لەسەر ئاڵای کوردستان، ژووری پارێزەرانی ئامەد سکاڵا لەسەر نووسەرێک تومار دەکات. . .

دوای ئەوەی نووسەری تورک ئەمین چۆڵئاشان لە ڕۆژنامەی سوزجوودا بە نووسینێک سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان کرد و بە پارچە پەڕۆیەکی بێ نرخ وەسفی کردبوو، ژووری پارێزەرانی ئامەد لە باکووری کوردستان سکالایەکی لەدژی ناوبراو تومارکرد.

لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی سەردانی وڵاتی تورکیا کرد و لەگەڵ سەرۆک کومار و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، لە هەریەکە لە فڕۆکەخانەکانی ئیستەنبول و ئانکەرەدا لەپاڵ ئاڵای تورکیا و عێراق ئاڵای کوردستانیش لە پێشوازیی بارزانیدا ‌هەڵدرابوو، ئەمەش بووە مایەی نیگەرانیی تورکە نەژادپەرستەکان و لە بەرامبەریشدا حکومەتی تورکیا بە هەنگاوێکی پرۆتوکولی و دیپلۆماسیی دروست ناوبرد.

ماڵپەری ئەفرەنسەلی تورکی لە هەواڵێکدا بڵاویکردووە کە دوای ئەوەی نووسەری تورکی نەژادپەرست ئەمین چۆڵئاش لە نووسینێکدا سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان کردووە، ژووری پارێزەرانی ئامەد سکاڵانامەیەکیان لە دادگا لەسەر ناوبراو بەتومەتی هاندانی خەڵک بۆ ڕق و دوژمنایەتی و شکاندنی شکۆ تومارکرد و داوا دەکەن چۆڵئاش سزا بدرێت.

لە سکاڵانامەکەی ژووری پارێزاندا هاتووە، مەسعوود بارزانی سەرۆکی دەوڵەتی فیدراڵی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئەردوغان سەردانی تورکیای کردووە و لە چوارچێوەی ڕەفتارە دیپلۆماسی و سیاسییەکانەوە پێشوازی لێکراوە، ئەو ئاڵایەی کە هەڵدرابوو ئاڵای فەرمیی دەوڵەتی فیدراڵی کوردستانە، بۆیە وەسفکردنی ئەو ئاڵایە لەلایەن چوڵئاشانەوە بە پەڕۆکێکی دڕاو سووکایەتیکردنە و بۆیە داوا لە دادگا دەکەین ئەمین چۆڵئاشان دادگایی بکرێت و لەسەر ئەو سووکایەتییە سزا بدرێت.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu