پەیامێكی دیكە بۆ مەسعوود بارزانی ... ئومێد بابان

بەڕێز كاك مەسعوود، بەندە لە 2013 بە نامەیەكی شەخسی پەیامێكم ئاڕاستەی جەنابت كرد، هەرچەندە نازانم موستەشارەكانت گەیاندوویانە یان نا، بەڵام بە وردی باسی ئەوەم كردبوو كە ژیانی خەڵك ناخۆشە و هاونیشتمانیان پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە هەیە، نووسیبووشم كە كادرانی پارتی لەوپەرٍی نەهامەتیدان و پێویستە لایەكیان لێ بكرێتەوە.

ئێستا جگە لە دووبارەكردنەوەی هەمان قسەكانی پێشووم، دەمەوێ ئەوەش بڵێم، بەشێك لەو دارودەستەیەی كە لە دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی داتناون، لایق نین و بگرە هەندێكیان كوڕە بەعسی و دەستیان سوورە بە خوێنی ڕۆڵەی كورد.

تەنانەت هەندێكیان نازانن وتارێكیش بنووسن و بە وشەیەكیش بەرگری لە پارتی و لە كوردبوون و لە نیشتمانیش بكەن.

بەڕێز سەرۆك، من كە ئێستا ئەوپەڕی دڵم پرە لە ئۆتۆمبێلی ئاخیر مۆدێل و ئەرقا خانووی بەرپرسان، دەمەوێ ئەوەش بدركێَنم كە رێگادان بە خەڵكی ناشاییستە بۆ هەندێك شوێن، لە شكۆی دامەزراوەكان كەم دەكاتەوە.

تەنانەت، سەروەریی نیشتمانێكیش لەسەر ئەوە بەندە كە سەرۆكەكەی كێیە؟ چی دەكات؟ چۆن بەرەوڕووی گەندەڵی دەبێتەوە؟

چاكسازییش دەبێ لە هەمووانەوە دەست پێ بكات، سەرۆك، نابێ ئەو خاكە پیرۆزە بخرێتە ژێر ڕكێفی بەعسییەكانەوە، ئەوان تا دوێنێش هەزاران هەزاریان لێ ئەنفال و كیمیاباران كردین، بێباكانە كۆمەڵَكوژیان كردین و پیر و منداڵ و گەنجیان زیندەبەچاڵ كردین.

دواقسەم ئەوەیە، سەرۆكێكی باش بە، هەمووان بە منداڵی خۆت بزانە و هەرگیز لە باوكایەتی درێخی مەكە.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu