر دەگرێتە بەر بۆهێنانەدی ئازادی ویەکسانی بەشداری ڕاپەرینیش یەکێک لەڕێگاکانێتی ئەگەرچی ئەشکرێت کەمتەرخەمی یان نا وشیاری بۆ ئامادەسازی ئەڵتەرناتیڤی ئینسانی و باشتر هەبووبێت بەڵام خەڵک ئامانجی ڕووخانی فاشیزم و دیکتاتۆربوو لەم هەنگاوە سەرکەوتوو بوو لە ڕووخانی دیکتاتۆروفاشیزمێک .

ئەگەر لەدوایی ڕاپەڕین دیکتاتۆرو فاشیزمی تر دەسەڵات بەڕێوە بەرن بەزۆرەملێ ئەوا دەتوانین بڵێن نا وشیاری خەڵکە لە ئاشنابوون بە کردارەکانی دیکتاتۆروفاشیزم بە هەمان جۆر نەتەوە یان ئایین کە کۆی کۆمەڵگا هاوسۆزە بۆیان ،تێگەیشتن لەمەش پێویستی بە کاتە ئەگەرچیش درێژدانی هەرچرکەیەکیش بەبێ ئازارو چەوسانەوە و قوربانیدانیش گوزەرناکات بەم جۆرە هەتا وشیاری بەرپرسیارێتی بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ بۆ ئازادی و یەکسانی و ژینگە ململانێکان درێژەی دەبێت .

چیرۆکی ڕاپەڕین و ڕووداوەکانی ڕابردوو هەمیشە دەتواندرێت ئارایشتی نوێ بوونەوە و ڕاچڵەکینی هێزی گەشەی تێکۆشانی گۆڕانکاری بن بۆ هێنانەدی ژیانێکی ئازاد و یەکسان و داپەروەرانە ، بەڵام ئەوەی ئەم هێزە دەکاتە ژیلەمۆی گۆڕانکاری لە توانایی هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی دانییە لەناو دەسەڵاتی سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەبەرئەوەی سەرجەم حیزب و ڕێکخراوەکانی ناو دەسەڵات هێزێکی کوشندەی زیان بەخشبوون بۆ هێنانەدی ئاسۆو ئامانجی پێکهێنەری داهێنانی قوربانیانی چیرۆکی ڕاپەڕین و ڕدووداوەکانی ڕابردوویی کۆی کۆمەڵگا. 

ئەوەی ژیلەمۆی نوێ بوونەوە ئاراستە دەکات لە توانایی هیچ جۆرە ڕێکخراو و حیزبێکی پارادۆکسی و دوڕوویی دا نییە چونکە ئەم جۆرە حیزب و ڕێکخراوانەش کوشندەترلە حیزبەکانی دەسەڵاتی سیاسی بەشدارن لە وێران کردن و بێ نرخ کردن و بە کاڵاکردنی ئاسۆ و ئامانجەکانی خوڵقاندن و لەدایک بوونی چیرۆکی ڕاپەرین و ڕدوواوەکانی ڕابردوویی کۆمەڵگا کە لە هەر دەرفەت و گونجاندن و ڕەخساندنێک دا وەک بازرگانێکی چاوچنۆک دەستیانکردووە بە هەڕاج کردنی ئەوەی کە بەدەستیان هێناوە لەچوارچێوەی هاوسۆزی ساویلکەیی و ناگایی وشیاری خەڵکی ناڕازی کۆمەڵگا دا . هەر ئەمەش بۆتە ڕێگایەک بۆ باشتر کۆکردنەوەی پارە و خۆش ژیاندن وبازرگانیکردن بە هەستی فکرودین و نەتەوەیی خەڵکی کۆمەڵگا. 

ئەوەی ژیلەمۆی نوێ بونەوە ئاراستە دەکات نە دەنگدانەو نە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و پەڕلەمانی لەژێر هەرجۆرە ناوێکدا بێت لەبەرئەوەی مێژووی کرداری ئەم جۆرە هەڵبژاردنانە سەلماندوویەتی کە ئەم جۆرە هەڵبژاردنانە تەنها بۆ تیژکردنەوەی نوکی ڕمی هەمان جۆر لەسیستەمی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی بەرهەمهێنەری ڕۆژانەی سەرکوت و چەوسانەوە ونایەکسانی و هەژاری وبێکاری و نادادپەری یە کە ڕۆژ دوایی ڕۆژ نرخ و بەهای مرۆڤ زیاتر دەکرێتە کاڵایەکی هەرزان فرۆش لەبازاڕی بی ڕوحمی سەرمایەدا . 

نموونەکان ڕوونتر چرایی باسەکەمان ڕۆشەنتر دەکەنەوە لەئێران چەندین هەڵبژاردن ئەنجام دراوە بەڵام بارودۆخی ژیانی خەڵک ڕۆژ دوایی ڕۆژ سەختر ودژوارتر دەبێت لەسەرکوت و چەوسانەوە و نایەکسانی و دزی و گەندەڵی وهەژاری وبێکاری . 

تورکیا چەندین هەڵبژاردن ئەنجام دراوە بەڵام تەشەنەکردنی ملهوڕی و سەرکوت و چەوسانەوە ونایەکسانی و بێکاری درێژەی هەیە . عێراق ساڵ لەدوایی ساڵ وێرانتر دەبێت و کۆمەڵگاکەی قوربانی زیاتر دەدات و بە ئامێری چەوسانەوەی هەمان جۆر سیستەمی ئێران ،باشوری کوردستانیش خەراپتر و وێرانتر لەهەموویان بەرەو وێرانترو قوربانیدانی زیاتر ملدەنێ بەهۆی هەبوونی لەلایەک دەسەڵاتێکی سەرکوتگەرو کوشندەی دژە ئینسانی و دژ بەئازادی ڕادەربڕین و دژبە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری لەلایەکیش گیرۆدەیە بە چەندەها ڕێکخراو و حیزبی ساختەچی و درۆزن و دووڕووی کە لەهەر دەرفەتێکدا بۆیان بگونجێت بە هەرزانترین نرخ وەکو کاڵایەک هەموو کۆمەڵگا دەفرۆشن .

ئەوەی ژیلەمۆی نوێبوونەوەی لەناو گێڕانەوە چیرۆکی ڕاپەرین و ڕووداوەکانی ڕابردوو بەرز ڕا دەگرێت کە توانای بەهێزی هەیە بۆ ئەوەی شکۆی جوانی ئینسانی بپارێزێت خودی هاوپشتی ویەکگرتووانەی خەڵکی ناڕازییە دژ بە هەموو جۆرە چەوسانەوە و نایەکسانێک کە بکەرو هاوکارەکەی هەر هێزو ڕێکخراو وحیزب و گروپێک بێت لە خوڵقاندنی یاسا کوشندەکانی کۆیلایەتی و چەوسانەوە و نایەکسانی وسەرکوت و بە کاڵاکردنی جەستە و بیرکردنەوەکانی مرۆڤ. 

هەریەکە لە مرۆڤەکان دەتوانن ببنە ژیلەمۆی نوێ بوونەوەی کۆمەڵگا و هێنانەدی کۆمەڵگایەکی باشتر بەڵام بە مەرجێک ڕاستگۆیانە دژی بەکاڵاکردنی مرۆڤ بەوەستنەوە و هاوپشتی تێکۆشانی ژیلەمۆی نوێ بونەوەبین بۆکۆمەڵگا لەهەر شوێن و جێگایەک بێت هێزی بوژانەوە و ژیلەمۆی نوێ بوونەوە دەتواندرێت لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بەشێوەی هەروەزکاری و شوراکانی خەڵک کۆمەڵگا بەرەوکۆمەڵگایەکی ڕۆشەنتری باشتر ئاراسته بکرێت ،ئەمەش لەهەناوی کرداربوونی ڕۆژانەی پێکەوەیی باشتر بەرجەسته دەبێت.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu