سوڵتانی بەختەوەریی بەشی بیست ... حەمید عەزیز

من تۆم هەبێت تەنها سەیری بەرپێی خۆم دەکەم بەرپێی خۆم و بەس ئاوڕ بۆ ژیان نادەمەوە شەرم لەهەرچی بونەوەری دونیا هەیە دەیکەم ئەنواڕمە سبەینێی جوانتر بۆ ژیان و بەردەوام بوون .
من تۆم هەبێت سوپاسگوزاریی خودای تاقانەم هەرگیز دەستەکانی پاڕانەوەم لەئاسمان داناگیرێت کێ لەتۆو خوداو عەشق جوانترە . ؟.

من تۆم هەبێت بەتۆوە هەموو کەونم خۆش دەوێت دڵم گۆڕەپانی بوونە بۆ خۆشەویستی و پێکەوە ژیان هەموو جوانی دونیا لەناخمدا چەکەرە دەکات بۆیە کەتۆم لایە هەموو ژیان لەبەردەستی مندایە .

من تۆم هەبێت ماڵە قوڕینەکەم ژوری تەنهاو ساردی هەژاریم کۆشکێکی بەرزو ماڵی دڵم شاهانایە کۆشکێک بێ تۆ کەلاوەیەو کەلاوەی هەژاریی دڵم بەتۆوە بەهەشتێکە لێوان لێو لەبەختەوەریی .

من تۆم هەبێت بەختەوەرم پێڵوی چاوم پەڕەی دڵم بۆ ڕۆحی تۆ هێلانەیە .
من تۆم هەبێت کەسم ناوێت ژیان بێ تۆ ئەفسانەیە .
خۆت کەس و هەناسەی منی بێجگە لەتۆ هەمووی بۆمن بێگانەیە . !!! .

لەم بەشەی سوڵتانی بەختەوەریی یەدا ئەم پەخشانە شیعرەشمان تێکرد بەهیوای جوانتر کردنی ئەم بەشەمان بێت . ئەگەر خۆت باش بیت خەڵکیی هەمووی باش دەبینیت ئەگەر ناخ و ڕۆحت جوان بوو هەموو دونیا جوان دەبینیت هێمن و لەسەرخۆو ئارام بە دەوروبەر دەبێتە بەهەشتێک بۆت دەبێتە کتێبخانەی مەعریفە بۆژیانت هەمووشتێک بەهێمنیی دەبینیت ڕۆحت ئارام و ئاسودە دەبێت بەئارامی و هێمنی عەشق پەیدا دەبێت لەبێ دەنگیدا داهێنان هەیە دروست بوون دەبێت لەم کاتەدا هەموو هەستە جوانەکان لەدایک دەبن بەپێچەوانەشەوە کەسێکی شپرزەو ناڕێک دەبیت بەرامبەریش خراپ دەبینیت ژیان و خۆت و دەوروبەرت لەدەست دەدەیت .

درۆ کردن زۆر خراپە بۆیە تەنها لەکێشەکاندا دەیبینیتەوە بەدڵنیایی یەوە لەبەختەوەرییدا درۆکردن بوونی نی یە بۆیە هەوڵدان بۆ ڕاستگۆیی نزیک بونەوەیە لەبەختەوەریی و جێگیربوون و ئاسودەیی لەژیاندا . درۆ تەمەنی کورتەو ڕاستگۆیی ئاسودەیی یە هەتا کۆتایی تەمەن بۆیە کەسانی بەختەوەر ڕاستگۆن کەسانی درۆزنیش هەمیشە ناڕەحەت و توڕەو تڕۆن و ئارامییان نی یەو کەسانیی ناجێگیرن و لەکۆتاییشدا دۆڕاون بۆیە باڕاستگۆیی هاوڕێمان بیت بۆ ئەوەی کامەرانیش دۆستمان بێت و بەختەوەرییش میوانیی هەمیشەیی ماڵەکانمان بێت .

بۆ ئەوەی بەختەوەربیت درۆ مەکە بۆیە کەڕاستگۆییت بەختەوەریشیت لەبەختەوەریدا درۆکردن ماڵی نی یە ئەوەی درۆ دەکات ناڕەحەتە لەبەختەوەریدا ڕستگۆیی و پاکیی و جوانیی هەیە کەئەمانە بەسروشتی خۆیان دورن لەدرۆکردن . کارێک مەکە ئەنجامەکەی دڵە ڕاوکێ بێت چونکە ناڕەحەتیی و دڵە ڕاوکێ لەدرۆوە سەرچاوە دەگرێت . هیچ شتێک مەکە توشی ناجێگیریی و دڵەڕاوکێت بکات بۆیە هەموو ژیانی تۆ بەختەوەریی بێت بەیەک شەوی ناڕەحەتیی دڵت غەمبار دەکات بۆیە ژیان بریتی یە لەخۆشەویستی و ئارامیی و ئاسودەیی هیچ شتیک بۆ تۆ ناکاتە ئەوەی یەک خولەک ناڕەحەت و لەدڵە ڕاوکێدا بژیت و خەمبار بیت .
لەسوڵتانی بەختەوەریدا بەخشندەیی بڕوێنە لێبوردەیی بکەرە گۆچانی دەست و خۆشەویستی بکەرە هاوەڵی دڵت بەدڵنیایی یەوە چیت ڕواندوە ئەیدوریەوە کامەران و دڵخۆش دەمێنیتەوە .

حەمید عەزیز

١٢/٤/٢٠١٧

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu