{{ ئەگەر زمانی ڕەسەنی من، بناغەی دەوڵەتی تۆ دەهەژێنێت، مانای وایە کە تۆ دەوڵەتەکەت لەسەر خاکی من دروست کردووە. مووسا عەنتەر}}. .
لە تورکییەوە: محەمەد عزەدەین
بڵاوکراوەی: دەزگای "فام" بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە
چاپی یەکەم 2021 628 لاپەڕە
ئیسماعیل بێشکچی و سینەم خان جەلادەت بەدرخان پێشەکییان بۆ نووسیووە.
مووسا عەنتەر داوای " خۆ گۆڕین" بەرز دەکاتەوە داوای " ڕاستگۆیی" دەکات . پێی وایە " گەر تورکیا لە چوارچێوەی دیموکراسی مافە ڕەواکانی کورد بدات" تورکیا بەھێزتر دەبێت کوردیش دەبێتە بەشێک لێی. بەڵام لە ئیستا شتێکی وا نییە چونکە " خزمەتگوزاری" لە نێوان شارەکانی کوردستان شارەکانی تردا لە رووی ئابووری و سەربازی و سیاسەتەوە جیاوازن جیاوازیان تێدا دەکرێت. کورد زمانی دایکی قەدەغەیە، بە تورک دەکرێ، ناوەکان دەگۆڕدێ . . ئیدی ئەو درۆ زلەی بانگاشە دەکات ئێمە" براین و کورد و تورک وەک نینۆک و گۆشتن " کەی ڕاستە؟. . برایەتی ڕاست نییە گەر وەک گۆشت نینۆکیش بین، تورک گۆشتە و کورد نینۆکە، کەدرێژ دەبێت ئێوە دێن کورتی دەکەنەوە و دەیبڕن.
" کەی یەکسانی و برایەتی ئاوایە، ئەی ھاوار!!". . .
بانگەوازێکی پڕ بە گەرووی ئازاری واقعە، و ئەوان برایەتی و دۆستایەتی و دراوسێیەتی نازانن. . . ھەوڵی گەوھەری ئەوان بۆ قڕکردنی کوردە. " دەزانم گەر بیانەوێت سبەی لەسەر ( جیاخوازی) یەخەم دەگرن. کەچی من تا ئێستا کوردێکی عاقڵم نەبینیوە داوای دابەشکردنی تورکیا بکات". بەھەرحاڵ ئەم دەربڕینانە بە پێوەری کوردایەتی، کورت دێنن و چۆن دەکرێ کەسێ داوای سەربەخۆیی بکات کە لەدیدی تورکیاوە ئەمە جیابوونەوەیە، بێ ئەقڵ بێت!. . یان دەڵێ:" کورد نایەوێت لە تورک جیابێتەوە". ئەمەش دەربڕینێکی ترە لەگەڵ مێژووی خەباتی کورد و خودی عەنتەریش دا جووت نایەتەوە. . . ئازادی سەربەخۆیی کە زامنی کەسایەتی کورد و فەرھەنگەکەیەتی لە قەوارەیەکی سەربەخۆدا بەرقەرار دەبێت. ئیدی بۆ کورد نایەوێ لە تورک جیا بێتەوە؟!. ھەرکاتێ تورک بووە ئەڵمان و فەرەنسی و ئیتالی سویسرا و تورکیاش گەیشتە ئاستی پێشکەوتن و دیموکراسی سویسرا، ئەوسا با کورد و تورک و ئەوانی دیکە لە ناو تورکیا وەک ئەوانەی ناو سویسرا بژین. . . ئەمە کرۆکی پرسەکەیە! نەک هەردەم چاوەڕێ بین بەدیار داری زڕەوە بەرمان بۆ بگرێ!.
بە پێچەوانەوە ھۆکارێکی گەورەی کورد لەو کوێرەوەرییەی تێی کەوتووە ئەوەیە دەیەوێ وەک زیندانییەک لە زیندانی (تورکیا و ئێران وعێراق وسووریا) دا بمێنێتەوە. . . کەواتە ئاقڵ ئەوەیە دەیەوێ جیابێتەوە بەمانای سەربەخۆیی و ئازادی. . .
پرسیار ئەوەیە. . ئایا ئەو چەند ڕستە و بۆچوونە قەناعەتی تەواوی مووسا عەنتەرە؟، ئەوە چەپێتی دوور لە کوردایەتی زاڵە بەسەریدا و کە ئێمە وامان نەناسیووە و خەباتی خۆیشی وا بەرچاو ناکەوێ!. . یان ڕەنگدانەوەی تەمەن و ناساخی و ھەڕەشە و گوشارە. ئەوەیان ئەگەرێکی کراوەی جێی مشتومڕە و شایانی ساخ کردنەوەیە. . .
مووسا عەنتەر. . پیاوێک بوو، ھەمیشە سەربەرزانە بە پارەی خۆی ژیاوە و زۆر جۆر کار و کاسبی کردووە. ماوەیەک خاوەنی ریستەورانتێک دەبێت لە ئیستانبووڵ و بە دەستڕەنگینی خۆی زوو ناوبانگ دەردەکات. "رۆژێ دوو ئەفەندی بەتەمەن دەچنە لای بۆ نان خواردن یەکێکیان پرۆڤیسۆر تاھیر تانەری مامۆستای خۆی بووە لە زانکۆ وئەوی تر نومان مەنەمەنجی ئۆغلووی وەزیری پێشووی دەرەوەی تورکیا١٩٤٢-١٩٤٤. ھەردوو خانەنشین. مووسا خۆی خزمەتیان دەکات و پارەیەکی کەمیان لێ وەردەگرێ. جووتە ئیدی فێری ریستەورانتەکە دەبن و زوو زوو دەچن. ئەم دوانە لە ڕێکەوتنامەی لۆزان ڕاوێژکاری یاسایی عیسمەت ێینۆنۆ بوون. جارێک ئۆغڵوو یادەوەرییەکی خۆی بەو شێوەیە گێڕاتەوە:
" چەرچڵ و ڕۆسڤێڵت لە ساڵی ١٩٤٣ بۆ بەشداریکردنی تورکیا لە دووەمین جەنگی جیھان، من و ئینۆنۆیان بانگھێشتی قاھیرە کرد. ئینۆنۆ نزیکی جەنگەکە نەدەکەوتەوە، چونکە تیۆری ئەو لە کۆبوونەوەی ئەدەنە و قاھیرە بەو شێوەیە بوو، حاڵی حازر سوپاکەمان لەو ئاستە نییە بەشداریی جەنگ بکات. (. . . ) چەرچڵ و ڕۆسڤێڵت بڕوایان بە تورک نەبوو، چونکە دەیانگووت ئەی گەر دوای ئامادەکردن و پڕچەککردنیان تورک چوونە پاڵ ئەڵمانیا؟. ئینجا لە لایەکی ترەوە لێمان سووڕانەوە و پرسی کوردیان ھێناتە سەرمێزی دانوستاندنەکەمان و بە ڕووداوێکی لەو شێوەی خوارەوە ویستیان چاوترسمان بکەن: شاندە ئینگلیزییەکە لەبەرئەوەی ھاتبوونە جیھانی ئیسلامی، بۆیە لەناو شاندەکەتان چەندان ڕۆژھەڵاتناسیان لەگەڵ خۆیان ھێنابوو، کە زۆر زمانیان دەزانی. سەرەتا چەرچڵ بە ئینۆنۆی گوت:
" پاشا تۆ کوردی دەزانی؟ عیسمەت پاشا سەری سوڕما، چونکە نەیدەزانی چ بڵێ، بەر لەوەی ئینۆنۆ وەڵام بداتەوە من سەری قسانم وەرگرت و گوتم: گەورەم ئێمە کوردی نازانین، لای ئێمە بە کوردیش قسە ناکرێ، زمانێکی ئاواش لە تورکیا نییە". چەرچڵ لە یەکێک لە پیاوەکانی پرسی : مستەر ئەو قسەیە ڕاستە؟ ئایا زمانێک نییە بەناوی کوردی؟" چەرچڵ کە ئەو پرسیارەی لەو پیاوە کرد کە بە مستەر بانگی کرد، دیار بوو بە ئامادەکارییەوە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە ھاتبوو، بۆیە ھەستاوە سەرپێ و وتی: " چۆن ئەو زمانە نییە گەورەم، بەڵکو زمان و ئەدەبێکی زۆر دەوڵەمەندیشیان ھەیە. گەر بتانەوێت شیعرێکتان لە دیوانی جزیری بۆ دەخوێنمەوە؟ چەرچڵ گووتی:" بیخوێنەوە" لەشیعرە تێنەگەیشتین، بەڵام زمانەکە لە فارسی نزیک بوو، ئاوازێکی بە ئاھەنگیشی ھەبوو. کە لە شیعر خوێندنەوەکە بۆوە، مستەر گووتی ئەوە شیعرێکی کوردی بوو گەورەم. چەرچڵ گوتی: مادەم وایە شیعرەکەمان بۆ بنووسەوە و بۆشمان وەربگێڕە سەر زمانی ئینگلیزی". لە ماوەیەکی کورت وەرگێڕانەکەی تەواو بوو، ئنجا سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گوتی دە بیکەنە فەرەنسیش، کردیانە فەڕەنسیش، ئینجا وەریانگێڕایە سەر تورکی. جا چەرچڵ ئاوا لەسەر قسەکانی ڕۆیی:" جەناب وەرە پێم بڵێ لەو سێ زمانە بۆ ئەوەی ھەمان ھەستی زمانە ئۆرجیناڵەکەی تێدا دەرببڕدرێت ئایا وەرگێڕ ناچار بووە چەند وشەی بێگانە بە زمانەکەی خۆی تێدا بەکار بھێنێت؟".
دەستمان بە ژماکردنی وشە بێگانەکان کرد. لە وەرگێڕانە فەڕەنسییەکەدا ھیچ وشەیەکی بێگانە نەبوو، لە ئینگلیزییەکە چوار پێنج وشەی بە بنەچە لاتینی ھەبوو. لە تێکستە کوردییە ئۆرجیناڵەکە سێ چوار وشەی عەرەبی دۆزرایەوە، بەڵام کە ھاتینە سەر وەرگێڕانە تورکییەکە، جگە لە ئامڕازەکانی لکاندن، ھیچ وشەیەکی تێدا نەبوو کە تورکی بێت، بەڵکو ھەموو وشەکان عەرەبی و فارسی و زمانە جیاوازەکانی ئەوروپا بوون. . چەرچڵ ھەر چوار وەرگێڕانەکەی لەسەر چوار پەڕ لە پێش ئێمە دانا و گوتی: " شەرم نییە بەڕێزینە، سەیرکەن ئەوەش دەوڵەمەندی زمانی کوردییە کە ڕێژەیەکی زۆری گەلەکەتان زمانی دایکیانە و ئێوە دەڵێن نییە".
دواتر نومان مەنەمەنجی ئۆغڵوو پێی گوتم:" لەو ماوەیەی وەزیری دەرەوە بووم، ھیچ ڕۆژێک ھێندەی ئەو ڕۆژە بەسەر خۆمدا نەشکامەوە و بێزار نەبووم". ل ٢٠٧-٢٠٨
لێرەدا سیاسەتی شۆڤێنیزم و ناسیونالیزمی یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە و یەک زمانی دەوڵەتی تورکی وەک ناسنامەی کەمالیزم بەدیار دەکەوێ. . بێشەرمی سیاسەتیان و چاوقایمی و نیگاتەسکی تێڕوانینیان بۆ میللەتانی دیکە. . . ھێزە کۆلۆنیالیستەکان پێشوەختیش شارەزای دۆخی کورد بوون، کە خاوەن مێژوو و فەرھەنگی دەوڵەمەندترە لە ھی تورک، کەچی کردیانە قوربانی بەرژەوەندی گڵاویان. . کورد بەھیچ سیاسەتێکی زەبروزەنگ لەناوناچێت و قەڵای زمانەکەی ھێندە سەختە بەرگەی سەختییەکانی ژیان و دڕندایەتی داگیرکەران دەگرێ.
بەتێکڕا ئەم بەرهەمە شوێنێکی بەرز لە نێو کتێبخانەی کوردیدا بەدەست دێنێ. هەوێنی نووسینی چەندین چیرۆک و ڕۆمانی تێدا هەیە. . دەکرێ بکرێتە فیلم و لە تیڤی و شانۆش دا پێشکەش بکرێ. مەگەر ژییاننامە و بیرەوەرییەکانی د. نورەدین زازا، هێندە تژی بێت، لەم کەرەسە ئەدەبی و هونەرییانە. بەداخەوە دەستی چەپەڵی داگیرکەری تورک و تیرۆر کردنی دەرفەت نادەن، نووسەر بەشەکانی تری بیرەوەرییەکانی بنووسێ. بێگومان ئەوانیش دەبوونە ڕووپەڕێکی تری گەشی مێژووی نەتەوەکەمان و تێکۆشانەکانی ئاپێ مووسا.
هەروەها ئەم بیرەوەرییانە بێبەشە لە وێنە و هەندێ بەڵگەنامەی گرنگ و نامە ئاڵوگؤڕکراوەکانی نێوان نووسەر زۆر لەو کەسایەتییانەی باسی کردوون، بۆ نموونە قاسملوو. . پێدەچێت هۆکارەکەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێی دا، لەمەشدا ڕۆڵی گێرا بێت.
مووسا عەنتر، چارەنووسی " کوردبوون" کردیە "ئاپێ موسای کوردایەتی"، نووسەر و رۆشنبیر و تێکۆشەر و ڕۆژنامەنووس، ئەکتەر و شانۆنووس لە مەودای تەمەنی تێکۆشان و خزمەت و شەڕی کوردایەتی و بەربەرەکانی ستەمکاری و چەشتنی ئازار و زیندانی کردن و ئەشکەنجەخواردن و هەڕەشی مەرگ و پلانی لەناوبردندا بەتێکڕای ئەم پرۆسێسەی پێیدا تێپەڕیوە، کەسایەتی مووسا عەنتەر بۆتە بەشێکی زیندووی مێژووی نەتەوەی کورد . شەهیدکردنیشی پلەی شەهادەتی کوردایەتی گەیاندە ئاستی زنجیرەی سەروەرەکانی سونبوڵی مێژووی نەتەوەییمان : شێخ سەعید و سەید ڕەزا و د. ئیحسان و مەزڵوم دۆغان و هەزاران سەرکردەی نەمری ڕێی خەباتی سەختی ڕزگاری و سەربەخۆیی کورد و کوردستان.
مووسا عەنتەر دوای خۆی جگە لەناوێکی گەورە، خێزانێکی کوردپەروەر و ڕێبازێکی جوانی کوردایەتی، کۆمەڵێ کتێب و نووسین و هەزاران یاد و یادگاری گەشی بە میرات بۆ نەوەکانی دوای خۆی گەنج و لاوانی نەتەوەکەی بەجێهێشتووە. بەڕادەیەک هەرگیز ناو و ڕێچکەی بەکەس کوێر ناکرێتەوە. ئاخر ئەو داکۆکیکارێکی سەرسەختی نەتەوە و خاکەکەی بوو، نزیکەی 11تەمەنی لە زینداندا بەسەر برد و هەر کەس و لایەک بە پێوەری کوردایەتی لەم دوو شتەوە دوور بوونایە و دژایەتییان کردایە، مووسا عەنتەر وەک چیا بە ڕوویان ڕادەوەستایەوە. هەڵوێست و تێکۆشانی عەنتەر بەوە گەیشت، دەوڵەتی ستەمکاری تورک سڵی لە کەسایەتی دەکردەوە.
مووسا بە شەش مانگ پێش گیانبەختکردنەکەی لەناو شاری ئیستانبووڵدا، بۆ ماوەی 48 کاتژمێر مانگرتن لە خواردن دەست پێدەکات، دژ بە سیاسەتی توندوتیژ و تیرۆری تورکیا. بەواتای ئەوەی ئەم خەباتگێرە هەرگیز کۆڵی نەداوە.
ئەم کتێبە، کتێبێکی ستانداردی کوردی تژی لە کوردبوونە. بۆیە خوێندنەوەی جگە لە سوود و چێژەکەی، تێگەیشتنێکی نوێیە لە خود و ئەوانی تری داگیرکەر و دوژمن!!. .
پێش کۆتایی جێی خۆیەتی دەستخۆشی لە وەرگێر بکەم، بە کوردییەکی تەڕ و پاراو کارەکەی ئەنجام داوە. پیرۆزە لە وشە و ڕۆشنبیری و کتێبخانەی کوردی. . .
Gesendet mit der mobilen Mail App