کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

پانتایی جەنگ و کاریگەرێتی گوتار. . . هەڵۆ بەرزنجەیی

Pin It

 

 ٢٥/٥/٢٠٢٢

وتارەکەی چەرچڵ لە پەرلەمان لە سەردەمی دووەم جەنگی جیھانی دا,بۆ گەلەکەی کە وتی: " من تەنیا فرمێسک و خوێنم ھەیە پێشکەشتان بکەم"!. . . بەناوبانگە. . . ئاخر هەردوو وشەی فرمێسک و خوێن تەواوی چەرمەسەرییەکانی جەنگیان لە خۆگرتووە، بۆیەکا پەیامەکەی ناوبراو زۆر بەخێرایی گەیشتە جێی. . .

لەوەتەی شەڕی داسەپاوی رووسیا بەسەر ئۆکراینا کڵپەی سەندووە، ناو و ڕۆڵ و سەرکردایەتی ڤۆلۆدیمێر سێلێنسکی/Wolodymyer Selenskyi بۆتە جێی سەرنج و باسی جیھان.

ئەم سەرەک کۆمارە، ئەگەرچی کەسایەتییەکی ھونەرییە، لێ توانیویەتی سەرکردایەتی وڵاتەکەی بکات و لەسەخترین ڕۆژەکانی پێیدا تێدەپەڕێ و لێهاتووانە بەڕێوەی بەرێ . کاتێ مرۆ بە دیقەتەوە گوێ بۆ قسە و وتارەکانی دەگرێ و سەرنج دەدەیتە ھەڵوێستی و بیر لە ھزر و بیرکردنەوەی دەکەیتەوە، دەڵێیت: بەڕاستی شایستە ئەو ناوبانگە جیھانییە کە بەدەستی ھێناوناوە و دەکرێ و ھەقە! بۆ لێوە فێربوون، پەڕۆک لەم کەسایەتییە دادڕین.

سێلێنسکی. . لە یەکەم چرکەساتی شەڕەکەوە لە رۆژی 24. 32. 20222 ەوە قسە بۆ نەتەوەکەی دەکات، پەیڤەکانی بۆ گەورە و بچووک و ژن و پیاو و قوتابی و سەربازە. . . متمانەیان پێ دەبەخشێ و نایەڵێ ئیرادەیان تێک بشکێ و ورە بەرز ڕایان دەگرێ و هانیان دەدات بەرگریی لە نیشتمانەکەیان بکەن و هیوای سەرکەوتنیان دەنێتە بەر. . کە بۆ جیھانیش دەکات، بەڕاستی قسەکانی ئاڕاستەی جیھان دەکات. لە دەرگای ویژدانیان دەدات، لە کایەی مێژوو دەیان دوێنێ و لاپەڕە ڕەش و تاڵەکانیان وەبیر دێنێتەوە، هەست و نەستیان وەئاگا دێنێتەوە . . ڕوو لە هەموو توێژ و دەستەوتاقمێکی کاریگەر دەکات،  شەرم لە جیهانیش ناکات و بە دەنگی بەرز ڕەخنە دەگرێ و داوا دەکات رووسیا وەتاق بخەنەوە و گەمارۆی توند بخنە سەری. .

سواڵی جیهانیش دەکات بۆ بەهانا هاتنی نەتەوە و نیشتمانەکەوەیی و بەدەستهێنان پشتیوانی دۆستتان و مسۆگەرکردنی سەرکەوتن. .

با سەرنج بدەینە دوا وتاری لە کۆڕبەندی ئابووری جیھانی WEF کە ئێستا لە داڤوس / سویسرا بەڕێوە دەچێ . دیارە هەموو بەشدارییەکانی لە ڕێگایی پەیامێکی ڤیدیۆییەوەیە .

داوا دەکات:" ئەو گەمارۆ کەمەی خراوەتە سەر رووسیا بەس نییە و پێویستە گەمارۆ بخرێتە سەر سەرچاوەی وزەی رووسیا". . کە تا ئێستا سەرچاوەی پۆتینە بۆ دڕیژەدان بە شەڕەکە . هەر لێرەدا داوا لە جیھان دەکات:" بێن بەشداری لە بیناکردنەوە و دروستکردنەوەی ئۆکراینا بکەن، بەو پارەی رووسیا کە سڕ کراوە".

باس لەو گرانییە دەکات کە خەریکە دەبێتە مەترسی قڕان و برسێتی لە جیھاندا. ئەفەریقا کە کیشوەڕێکە بەرەو وشکبوونەوە و قاقڕی دەچێ، بە پێی ڕاپۆرتێکی Oxfam & Save The Children  هەر 48 خولەکێک لە برساندا منداڵێک دەمرێ، ئێستا بە هۆی شەڕەوە کە دەرفەت نییە دانەوێڵەی ئۆکراینا و رووسیایان وەک سەرچاوەی خۆراکی ژیان بگاتە دەست دانیشتوانی ئەم کیشوەرە . تاوانەکەش دەگێڕێتەوە بۆ روووسیا کە ڕێ بە کەشتییەکانی نادات، دانەوێڵە بگوێزنەوە بۆ بازاڕەکانی جیھان. . .

 دەڵێ: "شەڕ ھەتا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت، کە جیھان بازرگانی لەگەڵ رووسیا دا بکەن" ئەمە قسەی پارێزگاری کیێف، ڤ . کلیچکۆیە. پێشتریش لە چاوپێکەوتنێکدا وتوویەتی :" شەڕ تانک و تۆپ و تەکنەلۆژیای سەربازی یەکلای ناکاتەوە، بەڵکو ئیرادەی مرۆڤ، کە ئێمە خاوەنین بڕیاری لەسەر دەدات و دەیباتەوە".

هەتا ئێستا سێلێنسکی نزیکەی 150 وتاری داوە، بە جیاجیا بۆ زۆربەی وڵاتان، لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەریکا و ژاپۆن. . دوێنی لە داڤوس و پێش چەند ڕۆژێ لە فیستیڤاڵی سینەمایی کان و زۆربەی بۆنە سیاسیی و کولتوورییەکانی جیھاندا وتاری داوە.

بێ ھیچ کێشەیەک وتارەکانی بەشی کتێبێکی باش دەکەن، ھەر بۆیە لە ئەڵمانیا دوو کتێبی گرنگ لە بەھێزترین وتارەکانی بۆ مێژوو دەردەچێت. بە ناوی " دە وتاری دژ بە جەنگ" ".  Droemer دەری دەکات و کتێبی دووەم بەناوی " بۆ ئوکراینا- بۆ ئازادی" دەزگای Ullstein دەری دەکات، کە ٢٤ وتاری لەخۆی گرتووە و دواترینیان لە 30. 3. 2022 دا پێشکەش کراوە. داھاتی ئەم کتێبانەش بۆ پێداویستییەکانی گەلی ئۆکراینا تەرخان دەکرێت و سەفارەتی ئۆکراینا لە پاریس سەرپەرشتی دەکات. . .

سێلێنسکی. . لەوەتەی جەنگ ھەڵگیرساوە بە فانیلەیەکی ڕەنگ سەوزیی زەیتونییەوە بە ئاڵای وڵاتەکەیەوە، بە ڕووخسارێکی نێو بەرەی جەنگەوە زۆر بە سادەیی و ساکاریی دەردەکەوێ و سەرشان و ملی بە مەدالیا و نیشانەی جۆراوجۆر نەڕازاندۆتەوە، وەک ئەوەی فشە مارشاڵەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوین خۆیانی پێوە بادەدەن. .

لەگەڵ ئەوەشدا کە لەژێر ئاگربارانی بەردەوامی موشەک و بۆمبابارانی ھێزە ئاسمانی و سەرزەمینییەکانی رووسیادایە، بە ئارامی و لەسەرخۆیی دەردەکەوێ و دەدوێ و وتار پێشکەش دەکات. . ئەم ئارامی و لەسەر خۆییەی سیفەتێکی دیکەی ئەرێنییە و بۆتە جێی بایەخ و سەرنجدانی جیھان و مایەی سەرچاوەی وزە و ورەی بەرزی گەلەکەی. . . لەم دۆخە دژوارەدا زۆربەی وتارەکان بۆ خۆی دەیان نووسێ و راوێژکارەکانیشی ھاوکاری دەبن. .

 بەڕووی ناوخۆدا بەردەوام جەت لەسەر یەکێتی و یەکگرتوویی ئۆکرایناییەکان دەکات و داوایان لێدەکات ئەم چەکی یەکگرتنە دروست بکەن و بپارێزن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریی و بە ڕووی جیھانیشدا داوای کۆمەک و بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەی دەکات و سزا و گەمارۆدانی رووسیاش خواستێکی تری بەڵگەنەویستێتی و بانگەوازی وەستاندنی شەڕەکەش دەکات، بێ ئەوەی چۆک دا بدات بۆ دوژمنەکەیی و هەر بڕیارێکی ئاشی و شەریش بە دەنگی گەلەکەی بەڕێوە دەبات، کە پێچەوانەی رووسیایە، کە لە حەز و ئیرادەی پۆتیندا خڕ بۆتەوە. رووسیا هەر ئەوەی دەوێ دارودەستەیەک لە ئۆکرانیا دەسەڵات بەدەست بگرن، دەستچێنی مۆسکۆ و کوتەکی درێژی پۆتین بن و بەکرێگیراوی ڕووسیا و هەرگیز بیر لەوە نەکەنەوە سەربەخۆ و ئازادانە بڕیار بدەن.

سێلێنسکی داواکانی لە حکومەت و دەسەڵاتداران و سیاسییەکان و رۆشنبیران و ھونەرمەندان و سینەماکاران و موزیکژەنان و وێنەکێشان دەکات، بە دەسەڵات و حیکمەت و ھونەر و پیشەکەیان پشتیوانی بکەن لە ئۆکراینا. .

دەڵێ : " موزیکەکەمان ھێلەکی خۆپاراستنی لەبەردایە لەبری Smokings، داوا دەکەم: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی مێژووی شەڕەکەمان بکەن! ڕاستییەکان بگێڕنەوە، بەھەر شێوە و شێوازێک دەتوانن پشتیوانیمان بکەن، بێدەنگیمان ناوێ" .  .  .

لە وتارێکیدا لە ڤیستیڤاڵی سینەمایی Cannes باسی فلیمەکەی Apokalypse Now و تاوانەکانی ناو ڤێتنام وەبیر دێنێتەوە. . بە گاڵتەجارییەکەوە پەیام بۆ پۆتین دەنێرێ و دەڵێ :" سبەی بەیانی حەزم لە بۆنی ناپاڵم"ە. . فیلمی بەناوبانگی چارلی چاپلن The Great Dictator بە بیر بەشداربووان دێنێتەوە و دەپرسێ: " ئایا کاتێ دیکتاتۆریی ھەبێت ! دەبێت سینەما بێدەنگ و قڕوقەپ بێت!! . . ئەگەر شەڕێکی ئازادیخوازانە ھەبێت!! ڕەوایە سینەما بێدەنگ بێت!؟. . دەڵێ" ئێمە پێویستمان بە (چاپلن)ێکی نوێیە تا پێمان بڵێ ھەنووکە سینەما نابێت بێدەنگ بێت".  .

سێلێنسکی. . سەرۆک کۆمارێک لە هەموو ئاستەکاندا دەزانێ بە چ شێواز و میتۆدێک بۆ گەلی خۆیی و جیھان دەدوێت. . هەر بۆیەشە سۆز و سیمپاتی و پشتیوانی حکومەت و میللەتانی زۆربەی جیهانی بەدەست هێناوە و سەرکەوتووانە هاتۆتە پێشێ.

لە 17. 3. 2022 بە وتارێکی 15 خولەکی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، ئەم وڵاتە گەورە و بەھێزەی ھەژاند. . . لێرە ئازار و ژانەکانی سەردەمی جەنگی سارد و دیوارەکە و دوو دەوڵەتی ئەڵمانیای وەبیر ئەم گەلە ھێنایەوە، کە تا ساڵی1989 درێژەی کێشا. . . بەتەوسەوە ڕووی لە ڕاوێژکاریی ئەڵمانیا Olaf Scholz کرد- ئەم ڕاوێژکارە کە سەر بە پارتی سۆسیال دیموکراتە و کەمێک لەژێر کاریگەرێتی بیرکردنەوە و هەڵوێستی نەرێنی بەرژەوەندپەرستی کۆنە ڕاوێژکاری ئەڵمانیاGerhard Schröder دایە کە ناوبراو بەرژەوەندییەکی گەورەی لەگەڵ Putinدا ھەیە و لە پرۆژەی گەورە Nord Stream2 دا پۆستی ڕاوێژکاریی ھەیە و ڕێگریی لەوە دەکات چەکی قورس بنێردرێ بۆ ئۆکراینا- سێلێنسکی وتە بەناوبانگەکەی سەرۆکی ئەمەریکا Ronald Reagan دەداتەوە بە ڕوویان دا، کە داوای ڕووخانی دیوارەکەی لە گۆرباتشۆڤ و هۆنیکەر کرد و دەڵێ: " ئەو دیوارە بڕوخێنن" واتە ڕێگە بدە چەکی قورسمان بۆ بێت با ئەو دیوارەی شەڕی پۆتین بڕوخێنین بۆ ئاشتی . .

پێویستە بوترێ پێدانە هەڵوێستی حکومەتی ئەڵـمانی لە ئەوروپادا لەهەمبەر شەڕی ناوبراو لاوازە، بە هۆکاری ئابووریی، کە نزیکەش ٪٦٠ ڕێژەی گازی لە رووسیاوە بۆ دێت. هەندێ هۆکاریی مێژوویی و جوگرافیایی و سیاسی و ئایدۆلۆژیش، بوونەتە رێگرێکی تەواو لە بەشداری چالاکی ئەڵمان لەم شەڕەدا، بە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا.

شایانی باسە، سەرەک کۆماری ئەڵمانیا Frank-Walter Steinmeyer کە سەر بەھەمان پارتی شرۆیدەر و شۆلسە/ سۆسیال دیموکرات و بەشدارە لە پرۆژەکەی نۆرد ستریم دوو دا، ویستی سەردانی ئۆکراینا بکات، سێلێنسکی ڕەتی کردوەە و بە ڕاشکاوی وتی: " تۆمان نامانەوێت بێت و پێشووازیت لێ ناکەم!. . کەسێک با بێت/ ڕاوێژکار کە بڕیاری چەک ناردنی بەدەستە" . ئەمەیە ھەڵوێست و ئیمانی بەرز و باوەڕ بە دۆزی خۆت و ڕێزگرتن لە کێشە و خاک و نەتەوە و بوون و ناسنامەی خۆت.

لەوتارەکەی 23. 3. 2022 لە پەرلەمانی فەرەنسا کاولکاریی ئۆکراینا دەچوێنێ بە کاولکاری Verdun کە لەیەکەم جەنگی جیھانیدا خاپوور کرا. ھەر لێرە لە فەرەنسا ئاماژە بە دروشمە گەورە سێکوچکەییەکەی شۆڕشی فەڕەنسا( ئازادی، یەکسانی و برایەتی) دەکات! دەڵێ: " ئۆکرایناییەکان چاک دەزانن بەھای ئەم دروشمە لای فەرەنسییەکان چەند بەرز و بەنرخە" . . . ھەر لەم میانەدا گوتەکانی چەرچڵ و شکسپیر بە بیر دێنێتەوە " هەبین یا نەبین " : ئەوجا رۆڵێکی ئەکتەری بەناوبانگ جۆن پلۆ مۆندۆ بەبیر دێنێتەوە. . دەڵێ " گەر لەم شوێنەدا نەبێت، ئەی من لە کوێدا ئەم وشە بھێنمەوە یاد کە ھی بەریتانیای گەورەیە".  .  .

لە ئیسپانیا باسی کوشتاری Guernica بەیادی ئیسپانییەکان دێنێتەوە و لە پورتوگال باسی شۆڕشی Nelken دەکات و لە دانیمارک خەباتی رزگاریخوازی لە دژی ئەڵمان وەبیر دێنێتەوە و بیری گەلانی ئەوروپا دێنێتەوە و بچنە ئەو دۆخەوە کاتێ خۆتان بەو وێنەیە نمایشت دەکەن نیشتمانیان داگیرکراوە و دەکوژرێن و کاول دەکرێن. . .

لە وتارەکەیدا بۆ ژاپۆنییەکان باسی Tschernobyl دەکات و وەک مۆتیڤ لە چەقی باسەکەیدا دەیخاتە ڕوو. ھەروەھا بێ ئەوەی باسی فۆکۆشیما بکات، دەڵێ:" ھەر یەک لە ئێوە دەزانێ چەرنۆبەل واتای چییە!.  .  .

"بەڵێ ھەموو ئەم ڕاستییانە بەستراوە بە یەکگرتوویی خۆمانەوە". مەبەستی گەلەکەی خۆی و تێكڕای مرۆڤایەتییە، دەنا هيريشەی چەکی ئەتۆمی پۆتین لە ئان و ساتدایە.

سەرۆکی ئۆکراینا، لەھیچ وتارێکی دا چەمک و وشەی: (ئازادی، ڕوومەت یاخود پاڵەوانێتی)، لە بیر ناکات و دوا وتەیشی ھەمیشە شکۆی ئۆکرانیا (Slava Ukraine ) ەیە. . .

لە دوا وتاریدا ئاماژەی داوە بەوەی : "تا جەنگ تەواو دەبێ، بەردەوام بین لەسەر بەرگریی. . ھەموو ڕۆژێ ئۆکراینایی دەگلێن و دەمرن بۆ ئەوەی ئێمە سەربەخۆ و ئازاد بژین". . . کاتێ رۆژی 22. 5. 2022 سەرۆکی وڵاتی پۆلۆنیا Andrezej Duda بۆ سەردانی کیێف چوو، سێلێنسکی وتی: " بێ ئۆکراینایەکی ئازاد، پۆلۆنیایەکی ئازاد ناتوانێ ببێت".

ئەم هەقیقەتەی جوان پێکاوە، چونکە چاوچنۆکی پۆتین هەر بەسەر ئۆکرایناوە ناوەستێ، ئاخر سروشتی دیکتاتۆریی شەڕانگێز وایە، هەموو جیهان چاو و حەزی پڕ ناکاتەوە. . . پرۆفیسۆری دەرونناسی بەناوبانگی ئەڵمانی Hans Jürgen Wirth دەڵێ: " پۆتین نەخۆشی دەسەڵات و گەورەیی هەیە لە فۆڕمی نێرجسیتێکی کاولکارانەدا "

بەڵێ . . ئەوروپا بە گشتی ئەم شەڕەی رووسیا و پۆتین بە دژی دیموکراسی و ئازادی دەزانن و گیانی چاوچنۆکی و فراوانخوازی پۆتین بۆتە جێی مەترسی وڵاتانی بە تایبەت رۆژھەڵاتی ئەوروپای ژێردەستی شوورەوی جاران . ئەم ھەڕەشە و ترسە ھەردوو وڵاتی سوید و فینلەندایشی ھێنایە سەر قەناعەتی بە ئەندام بوون لە ڕێکخراوی NATO دا، لە کاتێکە چەندەھا ساڵە ئەم دوو وڵاتە بێلایەنی خۆیان ڕاگەیاند بوو.

لە وتاری کۆڕبەندی ئابووری Davos دا، لە وڵاتی سویسرا دەڵێ:" جیھان باوەڕی بە ئیرادەی ئۆکراینا ھەیە. . . ئێمە چین و چمان کردووە و چ دەتوانین بکەین".

بە کورتی بەپێی گووتەی شارەزا و لێکۆڵەر و چاودێرەکان، لە ئایندەشدا سێلێنسکی ھەر وتارێک بدات، ئەوە دەردەخات کەوا ئۆکراینا ئەم شەڕە نادۆڕێنێ. . .

شایانی باسە ڕۆژی دووشەممە23. 5. 20222 بۆ یەکەمجار دادگای ئۆکراینا سزای زیندانی ھەتاھەتایی دا بەسەر سەربازێکی رووسیدا سەپاند، کە کەسێکی سڤیلی تەمەن 62 ساڵ کوشتووە. ئەمەش ڕەھەندێکی نوێ و تایبەتمەندییەکی تری شەڕی ئۆکراینای بەخۆوە گرت. . . ئەم شەیپوورە بەڕووی سەربازانی رووس و جیھان دا ھەڵگری ئەو پەیامەیە کەوا : مەیدانی شەڕیش گۆڕەپانێکی واڵا نییە بۆ تاوان ئەنجام دان و کوشتنی کەسانی بێ بەرگریی و بێ چەک. . .

ھاوکات ئاگادارکردنەوەی هەموو سەربازانی رووسیایە، گەر تاوان ئەنجام بدەن لە دەست دادگا رزگارتان نابێت. . . جێ بایەخە کەوا لە کێیڤ دادگایی ژمارەیەکی زۆری تریش وا بەڕێوە. . .

ئەی ئێمەی کورد؟؟!!.  .  .

لەم میانەدا لە دوو بڕگەدا بە خێرایی دۆزی کورد بەسەر دەکەمەوە و گرێی دەدەم بەم باسەوە. . .

ئایا کورد تا ئیستا پەیامێکی پوخت و ڕوون کراوە بەڕووی میللەتانی سەردەستی خۆیدا واڵا کراوە!، کە ھەموو ژان و ئازار و کوێرەویییەکانی لە خۆی گرتبێ و ھەڵگری ڕەگەزی ھۆشیاری و بە ئاگا هێنانەوە و تێگەیاندن بێت!!، بۆ ئەوەی ئەو گەلانە دروست لێی حاڵی بن و لایان ڕوون بێتەوە: تا کێشەی کورد چارەسەر نەبێ، ئەوانیش مەحاڵە بتوانن تامی ئاشتی و ئارامی بچێژن. . ناتوانن بە ئارامی بژین، گەشە و پێش ناکەون. . وە ھەروەھا بۆ ئەوەی چیدی خوێنی ڕۆڵەکان بە خۆڕایی نەڕژێ، پێویستە ڕێ لە بازرگانی شەڕ و داگیرکاریی بگرن و گوشار بۆ سەر حکومەت و دەسەڵاتی خۆیان بھێنن، چارەسەرێکی بنەبڕی ئەم پرسە بکەن. کوردیش پێویستە بێتە خاوەنی ماف و دەسەڵاتی خۆی و سەقامگیریی و تەبایی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێ ؟!.  .  .

یاخود کورد ھەر ئەوەی کردووە: شەرمنانە دەستی ڕازی بوون بۆ تاوان و ستەمەکان بەرز بکاتەوە. نە خۆی بزانێ چی دەوێت و نە دۆست و دوژمن لێی حاڵی بن !! دەبێت هەر سروود و گۆرانی بۆ پێکەوە ژیانی درۆزنانە و نابەرانبەر بکات لەگەڵ داگیرکەری بکوژ و خوێناویدا و بە فشە ماف ڕازی بێت. ، کە ئەویشی پێ ڕەوا نابینن. بە دەبڕینێکی تر، گوتاری کوردیی هێڵی تۆخی کێشاوە لەنێوان خۆیی و ئەوانی داگیرکەر و دوژمن و بێگانەدا؟!.

باشە ئەوە دەبینین سەربازێکی داگیرکەری رووسی لەسەر کوشتنی تاکێکی ئۆکراینایی سڤیل چ چارەنووسێک ڕووبەڕووی بۆوە. . . دەسەڵاتی ئۆکرانیا چۆن مامەڵەی کرد.

 ئایا بکوژانی کورد چ کاردانەوەیەکی هەبوو، هەیە بەرانبەر بە : داگیرکەرەکانی، بەرپرسە باڵاکانیان، ئەو فرۆکەوانانەی بۆمبابارانی هەڵەبجەیان کرد، هەڵوێستمان چ بوو بەرانبەر بەرپرس و ئەفسەرە پلە باڵاکانی پاڵەوانەکانی ئەنفال و وێرانکەرانی کۆبانی و خوێنڕێژانی سنەی خوێناوی .

مشتێ لە ناوەکانی(( ئەتاتورک و سەدام و ئەسەد و خومەینی و ئەردۆغان، زەعیم سدیق و عەلی کیمیاوی و نزار خەزرەجی و وفیق سامەڕایی و تاریق رەمەزان و ئاغایانی بەنی سەدر و خاڵخاڵی و جەعفەریی و سەحراوی. . . و هتد)) تراژیدیای مێژووی نەتەوەی کوردی ستەم لێکراومانە .

حەکیم کاکەوەیس جوانی پێکاوە، لە ڕۆمانی تەونی جاڵجاڵۆکەدا لە زمانی "ھەقەلی" یەوە دەنووسێ : قەیدی چییە؟. . من یەخسیری جەنگم و لە بەرەی شەڕدا گیراوم! نەختێکی دی، وەک ئەفسەرە زلەکەی بەعسم لێ بکەن! ڕێبازی شۆڕشم بۆ ڕوون بکەنەوە و ئازادم کەن! دەبێ ئەوەندەی ئەویشم ڕەوا نەبینن" ؟!.  .

---------------------------------------------------

سەرنج: سوود وەرگیراوە لە چەند وتارێکی رۆژنامەی تاگەسشپیگل و بینینی چەند گوتارێکی ڤیدیۆی سێلێنسکی .  .  .

 

We have 62 guests and no members online