کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

قازانجەکانی تورکیا لە شەڕی ئوکرایینا... دکتۆر جەبار قادر

Pin It
 
 
وتەیەکی عەرەبی هەیە دەڵێت: (مصائب قوم عند قوم فوائد – واتا بەدبەختی و کارەساتی خەڵکێک لە لای خەڵکێکی دیکە مایەی سوود و قازانجە)، دەڵێی ئەم وتەیە بۆ شەڕی ئوکرایینا و هەڵپەکانی ئەردۆگان وتراوە بۆ سوود وەرگرتن و قازانج کردن لەم کارەساتە مرۆییە. تورکیا هەوڵدەدات لە هەموو کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و جیهان شتێکی دەست بکەوێ. گۆڵمەزێکی ڕاگەیاندنی لە دژی ئەندامەتی سوید و فینلەندا دروست کرد و ئەم پرسەی لە دژی کورد و ڕەخنەگرانی مافەکانی مرۆڤ بەکارهێنا، لە هەمان کاتدا هەوڵێکی زۆر دەدات سزا ئابووری و سەربازییەکانی ڕۆژئاوا لە سەری هەڵبگیرێن. بەدیوێکی دیکەدا ئەم هەڵویستەی دڵی پوتین ڕادەگرێ و دەیەوێ لەم ڕێگەیەوە قازانجی ئابووری زۆرتر بە دەست بێنێ. سەرباری ئەوەی هەموو هەڵویستەکانی ئەردۆگان لەم بارەوە ناکۆکن لە گەڵ وڵاتانی ناتۆدا، بەڵام بۆی ڕەخساوە گوێ بە سزا ئابووری و سەربازییەکانی ڕۆژئاواش لە سەر ڕووسیا نەدات وەک ئەوەی ئەندامی ناتۆ نەبێ و هیچ بەرپرسیارێتییەکی نەکەوێتە ئەستۆ. لە هەمان کاتیشدا خۆی وەک نابژیوانێک لە نێوان ڕووسیا و ئوکرایینا پیشاندەدا و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی "بەیرەقدار"یش بەمەی دوایین دەفرۆشێ. کۆکردنەوەی ئەم هەموو ناکۆکی و ئاڵۆزییە هەر بە بازرگانی تورک و ئەردۆگان دەکرێ.
هەرچەندە ڕووسیا لە بەرامبەر تورکیا کارتی بە هێزی بەدەستەوەیە، بۆ نموونە گرانکردنی نرخی غاز یا گرتنەوەی یەکجاریی وەک ئەوەی لە گەڵ بوڵگاریا و پۆڵەندادا کردی، یا ڕاگرتنی کارکردن لە ڕیاکتۆری ئاتۆمیدا کە ڕووسیا بۆ تورکیای دروست دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی لە بواری وزەدا، هەموو ئەمانە سەرباری دابینکردنی بەشێک لە خۆراکی خەڵکی تورکیا و چەندین پێداویستی دیکە. ناکرێ ئەوەش لە بیر بکرێ کە ملیۆنەها گەشتیاری ڕووسیا ساڵانە ملیارەها دۆلار بۆ گەنجینەی تورکیای دابین دەکەن. لەوە ناچێت تاوەکوو ئیستا ڕووسیا فشارێکی ئەوتۆی لە سەر تورکیا دانابێ بۆ جێبەجێ کردنی هەندێ لە داخوازییەکانی لە دژی ڕۆژئاوا، هەرچەندە ئەم هەڵـمەتانەی تورکیا لە دژی ئەندامەتی سوید و فینلەندا مایەی دڵخۆشی پوتین و ڕووسیان.
ڕووسیا دەیتوانی لە دژی فراوانکردنی ناتۆ ئەم کارتە بەکاربێنێ، بەڵام وادیارە سەرۆکی ڕووسیا ئەو ڕاستییە دەزانێ کە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەردۆگاندا گەلێ هەستیارن و نابێ قوماریان پێوە بکات و بیانخاتە مەترسییەوە. ئەردۆگان تەنها سەرکردەی ناتۆیە کە بە ڕاشکاوەیی دوژمنایەتی خۆی لە دژی پوتین ڕانەگایاندووە، زۆریش دژی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا بوو لە سەر ڕووسیا.
ئەم ڕۆژانە هەواڵەکانی ڕووسیا باس لە ڕەهەندێکی دیکەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا و دەستێکەڵکردنی پوتین و ئەردۆگان دەکەن. دوو مانگێک دەبێ تورکەکان کاری چڕ دەکەن بۆ ئەوەی شوێنی کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا لە ڕووسیا پڕ بکەنەوە. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە تورکەکان خەریکن دەست دەگرن بەسەر ناوەندە بازرگانییە بەتاڵەکانی ڕووسیادا و پڕیان دەکەنەوە. دوای ئەوەی براندەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بازاڕی ڕووسیایان چۆڵ کرد، نزیکەی سێ ملیۆن م٢ لە بازاڕە گەورەکاندا بەچۆڵیی ماونەتەوە، قەولە تورکەکان بەم زووانە پڕیان بکەنەوە. شاندە بازرگانییەکانی هەردوو وڵات لە ماوەی دوو مانگی ڕابڕدوودا وتووێژی زۆریان لەسەر جێگرتنەوەی براندە ڕۆژئاواییەکان لە لایەن تورکەکانەوە کردووە، ئێستاش گەڕێکی نوێێ وتووێژەکان دەستیان پێکردووە. سەرۆکی ناوەندە بازرگانییەکانی ڕووسیا دیمیتری ماسکەلێنکۆ لەم بارەیەوە هەندێ زانیاری بڵاوکردووەتەوە. ڕۆژنامەی "حوڕییەت"ی تورکیش ئاماژەی بەوە کردووە کە لێرەدا باس لە پانتاییەک دەکرێت کە هاوتای ٤٢٠ گۆڕەپانی تۆپی پێ دەبێ. بەوتەی ماسکەلێنکۆ ئەمە دەرفەتێکی دەگمەن و نایابە بۆ گەشەکردنی ئەو براندە تورکییانەی بۆ یەکەمین جار دێنە بازاڕەکانی ڕووسیا لە کالینینگرادەوە لە ڕۆژئاوای ڕووسیا تا دەگاتە ڤڵادیڤەستۆک لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە بەرینە.
تورکەکان دەیانەوێ بەشێک لەو بازاڕە گەورەیە داگیر بکەن کە ڕۆژئاواییەکان چۆڵێان کردووە و لە مەداهیچ گوێ نادەن بە سزا ئابوورییەکانی ڕۆژئاوا بەسەر ڕووسیادا. لەمەشدا ئەردۆگان بازرگانی خۆی کردووە و بە بیانووی قەیرانی سەختی ئابووری تورکیا و نەتوانینی دەست هەڵگرتن لە نەوت و غازی ڕووسی، وادیارە ڕۆژئاواییەکان بۆ ڕاگرتنی دڵی ئەردۆگان چاوپۆشیان لەم گوێنەدانەی تورکەکان کردووە. لە بارودۆخی قەیرانی سەختی ئابووری لە تورکیا داهاتە زۆرەکانی بازاڕی فراوانی ڕووسیا ڕێگا بە تورکەکان دەدەن ئابوورییەکەیان لە سەر پێ ڕابگرن. ڕووسیاش، لەم کاتە سەختەدا کە ناچارە بە پەیوەندییە ئابووری و سەربازییەکانیدا بچێتەوە و سەرلەنوێ دایانبڕێژێتەوە و ئەڵقەکانیان پێکەوە گرێ بدات، دەتوانێ بەسەر هەندێ کێشەی ڕۆژانەدا زاڵ بێ بە تایبەت لە بواری کەل و پەل و پێداویستی ڕۆژانەی دانیشتوانیدا.
هەوڵەکانی ئەردۆگان بۆ قۆزتنەوەی دەرفەتەکان و بازرگانی کردن بە کارەساتەکانەوە بەردەوام دەبێ. ئەو لە هەوڵی بێ هوودەی خۆی ناکەوێ بۆ ئەوەی لە هەموو لایەک شتێ هەڵببچڕێ. ئاشکرایە کە زۆر پێویستی بەمە هەیە بۆ باشکردنی پێگەی سیاسی خۆی و حیزبەکەی لە نیوخۆی تورکیادا.
 
 

We have 108 guests and no members online