
لە شەست و سێ، گوندەکەیان بەر رەشبگیری، حەرەس قەومی ئەکەوێ، لە شەست و هەشت ژیانی هاوسەری پێک دێنێ، کاکە مسعوود، لە زگی دەبێ، باوکم راپێچی گرتووخانەی قەسەر نیهایە ئەکرێ، بە مسعوودەوە لە کەرکووک تا ساڵی حەفتا،بە نهێنی لە ماڵە خزمان دەمێنێتەوە، لە حەفتا و چوارەوە، ماڵەکەی لەسەر پشتی کەر دەبێ بە سێ زارۆکەوە، گۆند بە گوند، شار بە شار تا حەفتاو پێنج لە ئێران، لە ئاوارەیی من و خوشکێکم دێنێتە بوون و چەند ساڵێک دوور لە هەواڵی ئازیزانی لەوێ دەگیرسێتەوە، جارێکی تر لە نەوەت و یەک ئاوارەیی ئێران دەبێتەوە، لە نەوت و چوار شەڕی ناوخۆ دەیهێنێتە هەولێر، پاش چەند مانگێک لەوێش دەیتارێنن، دەچێتە شەقلاوە، دوو هەزار و سێ، بە شکۆوە، دەگەرێتەوە بۆ شارەکەی کە بەگەنجی و جوانی جێهێشتبوو و زۆر جار دەیووت، بەعس کە دەریکردین یەک خێزان و سێ منداڵ بووین، ئێستا زۆرین، بەختەوەر بوو دایکم، گەرچی حەسرەتی بۆ زۆر شت هەبوو، وەلێ شانازیی نەتەوەیی لە هاتنەوەی بۆ کەرکووک، هەمیشە بزەیەک کە مانایی سەرکەوتنی پێ دەبەخشیم بە سەر لێوەکانیەوە بوو.
گەرچیی هەمیشە پشتیوانم بووە هانیداووم، بەردەوام بم لە خستنە روویی راستیەکان، وەلێ دەشیگووت، کارێک مەکە زیانت پێ بگەیەنن.
دایکم بە مێژوویەک لە تێکۆشان، لە چەشتنی جەوریی زەمانە جارێکی تر، ئاوارە کرا، ئەم جارەیان بۆ دایکم زۆر تاڵە، بزەکەی وەک جاران نابینم، دڵی شکاوە، گەر جاران لە بەعس و ستەمی بەعس وەرس بوو بێ، ئێستا لەوە نیگەرانە، کە کورد نەدەبوو وابێ.
ئەمە کورتەیەکە لە ژیانی دەربەدەری شەست و چوار ساڵی زەحمەتی ژنە کوردێکی کەرکووکی
کە دەیانجار ماڵی بە تاڵان براوە.