کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

چاوی ژنێک قەدەرو نیشتیمانمە ... قوبادی جەلیزادە

Pin It
24/12/2021
-فیشەکی ڕەحمەت
-بای بای نیشتمانە بۆ گەنەکەم
-هیڵنج
-مەمکەکانی تفەنگ
-جرجەکانی کامۆ
-جەنازە
-شمشیری ژن شمشێری تەسلیم بوون
شەهید بەتەنیا پیاسە دەکات
ئەم قەسیدانەی سەرەوە هەر هەموویان ، لەسەرەتای نەوەدەکان و ناوەڕاستی نەوەدەکان و نوسراون و بلاو بوونەتەوەجگە لە قەسیدەی (شەهید بەتەنیا پیاسە دەکات) کە بەرهەمی سەرەتای ساڵی دوو هەزارە.. هەر هەمووشیان دەکەونە بازنەی شیعری (ئەنتی نیشتیمان )ەوە، واتە ئەنتی دەسەڵات.
لەساڵی ١٩٩٤ کە تازە سێساڵێک بەسەر لە دایک بوونی دەسەڵاتی کوردیدا تێپەڕببوو ، هەر زوو درکم بەوە کرد کە دەسەڵاتی کوردی، ئەو دەسەڵاتە فریادڕەسە نییە، کە گەل لە دۆزەخەوە بگوازێتەوە فردەوسی بەرین. هەر زوو من وەک شاعیرێکی هۆشیار لەسەرەتاکانی ڕەفتاری ناجۆری دەسەڵاتی کوردیدا، بێ هیوا بووم.
ئەوکاتەی من قەسیدەی فیشەکی ڕەحمەتم نووسی و لە پاشکۆی کوردستانی نوێ بڵاو کردەوە، شاعیرە گەورەکان وناوەنجێیەکان و خوردە شاعیرەکانیس شیعریان بۆ دەسەلاتی کوردی دەنوسسی، تەنانەت شیعریان بۆ مریشکێکی حیزب دەنووسی، کە مردار دەبوەوە.
مامۆستا (عەبدوڵلا تاهیر بەرزنجی) لەنوسێنێکدا ئەوە ئاشکرا دەکات و دەڵێ یەکەم شاعیر دوای ڕاپەڕین شیعری ئەنتی دەسەڵاتی نوسیبێ قوبادی جەلیزادە بوو.
بەلێ دوای نزیکەی بیستساڵێک شاعیری گەورە مامۆستا شێرکۆ بێکەس دەقی(ئیستا ژنێک نیشتیمانمە)ی نووسی کە هەڵگری هەمان بیرۆکەو ناوەرۆکە!!من وای بۆ دەچم هەر قەسیدەیەکی ئەنتی نیشتمان دوای قەسیدەی فیشەکی ڕەحمەت-١٩٩٤ نوسرابێت ئەوا لەباڵتۆی ئەو قەسیدەوە هاتوونەتە دەرێ. دایرە نەوەی نوێ و ئەوانەی دوای ئەو چەپکە قەسیدەی من لە دایک بوون ، ئاگاداری ئەو دەقانەنین ، بۆیە پێمخۆشە گەر کاتیان هەبوو، بیان خوێنەوە.
حەز دەکەم چەند کۆپلەیەک لە قەسیدەی فیشەکی ڕەحمەت..
لەدەستم داوە، من خۆشەویستیی نیشتیمانەکەمم لەدەست داوە
لەدەستم داوە من خۆشەویستی گەلەکەمم لەدەست داوە
کێ نیشتیمانەکەمی لەبەرچاوی نەتەوەکەم ڕەش کرد
کێ نەتەوەکەمی لەبەر چاوی نیشتیمانەکەم ڕەش کرد.
نیشتیمانەکەم زوو قژی ڕووتایەوە،
خەتای خۆمان بوو یا خەتای دوژمنەکانمان.
نەتەوەکەم زوو ددانەکانی هەڵوەرین،
خەتای دوژمنەکانمان بوو یا خەتای خۆمان.
ئاخ ئەوساکە چەند ڕەزا سووک بوو،
نیشتیمانەکەم بووکەشووشەیەکی چەند ڕەزا سووک بوو،
چەند بێ گوناه بوو ئاخ ئەوساکە،
نەتەوەکەم کارمامزێکی چەند بێ گوناه بوو.
کێ گوڵە سوورەکانی فەساد کردوو ئابڕووی پەپوولانی هەڵوەراند
کێ بووکی لەسەرزین دابەزاندوو ئەسپەکانی ڕەتاندەوە دۆزەخ
خودایە کارێک بکە وەک جاران؛
داربەڕووم لە بەژنی ژن و
ئەستێرەم لە چاوی ژن و
کانیلەم لە دەمی ژن و
لوتکەچیام لە مەمکی ژن خۆشتر بوێ!
کێ وای کرد برینی بەرخەکانمان لە ژیلەمۆ بگرینەوە
دەستی گورگەکانیشمان لە ، خەنە!
هەر ئەو سەردەمە ، کە تەنیا سێ ساڵ بەسەر ڕاپەڕیندا تێپەری کردبوو، درکم بەوە کرد کە سەرکردەو سیاسیتمەدارانی کورد، کۆڵەوارن و فڕیان بەسەر سیاسەت و ستراتیجەوە نییەو لەسەر تەکتیکی رۆژانە درێژە بە ئیشەکانی خۆیان دەدەن و نازانن بەلەمەکەیان خۆیان وگەلەکەیان ، بەرەو کوێیان دەبات
بێ ئاگا ، زیندان و زەویمان هەڵبژاردوو
ئاسمان و هەڵفڕینمان دابە بەئەستێرە
بیئاگامێش و برینمان هەڵبژاردوعیشق و برینمان دا بەکەناری.
حیزبەکان بنی زارو سەری زاریان شانازی کردنە بە پێشمەرگەو شەهیدەوە، کەچی بەدرێژایی حومڕانی ئەوان جگە لە سووکایەتی بە پێشمەرگەو شەهید، هیچی دیکەیان دەرحەق نەکردوون. ئەوەتا هێندی سەرەک جاش پلەوپایەیی بڵنتریان هەیە لە تێکۆشەرو بەرپرسێکی پێشمەرگەی شاخ. شەهید کە تاجی سەری هەموو میللەتێکە ، بەدەستی خۆیان ناشیرینیان کردوە ئاخر ئەگەر سەیری لیستی مووچەی پێشمەرگە بکەی ، لەپاڵ ناوی پێشمەرگەیەکی دێڕینی کەمئەندامدا ، ناوی جاشێک و خۆفرۆشیکیش دەبینی...بەتەنیشت ناوی شەهدێکی خەباتگێڕەوە ناوی جاشێکی خۆفۆشیش دەبینی.کە ڕەنگە بڕی مووچەی جاش و خۆفرۆشەکە زیاتر بێ!
هەر لەم قەسیدەی فیشەکی ڕەحمەتەدا گوتوومە:
کێ وای کرد دەنگەکان هێند تێکەڵاو بن
تا نرکەی بەزین و نووزەی سەرکەوتن،
لێک جودا نەکەینەوە
کێ وای کرد ڕەنگەکان هێند تێکەڵاو بن
بیچمی ڕێگرو سیما پێشمەرگە،
لێک جودا نەکەینەوە.
لەقەسیدەی (بای بای نیشتیمانە بۆگەنەکەم)- کە هەر هی نەوەدەکانە- ڕووم کردۆتە بەرپرس و سەرکردە کوردەکان و پێیان دەلێم بۆ لەو بورجی عاجە نایەنە خوارێ و تێکەڵی گەلە ڕەش و ڕووتەکەتان نابن ، بۆ نایەن دەست بەسەری منداڵێک ڕووت و قوت وبرسی کوردا داهێنن، بۆ نایەن لەنزیکەوە کەمێک ئاشنای خەمە ئەرخەوانییەکانی نیشتیمان بن..
سانایە؛
لەچاونوقانێکدا گەڕەکێک سەرەو بن بکەی
سانەیە؛
بە فوێک، باخچەیەک قەلوعام بکەی
سانایە؛
بەبینێک ڕووبارێک کزر بکەی
سانایە،
بە فوێک لانەی دەیان کۆتر نغرۆ بکەی
بەڵام جەسارەت ناکەی،
بە دلٶپێک شەونم بڵێی: مەرحەبا ئەی فرمێسکی تەهارەت
نا..
تۆ نەتویستووە،
بەباخچەیەکی خەواڵوودا تێپەڕیت و
سڵاو لە چریکەی چۆلەکەیەکی باڵشکاو بکەیت
نەتویستووە،
سەر لەخەستەخانەیەکی بریندار بدەیت و
قاثێک خوێن بە پشیلەیەکی بریندار ببەخشیت
نەتویستووە
دەستی پەپوولەیەکی کوێر بگریت و
بەشەقامێکی هاروهاجا بیپەڕینیتەوە.
نا هەرگیز نەتویستوە
بەپەڕەسیلکەیەکی ئیفلیج بڵێی؛
فەرموو لە ماڵەکەی مندا، هیڵانەیەک چی بکە.
لە قەسیدەی (هێڵنج) یشدا، هاوارم دەگاتە کەشکەلانی فەلەک و دەقیژێنم
شارەکەم مەیخانەوو مزگەوت
شارەکەم منارەو سێدارە
برینەکان لە پانتایی لەش و
لەپانتایی
گەردوون و
لە پانتایی روح بەرینترن.
کۆتەکان لە ژمارەی مەچەک و
قۆرتەکان لە ژمارەی قەدەم و
سوژنەکان لە ژمارەی بینایی و
پەتەکان لە ژمارەی درەخت و بالندەو میرو ئەستیرە زیاترن!
لەقەسیدەی (مەمکەکانی تفەنگ )دا کە ئاماژەیە بۆ شەری براکان گوتومە؛
ئەمجارەیان جەنگ،
هەموو پیاوەکانی لە پیاوەتی خست ورەحمی هەمو ژنەکانت پووکاندەوە
ئەمجارەیان جەنگ،
مەمکی هەموو کیژەکانی دزی ونەیهیشت میرمندالێکمان بالق بێ
ئێمە لەخەوێکی خۆشدابووین
کەباخچەکان بەگژ یەکدا، چوونەوە
تەیرەن ئەبابیلە خیانەتیان لەگەڵدا کردین و
لانەی پەرەسێلکەکانیان تژی کرد لە هیلکە شەیتانۆکە.
لەقەسیدەی (جرجەکانی کامۆ)دا، کە بێهیوایی دەگاتە لوتکە.. نوسیومە؛
تەنیا،
بووین بە هاوڕێی رەشەباو بە هاوسەری بەرد
دڵداریمان لەگەل تفەنگ کردوو شەرمان بە جوانیی فرۆشت
تەنیا،
بەقسەی گورگمان کردوو گوێمان لە پەپولەسلیمانکە، ڕانەگرت
دەیان جار کۆترە باریکە،
لەسەر داتێلی شەڕەکامان هەڵنیشت
کەێی تەقەمان لیکردن
تەقەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەە
تەقەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەەە
سەدان جار پەپوولە،
لەپەنجەرەی باروودخانەکانی داین و
دەرکەمان لێ نەکردەوە.
وانەبوون،
حیزبەکان وانەبوون
سانەکانی حیزب نە جاشیان تیا بوو
نە جاسووس و
نەهەلپەرست.
گەر حەزمان لەمانگرتن بوایە ، پرسمان بە سەقامەکان دەکرد.
وانەبوون،
باخچەکان وا نەبوون
باخچەکان نە پاسوانیان هەبوو
نە چەپەر
نە دڕکەزی
گەر حەزمان لە بۆنی گوڵ بوایە پرسمان بە پاپوولە دەکرد.
وا نەبوون باڕەکان وا نەبوون
لەباڕە سەرخۆشەکاندا، دەستمان لەسە ر سینگ بوو بۆ شووشە
کەس دڵی پەرداخی نەدەشکاند
گەر حەزمان لە گڕگرتن بوایە،پرسمان بە قەتاری ماملێ دەکرد.
لەقەسیدەی (جەنازە) دا کە هەر بەرهەمی ئەو رۆژگارانەیە گوتومە؛
تکا لەقەرەج دەکەم،
جڵەوی ئەسپەکەییم بداتێ
بستیک لەخاک نەماوەتەو پێی بگوترێ نیشتیمان
تکا لەبەر دەکەم پەنجەرەیەکم لێ بکاتەوە
ئیدی مانایەک نەماوە بۆ گۆرانی گوتن
خەتای تۆ بوو،
نەتهێشت لەمانگ بپرسم؛
کە شووت بە ئاسمان کرد، مارەییەکەت چەند ئەستێرە بوو
خەتای تۆ بوو،
لەپەپولەیەکم نەپرسی
کراسە ڕەنگینەکانت لای کام بەرگدرو چێ دەکەی
خەتای تۆ بوو ،
وەڵامێکم لەگوڵ نەبیست؛
کە خوێندنی باخچەی تەواو کرد حەز دەکا ببێ بەچی!
لەسالی ١٩٩٧ لە قەسیدەی (شمشیری ژن شمشێری تەسلیم بوون)، کە سالی ٢٠٠١ لە کتیبی (هەمیشە ڕوو لەخودا هەمیشە مەست)
گوتومە ؛
ژن،
لەسەری کردم کەدەبێ تەنیا چاوی ئەو قەدەرو نیشتیمانم بێ.
پشتگوێ خستنی شەهیدوو کەس و کاری شەهیدان ، ڕەفتارێکی یەجگار ناشیرین و قێزە ونە، حیزبەکان شانازی بە ژمارەی شەهیدەکانیانەوە دەکەن، بەڵام دەرگایان بەڕوی دایکی شەهید و ژنی شەهیدو کەس وکاری شەهید داخستووە.من پێشتر گوتومە، ئەو حیزبەی ژامرەی شەهیدی زۆرە و بە خوێنی شەهیدەکانیشی هیچ درەختێکی ئازادییان پێ بەرهەم نەهاتووەو بەفێڕۆ ڕۆشتوون و تەنیا بەرپرسەکان لەسایەی ئەو ڕووبارە خوێان و بنەماڵەکانیان پێ دەوڵەمەند کردووە، حەقی خۆیەتی ئەو حیزبانەو بەرپرسە گەندەڵەکانی بدرێن بە دادگا..
لەقەسیدەی شەهید بەتەنیا پیاسە داکات دە شە
شەهید؛
لەسەر تەختەی قوتابخانەدا ، فەرامۆش
لەمانشێتی رۆژنامەدا، فەرامۆش
لە خوتبەی جومعەدا ، فەرامۆش
.
ش
ە
ه
ی
د
تا شەهید دەبێ
بە کفنی سوورەوە پیاسە دەکات
کفنێک؛
شڵپەی دێ لە تەنیایی
شڵپەی دێ لە پەشیمانی
شڵپەی دێ لە نائومێدی:
لەسەر ئەم قەسیدەیەش ئەوکاتە شەڕیکی زۆریان پێ فرٶشتین چونکە ئەو دەمە خەڵک هاواری دەکرد:
شەهید نەمرە وەکوو شاخ.
.بەوەش تۆمەتبار کرام کە سووکایەتی-خوانەخواستە- بە شەهید دەکەم، کەمپینێکیان دژی خۆم و دەقەکەم ڕاگەیاند، سەدان کەس بەسەر پێڵاوەکانی ئێوەدا ڕشانەوە،بەڵام دواترو زۆری پێنەچوو ، شوکر تێگەیشتن کە ئەمە ڕەخنەو سووکایەتییە لەو دەسەڵاتدارانەی شەهید و کەس و کاری شەهیدانیان فەرامۆش کردوە.
هەر بژین.
 
__________________
سارای گوڵ چرکاندوویەتی

We have 149 guests and no members online