کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

خوێندنەوە و ناساندنی کتێب .. گەشتی ژیانم ... هەڵۆ بەرزنجەیی بەشی (١)

Pin It

 

 

مەسعوود محەمەد " گەشتی ژیانم "،  چاپی سێیەم/ ٢٠٠٩  (٥١٤) لاپەڕە . . .

بڵاوکراوەی سەنتەری لێکۆڵینەوە و پەخشی کۆیە

                                           ٢٥/٣/٢٠٢٢

ئەگەر ڕۆحی مامۆستا ڕێگەمان پێدات، ژیانی دابەش بکەین بەسەر چوار قۆناغ دا ئەوە بەختەوەر دەبین، ئاخر خۆی ئارەزووی کەرت کەرتکردنی باسەکانی نەبوو. ئەو ڕاستیش دەکات، دەست و قاچ و چاو و دەم و مێشک و چەند ئۆرگانێکی تر بە تێکڕا جەستەی کەسێک پێک دەهێنن، ناوی مەسعوود محەمەدە، ئیدی ئەم کوتکوتکردنەوە لە پای چی؟. . .


+ قۆناغی منداڵی و پاشخانی بنەماڵەیی.

+ قۆناغی خوێندن و تێکەڵبوون بە سیاسەت.

+ قۆناغی نوێنەرایەتی و ڕۆڵی ئاشتیخوازانە.

+ قۆناغی نووسین و فیکر و ڕۆشنبیریی.

بەسەر یەکەوە لە پەراوێزی گێڕانەوەی گەشتی تەمەنێکی 83 ساڵەدا گەلێ لق و پۆپی لێ دەبێتەوە و لە بوارە جیاجیاکان دا سەر بە باوەشی کۆمەڵێ بابەت و چەندین باسوخواستی جۆراوجۆردا دەکات.

نووسەر هەر لەسەرەتاوە کەسایەتییەکی فرەڕەهەند بووە لە بوون و بیرکردنەوە و نووسین و کاروچالاکی دا. . . ناوبراو لەم بەرهەمەدا گەلێ لایەنی ژیانی بەسەر کردۆتەوە و مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسی سەردەمی خۆی تێدا تۆمار کردووە. لەم بەرهەمەدا ناوی چەندان کەسایەتی دیار و هەڵکەوتووی کوردستان(( رەفیق حلمی، مەلا فەندی و عیزەدینی کوڕی، حسین . ح . موکریانی، شێخ مەحمود، تۆفیق قەزاز، سەید نوری نەقیب، پیرەمێرد عەلی حیدر سلێمان، ئیسماعیل حەقی شاوەیس، کانی شاعیر، بابەکر ئاغا، سەید ئەحمەدی خانەقا، نافز جەلال، ئیحسان شێرزاد، فوئاد عارف، ئەمین زەکی بەگ، دڵداری شاعیر، قەدری جەمیل پاشا، کاکە زیادی کۆیە، شێخ لەتیف، حەمەرەشید ئاغای بانە، رەشید باجەلان، کاکە حەمەی خانەقا، فەتاح شاڵی، سادق بەھادین، سدیق ئەتروشی، جەمال بابان، مەعروف جیاوک، ئەحمەد موختار بابان، مەلا مەعسوم ھەورامی، سەعید قەزاز، ڕەشید عارف، فەتاح بەگی ھەمەوەند، ماجد مستەفا، مەلا مستەفا، برایم ئەحمەد، جەلال تاڵەبانی، عەلی عەبدوڵا، جەلال حامید بەگی جاف، بەھیە فەرەجوڵڵا، فایەق بێکەس، ساڵح زەکی ساحێبقڕان، شاکیر فەتاح، زەکی ھەناری، شێخ ئەحمەدی بارزانی، بکر ئیسماعیل، ڕەشۆل، فایەق ھوشیار، قادر دیلان، تۆفیق وەھبی، زەبیحی، عەباس مامەند ئاغا، زەید ئەحمەد ئەفەندی، ساڵح یوسفی، نوری شاوەیس، شێخ محەمەدی خاڵ؟ حسین شێروانی، د. کەمال مەزھەر، ھەژار، ھێمن، رەوشەن بەدرخان، مەمدوح سەلیم، عەلی عەسکەری، د. ئەورەحمانی حاجی مارف، قاسملۆ، عەلی سیدو گۆرانی، محەمەد سەعید خەفاف، خەیروڵا عەبدولکەریم، کاوێس ئاغا)و زۆری تریش، و کەسایەتی عێراقیشی( مەلیک غازی، حسین جمیل، عزیز شریف، عەبدولھیلا، نورەدین مەحمود، نوری سەعید، مستەفا جواد، تاھیر یەحیا، عبدالسلام عارف و عبدلرحمان عارف، ئەحمەد حسن بکر، سدیق شنشل، کامل چادرچی، عبدلرحمن بزاز، جمیل مدفعی، رشید عالی گیلانی، یاسین ھاشمی، عەبدولکەریم قاسم، سەدام حسین، ) تێدا هێنراوە و لەگەڵ زۆربەیاندا بیرەوەریی تایبەت دەگێڕێتەوە.

گەشتی ژیانم هەر بیرەوەریی تەنیا مێژوونووس و یان شاعیر و ئەدیب و سیاسی و پیاوێکی دەوڵەت نییە، بەڵکو چارەنووسی تاکێکی کوردی بێ ناسنامە و دەوڵەتە، هەوڵی داوە بەوپەڕی ڕاستگۆیی و پاکێتییەوە ڕووداو و بەسەرهاتەکانمان بۆ بگێڕێتەوە لە کۆنتێکسێکی تژی لە ئەزموون و وانە و پەند دا، کە دواجار گەشتەکەی ژیانی دەبێتە لاپەڕەیەکی گرنگی مێژووی نەتەوەکەی.

مەسعوود محەمەد لە ساڵی 1919ـ2002 لە ھاوینەھەواری چنارۆک لەدایک بووە. بەهۆی ئەوەوەی کە بەتاقانە هەژمار کراوە، منداڵێکی ناز پێ دراو بووە. لە بەردەستی باوکێکی دیار و زانای گەورەی ئاینیدا و لە کۆڕ و دیوەخان و تەکیەی ماڵی خۆیان و نێو فەقێ و خوێندەوارانی کۆیەدا گەورە بووە. ئەودەم کۆیە مەڵبەندێکی تەواو ئاوەدان و خاوەن مێژوویەکی گەورە بووە و ڕواڵەت و ئادکاری شارستانێتی ھەبووە. مەسعوود محەمەد سەردەمانێکی زۆر بە باخ و بێستان و سروشتەوە سەرقاڵ بووە و پاشان بەهۆی ئەم شارەزاییەوەکە لەم بوارەدا پەیدای دەکات، بە تایبەت ژیان بەسەربردن لە ھاوین دا لەنێو باخەکانی چنارۆک سوودی گەوەرەی پێدەگەیەنێ . . " دواتر کەخۆم درەختی دیکەی ھەمەجۆرەم لە باغەکان ناشت ھەستی خزمایەتیم لەگەڵیاندا ھەمیشە دەستپارێزی پێ دەکردم لەئەزیەت دانیان". ل ٣٩

لە بواری توتن و خەلە و خەرمان و دروێنە و پیشەکانی تری جوتیاریدا، بەشداری کردووە . ئەم قاڵبوونەوە و تایبەتمەندییەی دواتر ڕەنگدەداتەوە لە گەلێ لایەنی ژیان و هزر و نووسینەکانی دا. بۆنموونە: گوتارەکانی لەسەر تووتن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یاخود بەراوردکردنی دیوانی( نالی) بە دیوانی (حاجی قادری کۆیی)، کە پڕە لە دیمەنی گوڵ و باخ و سروشت لەبەرئەوەی نالی ژیانی منداڵی لە گوند بەسەر بردووە، بەڵام لای حاجی کە ئەم دیاردەیەی کەمتر دیارە، بەهۆی ئەوەوەی کە حاجی زیاتر لەشاردا ژیاوە.

خاڵێکی تری ئەرێنی ئەم ئەزموونەی، تێگەیشتنە لە ژیانی ڕەنجبەر و ئەو دۆخەی تێیدان . بەتایبەت لە ڕووی ململانێ و دیالێکتی مرۆڤ بە دەوروبەرەکەیەوە و کامیان کاریگەرترن. لەم ڕووەوە دەڵێ:" باوەڕھێنان بە ڕەوابوونی ھەوڵی ڕەنجدەر لە پێناوی سوودمەندبوون بە بەرھەمی ڕەنجەکەی ڕەوابوونی بەکارھێنانی مافی ڕازی بوون و ڕازی نەبوون لەلایەن ڕەنجدەرەوە لەو شتانەی پێوەندییان بە کاسبییەکەوەی خۆیان یان باری گشتی وڵاتەوە ھەیە". ل٤٤

مەسعوود محەمەد لە دەڤەرێکی کوردستانەوە هەڵدەکشێ بۆ ئەندام پەرلەمانی عێراق و دواتر دەبێتە وەزیر. بەهۆی نووسین و بیروباوەڕە ڕاشکاوەکانییەوە، ناوبانگی لە سنووری دەرەوەی کوردستان و عێراقیش بڵاو دەبێتەوە، بەتایبەت بە هۆی نووسینە عەرەبییەکانییەوە لە نێو کایەی ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی عەرەبی دا. ئەو خۆیشی ددان بەوەدا دەنێ: کەوا بۆ دەستەبژێری هەرە باڵای نووسیوە، بەڵکو بتوانێ کاریگەریی لەدەسەڵاتداران بکات، هەڵسوکەوتیان بە چاکەی مرۆڤ بخەنە گەڕ. .

 مەسعوود پیاوێک، ڕۆشنبیرێک لە بیر و وشە و هەڵوێست و بوێری!، شۆرەسوارێکی نەگلاوی مەیدانی فیکر و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی و زمانەوانی، فەیلەسووف و بیرمەندێکی هەقویست و ڕاستی پەرستی مرۆڤ ویست و ئارەزوومەندی بەدەستهێنانی بەختەوەری ڕاستەقینە بۆ مرۆڤایەتی. ئەقڵێکە خوێندنەوەیەکی مێژوویی دەکات بۆ ڕۆڵی گرنگ و باڵا دەستی یەکلاکەرەوەی مرۆڤ لە ڕووداوەکانی سەر شانۆی ژیاندا بەسەر سرووشت دا. وەک دەزانین ئەم لایەنەی ژیانیش بۆ خۆی، هەستیارترین و قورسترین و پێچەڵپێچترین بواری تێڕامان و فیکر و سیاسەتە و دیدگایەکە لە ڕامان و تێڕامان بە تایبەتمەندی و پرنسیپی سەربەخۆی خۆیەوە.

وەک بیرمەندێ سەرەتا لە چوارچێوەی حیزبەوە ـ پارتی دیموکراتی کوردستان ـ، دەچێتە سەرشانۆی سیاسەت، هەر زوو ناکۆکی و نەگونجانی لەگەڵ ئاڕاستە و بیرکردنەوەی حیزبەکەیدا بەدیار دەکەوێ و ڕێک ناکەون و لە حیزب خۆی دەکشێنێتەوە. دەبێت دۆست و نەیارانی مەسعوود محەمەد هەر لەم پنتەوە ئەوە بزانین، ئەگەر ناوبراو بە دووی بەرژەوەندی و ناوی خۆیەوە بوایە، دەیتوانی حیزب دامەزرێنێ و جەماوەریش لەخۆی کۆبکاتەوە. بەڵام ئەوە ناکات، چونکە تێڕوانینی ئەو بۆ پرسی نەتەوەکەی شتێکی ترە و باوەڕی بە یەک هێزیی کورد هەبووە، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە پیرۆزە گەورەکە. لەمەش گرنگتر مەیلی بەلای ئەو مۆدێلی حیزبایەتییەدا نەچووە، کە کرۆکی توندوتیژی بووە و بە خوێنی خەڵک بەڕێوە چووە. ئەم خەسڵەتەشی دەگەڕێتەوە بۆ قوڵایی ئەو پرسە نەتەوەیی و فیکرییانەی تانوپۆی کرۆک و گەوهەری مەسعوود محەمەدیان چنیووە.
بەڵێ، کاتێ وازی لە حیزب هێناوە وەک بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و هۆشیارییەکی سیاسی و سەلماندنی بێگەردی بێنیازی خۆی بۆ خزمەتکردن،  ڕازی نەبووە حیزبی دیکە دامەزرێنێ و حیزب کەرت بکات و ریز و وزەی نەتەوەکەی تێک و لاواز بکات. ئەمەش بە پێوەری ئەورۆژگارە و هی ئەمڕۆش بە چاوێکی پڕ بەنرخەوە هەڵدەسەنگێندرێت. ئەم هەڵوێستە هۆکارێکی خودیشی هەیە و پەیوەستە بە قەناعەتی فکری و جیهانیی خۆیەوە کاتێ دەڵێ: من خۆم دەناسم بەرپرس بوونی شتی گەورەم پێ هەڵناگیرێ چونکە ناتوانم خەڵق بۆ ئاستەنگان هەڵدێرم کە دەزانین سیاسەتی ئەم جیهانەی سێیەمە نزیکە بریتی بێ لە خەڵق بە فەنادان، دەنا هیچ ئامانجێک لەوانە نابێت بەرو پێک هاتن بێت. ل٣٥٥. . .

دوای ئەم کورتەیە چوونە نێو جیهانی فراوانی کەسایەتی مەسعوود محەمەدەوە. . ئینجا ئێمە هەوڵ دەدەین لە بەرەوە سواڵە و مەڵۆ لە خەرمانی ژیان و ئەزموون و گەشتەکەی نووسەر و بیرەوەریی و بۆچوونەکانی پێشکەش بە ئێوە بکەین.

دەڵێن: " کەسێک دەستی لە گیرفانیدا بێت، ناتوانێ بەسەر پەیژەدا سەرکەوێ ". جا بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لێرەدا بێ گرفت سەرکەوین، ئەوا ئێمە دەستمان دەردەهێنین و بۆ چڵەپوشێکیشی درێژ دەکەین، تاوەکو دەگەینە لوتکە و لەم گەشتەدا خوێنەر بە بیر و بەرهەمەکانی مەسعوود محەمەد ئاشنا دەکەین. .

کتێبێکی 514 لاپەڕەیی بەخۆڕایی ڕەش نەکراوەتەوە و مەسعوودیش لەبەرئەوەی کەسایەتییەکی هەڵکەوتوو بووە، ژیانی لە بۆشاییدا بەسەر نەبردووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە نزیکەوە و زۆر نزیکەوە ئاگاداری بەشێکی گرنگی مێژووی ڕووداوەکانە لەسەر ئاستی بەرز. پێگەی فکری مەسعوود هێندە بەرز و گرنگ بووە، لات سەیر نەبێت کەوا هیچ وتار و کتێبێکی نییە، ورووژان و هەرای بەدوای خۆیدا نەهێنابێت. بەداخەوە لە دەگمەن دەگمەنتر وەڵامی بابەتی و ئاوەزمەندانەیان داوەتەوە یان لەگەڵیدا بە نووسین و دیالۆگ کەوتوونەتە ململانێی فیکر و باوەڕەوە. . مەگەر هەر لە دوورەوە بەردەفڕکێی بەرامبەر کرابێ!!. . یان بە ناوی خوازراوەوە، تۆمەت و بوختانی بۆ داتاشرا بێت !!. خۆ ئەگەر وانەبوایە و بەو میتۆد و ترادیسیۆنە کارمان بکردایە، کە پێویست بوو کار بکرایە، وا هەنووکە  هەم بەرهەمگەلێکی تریشی پێشکەش دەکردین و هەمیش زەمینەی کوولتورێکی شارستانی و تەندروستمان لەبەردەست دەبوو، کە بتوانین بیکەینە گۆڕەپانی تاودانی بیروڕا جۆراوجۆرەکان و ژینگەی ئازادانەی دەربڕینیان و سەکۆیەکی مەحکمە ئاڵوگۆڕ و گەنگەشەی پرسە چارەنووسسازەکان. فێردەبووین گوێی لە یەکتر بگرین و بیروڕای جیاوازیش ڕێگە پێ بدەین، پێشبڕکێکیەکی تەندروستنمایشت بکەین.

نووسەر وەک بیرمەندێک قورسایی خۆیی و قەڵەم و دەنگ و زمانی چڕ و ئامادەگی بە چەندین بەرهەم لە کایەی ڕۆشنبیریی کوردیدا هەیە و کتێبخانەی کوردی بە بەرهەمی شاکار و تاقانە ڕازاندۆتەوە. ئەوەی جێی بایەخە ئەوەیە تێکڕای ئەو باسانە بە جۆرێک لە جۆرەکان سوود و پەند و وانەیەکی تێدایە بۆ لێوەفێربوون و چێژ لێ وەرگرتن.

مەسعوود محەمەد کوڕی بنەماڵەیەکی دیار و ھەڵکەوتووی خاوەن پێگەی فێرگە و پەروەردە و ئایین و زانست و زانیارە، ناوبانگیان سەرتاسەری کوردستانی گەورەی تێپەڕاندووە. ھاوکات پێگەی ئەدەب و ڕۆشنبیریی . لەدەرەوەی ئەمانەشەوە مەسعوود محەمەد بۆخۆی زوو دەبێتە کەسایەتییەکی دیار و ھەڵکەوتووی واقعی کتومت کوردی، کوڕی باژێڕێک هەم سیما شارستانێتی پێوە دیارە و هەم گوندیی. مەسعوود پەروەردە و قاڵبووی دەستی هەردووکیانە. بە شێوازێکی دەرەوەی بارە تەقلیدییەکەی باو و باپیرانی. .

کەسایەتییەک بە دنیایەک ئەزموون و دابونەریتی گوندی و شاریی و مشتوماڵ دراو بە خەسڵەتی عەشایەری لەرووی دابونەریتی کۆمەڵایەتییەوە و مۆدێرن لەگەڵ دەوروبەردا. بەنموونە کاتێ تیشک دەخاتە سەر باسی دیوەخانی عەشایەری ناوچەی پشدەر، چۆناوچۆنی واقیعەکە بەرچاو دەخات، کە ڕەنگدانەوەی گەشەی کۆمەڵایەتی باری کۆمەڵگەی کوردییە، نەک دروستکراوی باوەڕ و دەستی خۆی! یاخود حەز و ئاواتی ئەم بونیاتە کۆمەڵایەتییە. مەسعوود محەمەد دواتریش لە شارێکی گەورە و دیاری وەک بەغدای پایتەخی عێراق دا، لەناوەڕاستی چلەکانی سەدەی ڕابووردوو، دەمی شەڕی جیھانی دووەم خوێندنی یاسا تەواو دەکات.

ئەم بیرمەندە لە ھەر قۆناخێک دا بوو بێت ھەوڵی داوە تیشک بخاتە سەر رۆژگارەکەی. کاتێکیش دەبێتە خوێندکاری زانکۆ شێوەی خوێندن و سیماکانی سەردەمەکە ڕوون دەکاتەوە. کاتێ لە بەغدا ھەست بە غوربەت دەکات، ڕۆژێ لە ڕۆژان لە ژووری ھوتێلەکەی دەنووسێ: " دوو مانگ دەبوو ھاتبوومە بەغدا تەنیا بووم دیوانی نالیم لا بوو. لە سۆزێکی غەریبی و نھێنییەکی ناخی دڵەوە ئاگربارانەکەی ( قوربانی تۆزی ڕێگەتم) م بەسەر خۆمدا باراند. ھای برا ئەو جەھەننەمە چیبوو لەو شەوەدا پێی سووتام. . شیوەنێکم کرد بە قسە ناگوترێتەوە. ھەرچی کەسەرێ لە دڵدا کەڵەکەی کرد بوو بە فرمێسک ھەڵم ڕشت . دەمێک بوو نەگریابووم . پێویستیشم پێی بوو. ئەو شەوە جۆگەلەی فرمێسکانم چۆڕ بڕ کرد. . وشکاییم ھێنا ھەتا جارێکی تر دەزێتەوە خوا کەریمە"!. ل ٢٣٢
 

وەک نوێنەری کورد تێکەڵ بە دنیای سیاسەت دەبێت و پلە و پۆستی گەورە و شایستە بەدەست دێنێ. . . لێوەشاوەیی و بلیمەتی خۆیی و باڵا لەدەستی لە فیکر و ئەدەب و زمان و یاسادا، دەبنە ھاوکارێکی گرنگی بۆ سەرکەوتنەکانی. . . رۆژگارەکەی کۆتایی جەنگ و ھەژموونی بیری مارکسایەتی وەک ئایدۆلۆژیا باڵی بەسەر تەواوی جیھان دا کێشا بوو. بەدەگمەن کەسانێک پەیدا دەبوون لەدەرەوەی ئەم خولگەیەوە بیر بکەنەوە و بتوانن بیروباوەڕی خۆیان دەربڕن. . .

لە ساڵی 1925 لە شاری کۆیە دەخرێتە بەر خوێندنی سەرەتایی، زیرەکی و لێهاتوویی لێ بەدیار دەکەوێ. بۆخوێندنی ناوەندی دەچێتە شاری هەولێر و مانەوەی لە گوندی باداوە، "مەلا ئەفەندی" دەبێت. ئێرە دەبێتە سەرەتایەکی گرنی ژیانی و چوونە نێو شاری گەورەوە. دواتر نێزیکێتی لە عیزەدینی مەلا ئەفەندی وەک کەسایەیەتییەکی خوێندەوار و دیاری سەردەمی خۆی دەرگای ژیانێکی نوێی بۆ واڵا دەکات و بە ئەدەبیانی جیهانی ئاشنا دەبێت، بەرهەمی ئینگلیزی دەخوێنێتەوە. دابێکی دیار و بەرچاوی کوردەواری میواندارییە، کە دیوەخانی ماڵی مەلای گەورە و ھاوینەھەواوری چنارۆکیان ھەمیشە ئاوەدان بووە. "دوای چوون بۆ خوێندن لە ھەولێر و مانەوەی لەماڵی مەلا ئەفەندی گۆرانێکی باش لە ژیانی دێنێتە کایەوە. دەرگای ئاسۆی نوێی بۆ دەکاتەوە" هەروەها باس لە دۆخی ئەو سەردەمەی هەلێر دەکات "ھەولێر گیانێکی کوردایەتیی تازە کەوتبووە ناو گەنجە تازە خوێندەوارەکانیانەوە. مامۆستا رەفیق حیلمی دەورێکی گەورەی بینیووە لە ئاگادارکردنەوەی ئەو خەڵقە بۆ کوردبوون و خۆ بە کوردزانین». ل١٥٩

دواجار قوتابخانەی پێ تەواو ناکرێ و دەست لە خوێندن هەڵدەگرێ. بۆ ماوەی دوو ساڵ جارەوجار دەچێتە وانەکانی باوکییەوە لە مزگەوت. ئەمەش ئۆخژنی نادات. دواتر دەست بە خوێندن دەکاتەوە و و ئارەزووی خوێندنی زانکۆی ڕشتەی یاسای لا دروست دەبێت. بۆ خوێندنی زانکۆ دەچێتە بەغدا. ئەم وێستگە گرنگە گۆڕانی گەورە لە ژیانیدا ساز دەکات.
چەند دیمەنێکی پەیوەندی و جۆری ھاتووچۆی نێوان شارەکانی کوردستان و بەغداشمان دەخاتە بەرچاو. . . ھۆکاری ھاتووچۆ و ئامێر و سەختی و ناخۆشی ڕێگاوبان، ھەروەھا لەو ڕۆژگارەدا گوستنەوە لە ڕووی ئابوورییەوە، گەلێ ھەرزان بووە. لە گەشتێکی بۆ بەغدا سەردانی شای کوردستان (شێخ مەحمودی نەمر) بە دوورخراوەیی. . دەکات. باس لە دیمەن و خەسڵەتێکی گەورەیی شێخ دەکات: "ڕاستە دەڵێن جەوھەری مرۆ لە دەمی سەغڵەتیدا دەردەلەوێت. شێخ لەو بارە نالەبار و کزەدا یەک کێوی وەقار و قورسی و بەخۆنازی و مێوان نەوازی بوو" . ل١٦٤  .

 زۆر باسی گرنگی رۆژگار دەکەونە پەراوێزی گەشتەکەیەوە. بۆ نموونە: ڕووداوی کودەتاکەی "بەکر سدقی" دڵسۆزیی و کوردایەتی داوماو حسێن حوزنی موکریانی و چیرۆکی چاپخانەکەی. لەم بەرهەمەدا ئاماژە دەدات بەشتێکی گرنگ، ئەویش بیرەوەرییەکانی! "فایەق بێکەس"ی شاعیر گەورەمان. . . بەداخەوە ئەو باسە ھەر لێرەدا بەرچاو دەکەوێ وکەسی تر باسی ناکات و ئەو سەرچاوە گرنگە دیار نییە!!. دیمەنێک لە ڕۆژانی جەنگی جیھانیش دەخاتە بەرچاو و بیروڕای خەڵکی لەمەڕ شەڕ و پریشکی ئەو شەڕە نەگریسە بۆ سەر کوردستان. تێکەڵ بوون بە کوردانی دانیشتووی ئەو سەردەمەی بەغدا و کۆمەڵی کەسی نوێ دەناسێ و چاوی بە پێگەی ڕەنگاوڕەنگی ڕۆشنبیریی ئەو سەردەمەی بەغدادا زیاتر دەکرێتەوە. لەوێش بە سەرکەوتوویی ساڵی 1944-1945خوێندن تەواو دەکات.

مەسعوود محەمەد وەک پیاوێکی بەئاگا لە ڕووی سیاسی و سەربازیی و مێژووییەوە سەرنج لە ڕووداوەکانی جەنگ دەگرێ و بیروڕای خۆی لەسەریان دەردەبڕێت . خوێنەر وا دەزانێ کتێبێکی مێژوویی دەخوێنیتەوە، یاخود نووسەر، ھەواڵنێری جەنگە و ڕاپۆرتی لەسەر نووسیوە. بەڕاشکاوی بیروڕایەکی بنجی خۆیی دەدەبڕێ:" من بە دڵ و بە باوەڕ کە جارێ زووش بوو بۆ باوەڕ ڕەگ لە ھۆش و گۆشتمدا داکوتێ، لای دیموکراسی بووم. لە کولانەی کوردایەتیشەوە ھیچ مەرحەبایەکم لە نازی و فاشیستەوە نەدیتبوو حەزی خۆمی پێ بگۆڕم نە ئەڵمانیا نە ئیتالیا بۆ ھەڵخەڵەتاندنیش ڕادیۆیێکی کوردیان نەیەخستە کار". ل ١٨٩. لە کاتێکدا خەڵک بەرەو ھیتلەرپەرستی دەچوو بە ھۆی سەرکەوتنە بەرچاوەکانی ئەڵمانەوە. . لەو ساڵانەدا « جەنگ و کوردایەتی» لە مێشکی گەنجەکاندا بەیەکەوە دەژیان. تاک تاک و کۆمەڵ کۆمەڵ خەیاڵ گێڕییان لەوەدا دەکرد ئایا جەنگ چ کارێک دەکاتە سەر چارەنووسی کورد؟ بەکام لادا بکەوێ بۆ کورد لەبارترە؟ کورد چی بکات؟ دوای ئەمە ئینجا ھەرای رەشید عالی گەیلانی باس دەکات.

گەشتی ژیانم. . مێژوو و کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەردەمی جیاوازی تێدا تۆمارکراوە لە دووتوێی ئەم کاروانەدا وەک لەسەرێ ئاماژەمان پێدا ناوی سەدان کەسایەتی گەورە و گرنگی مێژووی کورد و ناوچەکەی لەخۆ گرتووە. لەم میانەدا بە نموونەی جۆراوجۆر و پێناسەکردنی هەمەچەشنی جۆری خەباتی ڕۆژهەڵاتییانەی جیهانی سێیەم و کاراکتەر و ڕۆشنبیران و دروشمی ناشیاوی سیاسی و بگرە و بەردە و هەرای خۆڕایی بۆ سوود، وانە و ئەزموونێک پێشکەش بە خوێنەر دەکات، گەر لایەنی ناواقیعێتی و یاخیبوون و سەرسەختی نەگرێتەبەر، وا دەتوانی پەندگیریی بەسوود بۆ ژیانی سیاسی و ڕۆشنبیریی لێ هەڵگیرێتەوە. ئاخر کرۆکی سیاسەت لەو دەڤەرەی لەمەڕ ئێمە بەر لەهەر شتێک هی نەزانی و تێگەیشتنی پێڕەوکەرانێتی. کەسێ نەزانێ حیزب و ڕاپەڕین و شۆڕش چییە و بۆچی دەکات؟؟!!، بێ هیچ گومانێ ناشتوانێت بەڕێوەبەرایەتی جەماوەر بکات!. ڕۆشنبیرێک ئەبڵەق بووبێ بە قسەی ناو کتێب و ئاگای لەدەردی میللەت نەبێ، سمڕ سمڕ خەریکی هاوار و قیژە بێت، تاریکفر دەبێت و زیانی زیاتر دەبێت لە سوودی.

لەتەک ژیاننامەی خۆیەوە تیشکی روونناکەرەوە دەخاتە سەر چەندین دیمەنی سیاسی و فکری لە کوردستان و عێراق دا. . بۆ خۆیشی سەردەمێکی باش زۆر لە نزیکەوە بەشداری رووداوەکان بووە و دواتریش ڕۆڵی گرنگی لە ئاشتی و سازدانی یەکێتی نەتەوەییدا ھەبووە و چ لەسەر ئاستی کوردستان و چ عێراق دا. بە گشتی ھێندەی خوێنەرێکی ورد و بەدیقەت سەرنج دەدەم کەوا مەسعوود محەمەد ھەوڵی داوە لە گێڕانەوەی باسەکاندا پێڕەوی بکات لە ئەوپەڕی ڕاستگۆیی و ڕاشکاوی. ھانی خوێنەریش دەدات بە پاکێتی و ڕاستگۆیی بمێننەوە و چییان لە چاکە و مەردایەتی لەدەست ھات درێخی نەکەن.

 مەسعوود محەمەد. . لە بواری فیکردا شۆڕەسواری گەلێ مەیدانە خۆشەویستی مرۆڤ، خوێندنەوەی مێژوویی ڕۆڵی مرۆڤ و بەوپەڕی قەناعەتەوە داکۆکی لە دید و ڕوانگەی خۆی دەکات. بەتایبەت گەر نووسەرەکەی بێ سڵکردنەوە بەردەوام بێت لەسەر بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی. . . لەزۆر شوێناندا خاتری خوێنەر گیراوە لە درێژدادڕی و گەلێ باسوخواست. ھەر دوای تەواو کردنی زانکۆ، ڕۆژی 12.  6.  1945لە سەندیکای پارێزەران ناوی بە پارێزەر تۆمار دەکرێ. چەند بۆچوونێکی گرنگ لەسەر ئەم پیشە دەدەبڕێ: " کاری پارێزەری یەکسەر نەبووە پیشەم. مەراقێکم نەبوو دەعوا بگرم، هۆیەکەشی ئەوە بوو شەرمم دەکرد مزە وەربگرم". ل٢٥١ شاراوە نییە ئەم خەسڵەتە دەگەڕێتەوە کاتێبۆ کولتووری خێزان، ئەوان هەمیشە بدە بوون نەک وەرگر. . هەر لەم کۆنتێکسەدا، بۆچوونێکی تریش دەردەبڕێ کە وەڵامێکە و پەیامێکە بۆ ناحەز و دۆستانی و ئەویش کاتێ کە کاری پارێزەری بۆ بژێوی ژیان دەست پێ دەکات و دەڵێ: "من کە پارێزەریم دەکرد فەلسەفەم لە لاوە بۆ نەدەخواستەوە، کە خۆم ڕازی بم مڵکدار بم دەبێ ڕازیش بم بە مڵکداریی خەڵق ئەمەش حەقیقەتێکە لە ناوەڕۆکی پارێزەرایەتییەوە هەڵدەقوڵێ نەک لە فەلسەفەی لاوەکییەوە. بەشێکی دەعواکانمان هی جوتیار بووون بەشێکیشی هی مڵکدار. بەش بەحاڵی خۆم هیچ بەتەماش نەبووم هەلی تەسوییە بکەم بە هۆی نانەوەی شۆڕشی چینایەتی. ل ٣١١. ئەم چیرۆکە و لەدوورەوە هەڵبەستی تۆمەت بەوەی مەسعوود لایەنگری دەرەبەگ و ئاغایانە، بێبنەما و دوورە لە ڕاستی و پەیوەندی بەو ئەقڵێتە سیاسییەوە هەیە، بەداخەوە کە ئەو دەم و بگرە هەتا هەنووکەش بێ سوود لەسەر زەمینەی واقعی کوردستان پێڕەو دەکرا و دەکرێ، شەڕی ناحەزی خۆت بەم چەقۆ کول و ئامڕازە هەرە ناشیرینە بکە. هەربۆیە دەبینین هەرگیز شینبوونی زەمینەی ژینگەیەکی تەندروستی گفتوگۆ و دیالۆگ نەهاتۆتە کایەوە.

مامۆستا مەسعوود بە دیدی خۆی هۆکاری ئەم بێ سەروبەرەییە، دەگێڕێتەوە بۆ : " بە پێی باوەڕی من بەرەی چەپ و پێشکەوتنخواز لەو دروشمانەی هەڵی دەگرت و ئەو هەنگاوانەی دەیهاویشت و ئەو تێکهاویشتنە ناوەکییەی دەینایەوە، یەک داوی پێوەندیی بە واقیع و بەرژەوەند و پلەی خەبات و قۆناخی مێژووییەوە نەبوو. دەروێشییەکی ئایدۆلۆجی گیان و مێشکی ئەو خەباتکەرانەی وەها داگیر کرد بوو سەد خۆزیم بە دەروێشایەتیی قاپیی گەیلانی، خۆ هەر نەبێ گوێت لە دەفەزەنییەک دەبێت. خەیاڵاتی بەتاڵ و بێبنەما لەسەر هەندێ ڕایەڵەی چەپایەتی تەنافبازیی بە هەواوە دەکرد کە ئەگەر جیهانی تەسلیم کرابایە نەیدەزانی شێلم چۆن دەچێنرێت و کەنگێ مەڕ دەدۆشرێت. لەوە بگەڕێ کە هیچ ئاگای لە واقیعی ژیان و گوزەران و بەرهەم و ئەو حەق و حیسابانە نەبوو. تەنانەت نەیتوانی لەگەڵ خۆی برادەر بێت. . لەسەر کاغەز دوژمن دیاری دەکرا، لە کووچە و بازاڕ و دەمی چالاکی یەخەگیری یەکتر دەبوون. . چەند وردە حیزب، کە هیچ جوداوازییەکی ئەوتۆ لە بیروڕایاندا نەبوو(. . . ) ڕاستییەکەی باری کۆمەڵایەتی لەوەدا نەبوو(جەماوەر) بزانێت حیزبایەتی لە کوێوە بە پێویستی چاکە و گوزەرانی گشتی لە قەڵەم دەدرێت. . جەماوەر نەیدەزانی ڕۆژنامە بخوێنێتەوە، لە دەشت و دەر خوێندنەوە لەدایک نەبووبوو، کەچی خەباتگێڕەکان لە بریکاری / وەکالة ئەو جەماوەرە یەخەگیری یەکدی دەبوون بەناوی حیزبایەتی". ل٢٥٢
زستانی 1946-1947 دەبێتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و قبوڵی دەکات و ناوی نهێنی " هوشیار" ی پێ دەدرێ. ئەمەش وەرچەرخانێکی گرنگ دروست دەکات، لە مەیدانی چالاکی و ئەزموونداری ژیانی فکرییەوە. مەسعوود محەمەد لەنێوان ساڵانی 1945-1952 دا بۆ ماوەی 7ساڵ دەچێتە خەڵوەتخانەی خوێندنەوە و فێربوون و بیرکردنەوە و تێڕامان وخۆ دروستکەردنو پێگەیاندن. وەک بڵێی سرووشی بۆ بێت. . لەو ماوەیەدا دوای قوڵبوونەوە و لێکدانەوەی زۆری بابەتە فکری و فەلسەفییەکان، تێڕوانین بۆ ژیان و پێگە و بایەخ و ڕۆڵی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارە و ناو ئەم گەردوونەدا،  بەردی بناغەی ئەو کۆشکە فکرییە دەدەڕێژێ کە پاشان بە درێژایی تەمەنی فکری خەریکی هەڵچنینی بوو. لەم ڕووەوە دەڵێ: " حەفت زستانی سەخت نێوان ١٩٤٥ـ١٩٥٢ بۆ من بووە قاڵبێکی کە بنیادەمی تێدا دادەڕشترێت: بنەمای بیروڕا و قەناعەتی دواڕۆژم بەرانبەر زۆرینەی پرسیارە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ وڕووژێن لە شەوانی ئەو زساتانەدا گەڵاڵە کران هێندێکیشیان یەکجارەکی بنیات نران وەک کە بە عەرەبی نووسیبووم":

 ١ـ لیس قصاری العقل ان یتمتع عن تفسیر الاشیاء التی لا یفهمها ولکنە یفسرها تفسیرات خاطئە.

٢ـ یفعل الانسان ما یعتقد انە مصلحە مادیە او معنویە وقد تکون مهلکە فی حقیقتها.

٣ـ العقل عامل التطور التاریخی ولاجتماعی. . ولیس الحاجە المادیە والا کانی الحیوانات کلها تتطور کالانسان لانها جمیعا تشابە الانسان من حاجاتە المادیە الاساسیە مثل الجنس ولاکل و لحمایە. . .

 وێنەکێشان و ئارەزووی هونەری موزیک و گۆرانی و توانی هەڵسەنگاندنیان ب ەهرەیەتی لێهاتوویی مەسعوود محەمەدە. بۆ نموونە باس لەدەنگی ئەستێرەیەکی هەڵکەوتووی مۆسیقای عەرەبی "ام کلثوم" دەکات. لە نەورۆزی 1949 بۆ یەکەمین جار لەبەردەم جەماوەردا، گوتارێک دەخوێنێتەوە بە عەرەبی" تحیة الشهداء" بەجوانترین نووسینی ئەو دەمەی خۆی دەزانێ. دواتر دێتە سەر کێشەکانی یانەی" سەرکەوتن" ی دیار و بەرچاوی ئەو سەردەمەی کورد لە بەغدا. لێرەدا بۆمان ڕوون دەکاتەوە کەوا"مارف جیاووک"یش لە پێڕی پیاوانی ئەرستۆکراتی وەک "ئەمین زەگی بەگ" و ئەو دارودەستەیەی نزیک لە ئینگلیز بوون یاخود باوەڕیان زیاتر بە ئینگلیز بووە.
جموجوڵ و تێکۆشینی جۆراوجۆری مەسعوود فراوانە و زۆربەشی بە قەناعەت و ئەقڵی خۆی کردووە. یەکێ لەوانەی لەدەرەوەی خەباتی چەکداری یاخود بگرە و بەردەی خوێناوی بیری کردۆتەوە و کاری کردۆتەوە. بۆیەکا لەم ڕووەوە بۆچوونێک دەردەبڕێ:" خەبات هەر بریتی نییە لە تێشکان و گیران و بەستران". ل ٢٦٣ .

وەک وتمان خەریک بوون بە هەندێ لایەنی ژیانی مەلای گەورەوە، وەک کەسایەتییەک، بەردەبازێکە، بۆ گەیشتن بە ژیانی مەسعوود محەمەد. مەلای گەورە لە تەمەنی 17 ساڵیدا بۆ ماوەی یەک ساڵی تەواو لە مزگەوتی گەورە دەرنەچووە و عیشقی زانست و کەشفی غەیب دەروون و ھەست و ھۆشی داگیر کردووە. لە تەمەنی 18 ساڵیدا مۆڵەتی مەلایەتی لە باوکییەوە پێ دراوە. مەسعوود محەمەد دەنووسێ: باوکم مەلا بوو مەلایەک کە بتوانێ لە زانستەکانی ئیسلامدا کتێب دانێ و لە زۆر پرس دا، ئیتھادی خۆی بەکار دەھێنا. وتاربێژێکێ/ خەتیب بتوانێ بە کوردی و عەرەبی و تورکی و فارسی قسە بکات و بێ ئامادەکاریی و یەکسەر. مەلای گەورە لە دەروون دا ئیمانی بە حەق ھێنا بوو. مامۆستا چەند تایبەتمەندییەکی تریشی بۆ کەسایەتی باوکی دیار کردووە بڕوای بێسنووری بە خۆی و کەسایەتی خۆیەوە ھەبوو، ترس و تەمای لە دڵدا نەمابوو، کەرەسەی ھەموو ھەڵوەستێک و ھەڵکەوتێکی لەوانەی بێنە بەرھەنگاوی مرۆی وەک خۆیەوە بە زیادەوە ھەبوو. ھەر لە زمانی پاراو تا ڕەوانبێژی تا زانستی سەردەم تا مێژووی گەلان تا دڵی ھۆشیار تا بوێری بێسنوور. بەگژ ناڕەواییدا دەچۆوە و مەلایەتی بەلایەوە ژوورووی ھەموو پایەیەک بووە. . تەنانەت جارێک لەسەر کێشەی ناوی مەلا پیرۆزیی ئەم پێگەیە دەڵێ : مەلا خوا. ڕۆژانە 21 وانەی گووتۆتەوە، کاتێ قوتابخانە لەکۆیە دەکرێتەوە پشتیوانی لێ دەکات و وتاری لە ئاھەنگی کردنەوەیاندا پێشکەش کردووە زانستی سروشت زانستی خودایە قالە و قەوەلە گشتی ھەبایە زانستی کیمیات گەر نەخوێندووە بەخوا نازانی چی کردووە.

مەلا گەورە دۆستی ھونەر بووە وەک بەھرە تەماشای کردووە حەزی لە دەنگخۆشی بووە. وتەیەکی جوانیشی ھەیە، کە نیشانەی لێھاتوویی و شارەزایی مەلای گەورە دەسەلمێنێ بۆ ھونەر بەگشتی و ھی کوردی بەتایبەت و دەڵێ" گۆرانی لە دیوی کوردستانی ئێران دادەنرێ لە سلێمانی گەڵاڵە دەبوو، لە کۆیی لە چەرخ دەدرا". کاتێ یەکەم تەمسیلی لە قوتابخانەکانی کۆیەدا پێشکەش دەکرێ، مەلای گەورە وتاری سەرەتای ئاھەنگەکەی دەخوێندەوە و ئاماژەی بە سوود و بایەخی شانۆ دەدا. کاتێ مامۆستا مەسعوود لە پۆلی سێی ناوەندیی باشترین نمرە لە زمانی ئینگلیزیدا لە چوار پارێزگاکەی باکووری عێراق دا دێنێ، "پەیمانگای بەریتانی" کتێبێکی بەدیاری بۆ دەنێرێ Through Space and Time . مەلای گەورە داوای لێ دەکات بۆی بکاتە کوردی تا سوودمەند بێت لە ناڕۆک و زانستەکەی . مەلا گەورە شارەزای زانستی سایکۆلۆژی بووە و بەردەوام دەیخوێندەوە و لەو کەسانەی دەچوونە بەغدا، داوای کتێبی نوێتری دەکرد. مەلیک فەیسەڵی یەکەم، داوای لێکردووە وانەی پێ بڵێتەوە و یاسین ھاشمی و ڕەشید عالی گەیلانی و ئەمین زەگی بەگ بەتایبەت دێنە کۆیە بۆلایی و لە پشتییە نوێژیان کردووە و گوێیان لە وتاری گرتووە. حکومەتی بەغدا 1941 داوای لێ دەکات فەتوایەکی جیھاد لەدژی ئینگلیز دەربکات نایکات. ماوەیەکی کورت بە ناچاریی و لە ڕووی تەکلیفەوە 1924 دەبێتە ئەندامی مەجلیسی تەئسیسی بووە؟. " کە بە نووکی دار عەساکەم ئاو ڕادەکێشم بۆ بن درەختێکی تینوو ھەزار جار بەلامەوە بەشەرەفترە لەوەی لە بەردەرگەی مەلیک یان سەرەک وەزیران داوای مۆڵەتی چوونە ژوورەوە بکەم". زۆر لە پیاوانی گەورەی کورد سەردانیان کردووە، (( ساڵح زەگی ساحێبقڕان، ئیسماعیل حەقی شاوەیس دێتە سەردانی و سووێندی بۆ دەخوا:" دەستی کەسم ماچ نەکردووە ئەمما بە شانازییەوە دەستی تۆ ماچدەکەم". جەمیلئاغای حەوێزی، کەریم بەگی فەتاح بەگ و نەوەد سواری چەکدار، مەلا ئەفەندی دۆستی گیانی بەگیانی بووە، شاکیر فەتاح، زەکی ھەناری)).

 مەلای گەورە یەکەم کەس بووە کچی خۆی ناردۆتە قوتابخانەی کوڕان لە1925 دا.  مەلایەکی هێندە کراوە و تێگەشتوو بووە، زۆر سوور نەبووە لەسەر ئەوەی مەسعوودی کوڕی بێتەوە جێگری، ئەگەرچی زۆر گوشاری بۆ ھاتووە و داوایان لێکردووە دوای خۆی پێگەکەی ڕادەستی مەسعوود بکات. مەسعوود محەمەد دوژمنەکانی مەلای گەورە ڕیزبەند دەکات:" زۆردار، ئەفسانە پەرستان، مێشک وشکان و دوژمنانی کوردایەتی بووە". کاتێ کۆچی دوایی دەکات سەرلەبەری شاری کۆیە میللەت و قوتابی و حکومەت لەدوای تەرمەکەوە دەبن بۆ بەخاک سپاردن. لەتەواوی کوردستانەوە بروسکەی سەرخۆشی لێدەدرێ لەنێودا لە کۆماری کوردستان لە مەھابادەوە. وەک ئاماژەی پێدرا، دوای مەرگی باوکی وا چاوەڕوان کراوە مەسعوود محەمەد جێیی بگرێتەوە. لێ ئەو خۆی لێ لادەدات و مامی بەو ئەرکە هەڵدەستێ. دوای مردنی مامیش دیسان هیوا لەسەر ئەم هەڵدەچنرێ، ئەم جارەش ناچێتە ژێر بار و لەم ڕووەوە دەڵێ: "خەیاڵی مەلایەتی لە دڵ و مێشکمدا یەک تاکە ڕیشەی نەبوو". لە سلێمانی دەبێتە دادوەر و باسی ئەم شارە بەم چەند دێڕە دەکات:" جمووجووڵی خەڵقەکەی چ لە ڕووی ڕۆشنبیری چ ڕامیاری چ بازرگانی هەر بارێکی دیکەوە بێت بە زیادەوە هێزوپێزی پێوە دیار بوو. سەرکزەڵەیی لەو شارەدا نەدەدیترا. کەسێکی نانی شەوانەی هەبوو بێت تەڕەدەماغ و شەن دەردەکەوت". ل٢٦٩ بەهۆی پێگەی بەهێز و دیارییەوە، حیزب داوای لێ دەکا وەک نوێنەری شاری کۆیە بچێتە هەڵبژاردنەوە. دەبێتە نوێنەر. چەپەکان دژ دەوەستنەوە.

 لەم بەرهەمەدا دیمەنی سەیری ئەو هەڵبژاردنە وا باس دەکات، دەرهێنەرێکی کارامە دەتوانێ بیکاتە کارێکی شانۆیی تەلەفزیۆنی سەرکەوتوو . رۆژگار و چالاکییەکان بارگاوین بە ململانێی توندی چەپڕەو و بەرەی کوردایەتی و دواتر چمکێ لە کار و تێکۆشان و ڕۆڵی خۆی لەو مەیدانەدا لەسەرەتای دەستبەکاربوونی لە ئەنجومەنی نوێنەران / پەرلەمان دا دەگێڕێتەوە. وتاری یەکەمی لەسەر تووتن دەدات، تێیدا زۆر سەرکەوتوو دەبێت، تەواو پێی دەناسرێ. ئاخر ئەم مەیدانە پیشەی خۆی بووە و شارەزاییەکی باشی تێیدا هەبوو، بایەخ و گرنگی بەدرێژی دەخاتە بەرچاو. پاش دوانەکەی پەرلەمان وتارێکی ١٥ ئەڵقەیی لەسەر هەمان بابەت دەنووسێ و لە ڕۆژنامەی" الدفاع" ی سادق البسام دا بڵاو دەکاتەوە. . هەر لەم قۆناغەدا باس لە ڕۆڵێکی تری گرنگی خۆی دەکات. لەم سەردەمە دیداری " نوری سەعید" ی دیارترین سەرۆک وەزیرانی عێراقی بۆ ڕێک دەخرێت. چەند داوایەکی لێ دەکات: گێڕانەوەی بارزانییە دوورخراوەکان، کردنەوەی ڕێگای نێوان کۆیە و ڕانیە.

 لەو سەردەمە بزووتنەوەی ئاشتی خوازی، کە ئامڕازێکی بێ گیانی دەستی شورەوی و حیزبە کۆمەنیستی و چەپەکان بوو،  گەورە کرا بوو. لەمەڕ ئەم بزاڤەوە بیروڕایەکی تایبەتی خۆی دەردەبڕێ کە شایانی ڕاگوێزانە بۆ بەرچاوی خوێنەر: " ئەم بزووتنەوەیە ناوەڕۆکی نییە و جۆری خەبات ناگۆڕێ و هیچی بەسەرەوە نانێت، ئەوە نەبێ کە ئاشتیخواز دەبێ بە پێی ئارەزۆی لایەنی چەپ سەما بکات / بڕەقسێ و یەخە دوژمنەکانی بگرێت بۆ حیسابی چەپ". ل ٢٨٥

 بەهۆی دەربڕی بیڕوڕای ڕاشکاوانەوە، دووریی لە وابەستەیی کوێرانە، بە ئەدەبیاتی زاڵی حیزب، ئەوسای پارتییەوە کە زیاتر مارکسییانە بووە، لەناو پارتیدا دەستەیەی بۆ دژایەتیکردنی دروست دەبێت. بە واتای ئەوەی ئەوەی مەسعوود محەمەد دەیکات تابوو بوو. بەم هۆیەوە سەرانی حیزب سەرەتا بڕیار دەدەن بۆ خولی دووەم، یەکێکی دیکە کاندید بکەن، بەڵام دواجار لەبەر هەر هۆیەک بێت،  داوا لەخۆی دەکەنەوە بە خۆ کاندیتکردن، ـ ئەمجارە بە پێچەوانەوە پارتی و کۆمەنیست هەردوو پێکەوە ڕەزامەندن ـ مەسعوود خۆی کانید بکاتەوە . دەرئەنجام لەبەر ململانێ و ناکۆکی نێو حیزب، خۆی دەکێشێتەوە. مەسعوود محەمەد بەگشتی سەردەمی نوێنەرایەتییەکی سەرکەوتووانە و بە سوودی کورد دەقەبڵێنێ. سیاسەتیش لەم بازنەدا سیاسەتی واقیعی بەدەستهێنا ئەو دەستکەوتانەیە کەوا لە ئارادان. . . بۆیە دوور لە بگرە و بەردە و هاواری بێ ئاکام، بۆچوونێکی لەمەڕ ڕۆژگارەکە دەردەبڕێ پڕ بە پێستی خۆیەتی لێرەدابینووسینەوە:

 " من کە نوێنەر بووم دەبوو بزانم و لێشم بسەلمێندرێت، هەوڵدان و سەرکەوتنم بۆ کردنەوەی قوتابخانەیەک لە لادێیەکی کوردستان هەزاران هەزار جار بۆ کورد سوودمەندەتر و بەشەرەفرە لە ناز و فیزی شانۆگەرانەی قسە قەڵەوی پڤ هەڵدراوی تاوانبارکردنی پەیمانی ئەتلانتیک/ ناتۆ لە ئاست پەیمانی وارسۆدا". ل٢٩++" بەلای باوەڕی منەوە کە ڕەنگدانەوەی واقیعی بێفێڵە، ڕێکخراوی وەک ئاشتیخوازی، سەندیکای هەر پیشەیەک بێت. . کۆمەڵەی وەزیران، مافی مرۆڤ. . هی قوتابی . . هی دین و دنیا بێت پێویستە لەلایەن خەڵقەکە خۆیەوە بە پێی داخوازی بەرژەوەند و باوەڕیان ڕسکا بێت نەک حکومەت سازاندبێتی وەها سەما بکا کە دژی ئەو بنەمایە بێت کە لەسەری هەڵساوە(. . ) ئەو ڕێکخراوانەی کە حکومەتان سازیان دەدەن هەرگیز و هەرگیز خەریکی کارێک نابن کە لە ژێر سایەیاندا و بەناوی ئەوەوە هەڵنراون بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا کە درو(دروشم)ی بێناوەڕۆک بایەخدارەترە بۆ ڕازاندنەوەی ئامانجی سیاسی لەو بەرهەمەی کە دەبوو هەڵگرانی دروشمەکە بە میللەتی بدەن. ". ل ٣٠١

پێم وایە گەر باسی کۆمەڵگای مەدەنی و هەبوونی دیموکراسی و بەرەو پێشچوون بکەین، دەبێ پێڕەوی ئەم داخوازییە بکەین، حیزب و دەسەڵات. دەست بەسەر تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگەدا بگرن، سیستەمێکی تۆتالیتار دروست بکەن، ئەو ئەزموونە شکستخواردووە لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات بەناشیرنی زەق ببۆوە. بلۆکی ڕۆژهەڵات ئەگەرچی بە قەڵای پشتیوانی گەلان دادەنرا و رێکصراوی گەورەی وەک ئاشتی جیهانی هەبوو، کەچی بەهەموو پشتیوانی رژێمە دیکتاتۆر و خوێناوییەکانی داگیرکەرانی کوردستانیان دەکرد. شورەوی دۆستی بەعسی سووریا و عێراق بوو، ساڵی 1961، کە دەوڵەتی عێراق بۆمبارانی کوردستانی کرد، فرۆکەکان ڕووسی بوون. هەموو ئەمانە وایان دەکرد، ڕۆشنبیرێکی وەک مامۆستا مەسعوود بێدەنگ نەبێت و بە ئاشکرا دەنگی خۆی دەربڕێ: من ئەگەر کۆترەی زێڕم پێ درابایە دەهاتم لە ساڵی ١٩٦١ کە کەریم قاسم بە فڕۆکەی مێگ کوردستانی بۆمباردمان کرد ئەو کۆترەم بۆ بەرەی ئاشتیخوازانی جیهانی دەنارد و دەمگووت: ماڵی قەڵب سەر بە ساحێبی. . . ل ٣٠١

 مەسعوود محەمەد هەڵکەوتی کەسایەتی وەک بیرمەندێک، مەیلی شەڕ و کوشتار و توندوتیژی نەبووە. گیانی پەڕگیڕی و شەڕانگێزی تێدا نەبووە. لە هەر کایەیەکدا بووبێت هەمیشە بەلای ئاشتیدا شکاندوویەتەوە. خۆی لەم ڕووەوە گەلێ جار جەخت لەم خاڵەی تایبەتمەندی میزاج و کاراکتەری خۆی دەکاتەوە و بۆ نموونە دەڵێ:

" من لەبەر زۆر هۆی تایبەت بەخۆم ئەو تیژڕۆیە و پەڕگیرە نەبووم کە لێرەدا لێی دەدوێم. چ لە لایەن تەبیات و مجێزەوە بێت و چ لەلایەن جۆری تێفکرین و عەیارەی چاکە و خراپە و سوود و زەرەوە بێت هەمیشە بەلای تێکگەییشتن و مەسڵەتی پێکەوە ژیان و هاریکارییەوە بوومەتەوە. هەرگیزاوهەرگیز لەوانە نەبووم دڵم بۆ قوربانیدانی خۆڕایی و بێئەنجام چووبێت، وەیا لەکولانەی دووبەرەکی و سێبەرەکییەوە بەتەمای سوودی گشتی میللەت بووبێتم. لەخەون و وڕێنەشدا باوەڕم نەبووە کە ڕووت و ڕەجاڵی کوردەواری بە گرتنی بینەقاقای یەکدی لەژێر سایەی دروشمی شەڕ بە دنیا فرۆشەوە پاڵ دەداتەوە لەناو بەهەشتی شیر و هەنگوین". ل ٣٠٢

 هەر ئەم هۆکارە گرنگەیە کاتێ ئەو ناوزڕاو کرا بوو،  بەوەی پارێزەری بۆ ئاغاکان دەکات و پارێزگارییان لێ دەکات، پێشتر ئاماژەمان بە مەبەستی نەیارەکانی دا، ئەوانەی ئەم کارەیان خستبووە قاڵبی خەباتی چینایەتییەوە،  لە کۆتایی پەنجاکان دا، لەکاتی تەسوییەی دێیەک لە دێیەکانی پژدەر، هەرای خوێناوی ڕوو دەدات. ئیدی مەسعوود محەمەد دەست دەکێشێتەوە لەم پیشەیە.

 پێش شۆڕشی ١٤ی تەمووز "کامیل چادرچی" داوا لە مەسعوود دەکات بچێتە ناو حیزبەکەیەوە. کاتێ بەرنامەکەیان دەخوێنێتەوە، پێی دەڵێ: باسی کوردی تێدا نییە!. چاردچی دەڵێ: دە تۆ شتێ بنووسە. ئەویش دەڵێ: برایم ئەحمەد لە بەغدایە پێکەوە دێین بۆ لات. ڕۆژی دوایی بەجووتە دەچنە سەردانی چادرچی لەوێ پرۆژەیەک لەسەر دۆزی کورد دەدەنە ناوبراو، دواتر کە شۆڕشی ناوبراو ڕووی دا، ناوەڕۆکی هەمان دەبێتە مادەی ٣ دەستووری کاتی عێراق. لە زۆر شوێن و قۆناغی تریشدا مامۆستا مەسعوود،  نووسەر و داڕێژەری بەیاننامە و بیرخەرەوە و داخوازینامەکانی کورد بووە. لەبەرئەوەی لە ڕووی یاساییەوە شارەزایی هەبووە و زمانی عەرەبیشی چاک زانیوە. لە ل ٣٢٢ . بۆ نموونە باس لەوە دەکات شەوێک لە ماڵی کاکە حەمەی قانەقا لەگەڵ برایم ئەحمەدی نوێنەری حیزب و چەند کەسێکی تر دانیشتوون بۆ داڕشتنی داخوازییەکانی کورد. نووسینەکە مەسعوود. کە دواتر لەکاتی پێشکەشکردنیدا، بەرپرسانی حیزب ئاڵوگۆڕ بەسەر هەڵوێستیاندا دەهێن. . . ئیدی ناکۆکییەکانی وردە وردە لەگەڵ ئەندامانی حیزب و حیزبدا لەسەر بیروباوەڕ و ئەم هەڵچوون و داچوونەی هەڵوێست بەرەو تەقینەوە دەچێ: " لە زۆر باوەڕی سیاسی و چاوەدێریی بەرژەوەند و ئایدۆلۆژیای فکری و فەلسەفیش جودا بووم لە بیر و بۆچوونی ئەو ئەندامە پێشڕۆیانەی نوێنەرانی فەلسەفەی حیزب بوون"، ل ٣٢٤ . ئەم ناکۆکییە بە پاراستنی پەیوەندی برایانە هەر دەمێنێتەوە تا ناوەڕاستی١٩٦٠ . ئیدی لێردا دەگاتە دوو ڕیانی جیابوونەوە. ئەوجا بەکاوەخۆ دەگاتە سەر باسی شۆڕشی ١٤ی تەمووز و" کەریم قاسم" و هەڵسوکەوت و ڕەفتاری و مامەڵەی حیزب و کورد لەگەڵ ئەم پێشهاتە نوێیەدا. بۆ خۆی چەند دیدارێکی مێژوویی خۆی لەگەڵ قاسم دا دەگێڕێتەوە. .

گەر تەماشای ژینگەی سیاسی ئەو ڕۆژانە بکەین، دەبینین لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی قاسم، ململانێی بەرەی چەپ و کوردایەتی کە لەو سەردەمەدا کەموزۆر لە چوارچێوەی پارتی کۆمەنیست و پارتیدا خۆی نواندووە، خەست تر دەبێتەوە. چەپەکان نزیک بوون لەدەسەڵاتی قاسم. . . ئەم هۆکارە وای کردووە ڕەفتاریشیان لەخۆباییبوون و پۆزلێدان و ماسولکە دەرپەڕاندنی پێوە دیار بێت. مەسعوود لە کایەی جموجوڵەکانی خۆیدا گەلێ باسوخواست و چیرۆکی سەیروسەمەرەمان بۆ دەگێڕێتەوە. کە بەتێکڕا ناوەڕۆک و ڕووخسارێکی توندڕەوییانەی خوێن گەرمانەی هەرزانە،  بە سیمای چالاکییەکانی ئەو سەردەمەوە دیارە. کەواتە سیاسەتێک بەرقەرا بووە و پێڕەو کراوە، بەردەوام بارگاوی بووە بە زەبروزەنگ و هەمیشە لێی چاوەڕوان کراوە، خوێنڕێژیی زۆر و کوشتاری گەورە بقەومێ.

 ئەمەش خەمی زۆر کەس و لایەن بووە، هی مامۆستا بەتایبەت. لە دووتوێ ئەو مەڵۆیە لە هەڵبژاردەی گووتە بەنرخەکانی، کە دواتر بەرچاو دەکەوێت، چمکێکی تری ڕۆژگار و ڕووداوەکانی ڕوون دەبێتەوە. ئینجا دەگاتە وێستگە هەرە گرنگەکەی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە کوردەوە و مێژوویەکی درەوشاوەی پێک هێناوە. ئەویش سەرەتا بەزم و هەرای ڕۆژانی پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول و ڕۆڵی ئاغا و عەشیرەتەکانە.

مەسعوود محەمەد هەڵوێستێکی تەواو جیاواز نیشان دەدات لە بەرانبەر شۆڕشی ناسراوی ئەیلوولدا و بۆچوونێکی تایبەت دەردەبڕێ: " ڕاستییەکەی ئەگەر وردبینی لە دیارکردنی مێژووی ڕووداو دەبێ سەرەتای شێواوی و ئاژاوە و بگرە ببەستە لە هەڵسانی مەحموودەوە دەست پێ بکات نەک یازدەی ئەیلوول . ئەو ڕۆژە دەست نیشانەی ئەیلوول سەرەتای بزووتنەوەی لەشکر و فڕۆکەکانی حکومەتە، ڕەنگە یەکی حوزەیران لەبار بێت بۆ ئەو مێژووە". ل ٣٦٣ . کەواتە ڕۆژی هەڵگیرسانی شۆڕش ١١ی ئەیلوول هەڵەیە، چەمکی شۆڕشیش لێرەدا، هێز و پێزی یاخود بنەما و خەسڵەتی شۆڕشی تێدا نییە. ئەو ڕۆژە ئەوانی دوژمن و داگیرکەر جوڵاون و هێرشیان هێناوە! نەک کورد ڕابووبێت. لە شوێنێکی تردا دەڵێ: هەڵگیرسانی سەرلەبەری ئەو هەرێمە لە سۆنگەی دەرچوونی فەرمانی گرتنی سەرۆک عەشیرەتەکانەوە وانەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی لەگەڵدا بوو بۆ چاوێکی بیویستبایە ڕاستی و واقع لە خۆی نەشارێتەوە. ل ٣٦٢ .

ئەم دوو بۆچوونە دەری دەخەن کە زەمینەی شتێ لەکایەدا نەبووە ناوی شۆڕشی لێ بنرێ، تەنانەت بارزانی سەرەتا بێدەنگ بووە، تا دەڤەرەکەیان بۆمباران کراوە. ئەوجا هەرا و بگرە و بەردەکە بەرەو چلوورەبەستنی شۆڕش هەنگاوی ناوە. . ناخۆشترین یادەوەری ئەم ڕۆژانە، لای مامۆستا وا لەگەردنی هەڵوێستی خراپ و نەیارانەی چەپی کورد. ئەوان کردەوەکانی قاسمیان پێ ڕەوا بووە و کورد و بزاڤەکەیان پێ پیاو و دەستی بێگانە بووە.

 زستانی 1962-1963 بڵاڤۆکێک دەبینێ دروشمی ئۆتۆنۆمی هەڵگرتووە. . لەسەر ناوەڕۆکی ئەم بڵاڤۆکە و لە باری سەرنجی خۆیە قسە لەگەڵ سەرانی پارتی دەکات و دەڵێ:" بە هەندێ لە ڕابەرانی حیزبم گوت، ئێوە ئەگەر سوور بن لەسەر ئەو دروشمە لەوانەن بە قورسایی قورسایی داخوازییەکانی دابهێزێن و پەککەوتە ببن، چونکە "ئۆتۆنۆمی" وەکوو ماڵ ڕێکخستن بۆ ئاسانکردنی گوزەران و کار ڕاپەڕاندن تەرتیبێکی برایانە و لێک حاڵی بوون و بەیەکتر ڕازی بوونە نەک هی کوتەک و شەڕە چەپۆڵەکەیە. "سەربەخۆیی" لەگەڵ چەک هەڵگرتن خزمە بەڵام ئۆتۆنۆمی وەک دابەشکردنی وڵات بۆ چەندین لیوا و قەزا و ناحیە بە دۆستایەتی دەبێ(. . . ) ئەو دروشمە زۆر نەشەکایەوە چونکە دروشمێکی عاتفی بوو پتر لەوەی داخوازی قۆناغ بێت" . ل ٣٦٩ .

لێرەدا مەودای گفتوگۆ بۆ شرۆڤەکار نامێنێتەوە قسە لەسەر ناکۆکییەکانی مەسعوود بکات لەگەڵ هێڵی فکری پارتیدا، کە چەندانێک لە سەرانی حیزب لێی بەرپرس بوون. ئاخر بنۆڕن چەندایەتی و چۆنایەتی بیرکردنەوەی مەسعوود لەگەڵ حیزبدا مەودای نێوانیان چەند لێکتر دوورە. ناوەڕۆک و مانای بۆچوونەکانی ئەم جیهانبینییە، هێڵێکی تری تۆخی جیاوازی بیرکردنەوەی مامۆستایە لەتەک سەرانی حیزبدا، کە دەکاتە کوردایەتی و ناکوردایەتیی.

باسمان لەوە کرد ساردی و ناکۆکی نێوان مەسعوود و حیزب دەلاقەکەی تا دەهات گەورەتر دەبوو. سەرباری ئەم هەقیقەتەش، ساڵی ١٩٦٣ شاندێکی ٤ کەسی دیاری دەکرێ بچێتە بەغدا، بۆ گفتوگۆ، مەسعوود محەمەد یەکێک دەبێت لە شاندەکە. . ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە پێگە و گرنگی ناوی ئەو ڕۆڵ و سەنگی هی ئەوە نەبوو فەرامۆش بکرێ و بخرێتە پەراوێزەوە. لەو سەروبەندەدا کۆمەڵێ چالاکی ئەنجام دەدات و بەشداری دانووساندنی گرنگ دەکات و بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان، هەوڵی میانگیریی نێوان عەشیرەتەکان و حیزب و حکومەت دەدات بێ ئاکام دەمێنێتەوە.  وەک سەرەتا بایەخمان بە گرنگی ئەم گەشتی ژیانە دا، لێرەدا تابێت بایەخی زیاتر دەدرەوشێتەوە، چونکە خوێنەر دەکەوێ بەسەر باس و پێشهات و گێڕانەوەی ئەو تۆدا، هەرگیز لە شوێنی دیکە نایان بینێتەوە.

ساڵی ١٩٦٠ (د. عەبدولرەزاق محێدین) کەسایەتی دیاری عێراقی لە ڕۆژنامەی "الحریة" دا کە قاسم حمودی دەری دەکرد، وتارێک بڵاو دەکاتەوە، ڕوو لە نەتەوەییە کوردەکان دەکات. (مامۆستا هیچ کام لەم دوو کەسایەتییە ناناسێ) وتارەکە وەک مەسعوود دەڵێ: بابەتی و بە ویژدانەوە نووسراوە. مەسعوودیش بە وتارێکی بەهێز و بە زمانێکی بەپێز و ناوازە وەڵامی دەداتەوە. وتارەکەی کۆمەڵێ قسەی سەر بە کوردایەتی و مافی نەتەوایەتی تێدا بووە و ڕەخنەی توندیش لە هێڵی مارکسایەتی ناو پارتی. ـ ئەم وتارانە حەکیم کاکەوەیس لە دووتوێ کتبێکدا بە ناوی (دەمودوی هزر) کردوونی بە کوردی ـ پاش تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم وتارە بە دوو ئەڵقە، حیزب/ پارتی و ڕژنامەکە و ڕابەرە قەڵەم بەدەستەکانی پارتی بە هەموو دەکەونە سەر نووسین و هێرش بردن بۆسەر مامۆستا مەسعوود و محێدین و حمودی و ڕۆژنامە الحریة. ئەم کارە بە ئاژاوەگێڕی و پلانگێڕیی رەجعێتی کورد و عەرەب لە قەڵەم دەدەن. کێشەکە دەدرێتە مەحکەمەی عورفی. عەبدولرەزاق خۆی سەرۆکی عورفی دەبێ،  دەچێتە سەردانی مەسعوود محەمەد لە هوتێل و بە هۆی سەرسامی بە زمانە خەست و بەرزەکەی پێی دەڵێ: قورئانت بە چاکی هەزم کردووە. مامۆستاش لەوەڵامدا پێی دەڵێ: " ڕەنگە خەتمم نەکرد بێت. من پتر تێدەفکریوم لەوەی خوێندبێتمەوە".

دوای تێپەڕبوونی 3ساڵ بەسەر ئەم چیرۆکەدا، لە ئاهەنگی گفتوگۆکردن لەسەر لامەرکەزی شاندی کوردی نیوەڕۆیەک لە هوتێل بەغدا دەبنە داوەتی فوئاد عارف. پیاوێک دێتە ساڵۆنی هوتێلەکە و لەگەڵ مەسعوود محەمەددا بەیەکتریان دەناسێنن: ئەوە مەسعوود و ئەوە قاسم حمودییە. مام جەلال، کە ئەویش ئەندامی شاندەکە و یەکێ لە وتار نووسەکانی حیزب بوو دژی ئەم بەرەیە! ئامادە دەبێت. ناوبراو لەم چاکو چۆنی و یەکترناسینەی مەسعوود و قاسم سەری دەسووڕمێ و چاوی زەق دادەچەقێنێ و ڕوویان تێدەکات و دەڵێ : بۆچی ئێوە یەکترتان نەدیوە؟. ئاخر ئەو لە وتارەکانی بانگاشەی ئەوەی دەکرد، کە کۆپەرستی کورد و عەرەب دەستییان تێکەڵ کردووە و دژی پێشکەوتنن و ئایدیا و نموونەی پێشکەوتنیش خەونی زڕی عێراقی دیموکراتی بە مۆدێلی شوورەوی بوو. .

 

 

We have 92 guests and no members online