
سەرەتای نەهامەتی ئەم میللەتە ئەو کات و ساتە دەستی پێکرد کە دەسەڵاتی کوردی کلتورە سەقەتەکەی بەعسی کۆپی کرد و کەڕەتی (١٠٠و ١٠٠٠) ی کرد ، ئەو کلتورەی دەبوو حزب بڕیاردەر بێت کێ و لە کوێ و کەی و بە کام پێوەر کەسێک لە پێگە و کورسیەک دانیشێت ...
ئەو کاتە ڕابردوی نزیک و ئێستا و داهاتووی ئەم میللەتە خزێنرایە تونێلێکی تاریکەوە کە ئەوسەری تروسکایی تێدا بەدی نەدەکرا ... کە تاک لەبری ئەوەی بە بڕوانامە و ئەزمونێکەوە بخرێتە سەر کورسی و پێگە و لێپرسراوێتیەک لە بری ئەوەی خزمەتی خەڵک و خاک بکات ، تەنها خزمەتی بەرژەوەندی حزب و گیرفانی خۆی بکات ...
لە ڕێگەی حەسانەی پەرلەمانی و بوون بە وەزیر و بریکار و بوون بە مودیر عامەوە لەبری ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی و خەمی هاووڵاتیان ، تەنها و تەنها خەمی خۆی و گیرفانی خۆی بێت ، دەستکەوت و مووچە و ڤێللا و باخ یەکەی نیشتەجێ لەفڵان بەرزایی و فیسار گوند و سیتی وانێک ... بۆچی نا .. ئیقامە و جەوازێکی باوەڕپێکراوی نێو دەوڵەتی ، بێگومان منداڵەکانی پێچەوانەی مناڵی میللەتی بەش مەینەت لە کۆلێژی ئەهلی ئەمریکی و بەریتانی و لوبنانی دەخوێنن و بەوپەڕی پۆز و تڕ و منەتەوە بە سەیارەی ڕانج و جی کڵاسەوە دێن و دەچن ...
ئەوکاتە ئەم میللەتە (ماڵی بەقوڕ گیرا) کە حزب خەڵکی خۆی بەشێوەیەک ڕاهێنا کە لە پێناو دەستکەوت و پلە و سەرە گوریسێکدا ببێتە کۆیلە و مەسینە هەڵگر و ماستاوچی ، بێ سێ و دوو چاڵ بۆ ئەم وئەو و ئەوی دیکە هەڵکەنێ دروشمی ببێتە ( انا و بعدی الطوفان) .