یەکەمین دیداری فیلمی کوردیی لە ئەڵمانیا سازکرا

مەنسوور جیهانی ـ کۆمەڵەی ھونەر جوانەکانی ⁄ ئەڵمانیا، یەکەمین دیداریی فیلمی کوردی بە دروشمی (سینەما چاوی مرۆڤایەتی و داھێنانە) لە ڕۆژانی23 و 24 و 25ی مانگی فێبروەری ٢٠١٨ لە شاری ھانۆفەر لە وڵاتی ئەڵمانیا ئەنجامدرا.

ئەم دیدارە وەکوو دەسپێک و نۆبەری کار و چالاکییەکانی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی ⁄ ئەڵمانیا ھاتەبوون، کە تیایدا شەش فیلم نمایش کرا، واتە ڕۆژانە فیلمێکی درێژ و فیلمێکی کورت پێشکەش بە بینەران دەکران. شایەنی باسە کۆمەڵێک لە ھونەرمەند و فیلم دۆستان ئامادەی ئەم دیدارەبوون. زۆرێک لەو ھونەرمەندانەی ئامادەی دیدارەکە بوون لە وڵاتە جیاجیاکانی وەکوو کەنەدا، بەریتانیا، سوید و بەلجیکاوە ھاتبوون، جگە لەو ھونەرمەندانی ناوخۆی ئەڵمانیا.

ھەروەھا رێكخستن و پردی پەیوەندیی ئەم دیدارە لە لایەن ھونەرمەند (کاروان عەلی مەجۆلە)وە ئەنجامدراوە و سەرپەریشتکراوە و بە ماندووبوونی ئەم بەڕێز و ھونەرمەندانە (ڤیان کاکە حەمە، ئاڤان کاکە حەمە، بورھان قەرەداخی، تەرزە عەزیز، لاوەند خالید، خەرمان ھێرانی، جوانە حسن، ھێمن کەریم و چەند کەسانێکی تر دیدارەکە بە سەرکەوتویی ئەنجامدرا.

لە دواھەمین ڕۆژی دیدارەکەدا کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی سوید و ئەڵمانیا لە پای بەخشش و ماندووبون، خەڵاتی ڕێزلێنانیان بەخشییە (کەمال دڵشاد) ھونەرمەندی شانۆ و درامای کوردی و خاوەن خەڵاتی بابان.

ھاوکاتیش بۆ چلەی ھونەرمەندی جوانە مەرگ (پشتیوان نوری بەدەوی)، ھونەرمەندانی ئامادەبووی دیدارەکە مۆمیان بۆ گیانی شادی کاکە پشتیوان داگیرساند.

لەماوەی ئەو سێ ڕۆژەی دیدارەکەشدا توانرا ژینگەیەکی ھونەری دەستەبژێر و جوان دروست بکرێت و کۆمەڵێک ھونەرمەند و ھونەردۆست لە یەکتری نزیک ببنەوە و بووە ھۆی دروستکردنی دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە، ھەر بۆیە لە کۆتایی ڕۆژی دیدارەکەدا ھونەرمەند (دڵشاد ئەحمەد) سەرۆکی لقی گشتیی کۆمەڵەی ھونەرەجوانەکانی سوید لە گفتووگۆیەکی کراوەدا ئەزموون و شێوەی کارکردن و جۆری چالاکییەکانی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی سویدی باسکرد. ڕێکخەرانی دیدارەکە و ھونەرمەندانی ئامادەبووش گفتووگۆیەکی باش و پۆزەتیڤیان دروستکرد و بیرووبۆچوون و ڕەخنە و پێشنیار و چۆنییەتی باشترکردنی بەڕێوەچوونی دیدار و کار و چالاکییەکانی ئایندەی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی ئەڵمانیا و سویدیان خستەبەر باس و گفتووگۆ.

لە کۆتایشدا ھیواخوازرا ئەم جۆرە دیدارانە و دامەزراندنی لقی ئەڵمانیای کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکان، ببێتە ھۆکارێکی ئەکتیڤ بۆ برەودان بە چالاکی و ھونەری و ڕۆشنبیریی لە ئەڵمانیا. لە ھەمانکاتیشدا ھاوکار و ڕێگە خۆشکەرێکی نۆێبێت بۆ ھەموو ئەو گرۆپ و دەستانەی لە ناو ڕەوەندی کوردیدا کار دەکەن.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu