کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

بیرەوەرییەکانم ( مووسا عەنتەر) بەشی ٢-٤ ناساندن و خوێندنەوەی کتێب: هەڵۆ بەرزنجەیی

Pin It

 

١٢/٢/٢٠٢٢

                    {{ ئەگەر زمانی ڕەسەنی من، بناغەی
                        دەوڵەتی تۆ دەهەژێنێت، مانای وایە کە تۆ دەوڵەتەکەت
                          لەسەر خاکی من دروست کردووە. مووسا عەنتەر}}. .
                 
لە تورکییەوە: محەمەد عزەدەین
بڵاوکراوەی: دەزگای "فام" بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە
چاپی یەکەم 2021 628 لاپەڕە
ئیسماعیل بێشکچی و سینەم خان جەلادەت بەدرخان پێشەکییان بۆ نووسیووە.

 

کاتی کارکردنی لە ڕێکخراوەکەدا لەگەڵ ھاوڕێکانیدا سوێندێک دەخۆن بە " ئاڵای کوردستان و تفەنگ"بۆ ئەوەی تا دوا ھەناسە بێ ناپاکی لەیەکتر کار بکەن. . لەژێر ئەم دەقەدا( تا مردن بەرانبەر خۆشەویستی نیشتمانەکەم ڕاستگۆدەبم، لەھیچ دۆخێک دژی ھاوخاکیانم گەلەکۆمەک ناکەم و پاشقولیان تێناگرم و نابمە جاش و خۆفرۆش) . ل94 لە هەقەتە ئەم کارە هەر نیشانەی ژیری نییە، بەڵکوو زادەی بیرێکی پاک و بێگەردی جۆشخواردووی کوردایەتیشە.
خەزووری نووسەر و شاعیر" عەبدولرەحیم ڕەحمی زاپسوو"ە، بۆخۆی کەسایەتی دیار و ڕۆشنبیریی و سیاسی کورد بووە، رۆڵی گرنگی لەسەو سەردەمەدا ھەبووە و لە دامەزرێنەرانی "کۆمەڵەی تەعالی کورد"ە و کاریگەریشی بەسەر مووسا عەنتەرەوە ھەبووە. مووسا عەنتەر لە زمانی خەزووری و کەسایەتییەکانی سەردەمی عوسمانییەوە دەنووسێ:" ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئیمپراتۆریەتێکی تورکی نەبوو، بە شێوەیەک گەر گوتنی ڕاست بێ، تورک بەبەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە بێ ڕێزترین نەتەوەی ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوون" . ل١٠١
لەھەمان لاپەڕەدا باس لەو نەتەوە موسڵمانەکان- ئەلبانی، عەرەب و تورک - دەکات کە خێرا ویستوویانە لەدەرەوەی دەوڵەتی عوسمانی دەوڵەت بۆ خۆیان دروست بکەن. تورکە گەنجەکان بەتایبەت. . لەو ناوەدا تەنیا کورد مابۆوە. ئەم گەواھییە دوو بڕگەیە: تورک ئیمراتۆریەکەیان بەھی خۆیان نەزانیوە یان لە قۆناخی سەرەمەرگدا بووە، ویستوویانە بە هەر نرخێک بێت، دەوڵەتێکی بۆخۆیان لێ بپچڕن. . ئەمەش نیشانەی زیتی و هوشیارییە و ئەوی تر بەدەری دەخا کورد دەستبەتاڵ و بێ پرۆژە بووە. . هەر خۆی داوەتە بەردەم شەپۆلی ڕووداوەکان.
مووساعەنتەر . . ھەر لەو تەمەنە زووەوەدا کەسایەتییەکی دیار بووە زۆر نێزیکی تەواوی سیاسی و رۆشنبیرانی سەردەمەکەی و پێشتریش بووە: (خەزووری، عەبدوڵا جەودەت، عەزیز بابا، زیا گۆک ئالب، خەلیل خەیاڵی، شوکروو بابان و سەعید نووڕسی/ کوردی و گەلێ لەنەوەکانی بەدرخانیەکان و شێخ عەلی رزای کوڕی شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەعشووق ئەفەندی، سەعید ئاڵجی و دکتۆر سەعید قرمزی تۆپراک و شەرەفەتین ئەلچی و نووری دەرسیمی و یاشارقایا) و زۆری دیکەش. . دەگێڕێتەوە خەیاڵی ھێندەی متمانە پێ بووە، کۆمەڵێ بەڵگەنامەی پێ دەسپێرێ، لەوانە دیوانێکی حاجی قادری دەستنووس، نووسینێکی زیا ئالپ لەسەر ڕێزمانی کوردی بەخەتی خۆی. ئەمانە و کۆمەڵێ وێنە و کتێبخانەکەی مەخابن کاتێ لە 1972 دا دەگیرێ دەستی بەسەردا دەگیرێ دەفەوتێن. . زۆر مەراق لەم بەسەرھاتە دەخوات، بێ ئاکام دەمێنێتەوە.
عەنتەر لەڕێگای د. محەمەد شوکروو سەکبان کە کەسایەتییەکی دیاری کوردە و دۆستی نووری سەعید بووە، نووری پاشا دەبینێ و ددانی پێدا دەنێ کەوا بە بنەچە کوردە و خەڵکی "سیرت"ە و داوای لێ دەکات کێشەی کورد لە باشوور چارەسەر بکات. . نوری پاشاش دەڵێ: داواکارییەکەت ھەرگیز لەبیر ناکەم. کەواتە ھەستێکی کوردانەی ھەر لەدڵدا بووە .
دیارە سەرکەوتنی زۆری ئەتاورک بە اوکاری کورد بووە، وەک عەنتەر دەگێڕێتەوە چەند جارێ ھەوڵی کوشتنی ئەتاتورک دراوە کوردی وەک " دیاب ئاغا" رزگاری کردووە. . ئەویش لەپاداشتی ھاوکارییەکانی کورد، دوای پەیمانی لۆزان کەوتە گیانی کورد و تەڕووشکی پێکەوە سووتاند و ئەوەی کرد، کە قەڵای بەکەللەی سەری کورد ھەڵچنی و رووباری خوێنی ھەڵسان و راگوێزان و ناوگۆڕین قەدەغەکاری سیاسەتی ترساندن و تۆقاندن و بەتورک کردنی خستە گەڕ. مووسا عەنتەر لە ڕووی سیاسییەوە کۆمەڵێ ڕێکخراوی دامەزراندووە - کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کولتووری ڕۆژھەڵات - و ھاوکات رۆژنامەنووسێکی دیار بووە کۆمەڵێ ڕۆژنامەی دەرکردووە بە کوردی و تورکی( ئیلەری یورد، دیجلە کاینایی، پەیامنێری ڕۆژنامەی جمھوریەت، گۆڤاری شەرق). .
وەک ئاماژەمان پێمدا بەشێک لەکەسوکاری دەکەونە ئەوبەر سنوور، بەشی رۆژئاوای کوردستان، تەنیا جارێ ڕێی دەدەن سەردانی عەشرەتی بکات، لەوێش: جگەرخوێن و عوسمان سەبری، عەبدی ئیبراھیم و حەسەن حاجۆ و قەدری جان دکتۆر نافیز و ھەژار و نووری دەرسیمی" و چەندانی تر دەبینێ و دەناسێ. .
یەکێ لەوانە بنەماڵەی بەدرخان، مەزیەت عالی بەدرخان کچی ئەمین عالی بەدرخانە. . زۆر یادگاری پەیوەندی نێوان نازم حیکمەت و ماڵی خۆیانی بۆ باس دەکات و تەنانەت چەندین وێنەی باوکی و نازم حیکمەتی دەداتێ، ئەوانیش لە گرتنەکەی1972 سەریان تێدا دەچێت. لەدرێژەی ئەم باسەدا"باس لەو تێکەڵییە خێزانییە دەکات، کەوا کامەران بەدرخانی برا و نازم حیکمەت لەیەک تەمەن دا بوون دایکیان بۆ شیر پێدان منداڵەکانیان گۆڕیوەتەوە، واتە شیربرای یەکترن. ل١٧٣
لێرەدا مووسا باس لەسوودی نازم حیکمەت دەکا بۆ کورد لەو پەیوەندییەدا، لێ وەک من ئاگادار بم نازم بۆ ھەموو دنیا شیعری وت، کەچی چاوی کوردەکانی برای شیری نەابینێ و ھیچی بۆ ئازارەکانی کورد نەگووتووە. دەبێ ئاماژە بەوە بدەین کەوا بنەماڵەی بەدرخان لە ساڵی ١٨٤٠ ڕاگوێزراونەتە ئیستانبووڵ، تاوەکو دووربن لە کوردایەتی، بەڵام چرای گەش و مەشخەڵی بڵێسەداری ئەو بنەماڵەیە لە ھیچ دەڤەرێک و قوژبنێکی ئەم گۆی زەوییە نەکوژایەوە. . تا لەژیاندا بوون لەسەر خزمەت کردن بەردەوام بوون.
بەم جۆرە مووسا عەنتەر لەم کەشوھەوایەدا گەورە دەبێت، بۆیە ڕاپۆرتێکی دادگا دەنووسێ: مووساعەنتەر ماوەیەکە چالاکی نییە، بەڵام کێ ئەو ببینێ کوردایەتی بە مێشکیدا دێ". . ل ١٧٤، کەواتە بۆ خۆی وەک کەسایەتی بۆتە سونبوڵێک و پێگەیەکی بەرزی بەدەست هێناوە. نووسەر لاپەڕەیەک دواتر باس لە پەیوەندییەکی تەلەفونی نێوان خۆیی و کامەران بەدرخان لە پاریس دەکات: بەدرخان چیرۆکێکی بۆ دەگێڕێتە پڕ لە پەند و وانە. ل ١٧٥
مووسا عەنتەر قورساییەکی زۆری بیر و چالاکی خۆی بۆ ئەوە تەرخان دەکات، گەنجی تازە پێگەیشتووی کورد پێ بگەن. ھەر لەم میانەدا باس لەوە دەکات حوسێن قاسملوو و ئەحمەد قاسملوو لە ئیستانبووڵ دەیان خوێند، رۆژێ عەبدوکرەحمان قاسملووی برایانی پێ دەناسێنن. ئەویش لەڕێی کامەران بەدرخانەوە بۆرسێکی خوێندنی بۆ مسۆگەر دەکات، بەم جۆرە دەرگای بەختی قاسملوو دەکرێتەوە، بەردخانیش کارگەرێتی لەسەر قاسملوو دادەنێ. ل ١٨٣. دواتر لەگەڵ قاسملوو کۆمەڵێ ھەم پەیوەندی بەردەوام دەبێ و ھەمیش کۆمەڵێ نامەی گرنگ لەنێوانیاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێ. . بەداخەوە نامەکان لێرەدا بڵاونەکراونەتەوە. . .
مووسا بەدێژایی ژیانی چەندین جار دەگیرێ و سزا و ئەشکەنجەی قورس دەدرێ، لێ ئەم تێکۆشەرە ڕێبازی کوردایەتی بەرنادات و لەبەردەم داگیرکەردا کۆڵ نادات.
لەسەر رووداوەکانی شەواف و قاسم وتارێ دەنووسێ بەناوی( شەمەڕی کێیە)؟. دەدرێتە دادگا و دادوەر لێی دەپرسێ: تۆ بۆچی بارزانیت خۆش دەوێ و لە عەرەبیش پەست و تووڕەی، (. . . ) موسا پرسیارەکە پێچەوانە دەکاتەوە و لەدادوەر دەپرێ: بۆچی ئێوە ڕقتان لە بارزانی دەبێتەوە و عەرەبتان خۆش دەوێ؟(. . . ) لەبەر چ ھۆکارێک لە بارزانی پەستیت، منیش لەبەر ھەمان ھۆکار خۆشم دەوێ". ل٢٣٤
 ئەم هەڵوێستە و داکۆکیکردنی لە شۆڕش و سەرکردانی بەشێکی تری نیشتمانەکەی، بەرهەم و ڕەنگدانەوە هەست و باوەڕی پیرۆزی کوردایەتیی. هەر بۆیە لە یەکێ لەدادگایی کردنەکانیدا لێی دەپرسن : تۆ چیت، دەڵێ: کوردم، ئەی پێسەت چییە، دەڵێ: کوردایەتی. . ئیدی هەڵوێست و جوامێری و ئازایەتی لەوە زیاتر، لەسەر شانۆی ژیانی کێدا بەدی دەکرێ، ئاخر نابێ لەبیرمان بچێ، ئەو بەڕووی تورکدا هەڵشاخاوە، تورکی نەتەوەکانی جەنگیزخان و هۆلاکۆ و ئەتاتورک دا. . .
مووسا لەم بیرەوەرییانەدا پەردە لەسەر سیاسەتێکی ترسناکی تری دەوڵەتی تورکیا لادەدات. . حکومەتی تورکیا بۆ دژایەتی کورد نەخشەرێگایەک دادەڕێژ، کۆمەڵێ میتۆد بۆ لەناوبردنی باس دەکەن لەوانە: "گەر لە تورکیا ھەزار ڕووناکبیری کورد لەناو ببەین، بەلای کەمەوە کێشەی کورد 30 ساڵ دەچێتە دواوە". ل ٢٤١ئازار و ئەشکەنجەی زیندانەکانی تورکیا ھێندە سەخت و قورس بوون، زیندانی یان تێیاندا دەمرد یاخود نیوە مردوو دەھاتە دەرێ. دواتر باقی ژیانی بە نوقسانی و نەخۆشی دەباتە سەر. مووسا باس لە گرووپێکی کوردی 50 کەسی زیندانی دەکات، کەچۆن یەکێکیان - ئەمین باتوو- هاوشاری گیان لەدەست دەدات. . ناوبراو لەسەر دیواری ژوورەکەی بەخوێنی خۆی دەنووسێ:" گەر سەرپشک بم لەوەی، ئایا دەمەوێ ببمە گوڵی باخچەی کۆیلایەتی، یان دڕکێک لە باخچەی ئازادی؟ بە دڵنیایەوە ئەوەی دووەمیان ھەڵدەبژێرم" ل ٢٤٣ گێڕانەوەی ڕووداو بەسەرھات و ژیان بەسەر بردنی نێو زیندان چیرۆکێکی ھێندە تراژیدی خەمناکە، دڵ و ویژدانی دەوێ بەرگەی بگرێ. . بۆ نموونە نانخواردن لەناو زێرابی پیسایی و گواودا. .
یاشار قایا و سەعید ئەلچی و چەندانی تر ھاوڕێی زیندانی دەبن. . زۆریش بەدەمیانەوە دەبێت و خزمەتیان دەکات. بەواتای ئەوەی خۆنەویست بووە و ڕۆحی خزمەتی ئەوانی دیکەی ھەبووە. .
بەختمان وەک ڕووباری نیلە . . . . بەڵام ئەم دیجلە و فوراتین   مەلای جزیری
لە باسێک دا دێتە سەر خاڵێکی گرنگ باس لەوە دەکات کەوا، لەسەر بیروباوەڕ لەزینداندا کوردان دابەشی بەرەی شۆڕشگێڕ/ چەپ و پارێزگار/ کوردایەتی دەبن، ئەو خۆی لەبەرەی یەکەمدا دەبینێتەوە. شۆڕشگێڕانی کورد بەداخەوە لەسەر پرسی بچوک و وشکە ئایدۆلۆژی لەسەنگەرە سەختەکان لێک جیا دەبنەوە. ڕەنگە ئەمە ھەڵەیەکی گشتگری باوی نێو تەواوی کوردان بێت. مووسا لە شوێنێکدا لەمەڕ خۆیەوە دەڵێ: "من بە چەپ دەناسرێم و کوردایەتیشم لەسەر ماڵە" ل ٣٠٢ ئەوەیشی ئێمە تێیدەخوێنینەوە کوردایەتییەکەی تۆخترە، باڵێین چەپێکی کوردستانی تەواوە.
مووسا لەژیانیدا تەنیا لەڕیزەکانی " پارتی کرێکارانی تورکیا" دا ئەندام بووە. . پێی وابوو ئەم چەپە تورکانە دۆستی کوردن. لەم ڕێگایەشەوە زۆربەی کەسایەتییە دیارەکانی تورک لە سیاسی و ئەدیب و ڕۆشنبیران دەناسێ. . عەزیز نەسین یەک لەوانە. بۆ بوونە ئەندامی ئەم حیزبەش چیرۆکێکی دوورودرێژ دەگێڕێتەوە ل ٣٤٣-٣٤٥. . . دواجار دەڵێ: " کوردپەروەرییەکی بە نامووس و شەرەفمەندانە پاڵی پێوەنام تا ببمە چەپ".   لەو رۆژەوە دیسان بە پشت بەستن بە ویژدان و زانیارییەکانم ھەموو ئەو بۆچوونانەم دەنووسم کە سوود بە گەلەکەم و مرۆڤایەتی بگەیەنێت". ل ٣٨٩
ئەم بیرەوەرییانە بەسەرھاتی شڤان و سەعید ئەلچی کوشتنەکەشیان و رۆڵی بارزانی دەگرێتە خۆی و زانیاری خۆی لەمەڕ ئەم چیرۆکە تاڵەوە دەنووسێ.
ھەر لەم ڕووپەڕانەدا باسی ئیسماعیل بێشکچی دەکەوێتە بەرچاو. " من چەندان ساڵ بوو بە تۆمەتی کوردایەتی و کۆمۆنیستی دادگایی دەکرام( . . . ) ئیسماعیل بێشکچی بە تۆمەتی ھاندان بۆ خەباتی کوردایەتی تۆمەتبار کرابوو". تەنانەت لە ل ٥٣٨ باس لەوە دەکات ساڵی 1972 لە دادگای ئەو تۆمەتەی درایە پاڵ بێشکچی لەوەی ئێمە زیاتر بوو. تۆمەتە ھەرە دیارەکانیش( دابەشکردنی تورکیا و پاڵپشتی کۆمەنیستی و کوردپەرستی) بوو.
کەواتە لەسەر کوردبوون ـ کە بێشکچی نزیکەی 17 ساڵ زیندانی کراوەـ تاوانی بێشکچی قورستر بووە لەتاوانی کوردێک. ھەڵبەت خوێنەر دەزانێ بێشکچی بەدەیان ساڵی ژیانی لەزیندان لە پێناوی داکۆکی لە کورد بەسەر بردووە و بەتێکڕا سەروو سەد ساڵ حوکمی زیندانی دراوە. . . ئیدی لەئاکامی گوشاری ناوخۆ و دەرەوە ئازاد کراوە. دەنا دەبوو دوو جار بمرێ و زیندوو بێتە تا ساڵەکانی زیندانی تەواو بکات. چ گاڵتەجارییەکە؟ حوکمی قەرەقووشی تورکیا. بێشکچی ئێستا نزیکەی 40 بەرهەمی لەسەر قەدەغەیە بڵاو بێتەوە.

ماوێتی

 

We have 118 guests and no members online