کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

ئەمريکا وچين؛ ململانێ وپيوەندييەکانيان، ئایا چين کۆتایی بە سەردەمی ئەمريکا دەهێنێت؟ ... ڕەنج نەوزاد - بەشی دووەم

Pin It
چەند سەرنجێک لەو بارەیەوە...
 
دوای سەرکەوتنی شيوعيەکان بە سەرکردایەتی ماو تسی تۆنگ لە شەڕی ناوخۆی چين ودامەزراندنی کۆماری ميللی چين لە ساڵی ١٩٤٩، لەو کاتەوە پەيوەندييەکانی چين وئەمريکا لە بەرز ونزميەکی بەردەوامە، پەيوەندييەکی ناجێگير وگوماناوی،ئەمريکا هەندێ کات چين وەک هاوبەشێکی ستراتيژیی خۆی دەبينێت، هەندێ کات وەک رکابەرێکی ستراتيژی. ئەم دوو دەوڵەتە گەورەیە، زۆربەی کات، بەرژەوەندی گەورە وناکۆکی گەورە هەیە لە نێوانياندا، بەرژەوەندييەکان هەندێ کات نزيکيان دەکاتەوە لە یەکتر، ناکۆکی وجياوازييە گەورەکانيانيش،لە کاتی تردا دووريان دەخاتەوە لە یەکتر ودەکەونە ململانێەوە.
دوای پشتگيريکردنی چين لە کۆريایی باکور لە جەنگی کۆريا ١٩٥٠-١٩٥٣، لەو کاتەوە تا سەرەتای ساڵانی ٧٠کان پەيوەندی ئەمريکا وچين خەراپ بوو ولە ڕووی دبلوماسی وئابووريەوە بچڕانی تێکەوت بوو. لە ساڵانی شەستەکان بە هۆی چەندين هۆکارەوە (وەک دوور کەوتنەوەی چين لە سۆڤيەت، ئەمريکا پێويستی بە چين بوو بۆ لاوازکردنی سۆڤيەت وهەر وەها بۆ دوورکەوتنەوەی چين لە شەڕی ڤێتنام، لە لایەکی ترەوە چين پێويستی بوو پەيوەندييەکانی لەگەڵ ئەمريکا بەرەو ئاسایی بباتەوە چونکە قوورس بوو لەگەڵ هەردوو جەمسەری جيهان لە ناکۆکيدا بێت. وهۆکاری تر...) ئەمريکا وچين دەيانەويست پەيوەندييەکانيان دەست پێبکەنەوە. ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٧١ لە مونديالی تێنسی سەر مێز لە یابان، نزيکبوونەوە وگفتوگۆی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی تێنسی سەر مێزی ئەمريکی وچينی ڕوويدا ودياريان گۆريەوە ولە ئەنجامدا هەڵبژاردەی چين، دەعوەتی هەڵبژادەی ئەمريکای کرد بۆ سەردانيکردنی چين لە هەمان ساڵدا.
هەڵبژاردەی ئەمريکا سەردانی (چين)يان کرد، وپێشوازييەکی گەرميان لێ کرا لەوێ، ئەمەش ڕووداوێکی دەگمەن بوو لە دوای ساڵی ١٩٤٩ەوە ئەمە یەکەم جار بوو وەفدێکی ئەمريکی بچنە چين وپێشوازيان لێ بکرێت. ئەم ڕووداوە کە دواترە بە (دبلوماسيەتی تێنسی سەر مێز) ناسرا، دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو لە ڕاگەياندنی ئەمريکی وچينی وجيهانی ئەو کات. ئەو ڕووداوە ڕێ خۆشکەر بوو بۆ سەردانە مێژووييەکەی نيکسۆنی سەرۆکی ئەمريکا وکيسنجەر بۆ چين وچاوپێکەوتنی لەگەڵ ماو تسی تۆنگ لە ساڵی ١٩٧٢ کە بووە سەرەتایەک بۆ دەستپێکردنەوەی پەيوەندييە دبلوماسی وئابوورييەکانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە. بێ گومان ئەو بانگێشتنامە وەرزشيە بە ويستی حکومەتی چين بووە، کيسنجەر لەو بارەیەوە ئاماژە بە لێزانينی چين دەکات کە چۆن وەرزش بۆ بەرامی دبلوماسی وسياسی بەکاردەهێنن. هەر چەن بە هۆی سکانداڵی وتەرگەيت وجەنگی ڤێتنام ومردنی ماو بەياننامەکەی نێوان نيکسۆن وماو لە واقعدا جێبەجێ نەکرا، بەڵام سەرەتایەکی باشی دانا بۆ نزيکبوونەوەی ئەمريکا وچين.
دوای مردنی ماو لە ١٩٧٦ ولاوازبوونی ماوييەکان لە حيزبی کۆمونيستی چينی، لە ساڵی ١٩٧٨ دێنک شياوبنگ دەبێتە سەرۆکی چين، لێرەوە چين هەنگاوە گەورەکانی لە ئابووری وبازرگانی وپيشەسازیدا دەستپێدەکات، ئەو سەرۆکە چاکسازی گەورە لە ئابووری چين دەکات، لە ئابوورييەکی مەرکەزیەوە ودەيکاتە ئابووری بازار، چەن هەنگاوێکی گەورە دەنێت بەرەو ئابووری سەرمایەداری ودوورکەوتنە لە ئابووری سۆشياليستی. هەر وەها دەست دەکات بە ناردنی خوێندکاری چينی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا بۆ خوێندن وفێر بوون، پاشان ئەم خوێنکارانە چينێکی کۆمەڵایەتی درووست دەکەن لە چين، بە ناوی تەکنۆکراتەکان، کە لە ئێستادا رۆڵێکی سەرەکی دەبينن لە بەرێوبردنی چين. هەر لەم سەردەمەش پەيوەندييەکانی ئەمريکا وچين دەگەنە باشترين ئاست، لە ساڵی ١٩٧٩ ئەمريکا وچين ڕێکدەکەون لەسەر درووستکردنی پەيوەندی دبلوماسی وبازرگانی، لێرەوە ئەو دوو وڵاتە پەيوەندييەکی گەورەی ئابووری وبازرگانی لە نێوانياندا درووست دەبێت. هەر بە پێی هەمان ڕێککەوتنامە ئەمريکا بەڵێن دەدات کە هاوکاری تايوان نەکات دژی چين ودان بە یەکگرتوویی خاکی چين دا بنێت. ئەم نزيکبوونەوەیەیە یەکێ لە هۆکارەکانی ئەوە بوو کە چين بەرەو بازاڕی کراوە وئابووری سەرمایەداری هەنگاوی نا، کە ئەمەش لای ئەمريکا خاڵێکی پۆزەتيڤ بوو ئەو کات.
ساڵی ١٩٧٨ وهاتنی دێنگ بۆ سەرۆکایەتی چين، دەتوانرێت بە ڕەگی ئەو ململانێ ئابووری وبازرگانيە دابنرێت کە ئەمرۆ لە نێوان ئەمريکا وچين دا هەیە. چونکە پێش ئەو سەردەمە، ئەم دوو دەوڵەتە لە ململانێی ئايدۆلۆژی وجيوپۆلەتيکی بوون، چين وەک وەڵاتێک کە هەڵگری فکری کۆمۆنيزم بوو، ئەمريکاش لەو سەردەمە لە جەنگی سارددا بوو دژی سۆڤيەت وفکری کۆمۆنيزم، دەترسا لەوەی چين هاوشان و وەک هاوپەيمانی سۆڤيەت کار بکات بۆ بڵاوکردنەوەی هەژموونی کۆمۆنيزم، بە تايبەت کە چين لە ڕووی جيوپۆلەتيکيەوە، پێگەیەکی گرنگ وگەورەی هەیە لە ئاسيا. چين ئەو سەردەمە دوور بوو لەوەی بتوانێت رکابەری ئەمريکا بکات لە ئابووری وبازرگانيدا، لە ساڵانی حەفتا وهەشتاکان، ئەمريکا ترسی ئەوەی هەبوو یابان ببێتە هێزی یەکەمی ئابووری لە جيهاندا، ئەو ترسەی ئەمرۆ ئەمريکا بەرامبەر بە چين هەیەتی، تا ڕادەیەک لە حەفتا وهەشتاکان بەرامبەر بە یابان هەيبوو، هەر چەن یابان هاوپەیمانی نزیکی ئەمریکایە. شایەنی باسە، لە دوای جەنگی دووەمی جيهانيەوە تا ١٩٩١ رکابەری سەرەکی ئەمريکا یەکێتی سۆڤيەت بوو، مامەڵەکردنی ئەمريکا لەگەڵ چين، تا ڕادەیەکی زۆر، هەر لە چوارچێوەی سياسەتی ئەمريکا بوو بەرامبەر بە سۆڤيەت.
لە ساڵی ٢٠٠١ چين دەبێتە ئەندام لە ڕێکخراوی بازرگانیی جيهانی، ئەمەش زیاتر هاوکاری چين دەکات بە قوورسی بێتە ناو بازرگانی جيهاني ورۆڵی گرنگتر ببينێت. لێرەوە ئيتر ململانێی بازرگانی وئابووری نێوان ئەمريکا وچين زۆر ڕوونتر دەردەکەوێت، ئەوەی لەمرۆدا دەبينرێت، درێکژکراوەی ئەو سەردەمەیە.
ماویەتی...

We have 96 guests and no members online