حاكم قادر: دەبێت دادگاكان نەكەونە ژێر بڕیاری ھیچ كەس و لایەنێك و دوربن لە دەستێوەردانی حیزبی و كەسی

‏‎سێشەممە ٢٠٢١/١٤/١٢، حاكم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسيی و به‌رژه‌وه‌نديی یه‌كێتی نیشتمانيی كوردستان له‌ میانی به‌شدارییكردنی له‌ سیمینارێكی یاسایی كە بۆ ژمارەیەك لە گەنجان و لاوان و خوێندكاران و پارێزەران و مافپەروەران رێكخرابوو، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و باسى لە سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری و سەروەری یاسا كرد و رایگەیاند، ئێمە ھەمیشە جەخت لە سەروەری یاساو دوركەوتنەوەی دەستی حیزبی و كەسی لە دادگاكان دەكەین و دەبێت دادوەر و دادگاكانیش سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و نەكەونە ژێر بڕیاری ھیچ كەس و لایەنێك.

‏‎ھێمای بۆ ئەوەشكرد كە بنەمای سەرەكی پێشكەوتنی كۆمەڵگە، سەروەری یاسا و ھەبوونی متمانەی ھاوڵاتییانە بە دادگاكان و دڵنیابوونیانە لە چەسپاندنی یەكسانی و دادپەروەری لەرێگەی دادگاوە و سەروەرنەبوونی یاساش دەبێتە ھۆی دواكەوتنی كۆمەڵگە و زیادبوونی رێژەی تاوان.

‏‎حاكم قادر لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی خوێندكاران وتی، خوێندكاران سەلماندیان كە دەتوانن بە خەباتی مەدەنیی و شارستانی مافەكانیان وەربگرنەوە و رێگە نادەن، داواكارییەكانیان كەس و لایەنی دیكە بۆ مەرامی خۆی بەكاری بھێنێت و ئێمەش لە رابردودا بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواكانیان پاڵپشت و پشتیوانیان بووین و لە داھاتوشدا ھەروا دەبین.

‏‎جەختیشی كردەوە كە ئەوان پاڵپشتی ھەموو خەباتێكی مەدەنی سەرجەم چین و توێژەكان دەكەن بەتایبەت گەنجان و لاوان و خوێندكاران و بەردەوام

دەیانەوێت لە رێگەی خول و سیمینارەوە پەرە بەتواناكانیان بدەن و ببنە ھاندەرێكی بەھێز بۆیان، بەمەبەستی زیادبوونی ئاستی رۆشنبیریی و زانستیی و سیاسیی و كۆمەڵایەتییان، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەشەوە بتوانن ھەلی كار بەدەست بخەن.

لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا حاكم قادر تیشكی خستەسەر كەرتی پەروەردە و ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە لە سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن ھەر لە دایەنگەوە تا دوایین قۆناغی خوێندن، بایەخی زیاتر بە پەروەردە بدرێت، ئەوەش بە ڕاوێژ لەگەڵ كەسانی شارەزا و پسپۆڕ و دڵسۆز بۆ داڕشتنی پڕۆژەیەكی گشگیر بۆ پێشخستنی كەرتی پەروردە لە ھەرێمی كوردستان.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu