مەکسیم گۆرگی و ئەدەبی منداڵان. . رەزا شوان

بەشێکی زۆر لە کەڵە نووسەرانی جیهانی (هۆنراوەنووسان، چیرۆکنووسان، رۆماننووسان، شانۆنووسان) منداڵانیان فەرامۆش نەکردوون، بەشێک لە نووسینەکانیان، بە تایبەتی بۆ منداڵان نووسیوون، بە شێوازێکی ئاسانتر و کورتتر و بەزمانێکی شیرین بۆیان داڕشتوون، لەوانەش (تۆڵستۆی، چارلـز دیکنز، ڤیکتۆر هۆگۆ، پۆشکین، ئۆسکارد وایڵد، تاگوور، مەکسیم گۆرگی، ئەحمەد شەوقی، . . . ) لە هۆنراوەنووسانی کوردیشمان (ئەحمەدی خانی، فایـق بێکەس، پیرەمـێرد، زێـوەر، گـۆران، هـەژار موکریانی، قـانیع، . . . )

(ئەلیکسی ماکسیمۆڤیتش بیشکۆڤ) کە بە نازناوی ئەدەبی (مەکسیم گـۆرگی) ناسراوە و نووسینەکانیشی هەر بەم ناوەوە نووسیون و بڵاوی کردوونەتەوە.
کەڵە رۆماننووس و چیرۆکنووس و شانۆنووس و وتارنووس و چالاکوانێکی سیاسی روسییە، خاوەنی شاکارە رۆمانی جیهانی (دایـک: ١٩٠٧)ـە. مەکسیم گۆرگی بە دامەزرێنەری قوتابخانەی راستیی ئەدەبی و بە سەرکردەی شۆڕشیکی ئەدەبی لە روسیا دەزانرێت.

مەکسیم گۆرگی لە (٢٨ی/ ئادار/١٨٦٨) دا، لە شاری(نێژنی نۆڤگورۆد) لە رووسیا لەدایکبووە. . تەمەنی پێنج ساڵان بوو، باوکی (مەکسیم پیشکۆڤ) کۆچی دوایی کرد. . دایکی ( ڤارڤارا کاشیرنیا) دووبارە شووی کردەوە، نەنکی و باپیری (باوک و دایکی باوکی) ئەرکی پەروەردەکردن و بەخێوکردنیان گرتە ئەستۆیان. . باپیرەی پیاوێکی رەق و توندوتیژ و گرژ بوو. . بەڵام نەنکی ئافرەتێکی بەسۆز و میهرەبان و نەرم بوو، مەکسیم گۆرکیی زۆر خۆشدەویست. . شەوانە بە شێوازێکی شیرین چیرۆکی فۆلکلۆری خۆشی بۆ دەگێڕایەوە. . ئەم چیرۆکانە بوونە ئیلهام بۆ ئەوەی گۆرگی هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی چیرۆک نووسین بکات. . بە هۆی دەستکورتی ماڵی نەنکییەوە، مەکسیم گۆرگی لە تەمەنی هەشت ساڵێیەوە ناچاربوو کاربکات. . چەندین کاری قورس و سەختی کرد کە لەگەڵ تەمەنی دا ناگونجان وەکو ئشکردن لەنانەوەخانە، مانگی بە دوو رۆبل. . تەمەنی نۆ ساڵان بوو دایکیشی کۆچی دوایی کرد. . دوایش نەنکیشی کۆچی دوایی کرد. . گۆرگی بە مردنی دایکی و، بە تایبەتیش نەنکی کە زۆر خۆشەویستی و پێگەیەکی تایبەتی لە دڵیدا هەبوو، غەم و ناخۆشی و کەسەرێکی زۆر چووە دڵییەوە، کاریگەرییەکی زۆر تێکردن. . ژیـان بۆ منداڵێکی بێنازی بێ دایک و بێ باوک زۆر ناخۆش و سەخت بوو. . چونکە هێچ داڵدەیەکی ئەوتۆی نەبوو رووی لێبکات. . ماوەیەک وێڵ و سەرگەردان و دەربەدەربوو. . بە روسیادا دەسوڕایەوە. . شوێنێکی نەبوو تیا بسرەوێت. . لە تەمەنی نۆزدە ساڵان دا، لەبەر هەژاری و نەبوونی و بێ پارەیی و بێکەسی، هەوڵی خۆكوشتنی دا. . خۆی بریندارکرد و خەریک بوو بمرێت.
بەڵام زۆر جار ژیانی سەخت و تاڵ و پڕ لە مەینەتی و کارەسات، وا لە مرۆڤ دەکات کە زیاتر بڕوای بە خۆی هەبێت و خۆڕاگربێت و بێ هیـوا و نائومـێد نەبێت. . دۆخە ناخۆشەی بە کۆتایی ژیان و جیهان نەزانێت. . بە گەشبینییەوە بگەڕێت بۆ دۆزینەوەی دەرگایەکی تری بەختەوەری و خۆشی. . بۆیە مەکسیم گۆرگی پەشیمان بۆوە، کورد وتەنیش:"لە دوای تەنگانە شێنەیی دێت"
گۆرگی دەڵێ:" تا مرۆڤ زیاتر تاڵی بچێژێت. . زیاتر برسیی خۆشییەکانی ژیان دەبێت" دەشڵێ:" جیهان وەک شەوێکی تارێک وایە. . هەموو کەسێک دەبێت چرای خۆی داگیرسێنێت. . "

مەکسیم گۆرگی لە ساڵی (١٨٩٢) لەگەڵ (کاترینا بیشکۆفا) دا کە چالاکوانێکی بواری مافەکانی مرۆڤ بوو، هاوسەرگیرییان کرد. . دوو کوڕیان بوو.

مەکسیم گۆرگی بە منداڵی زۆر حەزی لە قوتابخانە و لە خوێندن بوو، دەڵێ:
"ئەگەر پێمیان بوتایە، پێتدەخوێنی، بەو مەرجەی هەموو رۆژانێکی شەممان لە گۆڕەپانی (نیکۆڵا یێڤسکی) دا، چینی دارکاریت دەکەین، بێگومان رازی دەبووم" زۆرحەزیش دەکرد کە بچێتە زانکۆ و خوێندنی باڵا تەواوبکات. . بەڵام هەژاری و سەرگەردانی رێگربوون لە رووی ئەم حەز و هیـوایەی.

زۆریش لە قوتابخانەدا بەردەوام نەدەبوو، بچڕ بچڕ دەچوو. . بەڵام زۆری دەخوێندەوە. . یەکێک لەو پەرتوکانەی کە خوێندییەوە و سەرسامی بوو، پەرتوکی (زەردەشت وای وت" لە نووسینی بیرمەندی ئەڵمانی (نیتشە).

گۆرگی لە ساڵی (١٨٩٠) دا بە نووسینی کـورتە چیرۆک، دەستی بە نووسین کرد و بڵاویانی کردنەوە. . لە ساڵی (١٨٩٢) دا، یەکەمین چیرۆکی خۆی نووسی و بڵاوی کردەو کە لەژێر ناونیشانی (ماکـار چـۆردا) دایە. . چەندین چیرۆکی تری بە دوای ئەم چیرۆکەدا نووسسی و بڵاوی کردنەوە. . دوایش دەستی بە رۆمان نووسین کرد، چەند رۆمانێکی بەرزی هەیە. . زیاتریش بە رۆمانی (دایک) ناوبانگی دەرکرد کە بەیەکێک لە شاکارە رۆمانە جیهانییەکان و کراوە بە فیلمی سینەمایی. . کە وەریان گێڕاوە بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهان نووسەر رووناکبیر و سیاسەتمەداری کوردمان خوالێخۆشبوو مامۆستا (کەریمی حیسـامی) رۆمانی (دایک)ی لە زمانی فارسییەوە وەگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی. . هەروەها گۆرگی چەند شانۆیەکی سەرکەوتووشی نووسیوون، زۆربەیان لەسەر تەختەی شانۆدا نماییش کران. . بە دەیان وتار و رەخنەی ئەدەبی و سیاسیشی نووسیوە. . هاوڕێتیشی لەگەڵ لینین و ستالین دا هەبوو.

شایەنی باسیشە وشەی (گۆرگی) لە زمانی روسیدا، مانای (تـاڵ) دەگەیەنێت. . هەڵبژاردنی ئەم نازناوەش لە لایەن مەکسیم ەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژیانە تاڵ و سەخت و ناخۆش و پڕ کارەسات و کوێرەوەری و مەینەتییەی کە گەلی روسی لە سایە دەسەڵاتی قەیسەری دا دەیان چێشت. . ئەم راستییەشی بە چاوی خۆی بینی. . هەروەها بۆ ژیانی تاڵ و سەختی منداڵی و هەرزەکاری خۆی. . بۆ ژیانی تاڵی دایکە بەدبەختەکەی کە بە دەست مێردی دووەمییەوە، گیریخواردبوو. . کە پیاوێکی مەیزەدە و هەمیشە سەرخۆش و توندوتیژ بوو، دەستی لە دایکی دەوەشاند و هـەر خەفەتیشەوە مرد. . ئەم هەموو تاڵییانە، وای لە مەکسیم کرد کە وشەی (گـۆرگی: تـاڵ) بکات بە نازناوی ئەدەبی و بەم ناوەوە بنووسی و بڵاوبکاتەوە.
گۆرگی سەرگوڕشتەی ژیانی خۆی لە سێ بەشدا نووسیوەتەوە، دوو بەشیان باس لە تاڵییەکانی قۆناغی ژیانی منداڵی و لە قۆناخی هەرزەکاری و لە ژیانی سەخت و تاڵی خەڵکی دەکات.
مەکسیم گۆرگی لە تەمەنی (٦٨) ساڵیدا لە ساڵڕۆژی(١٨ي/ یونی/١٩٣٦) دا لە شاری مۆسکۆدا کۆچی دوایی کرد. . لە گۆڕەپانی سوور، لە بن دیواری کرملین دا، لە ریزی شۆڕشگێڕان و نەمرەکانی روسیادا بە خاکیان سپارد.

ئەدەبی مـنداڵان لە روانینی مەکسیم گۆرگییەوە:
ئەوەی ئێمە لەم نووسینەدا مەبەستمانە ئاوڕدانەوە و روانینی مەکسیم گۆرگییە لە ئەدەبی منداڵان. . کە رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی هەبوو لە گەشەکردنی و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵانی روسی دا. . داواشی لە نووسەرانی ئەدەبی منداڵانیش کرد. . کە هەوڵی داهێنان و تازەگەری بدەن لە ئەدەبی منداڵان دا.

گۆرگی دەڵێ:" منداڵ لە هەموو سەردەمێکدا هێمای بێتاوانی و پاکی و خێر و راستی و جوانییە. . " لە بارەی شێوازی نووسینیش بۆ منداڵان، دەڵێ:" پێویستە بە هەمـان شێوازی نووسین بۆ گەورەکان. . هەر بەو شێوازەش بۆ منداڵان بنووسین، بەڵام بە ئاستێکی باشتر" لە روانینی ئەوەوە، پێویستە نووسین بۆ منداڵان، بەپێی خواست و ئارەزووەکانی منداڵان بێت، نەک بەپێی ویستی نووسەران. . گۆرگی تەنها بە قسە پابەندی ئەم بیر و باوەڕ و روانینانەی نەبوو، بەڵکو زۆر جار لەگەڵ منداڵان خۆشیان دادەنيشت و لێی دەپرسین: حەزتان لە چ جۆرە نووسینێکە؟ جارێکیان بە فەرمی بە ناردنی نامە ئەم پرسیارەی ئاراستەی ژمارەیەک لە منداڵانی روسیا کرد:"ئـارەزووی خوێندنەوەی چی دەکەن. . ؟" لە زیاتر لە دوو هـەزار منداڵەوە وەڵامی پرسیارەکەی پێگەیشت، نووسیبوویان لە "هەمـوو شـتێک"
مەکسیم گۆرگی لەم وەڵامەوە، لە گرێ و لە رێنماییەکانی گەورەکـان وازیهێنا و دەستبەرداری فیز و خۆبەگەورەزانین بوو. . چووە نێو جیهانی وەنەوشەیی سەیر و سەمەرەی منداڵانەوە. . جیهانی راستی و پاکی و بێتاوانی، گوێی لە هیـوا و خواست و راز و لە خەونە شیرین و سەوزەکانیان دەگرت. . بۆیە مەکسیم گۆرگی فەلسەفەی خۆی لە دەستەواژەی "هەمـوو شتـێک"دا چڕکردەوە.

مەکسیم گۆرگی، ماڵەکەشی کردبوو بە ژوانگەیەکی نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، زۆرجار لەگەڵیاندا دادەنیشت و گوێی لێدەگرتن. . باس و تاوتوێ نووسین و ئەدەبی منداڵانی لەگەڵ دەکردن. . بۆچوونەکانی و رێنمایی و ئامۆژگارییەکانی پێدەوتن. . چەند جارێکیش کێبڕکێی بۆ ئەدەبی منداڵان سازکرد. . خەڵاتی رێزلێنانی بە نووسەرانی تێکستە باش و براوەکان دەبەخشی. . شایەنی باسیشە مەکسیم گۆرگی، گەورەترین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەدەبی منداڵانی لە روسیادا دامەزراند. . کە هۆکارێکی گرنگ و هاندەربوو، بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵانی روسی.

لە تێڕوانینی گۆرگییەوە پێویستە ئەدەبی منداڵان، هاوڕەوت بێت لەگەڵ پـەروەردەی نوێدا. . پەروەردەش پەروەردەیەکی کۆمەڵایەتی بێت. . پەروەردەی کۆمەڵایەتیش بە لای گۆرگییەوە، ئەنجامدانی کاری شۆڕشگێڕانەیە. . رزگارکردنی مێشکی منداڵانە لە خەیاڵی پـووچ و لە داب و نەریتی بەسەرچووی سواو. . دەبێت منداڵان بە شێوازێک گـۆش و پەروەردە بکرێن، کە زیاتر لە داهـاتوو بڕوانن، وەک لەوەی ئاوڕ لە رابردوو بدەنەوە.
گۆرگی دەڵێ:"کاروانی رابردوو ناتگەیەنێت بە هیچ شوێنێک" مەبەستی گۆرگیش ئەوە نییە، کە هێڵی راست و چەپ بەسەر رابروودا بهێنین و لەبەر چاوی منداڵانی بخەین، یا لە رەگەوە رەگکێشی بکەین. . چونکە ئەمـڕۆ لە دوێنێ لە دایک بووە، سبەینێش لە ئەمـڕۆ لەدایک دەبێت، ئەوەی رابردووی نەبێت، ئەمڕۆ و داهاتووشی نابێت. . مەبەستی گۆرگی ئەوەیە، پێویستە بە شێوەیەکی راستگۆیانە و روون، بەبێ ئارایش و رتووش، باسی رابردوو بۆ منداڵان بکەین. . لەم رووەوە دەڵێ:"پێویستە زانیاری لە خزمەتی منداڵاندا بێت. . منداڵانیش وا رابهێنین کە بیر لە داهـاتوو بکەنەوە. . "

مەکسیم گۆرگی، جەخت لەسەر بایەخی چیرۆکە کۆنە میللیەکان دەکاتەوە، کە گرنگییان هەیە لە گەشەکردنی هۆش و هزری منداڵان، لە هەستکردنیان بە داهێنان لە هونەر و ئەدەب دا، لە دەوڵەمەنکردنی زمانیان، لە بەخشینی چـێژ و خۆشی و شادی پێیان.

رەزا شوان
نەرویـج: ١ی/ ئادار/٢٠١٨)

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu