کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی عێراق دوای كشانەوەی ڕەوتی سەدر .. محەمەد عەلی

Pin It

 

وەك ئاشكرایە، هەنگاوەكەی موقتەدا سەدر بە كشانەوە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق، لە بۆشایی نەهاتووە، بەڵكو لەسەر بنەمای كۆمەڵێك پێشهات و مەبەستی سیاسی بووە، كە سەدر مەبەستیەتی بەم كارە هەنگاوێك پێش ڕكابەرەكانی بكەوێتەوە لە بەدەسهێنانی سۆزی گەلی عێراق بۆ هەر هەنگاوێكی سیاسی داهاتووی تایبەت بە پێگەی ڕەوتەكەی لەسەر گۆڕەپانی پەرلەمانی و سیاسی لە عێراقدا.

ئامانجی هەرە سەرەكیی سەدر لە ڕكابەری و عینادی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینەی نشتیمانی لە ماوەی ڕابردوودا، بریتی بوو لە جیاكردنەوەی هێزە نیشتیمانییەكان لە هەرسێ پێكهاتەی سەرەكیی عێراق لە (سوننە، شیعە و كورد) و ئەو هێزانەی كە پاشكۆن بۆ وڵاتانی هەرێمی، بە شێوەیەك سەدر سەركەوتوو بووە لەم پەیامە و لە ئێستادا سادەترین هاوڵاتی عێراقی ئەم جیاوازییە بە ڕوونی دەزانێت و سەدر زۆر سەركەوتووانە توانی وەك كەسایەتییەكی نیشتیمانی جیاواز لە سەركردەكانی تری شیعە، خۆیی پیشانی گەلی عێراق بدات، لە بەرامبەردا ڕكابەرەكانی بێئاگا لەوەی خزمەتی پێگەی سیاسیی ئەو دەكەن، سەرسەختانە بەرەنگاری بوونەوە.

لەلایەكی ترەوە سەدر لە درێژكردنەوەی ڕكابەرییەكەی لەگەڵ هێزە شیعییەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، مەبەستی ئامادەكاری بوو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بەو هۆكارەی سەدر دڵنیا بوو ئێران هەرگیز قبووڵ ناكات هێزە نزیكەكانی لە عێراق پەراوێز بخرێن، بەڵام پەیامەكەی خۆی بە هەموو لایەك گەیاند كە مەبەستی چاكسازی و كۆتاییهێنانی بەشبەشێنەی سیاسییە، كە هەمووان دڵنیان كە حكوومەتی تەوافوقی هەرگیز سەركەوتوو نابێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق، بەم شێوەیە سەدر خۆی و هاوپەیمانیەتەكەی بە چاكساز و ڕكابەرەكانیشی بە بەربەستی سەرەكیی بەردەم ئەم پڕۆسەیە پیشان دا و بە هەمووانی گوت، ئەوەی نایەوێت عێراق پێشكەوتن و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت، بەربەست بوون بۆ پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینە.

لە هەمان كاتدا كشانەوەی سەدر لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق، لە كاتێكدا بوو كوتلەی سەدری سەركەوتوو بوو لە تێپەڕاندنی یاسای پاراستنی ئاسایشی خۆراك لە پەرلەمانی عێراق، بە جۆرێك بودجەیەكی پێویستی بۆ حكوومەتەكەی (مستەفا كازمی) دابین كرد، كە بتوانێت كارەكانی بەردەوام بێت بۆ ئەمساڵ، ئەوەی نكۆڵیی لێ ناكرێت ئەوەیە، كە سەدر پاڵپشتی سەرەكیی حكوومەتەكەی كازمی بوو، بە جۆرێك بڕیار بوو سەدر و كوتلەكەی سەردانی سعوودیە بكەن، بەڵام كازمی ئەم كارەی گرتۆتە ئەستۆ و ڕاستەوخۆ دوای سەردانی سعوودیە گەیشتە ئێران، كەوابێ كازمی پەیامی سەدری گەیاندۆتە ئەم دوو وڵاتە كە باشترین بژاردە بۆ ئەم دوو وڵاتە، بەردەوامبوونی حكوومەتەكەی ئێستا بێت، لە بەرامبەردا كاردانەوەكانی سەدر پێشبینینەكراو دەبن و بە دڵی هیچ لایەنێكیان نابێت .

هاوكات دەكرێ پەیامێكی تری سەدر لەم هەنگاوە، بۆ هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی كاریگەرو ڕكابەری ئێران لە سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بێت، لە نەبوونی ئەودا هێزە میلیشیاكان لە بەغدا دەسەڵاتدارن و هێرشی مووشەكی دەكرێتە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی هەرێم و درۆن بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرن و فشارەكانیان بۆ هێزە سونییە كاریگەرەكان زیاد دەبێت و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا لە ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی،  ئەمەش مەترسیی گەڕانەوەی داعش زیاتر دەكات و هێزە دیموكراسیخوازەكان لە عێراق لاواز دەكات، بە جۆرێك دەمانگەڕێنێتەوە ئەو سەردەمەی سەركردە سوننەكان بە تۆمەتی ناڕەوا دەكرانە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی تا بە هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی سەربازی، هەرێمی كوردستان ناچار بكەن سازشی سیاسی بكات و عێراق بەرەو هەڵدێر ئاراستە بكەن.

نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت سەدر لە دوای گۆڕانكاری لە عێراق و پڕۆسەی ئازادكردنی لە ساڵی 2003 بەردەوام ئامادە بووە لە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكان و، ڕۆڵی كارای هەبووە لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و ئەمنی،  كە خاوەن هێزێكی چەكداریی گەورەیە و لە ئێستاشدا نزیكەی 400 پۆستی حكومیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبات، بۆیە هەموو پێشبینییەكان ئەوەمان پێ دەڵێن، كە ئەم هەنگاوە بەپێی دراسەت و مەبەستدارە و بە سەرەتای هەنگاونان بۆ یەكلاكردنەوەی لەگەڵ هێزە شیعییە ڕكابەرەكانی هەژمار دەكرێت، پێشهات و گۆڕانكارییەكانی داهاتووی پرۆسەی سیاسیی عێراقیش، مەبەستە ڕاستەقینەكەی (موقتەدا سەدر) ڕێبەری رەوتی سەدر لەم هەنگاوە دەردەخەن.

We have 101 guests and no members online