١٢/٢/٢٠٢٢
بیرەوەرییەکانم (( مووسا عەنتەر))
{{ ئەگەر زمانی ڕەسەنی من، بناغەی دەوڵەتی تۆ دەهەژێنێت، مانای وایە کە تۆ دەوڵەتەکەت لەسەر خاکی من دروست کردووە. مووسا عەنتەر}}. .
لە تورکییەوە: محەمەد عزەدەین
بڵاوکراوەی: دەزگای "فام" بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە
چاپی یەکەم 2021 628 لاپەڕە
ئیسماعیل بێشکچی و سینەم خان جەلادەت بەدرخان پێشەکییان بۆ نووسیووە.
بەدرێژیش باس لەدیدارەکەی لەگەڵ رۆشنبیرانی رۆژئاوا جگەرخوێن و عوسمان سەبری جەلادەت بەدرخان و چەندانی تر دەکات. دەبێ ئەوە بڵێین، کە مووسا عەنتەر کەناڵی پەڕینەوەی شیعرەکانی جگەرخوێن بووە بۆ باکووری وڵات.
لە ل ٥٤٧ باسی ھەوڵێکی کوشتی دەکات، چونکە مەترسی کەسایەتی مووسا عەنتەر لەسەر تورکیا تا دەھات زیاد دەبوو، دەیانەوێ بەھەر شێوەیەک بێت ڕزگاریان بێت لەدەستی. . . لە تەمەنێکی پیری 77 ساڵیدا دەگیرێ و ئازار و ئەشکەنجە دەدرێ. . بەرادەیەک یەکێک دەستی نەگرتایە توانای ڕێ کردنی نەبووە. بەڵام دەسەڵاتی تورکی شەرمی بۆ ھیچ شتێ نەبووە و ڕق و نامرۆڤی خۆی نەشاردۆتەوە. تاوەکو لە ڕۆژی 20. 9. 1992 لەناو شاری ئامەد، نامەردانە و ترسنۆکانە نامرۆڤانە دەستیان چووە گیانی ئەم کەسایەتییە گەورەی کورد تیرۆریان کرد. گیانبەختکردنی مووسا عەنتەر، بووە مایەی ئەوەی فریا نەکەوێ کارەکانی تری بنووسێتەوە، بەوەش کورد کەسایەتییەکی گرنگی خاوەن ئەزموونی لەدەستچوو، کۆمەڵێ باس و رووداویشی لەگەڵ خۆیدا بردە ژێر خاکەوە.
ل ٤٣٣ چیرۆکێکی تەواو خەمگین پێشکەش بە خوێنەر دەکات پوختەکەی : لە ئیستامبووڵ رۆژێ دەچێتە بازارێکی ھەفتانە و کۆمەڵێ پێداویستی دەکڕێ، پیاوێکی پیری بەلەنگازیش دەگرێ وەک کۆڵکێش/حمال. . شتەکانی دەداتێ ھەڵگیرێ. لە ڕێگا بەزەیی بە کابرای بەتەمەندا دێتەوە و بەتایبەت کاتێ دەبینێ دەستی چەپی گرمۆڵە کردووە وەک بۆکس. لێی دەپرسێ: ئەوە خێرە دەستت، سەرەتا کابرا نایەوێ ھیچ بڵێ دواتر کە دەزانێ ئەویش کوردە، دەست بەگێڕانەوەی چیرۆکەکە دەکات بەم شێوەیە: " ساڵی١٩٣٩ - شۆڕشی سەید ڕەزا- سەرباز بووم نەقیب کەنعان لەسەربازە کوردەکان تیمێکی کوشتنی دروست کرد بوو بۆ کوشتی ئەو ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتانەی خۆیان لەشاخ و نێوئەشکەوت و دەشت و ھەردا حەشاردابوو و دەگیران بیانکوژین. ئەو دیمەنی گریان و ھاوار و زریکەیە منی تووشی داڕووخانێکی دەروونی کرد. بیرم لە خۆکوشتن کردەوە! بەڵام دوایی بیرم لە شتێکی ئاسانتر کردەوە. سەربازە بریندارەکانی ھاوڕێمیان دەبردە نەخۆشخانەی ئەرزرووم. ڕۆژێ کەوتینە شەڕەوە بەدەرفەتم زانی چەکەکەم خستە سەر دەستی چەپم، بە ڕاست تەقەم کرد و دەستی چەپمم ھەلاھەلا کرد. ئیدی وەک بریندارێک برامە ئەرزرووم و ڕزگاربووم لە سزادان و کوشتنی ھاوخوێنەکانم. . . ل ٤٤٢-٤٤٣بەراستی ئەم دیمەنە شایانی ئەوەیە نووسەرێکی وەک میخائیل شۆلۆخحڤ بیکاتە رۆمانێکی جیھانی. . ئای لەم ئازار و تاڵاوە کوشندەیەی ئێخەی تاکی کوردی گرتووە و بەدەست داگیرکەرە نامرۆڤەکانییەوە دەیچێژێ؟!. . ئازیزان ستەمی لەم چەشنە لە مێژووی ھێندەھەزاران ساڵەی مرۆڤایەتی نییە یاخود زۆر دەگمەنە. .
داگیرکەرانی کۆلۆنیالیستی جیھانی ئینگلیز و فەرەنسا تاوانباری سەرەکی ئەم مێژووە ڕەش و ناخۆشەن، میللەتانی سەردەستی تورک و فارس عەرەب جێبەجێکەری پلانی ھێزە کۆلۆنیالیستەکان و شۆڤێنێت و دڵڕەقی و نامرۆڤایەتی خۆشیان بۆ زیاد کردووە. . پەردەیەک لە دیمەنی لەسێدارەدانی سەید ڕەزا:" دوای دەرچوونمان لە دادگا ئوتومبێلەکەمان لە مەیدانەکەی تەک قەرەقۆلی ژەندرمە وەستا، سەید رەزا کاتێک پەتی سێدارەی بینی لە دۆخەکە تێگەیشت. ئینجا ڕووی لە من کرد و گووتی: " ھەڵدەواسرێم؟" بەردەوام بوو لە قسەکانی: تۆ لە ئەنقەرەوە بۆ لەسێدارەدانی من ھاتووی؟ سەیرێکی یەکدیمان کرد، یەکەم جار بوو لەگەڵ کەسێک کە لەسێدارە دەدرێت ئاوا چاو لەچاوی یەک بنێین. ئینجا سەید ڕەزا بە من پێکەنی. داواکاری گشتی پرسیاری ئەوەی لێ کرد ئایا دەتەوێ بەر لە سێدارەدانت نوێژ بکەی؟ بەڵام ئەو نەیویست. لێمان پرسی دوا قسەت چییە؟ سەید ڕەزا وەڵامی داوە: چل لیرە و سەعاتێکم ھەیە بیدەنە کوڕەکەم. (. . . ) سەیدڕەزامان بردە مەیدانەکە کەشوھەوا زۆر سارد بوو، ھیچ کەسیش لە دەوروبەرەکە نەبوو، بەڵام وەک ئەوەی مەیدانەکە تژی خەڵک بێت، سەید ڕەزا بە تۆنێکی بەرز وتاری دەدا:" ئێمە منداڵی کەربەلاین و تاوانمان نییە، بۆیە ئەمەی ئێوە دەیکەن شەرمە، زوڵمە تاوانە". . لەگەڵ وتەکانی ئەودا تەزوو بە ھەموو گیانمدا دەھات. ئەو پیاوە بەتەمەنە ڕەپ ڕەپ دەڕۆیشتە بەردەم پەتی سێدارە. جەللادەکە ھاتە بەردەمی تا بیباتە سەر ژورسییەکە و پەتەکەی کە مل بژا، بەڵام سەید ڕەزا پاڵی پێوەنا و خۆی پەتی سێدارەی لە مل کرد، شاپێکی لە کورسییەکەی دا و خستیە خوارەوە. واتە خۆی بڕیاری لەسێدارەدانەکەی خۆی جێبەجێ کرد". . .
قەومی کورد ئیسپاتی کرد بۆ عالەمی سەر ڕووی زەمین
میللەتێکی قارەمانن هەر ئەبێ سەربەست بژین
میللەتێ لاوی لە ڕێگەی سەربەخۆیی نیشتمان
بێتە بەر سێدارە، بێ ترس دەم بەخەندە و پێکەنین بێکەس
محەمەد ئەمین بۆزئارسلان کەسایەتییەکی ترە ناو و باسی لەم بیرەوەرییانەدا ھاتبێت. رۆژێ کۆمەڵێ شیعری کە بە تورکی نووسیویەتی دێنی نیشانی مووسا عەنتەری دەدا. . ئەمیش وەک مامۆستا و قاڵبوویەکی کوردایەتی ئامۆژگاری دەکات:" کە ئێمەی کورد چەندی بە تورکی شیعر بنووسین، ناتوانین شاعیرانی تورک تێپەڕێنین . لە ھەموو ڕوویەکەوە ئێمەی کورد وەکو چینی دووەم و سێیەم سەیر دەکرێین، بۆیە گەر بەزمانی شیرینی کوردی خۆمان بنووسین زۆر زیاتر جێی پەسەندی دەبێت ". ل٤٩٨-٤٩٩
ئیدی ئەم ئامۆژگاری دەبێتە ئەڵقەیەکی زێڕ بۆزئارسلان بە دروستی دەیکاتە گوێی و دواتر ئەو کەسایەتییەی لێ دەردەچێت بە خزمەتەکانی کە پێگەی گەورە لە پانتایی ڕۆشنبیریی کوردیدا داگیر دەکات. .
ساڵی ١٩٩١ مادام میتران لە گەشتێکیدا بۆ باکووری کوردستان داوای دیداری ئاپێ مووسا دەکات. . . گفتوگۆی چڕوپڕ دەکەن و دواتر داوەتی فەرەنسای دەکات، دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێی پێ نادەن گەشت بکات. . . لێرەشدا باسێکی جێی سەرنج بەسەر دەکاتەوە: کاتێ بە جووتە مووسا و میتران دەدوێن، باڵیۆزی فەرەنسا دەچێتە ژوورەکەیان تا گوێ لە قسەکانیان بێت، مادام دەری دەکاتە دەرەوە. مووسا دەپرسێ بۆ؟ مادام دەڵێ :" ئەوە پیاوێکی باش نییە". ئەمەش نیشانەی ئەوەیە باڵیۆزی ناوبراو خۆی فرۆشتبێ بە دەسەڵاتی تورکیا و بەرژەوەندی خۆی گەشە پێ بدات. . یاخود دژی کورد بووبێت. هاوکات بەڵگەیەکیشە کەوا ئەو دەوڵەتانە دەتوانن خەڵک بکڕن.
لە بەرەو کۆتایی کتێبەکەیدا جارێکی تر دێتەوە سەر باسی 30 ساڵەی پەیوەندی بە بێشکچی گەورەوە. رۆڵ و خزمەتی بە کورد و خۆی وتەنی: ھەموو بێشکچی و ئەم لایەی دەزانین، بەڵام لایەنە نەزانراوەکانی قورسن و ن باسیان دەکەم. . . . ھەر لەم کایەوە دێتەوە سەر باسی چەپ و چەپایەتی و ھەڵوێستیان بەرانبەر بە کێشەی کورد، کە جۆرێک لە ئەفسووس و حەسرەتی پەشێمانی تێ ئاڵاوە.
" لە تورکیا کەسانی ئەکادیمی و ئەھلی زانستی بەشەرەف و نامووس زۆر کەمە. بۆیە لەناو توێژی خوێندەوار و ئەکادیمیەکانیش کەم کەس لە بێشکچی تێدەگەن". ل٥٣٦ . دەربارەی چەپی تورکیش دەنووسێ:" لەڕاستیدا بۆ ئەو پرسە پێویستە چەپی تورک بۆ سەر دوو بەرە دابەش بکەین: یەکەم: چەپی ڕاستەقینەکان، دووەم: چەپە ساختەکان. . . زۆر بەداخەوە ئێمە بۆ ماوەی چەندان ساڵ ئەو دوو جۆر چەپەمان لەیەک جیا نەکردەوە. بۆ نموونە کەسانی وەک: بولونت ئەجەڤید و ئیلھان سەکچووک و چەتین ئاڵتان و ئوغور مومجومان بە چەپ ھەژمارد دەکرد". . ل ٥٣٧ بێگومان چ ئەمانە چ چەپی فارس و عەرەبیش لەم ڕاستییەوە دوور نین و ھاوشێوەی ئەمانە نووقمی شۆڤێنیزم و دوژمنی سەرسەختی کوردانن. . بە ھەزاران نموونە و سەرگورزشتە و چیرۆکی بەڵگەنەویست و واقعی ھەیە. .
باسی "یەشار کەمال و فایەق بوجاک " دەکەوێتە دامێنی ئەم بیرەوەرییانەوە بەتایبەت بوجاک کە لە زیندانیش پێکەوە بوون لەدامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دا پرس بە مووسا دەکا بۆ بەشداری، مووسا بەشدار نابێت، لێ ھاوکاری دەبێت. دواتر چەند لاپەڕەیەکی تایبەتی چڕ بۆ شۆڕشی شێخ سەعید تەرخان دەکات.
لە ل ٥٧١-٥٧٦ لەزمانی عەلی ڕەزا ئەفەندی کوڕی خوالیخۆشبوو شێخ سەعید ەوە چەند دیوێکی شۆڕشەکە تۆمار دەکات. عەلی ڕەزا و مووسا عەنتەر وەک باوک و کوڕ ئاوێتەی یەکتر دەبن و ئەم باسانە دەگێڕێتەوە: "کوڕم مووسا عوسمانییەکان لە کۆتا سەردەمی دەسەڵاتداریەتی خۆیاندا، بە پشتبەستن بە تیۆرێکی بێ مانای دروستکراو، تورکایەتییان چووە ناو خوێن و بوونە نەژادپەرست. ئەو بیرۆکەیە لەسەردەمی سوڵتان حەمید دەستی پێ کرد، کوردیش بەرانبەر ئەو کردەوانە کاردانەوەیان نواند و چوونە ناو پارتی ئیتحاد و تەرەقی و بوونە بەشێک لە دامەزرێنەرانیشی. بەڵام دواتر کورد بینی ئیتحاد و تەرەقی زۆر لە سوڵتان حەمید زیاتر و توندتر دوژمنایەتی کورد دەکەن بۆیە کۆتایی ئیتحاد و تەرەقی ھەموومان دەزانین چۆن بوو". لێرەدا داماوی و بێبەرنامەیی و سەرلێشێواوی کورد بەدیار دەکەوێ! لە ڕقی عوسمانی دەچنە ئیتحاد و تەرقی دادەمەزرێنن. ئەوانیش لەعوسمانی زیاتر دژە کوردن، چونکە دەوڵەتی تورکیای نوێیان لەسەر جەستەی کورد دامەزراند و بیری کەمالیزمیان بەرجەستە کرد. کەواتە کورد ویستی لە نەخۆشی شیرپەنجە خۆی ڕزگار بکات، چوو تاعوونی ھەڵبژارد. . ئەم ئەقڵێتە لە نێو کورددا تا ئیستاش بەرقەرارە. ئەوجا دێتە سەر باسی ئەتاتورک، ویستراوە بیکوژن، کەچی کورد رزگاریان کردووە، وەک لە پێشەوە ئاماژەمان پێدا
ئەوجا باسی باوکی بۆ مووسا دەگێڕتەوە: "باوکم چاوەڕوانی زۆر شتی باشی لەدەوڵەتی تورکیای تازە ھەبوو، کەچی بەرانبەر بەوە، زۆر زاڵمانە ڕووبەڕووی بوونەوە". باسەکە درێژ دەبێیتەوە تا دەگاتە شێوازی لەسێدارەدانی شێخ: " باوکم لە دەروازەی دەری دیاربەکر لە سێدارە درا. گۆڕەکەشی لەناو چاڵێکی ئەو دارانەی ناوچەکەیە، ئینجا دوای بەپەتەوەکردنیشی بە کراسە سپیەکەی بەری، بێ ئەوەی ھیچ ڕێوڕەسمێکی ئایینی لەسەر بە پەتێک دەیخەنە ناو ئەو چاڵە قووڵەی لەوێ بووە. ئینجا بەخۆڵ سەری شادەپۆشن و جێی دەھێڵن. (. . ) کاتی خۆی لە دەروازەی چیای دیاربەکر تا کەناری ڕووباری دیجلە، قەبرستانێکی کۆن ھەبوو، بەڵام دوای شۆڕشەکەی شێخ سەعید شوێنەکە بۆ مەبەستی دیکەی گەشتیاری و ئاھەنگ و سەیران گۆڕانی بەسەردا ھێنرا. دواتر ئەو شوێنەی کە تەرمی شێخ سەعید و سەید عەبدولقادر و سەید محەمەدی کوڕی و دکتۆر فوئاد و چەندان کەڵەپیاوی دیکەی کوردی لێ ژێر خاک کرابوو، لەلایەن حکومەتەوە کارگەی عارەقی دیاربەکریان لەسەر دروست کرد. (. . . ) ئەتاتورک لەسەر ئەو بابەتە گوتبووی: ئەو گەوادانە پێم دەڵێن سەرخۆش، بۆیە لەوێ کارگەی عارەق دروست بکەن بۆئەوەی تا ھەتایە ھیسکشیان سەرخۆش بێت لەژێر خاک ".
زیاگۆک ئالپ سەرەتا وەک ناوێکی گەورە و دیاری رۆشنبیری کوردی دێتە گەشانەوە، وەک دەزانین ناوبراو خاوەنی چەندین کتێبە بە کوردی لەسەر زمانی کوردی و باسی مێژوویی. دواتر دەتۆرێ یاخود بێزار دەکرێ و جێی نابێتەوە لەناو کوردا، روو دەکاتە تورک و دەبێتە داڕێژەری بنەماکانی " کەمالیزم". بەواتای ئەوەی لە کوردایەتییەوە ھەڵدەگەڕێتەوە بۆ تورکچێتی. ئەمەش دیاردە و ھاوکێشەیەکی نامۆ و سەختە!. . ئەگەرچی وەک عەنتەر لێردا بنەمایەکی تیۆرییەکەی ئالپ دەردەخا" ئەو تورکەی کوردی خۆش نەوێ تورک نییە، ئەو کوردەی تورکی خۆش نەوێ کورد نییە". ل ٥٨٣ بەڵام ئێمە ئەوانمان خۆشویستووە و ھاوکاری و پشتیوانیمان کردوون و خزمەتیشمان کردوون، ئەوان بە پێچەوابەوە. . ئێستا ئەوان سەردەست و ئێمە بندەستی چەوساوەی ھەڕەشەلێکراوین. واتە ھاوکێشەکە بەم ئاڕاستەدا ڕۆیشتوو، . . .
لە دوا لاپەڕەکانت 584-586 وەک بڵێی پوختەی بیروبۆچوونی سیاسی خۆی فۆرمەلە دەکات و قسە دێنێتە سەر باسی ئەو ھەڵمەتە داگیرکارییەی دەوڵەت ناوی ناوە" لەناوبردنی تیرۆر". . . دەوڵەتی تورک دەیەوێ بەزەبری ھێز بیکات " وەک ئەوەیە بتەوێت بە کوتەک پێشکە بکوژی". . ئیدی کورد لەھە کوێیەکەوە ھاتبن" لەدێرزەمانەوە لە ئاسیا ھاتبێت یان لە ئەفەریقا ئەمڕۆ لەناو دەوڵەتی تورکیا بە زمان و شارە کوردییەکان خۆی کردۆتە واقعی حاڵ". . لەڕاستی تا ئێرە گەر کۆمێنتمان ھەبێت، بریتییە لەوەی دەوڵەتی تورک خۆی تیرۆریستە و سیاسەتی تیرۆر پێڕەو دەکات و ئەوە تورکن بێگانەن لەسەر خاکی کوردستان و تەواوی ئیمڕۆی تورکیا. ئەوان وەک پاشماوەی لەشکری تەتەر و مەغۆل ھاتوونەتە خاکی کورد و ئەرمەن و لاس و چەرکەز و یۆنانی و. . . بوونیشیان وەک تەنێکی نامۆیە نووساوە بە ناوچەکەوە. .