کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

خوێندنەوە و ناساندنی کتێب: بەشی ٢-٢ ... هەڵۆ بەرزنجەیی

Pin It

 

 

١. ٣. ٢٠٢٢

محەمەدی حاجی مەحمود

ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک  بەرگی پێنجەم ١٩٩٧ـ٢٠٠٤

باسی ڕووداوەکانی خەبات و شۆڕشی میللەتەکەمان دەکات

چاپخانەی هەژار موکریانی/ ٢٠٢١  ١١٨٧ لاپەڕە

 من کوردێکی نیشتمانم، ھەڵگری ئاڵای سەرکەوتن یان نەمانم

لەو ڕێگایەشدا سەرفم کرد گەنجی و یاریکردن لەگەڵ مەرگدا بە ژیانم

ھەر بۆیە دەستم دایە ئەو پرۆژەیە

دروستکردنی ئەو پردە بۆ سەرکەوتن و پەڕینەوەی کوردە

من کوردێکی نیشتمان پەرستم

ئەیپارێزم بە بیر و ھەستم

ھەتاکو ماوم بۆ ئەو کورد ئەبێت نەوەستم

بۆ سلێمانیش دەڵێ

شاری سلێمانی بۆ بێدەنگ و ماتی

خۆ تۆ پاشماوەی سێ ئەمارەتی

وا مەزانە لە شارستانیەت دووری

ئەردەلان، بابان و شارەزووری

ھەرچیت بۆ بڵێین ھێشتا ھەر کەمە

پێشکەوتووترین شاری سەردەمە

بۆ میللەت ھەڵت گرتووە ئەو ھەموو خەمە

لە ناساندنێکی خۆیدا بەرجەستەی باوەڕ و ئاوات و ڕێبازی بەم نووسینە دەکات:" من لە ژیانمدا کە خەباتم کردووە بۆ دەوڵەتی کوردستان و بۆ سەربەخۆیی کوردستان و ئەوە زیاتر لە ٤٠ ساڵە بێوچان ". ل ٢٠٠

کاکە حەمە بەھۆی پێگەی توندوتۆڵی بەجەماوەرەوە ئاگای لە خشەی مارومارووە. . بۆ نموونە وەک خۆی دەگێڕێتەوە پێش دەزگای پاراستنی پارتی و زانیاری یەکێتی بکوژی فرەنسۆ حەریرییان ئاشکرا کردووە کە تەوحیدییە ئیسلامییەکان بوون. ل ٢٠٣

نووسەر لە ل ٢٠٩ دا چەند وشەیەکی کاریگەر لەسەر عادل موراد و رۆڵی خراپی لەناو سۆسیالیستدا و چیرۆکێکی سەیر دەگێڕێتەوە دەشڵێ زۆر شتی تریشم لایە!! ئیدی نازانین بۆ شتەکانی تر ناڵێ! ڕەنگەهەندێ جار نەتوانرێ هەموو هەقیقەتێک بووترێ!!. .

باسی مەلا بەختیاریش جارێکی دەکەوێتە دوو توێ ئەم کتێبەوە و باسێکی تریش بریتییە لەوەی کاتێ بافڵ تاڵەبانی کچی مەلا بەختیار دەخوازێ، شایی و ئاھەنگ دەکرێ و مام جەلال لەسەر داخوازی ئامادە بووەکان ھەڵدەپەڕێ.

ھەتا لەگەڵ خوێندنەوەی رۆژژمێری پێشمەرگەیەک بەردەوام دەبیت، بەسەر باس و ڕووداو و گێڕانەوەی سەیروسەمەرەدا دەکەویت. . . کاکە حەمە باس لەوە دەکات٢٠٠٢/٦/٧ ئێوارەیەک داوەتی شێخ سالار حەفید دەبێ لە سلێمانی. . لەوێش ٣ ئەمەریکی و بەریتانییەکیش ئامادەن. . زۆر ئاغا و کەسایەتی سەیر ی وەک بەھادین نوریش لە داوەتەکەن. . کاکەحەمە وەک دەنووسێ: "کاتێک مامۆستا بەھادین نوری سکرتێر و دەستڕۆیشتووی حزبی شیوعیی بووە لەسەرەتای شەستەکاندا و چۆن بڕیاری داوە کۆکاکۆلا نەخۆنەوە لە عێراقدا چونکە ھی ئیستعمارە و ئەم شەویش مامۆستا چۆن ھەوڵ ئەدات تێبگات لەم ئەمەریکاییانە زوو یەنە عێراق ببنە فریادڕەسی و ئازادی و دیموکراتیمان بۆ بھێنێ و زۆری کەش". ل ٢٧٥

بەسەرھاتێک کە مانای زۆرە وەرچەخانێکی ئەرێنی نیشان دەدات. . بەھادین نوری لە چاوپێکەوتنەکەی بەرنامەی پەنجەمۆری رووداویشدا لەم میانەدا وتی: " ئێمە دەروێشی مۆسکۆ بووین". . نموونەی لەم چەشنەمان و دیارە زۆر بەداخەوە دوای بەسەربردنی تەمەنێکی دوورودرێژ و لەدەستدانی وزە و توانا و دەرفەتێکی زۆر ئەوجا زۆر کەسایەتیمان دێنە سەر ئەم باوەڕە. .

سەلاحەدین بەھادین وەک یەکگرتووی ئیسلامی نێوانگیری لەنێوان پارتی و سۆشیالیست و زەحمەتکێشاندا دەکات، بۆ ئاشتی کاتێ دەچنە لای مەسعوود بارزانی ناوبراو بەحەماسەوە دەست دەکات بە رەخنەگرتن لەپارتی وئاماژەش بە ٣١ ی ئاب دەکات. . کاکە حەمەش پێی دەڵێ: ئێمە بۆ ئاشتی هاتووین تۆ شەڕ دەکەیت، ئێمە ئیدی شەڕ ناکەین. بەم جۆرە خاوی دەکاتەوە.

ئاماژەمان بە پەیوەندی قوڵ و پتەوی نێوان مام جەلال و کاکە حەمە دا، لێرەشدا ستایشێکی تری مام دەکاتەوە:"مام جەلال کەسایەتییەکی باشە و وەفای ھەیە بۆ ھاوڕێکانی". ل ٢٧٦

لە ل ٢٩٠ دا دەنووسێ: "یەکێتی ھەمیشە لەدوای ڕووداوەکانەوەیە یان دوای ڕووداوەکان ئەکەوێت". ئەم بۆچوونە بیروڕای زۆر چاودێری سیاسی و توێژەران و کەسانی تریشە، چونکە ھەرچی یەکێتی بە پارتی دەڵێ، خۆی دوای چەند ساڵێ ھەمان شت دووبارە دەکاتەوە و بەو قۆناغە دەگات کە پارتی پێش ساڵانێک تێیدا بووە. بۆیە ئەم هەقیقەتە هیچ تەمومژ و گومانێک هەڵناگرێ و کاکە حەمەش دەرکی بەم ڕاستییە کردووە و جەختی لەسەر دەکاتەوە و کتومت و بەڕاشکاوی دەینووسێت. .

دواتر باس لەو دانیشتن و گفتوگۆیانە دەکات سەبارەت بە گۆڕینی داوا و دروشمی کورد لە ئۆتۆنۆمییەوە بۆ فیدڕاڵی و بڕیاری ھەڵبژاردنی پایتەختی باشووری کوردستان لەنێوان کەرکووک و ھەولێردا . . . کە دواتر لە ٢٠٠٢/١٠/٢٢ بەفەرمی بڕیار بۆ ھەولێر دەدرێ .  .  .

بێگومان بزاڤی رزگاریخوازی کورد ئەگەرچی هەنگاوی بەرەو پێشچوونی دروشمەکانی لەدوای ڕێکەوتنامەی سایکس ـ پیکۆوە، باشتر بڵێم بەسەر چوونی وردە وردەی سەرکردایەتی کلاسیکی کوردی و سەرهەڵدانی پارتی ناپارتی بەناو مۆدێرن و کاریگەرێتی ئایدۆلۆژی مارکسی لەسەر بیرکردنەوەی سیاسی کوردی دواکەوتووانە و بە قورسی هەنگاوی ناوە و چۆتە پێشەوە، لێ دیسان زیان لەهە شوێن و وێستگەیەگدا لە نیوە بگەڕێتەوە هەر باشە. دەستبەرداربوونی داوای ئۆتۆنۆمی بە درۆزنی و ڕاستەقینەکەیەوە، جێی خۆشحاڵییە. دیارە چارەسەری ڕاستەقینە لە دیاریکردنی مافی چارەنووس و بەدەوڵت بووندایە، وەک هەقیقەتێک کورد لە کوێرەوەرییە ڕزگاری بێت و گەلانی ناوچەکەش ڕۆڵەکانیان چیدی نەکەنە دەستە چیلەی شەڕێکی داگیرکارانەی خوێناوی زوڵم و نامرۆڤانە. هیةانە کایەی ئاشتییەک بە یەکسانی بۆ گشت لایەک.

باسە فرەچەشنەکانی ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک درێژەیان هەیە و تا دەگەینە رۆژەکانی دوای ڕووخانی سەدام و لێرەدا دەڵێ: " ئەوەی بیست سی چەکداری لا بوایە، حکومەت بوو. جەیش نەمابوو، پۆلیس نەمابوو" ل ٣٥١

هێژای گووتنە ئەم ڕاستییە کە لێرەدا جەختی لێ کراوەتەوە بۆخۆی ھەویرێکە ئاو زۆر دەکێشێ و کاریگەریی و لێکەوتە نەرێنییەکانی هەتا ئێستا ماوە و ئایندەشدا ھەر دەمێنێ. . . ئاخر سەرانی کورد ـ پارتی و یەکێتی ـ هەڵەیەکی مێژوویی کوشندەیان کرد. کورد وتەنی "خۆت مەیکە و خودا بتداتێ" داگیرکەرێکی دڕندەت بۆ لەناوبرا، کەچی تۆ بچی بینای دەوڵەتە داپلۆسێنەرەکەی بکەیتەوە ـ سوپا و پۆلیس ـ ی بۆ دروست بکەیتەوە، بۆ ئەوەی سەدامێکی تری لێ دروست بێتەوە. . . ئاخر ھیچ زیندانییەک هەیە بچێ دەرگای زیندانەکەی تۆکمەتر بکات بۆ ئەوەی ڕێگەی ئازادبوونی لێ سەختر بێت؟؟!!. . . ئەمە ئەو ھەڵە کەمەرشکێنەیە کە سەرانی حیزبی کوردی لێی بەرپرسن و بە خوایشتی خۆیان کۆتوبەندی عێراقیان کردەوە دەستی خۆیان.

لەم چرکەساتەدا ڕۆژی ٢٠٠٣/٥/٣ بەتایبەتی کاک حەمە بە میوانی دەچێتە لای مام جەلال و ئەم پێشنیازەی بۆ دەکات:" وتم جەنابی مام جەلال بۆ لێرە لە بەغدان و بۆ ناچنەوە کوردستان و عێراق ھێز و جەیشی نەماوە بە درێژایی حەمرین ھێز دانێین و بیری ئیرتیوازییان بۆ لێ بدەین و دانیشن تێیدا". ل٣٥٢

خاڵێکی گرنگ و هەستیار پڕ لەبەر پرسیارێتی. . داخوازییەکی کوردانەی ستراتیژی نەتەوەیی، هەوڵێکی ژیرانە بۆ قۆستنەوەی دەرفەتی داڕماوی دەڵەتە زۆڵەکەکەی داگیرکەری عێراقی و رژێم و دامودەزگا بکوژ و ببڕە داپلۆسێنەرەکەی سەدام، کەچی ئەم دەرفەتە هەرە زێڕینە بە چوار قسەی بێ سەرووپای بێ ناوەڕۆک و لێکدانەوە و بەرپرسیارێتی دیزە بەدەر خۆنە دەکەن.

دیارە لەڕووی ستراتیژی نەتەوەییە گەر بھاتایە کورد شەڕی سنووری نەتەوەی و جوگرافیایی مێژوویی بکردایە، ھەزار قات سەرکەوتووتر دەبوو. . ئیدی لەمدیوو سنوورەوە کێ ھەیە و چ دەکرێ ئەوە هەموو دەکەونە پەراوێزی دەسەڵاتی کوردستانەوە.

مام جەلال بایەخ بە قسەکەی نادات و ئاوات و خۆشحاڵی خۆی بەس بەنەمانی سەدام دەردەبڕێ. دەڵێ: ھیچ ھێز و لایەنێک لە سەدام خراپتر نابێت و وەک سەدامیان پێ ناکرێ. . . ١. کاکە حەمە دەچێتە لای پارتی و ھەمان بابەتیش بە مەسعوود بارزانی دەڵێ، ئەویش وەک مام جەلال خەمساردانە وەری دەگرێ و دەڵێ ھیچ کەس وەک سەدامی پێ ناکرێ ئەوانیش معارەزەن و پیاوی باشن و ھەموویان دۆستمانن و ھاوکاریمان کردوون . ل ٣٥٢

کاکە حەمە لەم بەرگەدا دووجار باسی ھەڵوێستی ئەرێنی ئەمەریکا بۆ حیزبەکەی دەکات، جارێ کە میزانییەکەیان دەبڕن و ئەمەریکا بۆیان دەگێرێتەوە و جارێکیش کە سۆشیالیست تاکە حیزبە کەسی لەلایەن ئەمەریکاییەکانەوە نەگیراوە و توڕە نەکراوەتە سەری. .

کاتێ ئەمەریکا دەیەوێ لە ھێزە ئیسلامییەکان بدات، کاکەحەمە ئاگاداری عەلی باپیر دەکاتەوە و تەنانەت داڵدەیشی دەدات. . . ئەم خەسڵەتەی کاکە حەمە مەگەر هەر خۆی بتوانێ ڕوون کردنەوەی لەسەر بدات! بەڵام ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، سەرباری نەیاری حیزبی و سیاسی کاکە حەمە دەستی هاوکاری بۆ گشت لایەک درێژ دەکات. . بە دەربڕینێکی تر ڕاگرتنی باڵانس لەنێو ئەم ھەموو دژبەرابەدا کارێکی ھێندە ئاسان نییە، مەگەر ھەر کاکەحەمە لە عۆدەیان بێت!.  .

ڕەنگێ ئێوەش وەک بەندە و کەم کەس خەیاڵی بۆ ئەوە بچێ کەوا کاکە حەمەش وەک ھەر گەنجێکی خاوەنی دڵێکی تەڕ و ھەستێکی عاشقانە یاخود جواپەرستییە!. . ئاخر ئەوێک بەو ژیانی سەرقاڵییەوە و بەو شاخ و کێوان و نێو کونە ئەشکەوت و بن دەوەن و بەردانەوە چۆن دەماری عەشقی دڵی سست نەبووە! ناچالاک نەبووە!، یاخود تۆوی دڵداری و دڵفڕێنی تێدا ماوە و لەبیری ماوە؟!. . کەچی لەوەڵامدا کاکە حەمە بە کۆپلە شیعرێکی تەڕوپاراوی عەشق ئامێز، پێمان دەڵێ: ھێشتا ھەرزەکارەکەی جارانە و خاوەن دڵێکی تژی لە عەشق و جوانپەرستییە. . دە بفەرموون و بنۆڕن لەم کۆپلە بچووکەدا چ بەیان دەکات. .

شۆخوشەنگە بێنازە

تاکە لەناو چینی تازە

ڕواچییە وەک بازە

بۆ کاری خۆی بەنیازە. . .

ئەم ھەوێنی عەشقە گەر ٣٠ ساڵێ بگەڕێتەوە دواوە، بەدووری مەبینە، وەک ڕاوچی سەر ڕێی کانی لە باڵابەرز و دەم بە خەندە و پێکەنینەکان نەگرێ!. . سێرە لە شۆخ و شەنگان نەگرێ. . .

لات ئاسایی بێت، بێتە ھاودەمی مەدھۆش و بەدیار جوانی یارەوە داھێنان لەسەر داھێنان بھێنێتە کایەوە. بەکورتی ئەگەر ئەوساش دڵی خۆی بێبەش کردبێ لە عەشق و خۆشەویستی، کەچی لەم نیوە وێستگەیەی ژیان دا، قەرەبووی ئەو تەمەنە دەکاتەوە و بۆ شۆخ و شەنگان شیعر دەهۆنێتەوە. .

لەبەرەو کۆتایی رۆژژمێرەکەیدا کاکەحەمە تیشکێ دەخاتە سەر کێشە ناوخۆیەکانی یەکێتی. . . نەوشیروان و کۆسرەت و عومەری سەید عەلی نامە بۆ مام جەلال دەنووسن بەبیانووی ئەوەی تەمەنی سەرکەوتووە واز بھێنی . . دیارە مام جەلال بەم کارە تەواو ناڕەحەت دەبێت. . . کاکە حەمە سەردانێکی کۆسرەت دەکات! لە ئەنجامی وتووێژ و بیروڕا گۆڕینەوە لەو بڕیارەی ساردی دەکاتەوە. یەکێ لەناڕازییەکان کە لەیادی نییە کامیانە، پێی دەڵێ:" مام خۆی مەسئولی خۆمانە و ژنەکەشی مەسئولی ژنەکانمانە". . ل ٤٢٧ . کاکە حەمە دواتر دەچێتە لای مام و ھەواڵی پێ دەدات. . کەوا گەر مام جەلال داوای کۆسرەت بکات، بێ سێ و دوو کردن کۆسرەت دێتە خزمەتی. .

کاتێ نووسەر. . دەچێتە کن مام جەلال دەبینێ زۆر ناڕەحەت و پەشۆکاوە. مام پێی دەڵێ" ھەمیشە وام زانیوە تۆ و کاک نەوشیروان قەت لێم دوور نابن، بەڵام نەوشیروان ئەو نامەیەی بۆ نووسیوم و تۆش سەردانی ئەوانت کردووە" ل٤٢٧. وەک کاکە حەمە دەگێڕێتەوە مام زیاتر لە پەرۆشی کۆسرەتدا بووە!. . چونکە قسەی زۆر بەوانی تر دەڵێ و " لەناو کتێبخانەیەکی گەورەدا بوو لە کتێبخانەکە کۆمەڵێک فایلی گرتبوو بە باوەشیەوە ھێنای وتی: ئەوانە زۆریان سەر بە حکومەتی عێراق بوون و ئەوە فایلەکانیانە . باوەشێ فایلی لەبەردەمی من دانا وتی: سەیریان بکە ئەوانە من دەرئەکەن؟". ل ٤٢٧

ئێمە لێرەدا دەبێ ھەڵویستە بکەین لەسەر ئەم خاڵە. . . ئەمە وەک تەقینەوەی بۆمبایەکی زۆر گەورەیە!! مام چۆن زانیویەتی ئەو نزیکانەی پیاوی حکومەتن و لێی قبوڵ کردوون؟ ئایا ئەمە فاکتە یان بەرتەکی ڕک و کینەی رۆژانی ناکۆکی و جیاوازییەکان و سروشتی بێ ڕەحمانەی کوردە بەڕانبەر بەکورد و شۆڕشگێڕە بەرانبەر هاوسەنگەرەکەی؟؟ ؟. . دەبێ ئەوانە کێ بن؟. . . کۆسرەت، نەوشیروان، عومەری سەید عەلی، فەرەیدون عەبدولقادر و چەندانی تر؟؟!! ئایا ئەو فایلانە ھەر ماون؟!. . رۆژێک ئاشکرا دەکرێن؟؟؟. .

بەھەرحاڵ کاکە حەمە ڕؤڵی خێرخواهانەی خۆی دەگێڕێ و کۆسرەت لەگەڵ مام جەلال ئاشت دەکاتەوە، واتە لەتێکی گەورەی ناڕەزاکان دەگەرێتەوە باوەشی ی ن ک و مام جەلال لە پاداشتی کاکە حەمە دا دەڵێ: تۆ ھەر پیاوی شەڕ نیت، پیاوی ئاشتی و چارەسەری کێشەکانیت و پیاوی ڕۆژانی ناخۆش و ھەمیشە پشتیوانی مام جەلالی". ل ٤٢٨ ھەر لەم میانەدا باس لە بیروباوەڕی نەوشیروان دژ بە مام دەکات. . نەوشیروان نائومێدی خۆی بەرانبەر مەسعود و مام دەردەبڕی تا دەگاتە ئەوەی وەک کاکە حەمە لەزمانی ئەوەوە دەڵی:" ئەگەر جەلال تاڵەبانی بێڵێت مەسعود بارزانی ھەندێک شت ئەکات ". ل ٤٣٣ ئەم دەربڕینە قورسە! دەشێ نەوشیروان بۆ یەکەم جاریش نەبێت ئەمەی دەربڕی بێت. لەکاتێکدا دەزانین نەوشیروان بەدرێژایی تەمەنیی جێگری مام جەلال بووە و زۆرجار کەسی یەکی ی ن ک، لە گشت کاروباری حیزبیدا. .

نووسەر . . وەک ئەندام پەرلەمان دەچێتە بەغدا، وەک بۆمان دەگێڕێتەوە بۆیەکەم جار لە پەرلەمان بە کوردی قسەی کردووە و خەسرەو جاف بۆی کردۆتە عەرەبی. ئەمەش بەو مەبەستەی زمانی کوردی لە پەرلەمانی بەغدا ببێتە فەرمی و وەرگێڕی بۆ دیاری بکەن. .

ئەم خوێندنەوەیە چەند سواڵەیەکە بۆ بە مەڵۆ و خەرمان کردنی ئەو ھەموو ڕووداوانەی کاکە حەمە لە ماوەی ھەشت ساڵی خۆیدا لە نزیکەوە بەشدار و ئاگاداری ڕووداوە ھەستیارەکانی سەر گۆڕەپانی کوردستان بووە. . . کاکە حەمە لە ھاوڕێ و دۆستەکانی، لە حیزب و لایەنەکان، لە جەماوەر، لە سیاسییەکان و رۆشنبیران ھەرگیز دوور نەبووە . ھاتۆتە بەرلین جەمال نەبەزی دیوە و گفتوگۆی ھەمەچەشنی لەگەڵ کردووە. . بە سوودمەندبوون لەم دیدارە خۆشحاڵ بووە، ئاڵوگۆڕی نامە و دیداری لەگەڵ مارف خەزنەداردا بووە. سەردانی ھەموو بۆنە ئەدەبییەکانی کردووە و بەتەنگ کێشەکانیانەوە بووە. . .

هاوڕێیەکی دکتۆری زانکۆم بۆی گێڕامەوە کاتێ شاندێکی حیزبە کوردییەکان دەچنە ئەمەریکا، لەگەڕانەوەدا تەنیا کاکە حەمە چەند کتێب و سەرچاوەیەکیان بە زمانی ئینگلیزی بەدیاری بۆ کتێبخانەی زانکۆی ڕووتەی کوردی دێنێتەوە. کاکە حەمە چەندی بۆی لوابێت بنەماڵەی شەهیدانی بەسەر کردۆتەوە، بەشداری پرسەی کردووە و ئەرکی حیزبی و دۆستانە و دابونەریتی خۆیشی بەردەوام بەجێدەگەیەنێ.

لە بەشی بەڵگەنامەکان دا، کەوتمە پەیجور، بۆ ئەوەی لێرەش سواڵەیەکی تر ئامادە بکەم . دوای هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەک کەوتم بەسەر نووسینێکدا کە بەداخەوە دیار نییە لە کێوەیە و ئاڕاستەی کێ کراوە! لە کۆتاییەکەشیدا ناوی نووسەرەکە / خاوەنەکەی دیار نییە. واتە بەڵگەکە سەری پەڕیوە و قاجیشی بڕاوەتەوە. بەندە ٪٩٩ یەقین بووم ئەمە خەتی ئازاد مستەفای سکرتێری پاسۆکە. . بابەتەکە ١٢ لاپەڕەی چڕوپڕی هەڵسەنگاندنێکی ستراکچەری حیزبی سۆسیالیست و کێشەکانی دیوی ناوەوەیەتی لەگەلێ ڕەهەندەوە. سەرەتا ئەم خاڵەم لای خۆم وەک ڕەخنە تۆمار کرد. . چەند پەڕەیەک دواتر دیم، دەقی نامەکە دانراوە بە چاپکراوی، بەڵام دیسان سەری پەڕیوە، لێ قاچی سەلامەتە و خاوەنەکەی نووسراوە ئازاد ١٥/٨/١٩٨٥ تاران. . . بەداخەوە خوێنەر نازانێ ئازاد کێیە و بۆنەی ئەم نامەیە لە ڕووی مێژووییەوە چییە؟!. دەبوو ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر بدرایە بدرایە. شایەنی ئاماژە پێدانە کاکە حەمە هەر دڵی عەشقی زیندوو نییە، بگرە لە قسەی خۆش و نوکتە و گۆڵمەزی کەیفسازیش بەدوور نییە. ئەوەتا نزیکەی 78 نوکتەی سەردەمی خەباتی کۆکردۆتەوە و لەبەشی بەڵگەنامەکان دا پێشکەش بە خوێنەرانی دەکات. ل ٥٦٢

وەک پرنسیب دەزانین هیچ کارێک بی کەموکوڕی نییە، ئەم بەرهەمەش چەند ناتەواوییەکی لەخۆ گرتووە:

+ زۆر ڕووداو هەیە، دووبارە بوونەتەوە و پشوپێش کەوتوون. ئەگەر هەڵەی چاپ نەبن؟.

+ بابەتگەلێک هەن پێویست نەبوو نووسەر بییاننووسێ، بۆ نموونە ڕێکەوت هەبوو حەفتەیە لە ماڵ یان بارەگا دانیشتووە و سەرقاڵی کاروبار بووە، "لەماڵەوە بووم مەشغوڵی ئیشوکاری ڕۆژانە بووم". ل ١٢٦ . ئەمە کاتی لە خۆی بردووە و بۆ خوێنەریش سوود و گرنگی نییە.

+ هەندێ جار باسگەلێکی کۆن دێنێتە ناو باسەکانەوە چ وابەستەییەکیان پێکەوە نییە، یادەوەریی خوێنەر دەشێوێ. بۆ نموونە لە ل ١٩٧ دەگەڕێتەوە بۆ باسێکی ساڵی ١٩٧٧و لە ساڵی ٢٠٠٠ دا بێ ھۆکار دەگەڕێتەوە بۆ ١٩٨٨ ل ٢٧٠ .

+ بەڵگەنامە هەیە ل ٩٧٠ سێ جار بڵاوکراوە و زۆر نموونەی تر کە دەبنە هۆی وەڕس بوونی خوێنەر. یاخود پەیوەندی نییە بە ناوەڕۆکی ڕوواداوەکانەوە لەڕووی کرۆنۆلۆژیاوە، دەنا تەواوی ئەو بەڵگەنامانە، هەرچی بن بایەخی خۆیان دەس. وەک بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی ساڵی ١٩٧٦ دامەزراندنی بزووتنەوە، نامەی نەوشیروان بۆ سەید کەریم، نامەی نێوان بەرهەم ساڵح و مام جەلال.

 ڕەخنەگرتن و دەربڕینی ئەم کەموکوڕییانە بە ئاواتی ئەوەیە، لە ئایندەدا بەرگەکانی تری ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک لێی بەدوور بن.

لە هەموو بارێکدا ڕاشکاوانە دەڵێـ: جێی دەستخۆشییەکی زۆرە بۆ پێشمەگە و سەرکردەیەک، هێندە بەسەلیقە و ئەرشیڤ دۆستە، لە سەخترین چرکەساتەکانی ژیان و مەرگیش دا، هێندە لە پەرۆشی ئەو هەموو بەڵگەنامانەدا بووە زۆری پاراستن.

بەر لە ماڵئاوایی لە خوێنەران، ئەوەی ماوەتەوە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە کاکە حەمە بکەم، بۆ نووسینەوەی ئەو هەموو لاپەڕە گەشەی تاریک و ڕوون و تاڵ و شیرنی قۆناخێکی هەستیاری مێژوومان. بەهیوام بە تەندروستی باشەوە درێژە بدات بە نووسینەوەی ڕووداوەکانی تریش و بە بەرهەمەکانی ئایندەی کتێبخانەی هەژاری کوردی دەوڵەمەندتر بکات. . بەهەقەت ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ، نووسەران و توێژەران بەردەوام پشتی پێ دەبەستن، ئاخر گەواهێکی زیندووی تژی لە ڕاستین، بۆیە هەمیشە زیندوو دەمێننەوە. .

 

We have 66 guests and no members online