هونەرمەندی مۆسیقاری کورد مامۆستا نامدار قەرەداخی لە هۆڵەندا خەڵاتکرا

 

 راپۆرتە هەوڵ لە هۆڵەنداوە

ئێوارەی ڕۆژی 19-12-2016 کات 19:30 لە شاری لایدن بە ئامادەبوونی کۆنسوڵی کۆماری عێراقی فیدراڵ لە لاهای و ژمارەیەک لە کوردانی هۆڵەندا و هاوڕێیان و دۆستان و خانەوادەی هونەرمەندی ناسراوی کورد مامۆستا نامدار قەرەداخی لە لایەن رێکخراوی نێودەوڵەتی ئابوریناسان و کارگێڕی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، دوو خەڵاتی رێزلێنان و مەدالیایەکی (درع)ی پێ بەخشرا.

سەرەتا لە لایەن دکتۆر مەجید خەلیل سەرۆکی رێکخراوەکە، باسێکی کاروچالاکیەکانی خۆیانی کردو ئاماژەی بەوە دا، لەبەر بەخشش و داهێنانی مامۆستا نامدار قەرەداخی، لە بواری هونەری مۆسیقا و کارەهونەرییە مرۆڤدۆستیە مەزنەکانی ئەم ناسکە روح شیرینەیان هەڵیانبژاردووە بۆ ئەم خەڵاتانە، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا ساڵی پار پەیکەرساز و نوسەرێکی ناسراوی دیکەی کورد ئەندازیاری تەلارسازی خەسرەو جاف ئەم خەڵاتە پێ بەخشراوە.

لە میانی مەراسیمەکەدا بە داتاشۆچەند فلمێکی دۆکۆمێنتەری لەسەر کاروچالاکییەکانی مامۆستا نامدار قەرەداخی پیشانی ئامادەبووان درا.

لە تەوەری دووەمی مەراسیمەکەدا، خەڵاتی سەرەکی لە لایەن (کۆنسوڵی کۆماری عێراقی فیدراڵ)ەوە مەدالیایی (درع)ی پێشکەش کرا، پاشان دووخەڵاتەکەی دیکە و بڕوانامەی ڕێزلێنانی ڕێکخراوەکە، لە لایەن (دکتۆر مەجید خەلیل و دکتۆر ئەمین محەمەد نوری)یەوە پێشکەشی کرا.

هەروەها سەردار فەتاح ئەمین چالاکوانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کارگێڕی ناوەندی دەرەوی رێکخراوە دیموکراتییەکانی (ئ. ن. ک)، ئەم خەڵاتە و کارە هونەرییەکانی مامۆستا نامدار قەرەداخی بەرزنرخاند، لە ماوەی نزیکەی نیوسەدەی کارکردنیدا لە بواری هونەری میوزیکدا و ئەم دەرفەتەی بە هەلزانی داوا لە هەڤاڵەکانی بکات دوو چەپکە گوڵی تایبەتی رێزلێنان، لە لایەن (ئیبراهیم عەلی سەعید بە ناوی یانەی کوردی "میدیـــا"ی هۆڵەندە و محەمەد عەلی مەحمود) وەک رێکخراوەکانی هۆڵەندا، پێشکەش بە مامۆستا نامدا بکەن.

جێگەی ئاماژە پێدانە لەسەرەتایی ساڵی ٢٠١٧ ەوە لە شاری سلێمانی، قوتابخانەی نامدار قەرەداخی بۆ منداڵان و نەوجەوانانی کورد ئەکرێتەوە مامۆستا خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەکات، بۆ ئەو مەبەستە، منداڵانی کوردستان و منداڵانی ئاوارەی ئۆردوگاکانی عەربەت، ئەتوانن لەم بوارە گرنگەی ژیانەوە سوودمەندبن، بێگومان ئەم جۆرەکارانە دوا ڕۆژێکی باش و ڕوناکتر بۆ نەوەی نوێ و میللەتەکەمان دابین ئەکات.

لەم ڕوانگەیەوە، مامۆستا نامدا بڕوای وایە، کە مۆسیقا خۆراکی گیان و جەستەیە، لێکۆلینەوە و تاقیکردنەوە جییهانیەکانیش، سەلماندویانە و جەخت لەوە ئەکەنەوە، میوزیک مرۆڤ زیرەکتر و بەتوانا تر ئەکات، لە ڕووی ژیان و کۆمەڵایەتیشەوە مرۆڤ بەرەو ئایدایەکی شاد و ئاسودە و بەختەوەر تر ئەبات.

مامۆستا نامدار قەرەداخی لەم مەراسیمی رێزلێنانەدا، ئەوەی درکاند ئەم خوێندنگە تایبەتەی مۆسیقا، لەسەر شێوازی تازەترین هونەری سەردەمدا دائەمەزرێت، کە ئەویش بەسەرپەرشتی مامۆستایانی پسپۆڕو شارەزا بەڕێوە ئەچێت، کە خاوەنی بەرزترین بڕوانامەی ئەوروپین، لەم بوارەی مۆسیقادا، خاوەنی ئەزموونێکی زۆرن لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

بەشەکانی قوتابخانەکە بریتیین ئەبن لە :- 1 بەشی کەمان. - 2 بەشی سایزەر. -3بەشی گیتار. - 4 بەشی ریتم.

-5بەشی تێوری، 6  -بەشی هارمۆنی و کار لە ئۆرکێستا.

سەرەتا سەرجەم وانەکان کاتژمێرو نیوێک بۆ دوو کات ژمێر ئەبن.

نرخی بۆ یەك فێرخواز تەنها 70,000 دینار.

سەرنج:- لەرێکەوتی 22-12-2016 ەوە ناو نوسین، لەم قوتابخانەیە، دەست پێئەکات و لە مانگی شوباتی 2017 ەوە وانەکان دەست پێ ئەکات و هەفتەی دوو ڕۆژ ئەبێت، کە لە ڕۆژی یەکەمدا بە تاك بە گروپی بچوك، ڕاهێنانیان پێ ئەکرێت لە سەر ئامێرەکانیان.

لە ڕۆژی دووەمی هەفتەکەدا هەموو گروپەکان، لەیەك ئەدرێن و ئۆرکێستێکیان لێ دروست ئەکرێت، پرۆگرامی تایبەتییان بە توانا و ئارەزوەکانیان بۆ ئامادە ئەکرێت.

خوێندکارانی ئەم خوێندنگە مۆسیقییە، لە داهاتویەکی زۆر نزیکدا کۆنسێرتی خێرخوازی پێشکەش ئەکەن، لەو شوێنە تایبەتانەی، کە مۆسیقا هێوەر کەرەوە بێت، بۆ بارە دەروونییە نائاساییەکان.

لە قوتابخانەکەدا شوێنی تایبەت ئامادەکراوە، کە دایکان و باوکان و مناڵە کەم تەمەنەکان، کاتی چاوەڕوانی تێدابەرنە سەر، لەکاتی وانەی منداڵەکانیاندا.

بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بەم ژمارە موبایل و ئیمێلەی خوارەوە:

تەلەفۆن: 07721515778

ئیمێل:

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

ناونیشان: سلێمانی، گەڕەکی گردی ئەندازیاران، نزیک هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی. 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu