کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

ئەمريکا وچين؛ ململانێ وپيوەندييەکانيان، ئایا چين کۆتایی بە سەردەمی ئەمريکا دەهێنێت؟ ... ڕەنج نەوزاد - بەشی یەکەم

Pin It
چەن سەرنجێک لەو بارەیەوە...
(١)
ساڵانێکە گرنگترين دياردەی سياسی لە جيهاندا، بريتييە لە دياردەی ململانێ وپەيوەندی نێوان ئەمريکا وچين، هەروەها پرسی کۆتایی هاتنی سەردەمی ئەمريکا وسەرهەڵدانی سەردەمی چين وئايندەی پەيوەندييەکانی ئەم دوو زلهێزە، گرنگترين پرسی سياسيە لەسەر ئاستی جيهانی، چونکە ململانێی ئەم دوو هێزە، کاريگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر کۆی سيستەمی جيهانی. سەرەتا پێويستە بزانين هۆکاری ئەم ململانێيە چييە؟
یەکێ لەو تيۆريانەی کە ساڵانێکە لە ناوەندە ئەکادمی ولە ميدياکاندا ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە بۆ تێگەيشتن لە پەيوەندی ئەمريکا وچين وهۆکاری ململانێی نێوانيان وپێشبينی کردنی ئايندەی ئەم ململانێيە، بريتييە لە تيۆری (تەڵەی ثيوسيديس).
ثيوسيديس (٤٦٠پ.ز-٣٩٦ پ.ز) مێژوونووسێکی کۆنی يۆنانيە، کە مێژووی جەنگی پيلوپونيزی (٤٣١پ.ز-٤٠٣ پ.ز) نووسيوەتەوە، ئەو جەنگە لە نێوان دەوڵەت شاری ئەسينا و دەوڵەت شاری ئەسپارتا بە هاوپەيمانيەکانيانەوە ڕوويدا. ثيوسيديس پێی وایە، هۆکاری سەرەکی ئەو جەنگە بريتیی بوو لەوەی کە کاتێک ئەسپارتا کە هێزی بە هەژموون وزاڵ بوو لەو سەردەمە، هەستی بە مەترسی کرد لە سەهەڵدانی هێزێکی نوێ کە ئەسينا بوو، واتە کاتێک هێزی زاڵ هەست دەکات هێزێکی نوێ درووست دەبێت ودەبێتە رکابەری، ئەوا هەڵگيرساندنی جەنگ لە نێوان ئەو دوو هێزە یا دەوڵەتە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە. ئەوەش هۆکارێکی سەرەکی هەڵگيرساندنی جەنگی پيلوپۆنيز بوو لە نێوان ئەسينا وئەسپارتا. پاشان ئەم تێڕوانينە، بە تيۆری تەڵەی ثيوسيدس دەناسرێت. جەنگەکە بە سەرکەوتنی ئەسپارتا کە وەک نوێنەری هێزی سەربازی دەناسرا، بەسەر ئەسينا کە نوێنەری ديموکراسی وفکر وفەلسەفە بوو، کۆتایی هات. ئەوەش وەچەرخانێک بوو لە مێژوو وفکری يۆنانی کۆن، کە کاريگەری بەسەر جيهانی ئەوکاتدا هەبوو.
زانای سياسی ئەمريکی گراهام ئەليسۆن، لە ساڵی ٢٠١٧ لە کتێبی (Destined for War: Can America and China Escape Thucydides’s Trap?) ئەم تيۆرييە دوبارە بەکاردەهێنێتەوە ودەيکاتە دەروازەیەک بۆ تێگەيشتن لە ململانێ وپەيوەندی نێوان ئەمريکا وچين. ئەمريکا وەک ئەسپارتا ترسی هەیە لەو گەشەکردن وبەهێزبوونە خێرایەیی چين (لێرەدا چين ئەو رۆڵەی ئەسينای هەیە)، کە لەوانەیە ببێتە هێزی یەکەمی جيهان وکۆتایی بە سەردەمی ئەمريکا بهێنێت، بەڵام پرسياری ئەليسۆن لەو توێژينەوەیەيدا ئەوەیە، ئایا ئەمريکا وچين دەتوانن خۆیان بپارێزن لە کەوتنە ناو تەڵەی ثيوسيديس؟ بە مانای ئەوەی ئايا جەنگی نێوان ئەمريکا وچين ڕوودەدات؟
گراهام ئەليسۆن سەرپەرشتياری پرۆژەی توێژينەوەیەکی زانکۆی هارڤاردی کردوە کە لە لایەن چەندين توێژەرەوە ئەنجمادراوە (ئەم توێژينەوەیە بەشێکە لە کتێبەکەشی)، لەو توێژينەوەیەدا لێکۆڵينەوە کراوە لەسەر زیاد لە پێنج سەدە (لە کۆتاييەکانی سەدەی ١٥ تا سەردەمی ئێستا) کە تيايدا ١٦ جار ئەم جۆرە ململانێيەیی کە ئێستا لە نێوان ئەمريکا وچيندا هەیە (ململانێی هێزی بەهەژموون دژ بە هێزێکی نوێی تازە سەرکەوتوو) ڕوويداوە، لەو ١٦ جارە، ١٢ جار ململانێکە بەرەو هەڵگيرساندنی جەنگ چووە، تەنها ٤ جار ئەو جۆرە ململانێيە نەبووەتە مایەیی هەڵگيرساندنی جەنگ، لەو چوارەش دانەیەکی جەنگی ساردی نێوان ئەمريکا وسۆڤيەت بووە. ئەمەی ئەمريکا وچين دەکرێت ببێت بە ١٧هەمين ململانێ لەو جۆرە. شایەنی باسە، هەموو ئەو ١٦ ململانێيە بريتی نەبووە لە ململانێی نێوان دوو هێز بۆ سەپاندنی هەژموون بەسەر جيهاندا، بەڵکو ،زۆر کات ململانێکان بريتی بوونە لە ململانێ بۆ سەپاندنی هەژموون بەسەر ئەوروپا یا بەشیک لە ئەوروپا یا ئاسيا... بەڵام هەندێک لەو ململانێيانە، بۆ هەژموون بووە بەسەر کۆی جيهان، وەک ئەمريکا (رۆژئاوا) ولەگەڵ سۆڤيەت، ئەوەی ئەمرۆی ئەمريکا وچين، بەرەوە ئەوە دەچێت، ململانێی هەژموون بێت بەسەر هەموو جيهاندا.
لەو جۆرە ململانێيەیی کە تيۆرييەکی ثيوسيديس ئاماژەی پێ دەکات، زۆربەی کات ململانێکە بووەتە مایەیی جەنگ، کەواتە ئەگەری جەنگ کراوەیە لە نێوان ئەمريکا وچين بە پێى ئەنجامی توێژينەوەکە، بەڵام ئەگەرێکی حەتمی نييە، چونکە چوار جار ئەو ململانێيە نەبووەتە مایەیی جەنگ. بە پێی توێژينەوەکەی گراهام ئەليسۆن، ململانێی ئەمريکا وچين بە براورد بە ململانێيکانی سەردەمەکانی پێشوو، جياوازی زۆرە، چونکە هەردوو دەوڵەت خاوەن چەکی ئەتۆمين، هەر وەها هەردوولا دەزانن لە کاتی هەڵگيرساندنی جەنگدا، براوە لەم جۆرە جەنگەدا نييە، چونکە هەردوولا کاولکارييەکی گەورە بەسەر خۆیان وجيهاندا دەهێنن. بۆیە هەڵگيرساندنی جەنگ، ئەگەرێکی دوورە بە تايبەت لە ئێستادا، بەڵام مەحاڵ نييە. ئەمريکا وسۆڤيەت زیاد لە ٤٠ ساڵ لە ململانێيەکی زۆر بوون، بەڵام بە هۆی هێزی هەردوولا، بە تايەت هێزی ئەتۆمی، ئەو دوو بەرەیە نەچوونە جەنگی ڕاستەوخۆ دژ بە یەک، زۆربەی قۆناغەکانی ململانێ ڕوويدا لە نێوانياندا، تەنانەت جەنگی بە وەکالەت، بەڵام نەگەيشتنە جەنگی ڕاستەوخۆ. ئەمريکا وچين لەو ڕووەوە لە ململانێی ئەمريکا وسۆڤيەت دەچێت. بەڵام ئەوەی کە ديارە وڕوونە، ئەوەیە ئەمريکا وچين لە ململانێيەکی ڕاستيدان، وئەمەش چاوەڕوان دەکرێت، لە ئايندەدا بەردەوامی هەبێت وململانێکە فروانتر وقووڵتر بێت.
ماویەتی...

We have 94 guests and no members online