کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

شەرعیەتی میراتی سیاسی كوردی شێرپەنجەی فەرمانرەوایەكی رەشید ... موعتەسەم نەجمەدین

Pin It

  - شۆرش سەركردە ئاسایەكان دەكاتە كارێزما و كارێزماكانیش كورەكانیان دەكەنە شا.

   -فیرعەون: من نەمووت خودام تا ئەو كاتەی میللەت بۆخۆیان كرنۆشیان بۆ بردم و كردمیان بە خودای خۆیان.

     لە سەرەتای سەدەی بیستویەكدا، لە كاتێكدا جیهان سەرقاڵی بونیادنانی شۆرشی پیشەسازی چوارەم و رەتكردنی سیستمی جیهانی سەدەی بیستەمە، ئێمەی كورد تازە بە عەقڵیەتی سەدەكانی ناوەراست بونیادی سیاسی و بەرێوەبردنی وڵاتەكەمان دەنێین. تازە فۆرمی فەرمانرەوای لە كوردستاندا لە سەر بنەمای شەرعیەتی شۆرشگێریەوە دەگۆڕین بۆ شەرعیەتی میراتی سیاسی. لە ئەمرۆدا زۆرینەی رەهای حزبە كوردیەكانی گۆرەپانی سیاسی كوردستانی باشور، حزبە (شۆرشگێرەكان، دەستوریەكان) شەرعیەتی میراتی سیاسی بووەتە بنەغای شەرعیەتی دەسەڵات و فەرمانرەواییان. بەواتە ئەو حزبانەی لە شاخ و شۆرشەوە شەرعیەتیان وەكرگرتوە تا ئەو حزب و بزوتنەوانەی لە شار بە پێی یاسا و دەستوری كوردی لە سێبەری فەرمانرەوای پیاوانی شاخدا دامەزراون، لە پرۆسەی سەپاندنی شەرعیەتی میراتی سیاسیدا یەك ئاراستە وەردەگرن.

     یەكێك لە هۆیە سەرەكیەكانی بەرجەستەبوونی شەرعیەتی میراتی سیاسی، ئەوەیە زۆرینەی ئەم حزبانە لە شاخ و لە شار بە موبارەكی و پاڵپشتی وڵاتانی دەرەكی دروستبوونە، بە پەیژەی ئەواندا سەركەوتون و گەیشتونەتە ئەمرۆ. بەمەیش ناچار دەبن بە گوێرایەڵی و خزمەتكردنی ئەجندای ئەو وڵاتانە پێش پرسی نەتەوەی و نیشتمانی خۆیان. هاوكات لە پرۆسەی فەرمانروای لە پێناو مانەوە و بەردەوامبونیان و سەپاندنی شەرعیەتی میراتی سیاسیدا ئامادەی هەموو سازش و ملكەچوبونێك بۆ ئەو وڵاتانە دەبن.

سەرچاوەی شەرعیەتی میراتی سیاسی كوردی

      سەرچاوە و ریشەی مێژووی شەرعیەتی میراتی سیاسی كوردی، لە جەوهەردا دەگەرێتەوە بۆ سەرچاوە عەرەبی و ئیسلامیەكەی. كورد بە تایبەتی لە مێژووی نویدا ئەم فۆرمەی لە ئەزمونی فەرمانرەوای عەرەبی و ئیسلامیەوە وەرگرتوە. لە مێژووی نوێدا لە دوای سەردەمی خیلافەی راشیدیەوە، فۆرمی شەرعیەتی پاشایەتی و میراتی سیاسی لە هەردوو سەردەمی دەسەڵاتی ئەمەویەكان و عەباسیەكانەوە بووە دیاردە و دواتر بووە كەلتورێكی تایبەتی واقعی فەرمانرەوای عەرەبی. ئەم فۆرمە لە دوا قۆناغەكانی ژیانیدا دەپەرێتەوە بۆ دەسەڵاتی عوسمانیەكان و تا روخانی ئەم دەسەڵاتە لە سەر فۆرمە كلاسیكیەكەی بەردەوام دەبێت. لە مێژووی نوێدا بە تایبەتی لە گەڵ هاتنی سەدەی بیستەمدا، ئەم فۆرمە لە واقعی عەرەبیدا بە سروشت و شیێوەیەكی نوێ و هەمان مۆدێلی شەرعیەتی میراتی خۆی بونیاد دەناتەوە. هاوكات زۆر بە خێرایی پەریوەتەوە بۆ ناو ئەزمونی فەرمانرەوای زۆرێك لە وڵاتانی ئیسلامی و وڵاتانی دواكەوتووی غەیرە عەرەبیش. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە ئەم فۆرمە بووەتە كەلتوری فەرمانروای لە زۆرینەی رەهای وڵاتانی عەرەبی، تا كار گەیشتە ئەوەی وڵاتانی كۆماریش لە كۆتایدا دەگەرانەوە سەر شەرعیەتی میراتی سیاسی. لە عێراقدا بە هۆی كورتی دەسەڵاتی سەركردە دیكتاتۆرەكانەوە، لە قاسمەوە تا سەدەم حوسێن زەمینەی بەرجەستەكردنی شەرعیەتی میراتی سیاسی نەرەخسا. دیكتاتۆرەكان پێش ئەوەی بگەنە مردنێكی سروشتی، بە كودەتای سیاسی، كۆتای بە دەسەڵاتەكانیان دەهێنرا. هەندێك لە بیرمەندانی سیاسی پێیانوایە سەدام حوسێن لە قۆناغی پێش كۆتایدا كاری بۆ هێنانە پێشەوەی كورەكانی دەكرد. ئەگەر بۆی بلوایە هاوشێوەی حافز ئەسەد، كە چۆن بەشاری كوری خستە جێگای خۆی، بۆ ئەم مەبەستەیش تەووی یاسا و دەستور و رێساكانی ئەو وڵاتەی گۆڕی، سەدامیش هەمان سیناریۆی جێبەجێ دەكرد. لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە ئەم فۆرمە لە عێراق و لوبنان سروشت و سیمایەكی روونتری وەرگرت. میراتی سیاسی لە عێراق دابەزیە ناو پرۆسەی حزبایەتیشەوە. لە عێراق چەندین حزبی خێزانی و بنەماڵەی دەركەوتن. بە نمونە لە دوای مردنی عبدولعەزیز حەكیم لە ساڵی 2009 دا رابەرایەتی حزبی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی گوازرایەوە بۆ عەمار حەكیم. لە دوای تیرۆركردنی موحەمەد باقر سەدرەوە،  موقتەدا سەدر زەعامەتی ئاینی و سیاسی رەوتی سەدری گرتە دەست. لە لوبنان ولید جونبڵات لە دوای تیرۆركردنی باوكی كەمال جونبڵات كرایە زەعیمی حزبی پێشكەوتنی سۆسیالستی. لە دوای تیرۆركردنی رەفیق هەریری، زەعامەتی سیاسی گواسترایەوە بۆ سەعد هەریری كوری.

   لە كوردستان گواستنەوەی مۆدێلی میراتی ئاینی و خێڵەكی بۆ فۆرمی سیاسی بە شێوەیەكی سیستماتیكی لە گەڵ دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بەرجەستەبوو. گواستنەوەی دەسەڵاتی حزبی لە مستەفا بارزانیەوە بۆ ئدریسی كوری یەكەم جێبەجێكردنی میراتی سیاسی بوو لە ناو پارتیدا، بە وەفاتی ئدریس بارزانی، لەبەر ئەوەی منداڵەكانی لە تەمەنێكی بچوكدابوون و توانای ئیدارەدانی حزبیان نابێت، ئەم میراتیە دەگوازرێتەوە بۆ مەسعود بارزانی برای، لە ئێستادا هەموو ئاماژەكان ئەوە دەخنەروو، كە مەسعود بارزانی جارێكیتر ئەم میراتیە نەگەرێنێتەوە بۆ كورە گەورەكەی ئدریس (نێچیرەڤان بارزانی)، بەڵكو بە ئاشكرا كار بۆ ئەوە دەكات ئەم میراتیە بدات بە یەكێك لە كورەكانی خۆی.

    یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كرۆكدا وەك حزبێكی چەپی پێشكەوتوو لە سەر بنەمای رەتكردنەوەی فۆرمی خێڵەكی و شەرعیەتی میراتی سیاسی بە هەمان شێوەی حزبەكەی جونبڵات لە لوبنان دامەزراوە، بەڵام بە وەفاتی تاڵەبانی ئەم حزبەیش بەرەو شەرعیەتی میراتی سیاسی ئاراستە وەردەگرێت، هەمان فۆرمی پارتی دووبارە دەكاتەوە. ئەمە لە زەمەنێكدا، شەرعیەتی میراتی سیاسی هیچ سەنگ و حورمەتێكی نەماوە. جگە لەم دوو حزبە زۆرینەی رەهای حزبەكانی كوردستانیش جێپێی ئەمانیان هەڵگرتوەو بوون بە حزبی خێزانی و شەرعیەتی میراتی سیاسی بووەتە فۆرم و بناغەی گواستنەوەی دەسەڵات لە باوكەكانەوە بۆ كورەكانیان. بەواتە ئەم فۆرمە بە تەنیا لە حزبەكانی دەسەڵاتدا فۆرمەلە نابێت، بگرە دادەبەزێت بۆ ناو تەواوی پرۆسەی سیاسی و مەدەنی و كەلتوری كوردیش. حیزب و بزوتنەوە ئیسلامیەكان تا ئەمرۆ لە سەر میراتی شەرعیەتی ئەمیرولمۆمنین دەرۆن، بەواتە دەسەڵاتی رەهای ئەمیر. لە دەرەوەی ئەمانیش چەندین رەوت و گروپی پۆپۆلیستی دروستبوون، بەڵام بە هەمان فۆرم و شەرعیەتی خێزانی دروستبوونە. لێرەدا بە رامان لە واقعی پرۆسەی سیاسی كوردی ئەو راستیە دەردەكەوێت، كە جەوهەری قەیرانی كوردی لەوەوە سەرچاوەی گرتوە، كە شەرعیەتی میراتی سیاسی دەبێتە كەلتورێكی سیاسی و تەواوی جومگەكانی ژیانی كۆمەڵایەتیش توشی گەرگەری دەكات.

سەرۆك لە كۆشكەوە بۆ گۆر

    فەلسەفەی شەرعیەتی میراتی سیاسی لە جەوهەردا لە سەر ئەو باوەرە بونیاد دەنرێت، كە سەركردەی كارێزمای و خێزانەكەی ئەو باوەرەیان لا دەخوڵقێت، كە میللەت و وڵات موڵكی تایبەتی خۆیانە و تەواوی كادر و ئەو كەسانەی لە پرۆسەی سیاسیدا كار دەكەن، لە واقعدا فەرمانبەری ئەمانن.

  پرسی سەرۆك و رابەر لە ئەزمونی سیاسی كوردیدا بە هەمان شێوەی عەرەبی و ئیسلامیە، بگرە لە واقعیشدا بە راهای لەوانەوە وەریگرتووە. رابەر و سەرۆك دەسەڵاتی رەهایان هەیە و كەس نیە بوێری ئەوەی تیادا بێت رەخنەیان لێبگرێت، ماوەی فەرمانرەوایان لە كۆشكەوە تا گۆر بەردەوام دەبێت. هێشتا خۆی لە ژیاندایە نەخشەرێگای گواستنەوەی دەسەڵاتەكەی بۆ یەكێك لە كورەكانی دادەنێت و ئامادەسازی تەواو بۆ جێگیربوونی لە جێگاكەی خۆی دەكات. لە راستیدا ئەم واقعە هۆی سەرەكی روودانی كودەتا و راپەرینی جەماوەری و ئینشیقاقە لە پرۆسەی سیاسی كوردی و عەرەبیدا. لە پرۆسەی سیاسی كوردیدا بەوەی، كورد تا ئەمرۆ دەوڵەت و حكومەتێكی سەربەخۆ نیە، ئەم واقعە لە خێڵەوە پەریوەتەوە بۆ ناو حزب. لەم بوارەدا لە سەرەتای شەستەكانەوە كاتێك، كە بارزانی سور دەبێت لە سەر سەپاندنی دەسەڵاتی تاكرەوانەی خۆی و بەرجەستەكردنی میراتی شەرعیەتی خێزانی، ئینشیقاق لەو حزبەدا دروست دەبێت و كۆمەڵە و یەكێتی وەك رەوتێكی هزری و سیاسی نوێ لە سەر بنەمای رەتكردنەوەی فۆرمی خێڵەكی سیاسی و شەرعیەتی میراتی سیاسی دادەمەزرێت. لەو دەمەوە مام جەلال وەك رابەر و سكرتێری ئەم رەوتە نوێیە دەردەكەوێت و تا كۆتای ژیانی لە رابەرایەتی یەكێتیدا دەمێنێتەوە. لە دوای راپەرینە جەماوەریەكەی ساڵی 1991 و گەرانەوەی یەكێتی و پارتی و تەواوی حزبەكانی شاخ بۆ ناو شار و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەسەڵات و هەژمونی مام جەلال و كاك مەسعود زۆر لە پێشوو زیاتر دەبێت، نەك تەنیا لە ناو حزبەكانی خۆیاندا، بەڵكو لەناو تەواوی پرۆسەی سیاسی كوردستان و عێراقیش، دەرئەنجام نەوشیروان مستەفا بێ هیوا دەبێت لەوەی مام دەسەڵاتی حزبەكەی تەسلیم بكات، بۆیە لە یەكێتی ئینشیقاق دەكات و بزوتنەوەی گۆڕان وەك رەوتێكی هزری سیاسی هاوچەرخ دادەمەزرێنێت. هاوكات هەوڵەكانی لاهوری شێخ جەنگی بۆ كۆنترۆڵكردنی یەكێتی و دەرپەراندنی كورانی تاڵەبانی لە پێش هەشتی تەموز و دواتریش كودەتاكەی كورانی تاڵەبانی لە لاهوری شیخ جەنگی دەچنە هەمان ئاراستەی ئەو ركەبەرایەتی و شەڕی دەسەڵات و كورسیەوە. لە ناو پارتیشدا بۆنی ناكۆكی و ركەبەرایەتی لەسەر جێگیرەوای مەسعود بارزانی لە نێوان نێچیرەڤان و مەسروردا زۆر بە توندی دەردەكەوێت، ئەمە ئەگەر سەرنەكێشێت بۆ دروستبوونی ناكۆكی لە نێوان خودی كورەكانی مەسعود بارزانی خۆیشیاندا.

   لەم پرۆسەیەدا یەكێك لە سەیرترین دیاردەكان ئەوەیە، بە گەیشتنیان بە دەسەڵات كورەكان راستەوخۆ دەكەونە بانگەشەكردن بۆ ئەنجامدانی پرۆژە و پرۆسەی ریفۆرم و چاكسازی و رووبەرووبونەوەی گەندەڵی. . . تاد، وەك ئەوەی ئەمان لە سیاسەتەكانی باوكیان رازی نەبن و كار لە سەر راستكردنەوەی هەڵەكانی ئەوان بكەن. دەرئەنجام لە سیبەری دەسەڵاتی كورەكاندا پەیوەندی نێوان دەسەڵات و فەرمانرەوای دەگاتە ئاستێك تەنیا پارە و هێز رایدەگرێت. لەم دۆخەیشدا بە كۆتای یەكێكیان دەسەڵاتەكە ئەگەر نەروخێتیش، ئەوە گومانی تیادا نیە، كە تەواو لاواز و بێ كاریگەر دەبێـت. لەو سیناریۆیەی، كە سەرۆك تا گۆر بەردەوام دەبێت و بە وەفاتكردنی كۆتای بە دەسەڵاتەكەی دێت و سەردەمی كورەكەی دەست پێدەكات، بەواتە دەسەڵاتی ئەو دەروخێت و دەسەڵاتی كورەكەی دەستپێدەكات. لە سیناریۆی دووەمیشدا سەرۆك ناگاتە مەرگی سروشتی، بەڵكو لە رێگای كودەتا یان راپەرینی جەماوەری و شۆرشەوە كۆتای بە دەسەڵاتەكەی دەهێندرێت.

پرۆژەی بردنەپێشەوەی كورەكان

شۆرش سەركردە ئاسایەكان دەكاتە كارێزما و كارێزماكانیش كورەكانیان دەكەنە پادشا

    لە واقعدا هەموو سەرۆكێكی عەرەبی و ئیسلامی و كوردیش پرۆژەیەكی نهێنیان هەیە بۆ بردنەپێشەوەی كورەكانیان، هاوكات جێگیركردنی كەسە نزیكەكانی خۆیان لە خێزان و بنەماڵەكەیان لە پۆست و جێگا هەستیارەكاندا. لەم پرۆژەیەشدا حزب ئالیەت و ئامارازی سەرەكیە.

   لە پرۆسەی جێبەجێكردنی ئەم خەونەیدا زۆر ئەستەمە سەرۆك بە بێ خوڵقاندنی جۆرێك لە زەمینەی ئانارشیست و ترس و دڵەراوكێ و هاوكات گەمژەكردنی كۆمەڵگا و كرینی ولای توێژێك لە كەسانی قەڵەمفرۆش بتوانێت سەركەوتوو بێت. بەواتە لە كۆمەڵگای ووشیار و تێگەیشتوودا زۆر ئەستەمە سەرۆك بتوانێت نەخشەرێگای سیاسی خۆی بسەپێنێت بە سەر جەماوەردا، بۆیە كاركردن لە سەر تێكدانی شیرازی كۆمەڵایەتی و داروخانی بەها و پرنسیپە پیرۆزەكان، دامەزراندنی سیستمێكی میدوكراسی دەبێتە بەرنامەی سەرەكی كاركردنی.

   كاتێك، كە سیستمی سیاسی دەبێتە سیستمێكی خێزانی، تەواوی دامەزراوەكانی پەیوەست بە پەیوەندی نێوان خەڵك و دەسەڵاتیش دەبنە دامەزراوەی خێزانی. لەم دۆخەدایە، كە حزبی كوردی دەگاتە قۆناغێك، هیچ دنیابینی و قەزیە و هزر و بەرنامەیەكی نیشتمانی نامێنێت. لە پێناو مانەوەیدا زیاتر ملكەچی وڵاتانی داگیركەر دەبێـت. لەم بارەدایە، كە خەڵك بە تەواوەتی متمانە و باوەری بە حزب نامێنێت، ئەگەر بۆیشی نەروخێت ئامادەی بەشداریكردنی لە پرۆسەی هەڵبژاردن و شەرعیەتدان بە حزب نامێنێت.

    لە واقعدا ئەم واقعە لە دەرئەنجامی لاوازی ووشیاری كۆمەڵگا و ملكەچبوونی بۆ بەردەوامبوون بە ژیانی كولەمەرگی دەخوڵقێت، لەم روەوە فیرعەون قسەیەكی زۆر ماناداری هەیە، كە دەڵێت: من نەمووت خودام تا ئەو كاتەی میللەت بۆخۆیان كرنۆشیان بۆ بردم و كردمیان بە خودای خۆیان.

We have 191 guests and no members online