Off Canvas sidebar is empty
کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

مێژوو دەگێڕینەوە ... هوشیار ئیبراهیم - بەشی یەکەم

Pin It
دوران كالكان(عباس) و فەلەكەدین كاكەیی
زستانی ساڵی 1995 -96 نزیكەی بیست هەڤاڵێك لە بەرزاییەكەی لای ڕاستی دەروازەی "گەلی ڕەش"ی دەڤەری خواكورك بووین، بەفرێكی زۆر كەوتبوو، لە چاوەڕێ و پێشوازی گروپێك هەڤاڵ بووین كە لە ناوچەی ئاڤاشینەوە بەڕێكەوتبوون.
گروپ گەیشت، هەڵەنەبم10هەڤاڵ بوون، عەباس-دوران كالكان بە گۆچانەكەی دەستییەوە لە پێشەوە دەڕۆیشت، بۆ حەسانەوە فەرموومان لێكرد بۆ ژوورە نایلۆنەكەمان، هات و هەر لە دەرگە بەتانیەكەوە سەرێكی بە ژورەكەدا گرت و گەڕایەوە دواوە، بە رەخنە دەستیپێكرد؛ ژووری نایلۆن پراكتیكی تەمبەڵانە، ئێوە لە ناوچەی ئازادكراودان واز لە نایلۆن بێنن.
بەبێ ئەوەی بحەسێتەوە چوو لە شوێنێكی كەمێك تەخت وەستا و گوتی؛ كوا چەند هەڤاڵ لێرەن با بێن قسەبكەین
كۆبووینەوە و ئەویش دەستیپێكرد؛
( سێ ڕۆژە لە ڕێگەداین، بەو بەفرە و هەردوو دیوی سنورمان بڕی تا گەیشتین، هەڤاڵانی دیكە بە سەیارە هاتن، من نەمویست لە بازگەكانیاندا بە ژێر ئاڵای پارتیدا بڕۆم، ئەمە رق و كینە نییە، لەخۆباییبوونیش نییە، بەڵكو پرەنسیپە ).
نزیكەی دوو سەعات لە نێو ئەو بەفرە و لە مەسافەی پێنج مەترێكدا لە بەرامبەر ئێمەدا هاتووچوو و قسەی بۆ كردین، بەو هاتوچوونەی هێلێكی ڕەشی لە بەفرەكەدا كێشا، پەرێشانبووین، تاوێك دانیشتن لەسەر چینچكان و تاوێ بە پێوە، ئیدی عەباس قسەبكات زوو تەواو نابێت.
لە 1982 ەوە دەستیپێكرد، من زانیم هەویرێكە و ئاوی زۆر دەوێت، پێشتر ئەو قۆناخەی مێژووی پەكەكەم خوێندبۆوە، ئەوە قۆناخی پراكتیكی لۆلانە كە بە پراكتیكی ( باخچەی عەباس) ناسراوە.
دوران كالكان-عەباس، لە ساڵی 1982 بەرپرسی ئەو هێزەی گەریلا دەبێت كە لە لۆلان جێگیربوونە، لە ئامادەكاری زەمینەخۆشكردنی دەستپێكردنی شەڕی چەكداریدان، پارتی ئابلۆقەیان دەخاتەسەر و دەیەوێت لە ژێر كۆنترۆلی خۆیاندابن، بەڵام دوران كالكان ناچێتە ژێرباری هەوڵەكانی پارتی و هەر لە لۆلان، هەڤاڵان دەستدەكەن بە "چاندن"یی و بە بەروبوومەكەشی "نەمری و نەژی" ئەو ماوەیە دەگوزەرێنن، هەر بۆیەش ئەو قۆناخەی پراكتیكی لۆلان بە پراكتیكی (باخچەی عەباس) ناسراوە.
كۆبوونەوە تەواوبوو و گوتی ئێمە دەبێ بڕۆین، بۆ ڕێگەكە و لەسەر داوای عەباس، منیش لەگەڵیان بەڕێكەوتم، ئەو شەوە نەوەستاین تا گەیشتینە "كەوەرتیان" كە دەكەوێتە خوار بەرزاییەكەی "لێلكان بەدیوی خواكوركەوە، رۆژی دواتر بانگی منی كرد و گوتی وەرە باسی رەوشی باشورم بۆ بكە، چی نوێ هەیە،
چی لەسەر فەلەكەدین كاكەیی گوت..
(ئەو كوردی تێدەگا و منیش توركی، ئەو بە توركی قسە دەكا و منیش بە كوردی)
زۆرم قسە لەسەر ناوچەكە و ئەوەندەی زانیاری نوێم هەبوو لەسەر شارەكان و حزبەكان، لە باسی پارتیدا ڕایگرتم و پرسی؛ فەلەكەدین كاكەیی دەناسی؟ منیش گوتم لە نزیكەوە نایناسم بەڵام ناوێكی دیارە لە ناو پارتی و لە سیاسی زیاتر وەك رۆشەنبیر دەناسرێتەوە و دەردەكەوێت، تەواو دڵنیانیم بەڵام تەنیا جارێك لە ڕاژان یان لە زێوە ی رۆژهەڵات بینیومە.
جا عەباس گوتی؛ (فەلەكەدین كاكەیی تەنیا كەسێك بوو لە نێو پارتیدا بە دروستی و راستگۆیی نزیكی ئێمە دەبووەوە، هەرگیز لەگەڵ سیاسەتی حزبەكەی نەبوو دەرهەق بەو كردەوانەی بەرامبەر ئێمەیان دەكرد، فەلەكەدین وەك كەسایەتی خۆی، تا سەر ئێسقان وڵاتپارێزە، تاكە كەس بوو لە نێو پارتیدا پەیوەندیەكی توندوتۆڵم لەگەڵ هەبووبێت، ئێستاش رێزی لێدەگرم و بەردەوام لە دوورەوە هەواڵیم پرسیوە).
دوران كالكان تورك نییە، بەڵكو لە گەلی "لاز"ە، ئەو لاز-انەی وەك ئەرمەن و عەرەب و چەركەس و ...هتد، توركیا سەركوتیكردن و سیاسەتی توانەوەی لە بۆتەی توركبووندا بەسەردا سەپاندوون، لە ڕاستیدا ئەو سیاسەتەشیان بۆ چووەسەر و ئێستا خۆیان بە تورك دەزانن، عەباس ئەو سیاسەتی توانەوەیەی رەتكردۆتەوە و بە رۆح و باوەڕی چەپێتی تێكەڵ بە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی كوردستان بووە، كە هەمان سیاسەتی توركاندنی رەتكردۆتەوە.
عەباس پێش دامەزراندنی پەكەكەش لە نێو ئەو گروپە ئایدیۆلۆژیەدا جێگەی گرتبوو كە ئۆجالان سەرپەرشتی دەكرد، واتە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی پەكەكە، وەك چۆن حەقی قەرار و كەمال پیر تورك بوون و لە بەردەم دادگای فاشیەتی تورك بە دادوەریان گوت؛ ( تا گەلی كورد لە ژێر دەستی تورك ڕزگاری نەبێت، ئێمەش وەك تورك خۆمان بە ئازاد نازانیین)، دوران كالكانیش وەك مرۆژێكی خاوەن هەڵوێست، لەسەر هەمان بنەما و پرەنسیپ، رێك 48 ساڵە لە نێو بزووتنەوەی ئازادی و پەكەكەدا جێگەی گرتووە، لەنێو ئەو هەموو ساڵانەشدا لە 1981 یشەوە تا ئەم ساتەش لە شاخەكانی كوردستانە.
پێیداهەڵدان نییە، بەڵام خۆ گوتنی ڕاستیش تاوان نییە..
عەباس لەوە دەرچووە بە ناو و ناتۆرە ساردبێتەوە، ئەو پڕوپاگەندانەی نزیكەی پەنجا ساڵە دەوڵەتی تورك لە دژی عەباس-ەكان دەیكا، تازە بە تازە هەندێك هاتوون هەمان كۆنە قەوان لێدەدەنەوە.
 

We have 141 guests and no members online