کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

ئێران؛ نەشتەرگەری ئابووری یا بە نیولیبڕالیزم کردنی ئابووری؟ ... مەولوود ئافەند

Pin It

 

فرێدریش ھاێک:"لە کتێبی (ڕێگای کۆیلەبوون)باسی ئەوە دەکات، کە پشتبەستن بەبازاڕی ئازاد ڕێگری لە پاوانخۆازی دەوڵەتەکان دەکات. "

ئێستا دەبێ بزانین بڕەوپێدەری بیروبۆچونی"فرێدریش ھاێک "لە ئێراندا چ کاریگەرییەکی دروستکردوە. ئایا بە ئەھڵی کردن (خصوصی سازی) و دەرئەنجامی سیاسەتەکانی ڕێفۆرمی ئابووری و تێچووە زۆرەکانی گەیشتۆتە ئامانجێکی لەو شێوەیە؟جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی چاکسازی ئابووری و کەرتی تایبەتی، بەرپرسیارێتی و دەستێوەردانی دەوڵەتی لە کایەی ئابووری کەم کردوە:لەکاتێکدا ھیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر دەسەڵاتی دەوڵەت نەبووە و گرنگتر لەھەموو ئەوانەش گەندەڵی و تاڵانکاری وداگیرکاری و پشتگری لەناوخۆی وڵاتی ئێران زیاتر پەرەپێداوە. دۆخی ژیان و داهاتووی کۆمەڵگەی ئێرانی خستۆتە مەترسیەوە.

داتەپینی زیاتری سێکتەری پەروەردە و خوێندن و تەندروستی حکومی، لەبەرامبەریدا برەوپێدان بە خوێندن و تەندروستی تایبەت یانیش ئەھڵی، دوو لەو لێکەوتانەی سیستەمی نیولیبڕالیزمن لە ماوەی ھەشت ساڵی ڕابردوو لە کایەی ئابووری ئێراندا دەرکەوتوون، ئەم دوو خزمەتگوزارییە لە زۆرینەی وڵاتان بەبێ بەرامبەرن، بەرەو ئەوە دەڕۆن تەنیا خەڵکانی پارەدار بتوانن لێیان سودمەند بن. لە ئێران بەگشتی لەو ساڵانەی دواییدا ئێمە ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە بووینەتەوە و نیولیبڕالیزمەکان بەھەموو شێوەیەک کار لەسەر سەپاندنی ئەو ئایدیایە دەکەن بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە کەرتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری گەلانی ئێران. بۆ ئەو مەبەستەش لە تەواویی دەرفەتەکانی حکوومی و پێگەی سیاسی و جەماوەری خۆیان کەڵک وەردگرن بۆ سەرکەوتنی بیروباوەڕ و بەرژەوەندییەکانیان. بۆیە یەک لە کێشە بنەڕەتیەکانی خەڵکی ئێران دروستبوونی ئەو عەقڵیەتە مەترسیدارەیە دەخوازن سیستەم و یاسای گشتی وڵات بۆ مەبەستی پاوانخۆازی خۆیان بکاربێنن. ھەرچەندە لێکدانەوەکانی ئەو کەمینە دەسەڵاتدارە لە ئاراستەی بەرژەوەندی درێژخایەنی خەڵک و کۆمەڵگەی ئێراندا نییە، بەڵام دەست بەسەرداگرتنی کەرتی ئابووری و پێشەسازی لەناوخۆی ئێران بۆتە ستراتیژیی کاریان لەو ساڵانەدا و ھەندێک لە ھۆڵدینگەکانی پێشەسازی ئابووریان خستۆتە ژێر ڕەکیفی خۆیانەوە لە ڕێگەی پێگەی سیاسی و حیزبی و مێژووی شۆڕشگێری و بنەماڵەیی خۆیانەوە و ھەموو ڕێگاکانیان خۆشکردوە بۆ زاڵبوون و بەتاڵانبردنی سەروەت وسامانی سەرخان و ژێرخانی گشتی وڵات.

ھەندێکجار دەگونجێت ھێزی شتێک لە ناڕوونیەکەیدا بێت، نەبونی پێناسێکی ڕوون بۆ نیولیبڕالیزم ئاسانکاری بۆ کردوە کۆنترۆڵی سیستەمی نوێی جیھانی بکات، ئەم فەلسەفەیە کێبەرکێ (رقابت)وەک نیشانەی پەیوەندی مرۆڤ دەبینێت، بەو واتایەی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان ھەرەمێکی زنجیرەییە لە بازاڕ، کە براوە و دۆڕاو کۆدەکاتەوە بۆ بەرپاکردنی سیستەمێکی کاراتر لەوانەی پێش خۆی. لەم سیستەمەدا سنوردارکردنی دەوڵەت و پێتاکی حکومەتی و یاساکانی تر تەنیا وەک توخمی دژە بەرھەمھێنەر دەبینرێن، بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی دەوڵەمەندەکان و خاوەن پرۆژەکانی قازانج بەسەر ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگادا زاڵبکات.

نیولیبڕالیزم رۆڵی ھەبووە لە ڕووخانی بیمەی تەندروستی وخوێندن لە ژمارەیەک وڵاتدا، ھەروەھا رۆڵی ھەبووە لە قەیرانی ژینگەدا کە وڵاتانی ئەندامانی نەتەوەیەکگرتووەکان ساڵانە کۆنگرەی تایبەتی بۆ دەبەستن، ھەندێک پێیانوایە نیولیبڕالیزم رۆڵی شەیتانی ھەیە لەسەرجەم قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا. ئاماژەکانی ئەم ئایدۆلۆژیا نوێیە لە ئێراندا ئێستا زیاتر بەرچاو دەکەون، بە تایبەتی لە کەرتی خوێندن و تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتیەکاندا.

نیولیبڕالیزم، نایەکسانی وەک ئامرازێک بۆ دابەشکردنی سامان بەسەر ھەموو کەسێکدا دەبینێت، بۆ نیولیبڕالیزمەکان بازاڕ بۆ ئەوەیە ھەموو کەسێک ئەو شتەی کە شایستەی خۆیەتی بەدەست بھێنێت، ئەمەش بە مانای ئەوەدێت ھەموان یەکسانین لە دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی سەروەت و ساماندا، فەلسەفەی نیولیبڕالیزم، پێیوایە ھەوڵەکان بۆ بەدیھێنانی یەکسانی کاریگەر نین.

ھەر کەس سواری شەمەندەفەرەکەی نەبێت دۆڕاوە، ئەمە ئەو تەکنیکەیە کە نیولیبڕالیزم کاری لەسەر دەکات، کاتێک تاک کارەکەی لەدەستدەدات دەبێت سەرزەنشتی خۆی بکات نەک حکومەتەکان، چونکە سەرکێشی و نەکردووە بۆ ناو بازاڕی تایبەت و دەست بە کاری خۆتان بکەن.

نوێنەرانی لیبراڵیزمی نوێ دوژمنی سەرسەختی دیمۆکراسی و کرانەوەی کۆمەڵگانە. ئەمانە بڕوایان بە ھەڵبژاردن‌و دەستاودەستی دەسەڵات لە ڕێگەی ھەڵبژاردنی گشتی نییە. ئەوان تا ئەوکاتە لایەنگری دیمۆکراسین، دەسەڵات لەدەست ئەو چینەدا بمێنێتەوە و بەرژەوەندیی خۆیان نەکەوێتە مەترسییەوە.

نیولیبڕالیزمەکانی رۆژئاوا ‌و رۆژھەڵات یەک دروشمی هاوبەشیان ھەیە:پارە پەیداکردن‌و دەستگرتن بەسەر سەرچاوە داراییەکان‌و دڵنیابوون لە بێدەنگبوونی خەڵک. ئەو راوەڕووتی خۆی دەکات ‌و سامانی وڵات بە تاڵان دەبات، بەڵام ھاووڵاتیان نابێ ئاژاوە بنێنەوە و زیان بە دەوڵەت بگەیێنن. مووچە کورت دەکرێتەوە و باج بەرز دەکرێتەوە، نابێ رێپێوان‌ و خۆپیشاندان ‌و مانگرتن روو بدەن. ھاووڵاتیان دەبێ پشتێنەکەیان تووند بکەن و لەسەر پاشەکەوتەکەیان خۆیان بژێنن. ‌نابێ دەوڵەت بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت، ھەر لەبەر ئەوەی ھاووڵاتی کەمتەرخەم بووە و رۆژی ڕەشی لەبەرچاو نەگرتووە.

نەشتەرگەری گەورەی ئابووری ئێران لە سەردەمی سەرۆککۆماری (ئیبراھیم ڕەئیسی) لەژێر ناوی لابردنی دراوی پەسەندکراو (ارزی ترجیحی)کە دەوڵەت لە ئێستەدا دەستی پێکردوە بارودۆخی ئابووری ناوخۆیی تووشی شڵەژانێکی گەورە کردوە و خەڵکی ئێران لەژێر قورسایی ئەو ڕێفۆرمەدا پەلەقاژەیانە. ئایا دەوڵەتی (ئیبراهیم ڕەئیسی) لە کات و ساتێکی گونجاوی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە ھەڵبژاردوە؟لە کاتێکدا لە پێنج ساڵی ڕابردووی قەیران و کێشەی ئابووری و ھەڵاوەسانی ئابووری و دابەزینی بەھای دراوی نەتەوەیی (تمەن)دەستی پێکردوە و بەچوونە دەروەوی ئەمریکا لە ڕێککەوتنامەی مێژوویی ناسراو بە (بەرجام)، باشتر بوو دەوڵەت ھەر ئەو کاتی گەرماوگەرم دەستی بە ڕێفۆرمی ئابووری دەکرد، یانیش بەشێوەیەکی تر دەبووایە حکوومەت میچی خانووەکەی لە رۆژێکی ھاتاوییدا نوێژەن دەکردەوە، نەوەک لە رۆژێکی ھەوراویی وەک ئەمرۆ. ھەرچەندە کابینەی حەسەن ڕوحانی و ئیبراهیم ڕەئیسی ھیچ ڕێگایەکی تریان لە بەردەم نەمابوو و ناچار بوون ئەو چاکسازییە لە سێکتەری ئابووری وڵاتدا دەست پێبکەن، چونکە بە گوتەی خۆیان (نەشتەرگەری ئابووری)لە قۆناغێکدا کە دۆخی نەخۆشەکە زۆر مەترسیدارە، دەبێ چاوەڕوانی ئازاری زیاتریش بکەین.

لە وڵاتی ئێران بەدرێژایی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی، چەرخەیەک لە کەمایەسی بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە. یەک لە بەشە گرنگەکان و کاریگەری ئەو چەرخەیە، ھەڵاوەسانە. ھەڵاوەسان یانیش (تورم)زۆر لە پاڵ سیاسەتی جێگیرکردنی نرخەکان، لە نموونەی ھەرە بەرچاوی بەشی دووبارە بووی ئەو چەرخە سەقەتەنە. ئێستا بەساڵانە ھەڵاوەسان لە ئێران بۆتە دوو ژمارەیی و تەنیا لە قۆناغێکی کورتدا تەک ژمارەیی بووە. لە دۆخێکی بەو شێوەیەدا بەھۆی سەپاندنی سیاسەتی جێگیرکردنی نرخەکان، کێشەکانی ئابووری ئاڵۆزتر بووە. چونکە تێچووی دەوڵەت، بەبەردەوامی بەرەو زیادبوون دەچێت، لە ڕاستیدا بەھۆی ھەڵاوەسانی زۆر، دەوڵەت ناچار دەبێ نرخی شتوومەک و مووچە و پێداویستیەکان زیاتر بکات. بەڵام لە لایەکی تر نرخی کەلووپەل و خزمەتگوزارییەکان کە پێشکەشی خەڵکی کردوە، جێگیر بووە؛ھەر بۆیە داھاتی دەوڵەت سنووردار دەبێت.

ھەر ئەو بانگەشەیەی کە ئێمە دەتووانین بەپاراستنی ئەو سیستەمە و چوارچێوەکانی نیولیبڕالیزم لە سیستەمی ئابووری ئێراندا، بەرەو کۆمەڵگەیەکی یەکسان برۆین، بانگەشەیەکی پووچ و بێ بنەمایە. ھەتا ئەو شێوازە خێراخۆازییانە ھیچکام لە ئاراستەی بەرژەوەندی و گەشەپێدانی عەداڵەت و یەکسانیدا نین، چاوەڕوانی ئەوەیکە سیستەمگەلێکی لەو شێوەیە ڕێز لە ئازادییەکان بگرێت و سەربەخۆیی ھەبێ و وەڵامی داخۆازییەکانی شەقام بێ بکارھێنانی تووندوتیژی بداتەوە، چاوەڕوانییەکی بێ جێیە و ئەوانەشی چاوەڕی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیین لە ستراکتۆرەکانی ئەو سیستەمدا تووشی خەیاڵات و فۆبیا بوونە.

ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین ھەموومان لە قەیران و زەنجیرە قەیرانەکانی بەرۆکی کۆمەڵگەی ئێرانی گرتووە، ئاگادارین و پێویست ناکات کەس چاوی خۆی لە ڕاستیەکان بنووقێنی و حاشایان لێبکات. چۆن ھەر کام لە ئێمە رۆژانە کەم و زۆر لەگەڵ بەشێک لەو قەیرانانە لە ژیانی ڕۆژانەدا سەروکارمان ھەیە. ئاساییە ئەو پرسیارە خۆی بداتە پێش و بۆچی وایە و بۆچی بەو رۆژە گەیشتووین؟شۆڕشی گەلانی ئێران لەسەر بنەمای سەربەخۆیی، عەداڵەت، یەکسانی و نەھێشتنی ھەژاری دەستی پێکرد و ئامانج گەلێک کە خەڵکی ئێران لە ھاتنە سەرشەقام و کۆتایی ھێنان بە زووڵم و ستەمکاری بنەماڵەی پاشایەتی یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بوون. بەڵام ئەمرۆ دەبینین ھیچکام لەو دروشمە بریقەدارانە جێبەجێ نەکراوان و خەڵکی ئێمە تووشی ئەو حاڵ و رۆژە بوونە و ھیچ یەک لە داخۆازییەکانیان جێبەجێ نەکراوە. پرسیارە مێژووییەکە لێرەدا خۆی دووبارە دەکاتەوە و گرنگتر ئەوەیە بەرپرسانی وڵات چ نەخشە ڕێگایەکی چاڕەسەرییان ھەیە بۆ ئەو بارودۆخەی ئێستە؟ئەوەیکە ئێستا بەرپرسانی وڵات بەدوای تاوانبار و ھۆکارەکانی دروستبوونی قەیرانەکاندا ھەر لە شەخس و گروپ و حیزب و ڕێکخراوەکاندا دەگەڕێن، ئاشکرایە ھەوڵدانێکی بێ ئەنجامە و ھیچ دەستکەوتێکی بۆ حاڵی و ژیانی ئەمرۆی خەڵکی ئێران نییە. چۆن ڕوانگەیەگی ڕابردوو خۆازانەیە، سەرەڕای ئەوەش ڕوانگەیەکی ئاسایی کردنەوە و ئاسانکردنی بنەماکانی دروستبوونی ئەو کێشە و گرفتانەیە ھەتا ھەموو کێشە و قەیرانەکان بخەێنە ئەستۆی شەخس وگروپێکی بچووکی دەسەڵاتدارانی وڵات. ئاساییە لێرەدا ھەموو ڕووی ڕەخنە و قسەکان بکەونە سەر ئەندازیارانی شۆڕشی ئیسلامی و لێکدانەوە و شیکاری کردنی بیروبۆچوونەکانیان.

نیولیبڕاڵیزمەکان بەشێوەیەکی ڕەھا (مطلق)باوەڕییان بەدیمۆکراسی نییە و بۆ ئەوان گرنگتر لە ھەموو شتێک بازاڕی ئازاد بوونی ھەبێت و بتووانی کار بکات، بۆیە زۆر گرنگی بە مەسەڵەی دیمۆکراسی نادەن. ھەتا تیۆریستە ئابوورییەکانی ئێرانی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، ڕێگا بدەن دەستی سەرمایەدارانی وڵات پڕ بێت، دواجار کەمێک لەو سەرمایە دەرژێتەوە ناو کۆمەڵگا و چینی ناوەڕاست و ھەژاری کۆمەڵگەش دەبنە خاوەن سەرمایە و کاتێک چینەکانی ھەژار و ناوەندی کۆمەڵگەش بوونە خاوەن سەرمایە بەشێوەیەکی سروشتی بەدوای ماڤ و ئازادییەکانی خۆیاندا دەڕۆن؛بەڵام زگی برسی سەرەتا دەبێت تێر بێ، چۆنکە قسەکردن بۆ زگی برسی لە ئازادی و عەداڵەت و گەشەپێدان و بازاڕی ئازاد دەبێتە خەون و خەیاڵێکی بەدەست نەھاتوو.

ئابووریناسانی پێداگر لەسەر تیۆری نیولیبڕاڵیزم، تەواویی زانست و توانایی خۆیان خستۆتە خزمەتی سیستەمە تۆتاڵیتەرەکان و سەرەتا و کۆتایی ھەموو توێژینەوەکان ئەوەیە، پێشکەوتنی ئابووری پێش ھەموو شتێکە و دواتر پێشکەوتنی سیاسی بەشێوەیەکی سروشتی دروست دەبێت. خاڵێکی تر، ھاوتاکردنی ڕاگەیەندنەکان، زانکۆکان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی زانستی لەگەڵ ئایدۆلۆژیای ئابوورییە و چاپەمەنیەکان بەگشتی کار لەسەر ئەو چەمکە ئابوورییە دەکەن وەکوو پرۆپاگەندەی زانستی ئابووری و ھەر شتێک لەدەرەوی ئەو بیروبۆچوونە بێت ئەوە ڕەتی دەکەنەوە و بەڕەنگاری دەبنەوە و سەرکووتی دەکەن، وەک تیۆری نا زانستی و نا لۆژیکی. بەڵام گرنگترین تایبەتمەندی بە کاڵاکردنی ھەموو شتێکە لەژێر ھەژموونی و کاریگەری پرۆپاگەندەی بزووتنەوە چەپەکاندا، لیبڕالیزم و ڕەھەندی ئابووری ئەویش بە ڕاستەوخۆکەرترین لێکدانەوە بۆ سەر ئەو ڕەھەندە، دابەزین. ئەگەر خۆازیاری ئەوەین کە سیستەمی سیاسی وڵاتێک لیبڕالیزم یانیش نیۆلیبڕالییە دەبێ ئەو بانگەشەیەی لە ڕەھەندی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەو وڵاتەدا ڕەنگدانەوەی ھەبێت. ئێستا ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، ئایا دۆخی ماڤ و ئازادی سیاسی و مەدەنی لە ئێران وەکوو کۆمەڵگا لیبڕالیزمەکانە؟ئایا ماڤی ژن و پیاو، مووسڵمان و غەێرە مووسڵمان و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵایەتی لە ئێران وەکوو وڵاتانی لیبڕالیزمی و نیۆ لیبڕالیزمی پێناسە کراوە؟ئایا حکوومەتی ئێران وەکوو ناسراوترین وڵاتی لیبڕالیزمی، جیایی ئایین لە سیاسەتی وەکوو بنەمای سەرەکی حکومڕانی پەسەند کردوە؟

شایەد وڵامی ھەموو ئەو پرسیارانە ئەوەیە کە ئێمە لە سەر سیستەمی ئابووری ئێستای ئێران قسە دەکەین و ئەوەش وەک سیستەمی نیۆ لیبڕالیستی پێناسە دەکەین و کارمان بە شرۆڤەکانی سیستەمی سیاسی و یاسایی وڵاتی ئێران نییە. لە وەڵامدا دەبێ بڵێن؛ لەبەر ھۆکاری زاڵبوونی ڕەھای سیستەمی سیاسی بەسەر سێکتەرەکانی ئابووریدا، ھەتا لە ڕووی تیۆری و لایەنی واتایی جیاکارییەکی وەھا زۆر لۆژیکی نەبێت. بەدرێژایی مێژووی ئێران ھەمیشە سیستەمی ئابووری مشەخۆر و پاشکەوتووی سیستەمی سیاسی بووە و کەواتە ئەو کەسانەی لە مانای لیبڕالیزم و نیولیبڕالیزم بۆ پێناسەکردنی کۆمەڵگەی ئێران کەڵک وەردگرن، دەبێ سەرەڕای لایەنی ئابووری، بەڵگەی پێویست لە بەشی سیاسی و کۆمەڵایەتیش بخەنە ڕوو. لێرەدایە دەبێ ڕووی ڕەخنەمان ڕووبەڕووی ھەندێک نیولیبڕالیزمەکانی ئێرانی بکەینەوە، کە دەیانەوەی بێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی تەنیا بە پێچانەوەی ھەندێک نووسخەی ڕێفۆرمی ئابووری بارودۆخی خەڵک و کۆمەڵگەی ئێران باشتر بکەن. پرۆژە و ستراتیژی و پێشنیاری ھەندێک کەسایەتی نابێتە ھۆکاری ڕێفۆرم و چاکسازی بنەڕەتی و پێکھاتەیی لە ئابووری وڵاتدا. ئەو بابەتە زیاتر وەک پرۆپاگەندە و بانگەشە دێتە بەرچاو. ھەتا ئەو کاتەی سیستەمی سیاسی ھەوڵی گۆڕانکاری نەدات لە سیاسەت و پێوەندیی دیپلۆماسی لەتەک وڵاتانی جیھاندا لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری یاسایی و بەرژەوەندی ھاوبەش ئەوە قسەکردن لەسەر چاکسازی ئابووری لەناوخۆی وڵات ھیچ نییە، جگە لە کارەساتی برسێتی و ھەژاری زیاتری کۆمەڵگەی ئێران. ھەموو شایەدی ئەوینە کە سیاسەتەکانی ھاوسەنگ کردنی ئابووری و بەئەھڵیکردنی سێکتەرەکانی ئابووری، چۆن بەرژەوەندییەکانی گشتی خەڵک لە بەشی پەروەردە و خوێندن و تەندروستی و ھەڵی کاری خستۆتە ژێر مەترسیەوە. بەدواداچوون و پێداگری لەسەر سیاسەتی بازاڕی ئازاد و بە ئەھڵیکردنی ئابووری لە وڵاتێکدا کە بستێنەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێویستی نییە، دەبێتە ھۆکاری تاڵانکاری و گەندەڵی بەربڵاوی ئابووری، دیاردەیەک کە نزیکی سی ساڵە بەسەر ئەو وڵاتدا زاڵبووە و بۆتە نەریتێکی بەرچاوی ناوخۆی کۆمەڵگەی ئێران. لە وڵاتێکدا کە کولتووری ستەمکاری و تاڵانکاری و پشتگری مێژووییەکی کەوناری ھەیە و لەناو کۆمەڵگەدا جێگیر بووە، گرنگتر لەوانەش سەرچاوەیەکی زۆر و دەوڵەمەندی سامانی سروشتی نەوت و گازی ھەیە، شتێکی زۆر گەمژانەیە تەنیا دڵخۆشی ڕێفۆرمی ئابووری بین و باس لە ئەزموونەکانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و شارەکانی میرنشینی عەرەب بکەین.

 

 

 

 

 

We have 161 guests and no members online