
ئەگەر خیانەت نەبوو!، ناوێكی بۆ بدۆزنەوە...
ساڵی 1992 بوو، ئەو كاتە عەوام، بە درۆ و بوختان و تۆمەتە هەڵبەستراوەكانی پارتی و یەكێتیان باوەڕدەكرد، ئەوانیش بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بە جاشایەتیەك بدەن و شانبەشانی سوپای تورك ئۆپەراسیۆن لە دژی گەریللا ئەنجام بدەن، دەیانگوت؛
- پەكەكە لە باكور ڕێگەی ئازوقەی گرتووە و نایەڵێ بارە ترێلەی ئەرزاق لە توركیاوە بۆ باشور بێت.
- پەكەكە دەستی لەگەڵ سەدام تێكەڵكردووە.
- پەكەكە نایەڵێت گوندە سنووریەكان ئاوەدان بكەینەوە.
- پەكەكە نایەوێت كیانێكی سەربەخۆ و دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە باشوری كوردستان دامەزرێنین.
بۆ ڕەواجیدانی بەشداربوونی پێشمەرگەش لە شەڕەكە، دەوڵەتی تورك هەندێ دەستكەوتی پێدەدان كە سوكایەتیكردنێكی ئاشكرابوو بە هەیبەت و قوربانی و خەونە ڕەواكانی پێشمەرگە.
توركیا بۆ ئەوانەی بەشداری لە هێرش بۆ سەر پەكەكە دەكەن، چی پێدەدان؛
+ قەمسەلە-چاكێتێكی توركی.
+ هەر پێشمەرگە و نزیكەی 100 یان 200 فیشەكێك.
+ پێڵاوێكی ئەدیدایسی تەقلید.
+ لە كاتی هێرشەكانیش، گۆشت و فاسولیا و نۆكی قوتوكراو.
جا سەرانی هەردوو حزبیش چ پاداشتێكیان وەرگرتووە، ئەوە تەنیا خۆیان دەزانن، بێگومان بەشە پێڵاو و چاكەت و فیشەكی زۆرێك لە پێشمەرگەكانی خۆشیان دزی.
نابێ هەڵوێست و مەردایەتی ئەو پێشمەرگانەش لەبیربكرێت كە شەڕەكەیان بە خیانەت زانی، یان وەك شەخسی خۆیان لە نێو هێرشەكاندا نەیاندەویست زیان بە گەریلا بكەوێت، ئاخر ئەوان بە چاوی خۆیان و لە نێو ئۆپەراسیۆنەكاندا دەیانبینی كە فرۆكەی جەنگی و كۆپتەر و تۆپخانەكانی توركان بۆردومانی رۆڵەكانی خۆیان( خوشك و براكان)یان دەكەن و سەربازی تورك و چەكدارانی كوردیش بەیەكەوە لە زەمینەوە هێرش دەكەن.
گەریللا داستانی كەموێنەیان تۆماركرد..
سەرەڕای زیانی زۆری گیانی و جوگرافی ومەعنەوی، گەریلا بەرخودانێكی بێوێنەیان تۆماركرد، شەهیدبوون و برینداربوون لە بەرخوداندا چاوەڕوانكراوە، بەڵام داخ و كەسەری گەورەو لەبیرنەكراو ئەوەبوو كە خیانەتێكی دیكەش دەكەوێتە نێو دیرۆكە نەخوازراوەكەی كوردان. ئەوەیش هاوخوێنی خۆت بێت و بە هاوبەشی سوپای داگیركەری وڵاتەكەت، هێرشت بكاتەسەر و كچ و كوڕە شۆڕشگێڕەكانت لەناوببات.
چوومە سەر بەرزاییەكەی "چیای خانتور"ی حەفتانین، شوێنی ئەو دۆشكەیەی گەمارۆدرابوو و هەڤاڵە دۆشكەچیەكەی شەهید بوو و "قەرەیلان" بە برینەكەی قۆڵیەوە تا فیشەكی دەمێنێت شەڕ بە دۆشكەكە دەكات.
كاتێ ناچاری پاشەكشەش دەبن، قەرەیلان چنگێك خۆڵی خوێناوی نێو سەنگەرەكە هەڵدەگرێتەوە و بەرزیدەكاتەوە و بە دەنگێكی بەرز هاواردەكات، دەڵێ؛ ( ئەو خاكە هی مەیە، هی باب و كالێ مەیە، ئەمێ وی ڕزگاركەین، ئیرۆ نەبە سبەی، دووسبەی).
چوومە سەر ئەو تیشەلاتە ڕەشە بەرزەی كە درێژەی چیای شەكێوە، شوێنی (بێریتان)، لای بێریتان خاك و بەرخودان شەڕەف بوو، ئەوانەش كە هێرشیان دەكردە سەری و بانگیاندەكرد وەرە خۆت تەسلیم بكە، وەك مێیینە دەیانبینی، بەڵام بێریتان دوای ئەوەی هەڤاڵەكانی شەهید دەبن و خۆیشی فیشەكی پێنامێنێت، لەو لاتەوە دوا وانەی شەڕ و بەرخودان بە هەموو كوردان و ئازادیخوازان دەڵێتەوە، تەنانەت ژمارەیەك لەوانەی دەوریشیان گرتبوو تاساند.
بێریتان لەو شاخە بەرزەوە خۆی هەڵدا خوارەوە، تا كەوتە سەر زەویش، دروشمی گوتەوە، ئەو دروشمانەی تا ڕۆژی ئەمڕۆش لە چیا و دۆڵ و دەشتی نیشتمان سەدا دەداتەوە.
ڕەزامەندی پێكهێنانی ئەم حكومەتی هەرێمە، بە سەركزكردن بوو بۆ توركیا و ئێران، بە چوونە ژێرباری توركیا و ئێران بوو، ئێ ئەوە هەموومانین ئەمڕۆ ئەنجامەكەی دەبینین.
(دیوارێك بناغەكەی لەسەر گوفەك بێت، هەر ئەمەی ئەمڕۆی لێدەردەچێت).