مەسرور بارزانی و مایك پۆمپیۆ کۆبوونەوە

مەسرور بارزانی خوازیاری رێککەوتنێکی نوێی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و ئەمەریکایە

ئەمڕۆ چوارشەممە ٩/١/٢٠١٩ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شاندی یاوەری کرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەروەها پێشخستنی زیاتری میکانیزمی هەماهەنگی دوولایەنە لە پێناو رێگری لە سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەی تیرۆریزم گفتوگۆی لە سەر کرا.

لە دیدارەکەدا، مەسرور بارزانی هەماهەنگیی و هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای لە جەنگی دژ بە تیرۆر بە ئەزموونێکی سەرکەوتوو و کاریگەر پێناسە کرد و لە ئاماژەیەکدا بۆ یادداشتی لێک تێگەیشتنی پێشووتری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە شەری دژ بە داعشدا، مەسرور بارزانی خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ یادداشتنامەیەکی دیکەی تایبەت بە قۆناغی دوای داعش لە نێوان هەردوولا لە ئاراستەی رێککەوتنی ستراتیجی نێوان ئەمەریکا و عێراق خستەروو، کە بواری هاوکاریی تەکنیکی و چاکسازیی ئابوری و ئاسایش لەخۆ بگرێت . هەروەها تیشکی خستە سەر قۆناغی نوێی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و دووپاتی کردەوە کە دەستوور تاکە بنەمای چارەسەریی ریشەیی کێشەکانە. لە بارەی رەوشی رۆژئاوای کوردستانەوە، مەسرور بارزانی نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ئاواتی خواست، کە بە چارەسەرییەکی ئاشتیانە، هەموو مەترسی و ئەگەرەکانی شەڕ و وێرانکاری بڕەوێنرێنەوە.

لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لە فراوانکردن و پتەوترکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەل هەرێمی کوردستان و عێراق کردەوە و پابەندبوونی وڵاتەکەشی بە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دووپات کردەوە. پۆمپیۆ رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان بە کاریگەر پیناسە کرد و نیازی وڵاتەکەی بۆ هەماهەنگیی دوولایەنە لە پیناو رێگری لە سەرهەڵدانەوەی هەرەشەی تیرۆریزم لە دەڤەرەکەدا دووپات کردەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خۆشحاڵیی خۆی بە پێشڤەچوونەکانی پەیوەندییەکانی نێوان هەوڵیر و بەغدا دەربڕی و ئاواتی خواست هەرچی زووتر زەمینەیەکی لەبار بۆ قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و پێشڤەچوونێکی سەرانسەری برەخسێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ھیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان خواست و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەکان و هاوکاری و پاڵپشتیی زیاتری هەرێم دەربڕی.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu