کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

بیرەوەرییەکانم. . . (( مووسا عەنتەر)) بەشی ١-٤ ناساندن و خوێندنەوەی کتێب: هەڵۆ بەرزنجەیی

Pin It

 

١٢/٢/٢٠٢٢

( ئەگەر زمانی ڕەسەنی من، بناغەی دەوڵەتی تۆ دەهەژێنێت، مانای وایە کە تۆ دەوڵەتەکەت لەسەر خاکی من دروست کردووە. مووسا عەنتەر.)

لە تورکییەوە: محەمەد عزەدەین

بڵاوکراوەی: دەزگای "فام" بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

چاپی یەکەم 2021 628 لاپەڕە

ئیسماعیل بێشکچی و سینەم خان جەلادەت بەدرخان پێشەکییان بۆ نووسیووە.

ئەم چەند لاپەڕەیەی دەیخوێنیتەوە، تۆماری چارەنووسی تاکێکی کوردە، لەژێر ستەمی سیستەمی کۆمارێکدا، کە داگیرکەر و فاشیستە. . تا سەر مۆخ دژ بە بوونی نەتەوەیی نووسەر و نەتەوەکەیەتی. . . نووسەر لە رۆژگارێکدا چاوی بەم ژیانە کوێرەوەرییەدا ھەڵھێناوە، تازە یەکەم جەنگی جیھانی کۆتایی ھاتووە و کۆماری تازە دروستکراوی تورکیا لە گەمەیەکی نێودەوڵەتیدا قوتکراوەتەوە. . ناوبراو ھەر لەژێر زەبری قامچی کۆمارە بێژووە تازە قوتکراوەکەدا ناناڵێنێ، بەڵکوو قورسایی زیاتر لە 400 ساڵی دەوڵەتی عوسمانیشی وا بەکۆڵەوە.

مووسا عەنتەر ناوێکە 72 ساڵ شان بەشانی ئەم ھەلومەرجە و زوڵم و ستەمی بێ بڕانەوە، بەربەرەکانی کردووە و سزا دراوە و دیسانەوە تێ ھەڵچۆتەوە ولە زیندان ئەشکەنجە دراوە، ورە بەر نادات و کاتێکیش کۆڵنادات لە مافە ڕەواکانی نەتەوەکەی کونجی زیندان دەبێتە مەنزڵگای ژیانی بەشێکی زۆری تەمەنی تێدا بەسەر دەبات.

مووساعەنتەر. . ھێندە گیراوە و ئازاد کراوە و گیراوەتەوە و ئازادکراوە، نەک ھەر خۆی بگرە ھیچ خوێنەری ناتوانێ بە ئاسانی ئەم ھەموو گیران و ئازادبوونە بو هەژمار بکات.

نووسەر وەک بۆمان دەگێڕێتەوە، بە خۆیشی نازانێ لە چ گوند و دەڤەرێکی دواکەوتووی نیشتمانێکی داگیرکراو و دابەشکراودا، لەدایک بووە. لێ دەزانێ لە باوەشی خێزانێکی کوردی ئاغازادە چاوی بە ژیان و خۆشەویستی نیشتمان ھەڵھێناوە. لێ لە ژیانی ڕۆژانەدا هەرگیز نێشانی نەداوە، ئاغازادەیە، چونکە باوەڕی کوردایەتی باڵادەستتر بوو لە پێگەی ئابووری. هاوکات ئەمەش بەڵگەیەکی تری کەوا زۆری شێخ و ئاغاکانی کوردستان لەبەرەی نەوەکەیاندا بوون و بەدەستی داگیرکەر و دوژمن لەناوچوون. خێزانەکەی بەشێکیان لە باکوور و زۆرینەیەکیان بە کێشانی ھێڵێکی سووری نەحلەتی "مام ھێمن" وتەنی: ئەو بستۆکەی دوژمن ناوی نا سنوور!، لە کوردستان پێی دەڵێن سەرخەت و بن خەت. . دەکەونە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی بندەستی تورک و عەرەب. . . بە زەحمەت و ڕێکەوتێکی دەرەوەی باوەڕکردن، دەکەوێتە بەر خوێندن، بە زمانی دایک نا، بەڵکو ھی داگیرکەرەکە!. ھەر زوو زیرەکی و لێھاتوویی دەبێتە جێی سەرسامی دەوروبەرەکەی، بۆیەکا لەتەک نابەدڵی و ناڕەزایی زۆری دایکی، ھاندەدرێ بەردەوام بێت لەسەر خوێندن. . سەرکەوتووانە کۆلیجی یاسا لەزانکۆی ئەستەنبووڵ تەواو دەکات.

کاتێ باس لە سیاسەتی تواندنەوە و بەتورک کردن Assimilation دەکات، دەڵێ:" حکومەتی کەمالیزم وەک سەردەمی سوڵتانەکانی عوسمانی ڕێگەیان بەخوێندن دا، بەڵام ھەرزوو ستراتیژی خۆیان بەستەوە بەوەی سەرەک ھۆزەکان بکەنە تورک بەو ھیوایەی لەم ڕێگایەوە میللەتیش زوو کوردی لەبیر بکەن، بەڵام زۆری پێ نەچوو بۆیان دەرکەوت ستراتیژەکەیان شکستی ھێناوە، بۆیە ساڵی 1935 قوتابخانەکانیان بە فەرمی داخست". ل41

بیرەوەرییەکانی عەنتەر پانتاییەک نییە بۆ ھەڵدانەوەی وردەکانی ژیانی خۆی و خێزانەکەی، بەڵکوو دەروازەیەکە بۆ چوونە ژوورەوە و گێڕانەوەی ئەو ئەندێشە و ئازار و تاڵاوەی نەتەوەکەی نۆشی دەکات. . ھەر دوای ھەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەک زوو دەگەیتە وێستگەکانی میحنەت و تراژیدیای ژیانی کورد. . . " بەڵام وەرن ببینن لە سەردەمی ئەشکەوتەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، کە نزیکەی 7 ھەزار ساڵە، چۆن حکوومەتە زاڵمەکان وەک ئەوەی ناویان لە سەگ و پشیلەکانیان نابێ، بەبێ ئەوەی پرسیش بە ئێمە بکەن ناوێکیان لەو شوێنانەی ئێمە ناوە ناوچەکەی ئێمەیان کردە( ئەشکەوتی کۆن(. . . ) لە نیشتمانی من ھەرچی ناوی لادێ ھەبوو بێ ئەوەی پرسێک بە خاوەنەکانیان بکەن حکوومەت کردوونی بە تورکی. تەنیا ناوی گوند نا بگرە شارەکانیش بۆ نموونە ئامەد- دیارباکر، ئەلئازیز- ئەلازغ، دەرسیم- تونجەلی. شامراخ- مازی داغ، ئورفە- شانلی ئورفە، عەنتاب- غازی عەنتاب). ل 22 ل گوندەکەی ناوی ( زیڤینگێ) یە و لەسەر سنووری دەستکردی عێراق و سووریا و چیاکانی توور ئابیدینە. ھەر لێرەدا بڕگە سەرەتاییەکانی یاسای داگیرکاری و کۆلۆنیالیزم بەدەر دەکەون.

ناساندنێکی کورت بۆ گوندەکەیان و خێزانەکەیان دەکات و باس لەدیمەنی پڕ ژانی ئەو خێزانە ئاوارانە دەکات کە دوای سەرنەوتنی شۆڕشی شێخ سەعید بۆ ئەم ناوچەیە ھەڵاتوون و چۆن خزمەتکراون. . ھەر لەم پێوەندییەدا تیشکێ دەخاتە سەر چۆنیەتی بەسەر بردنی ژیان و ئەو یاری و گەمە و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییانەی لەو گوندە ئەنجام دراون. باسی گرنگی ئەو گژوکیا و ڕووەکانەی کوردستان دەکات کە لەو سەردەمەدا وەک دەرمان بۆ چارەسەر بەکارھێنراون. . داوا دەکات گەنجانی کورد بایەخی پێ بدەن. .

لە شوێنێکی تردا گەواییەکی گەورە دەدات و پێمان دەڵێ: تا چنگی خوێناوی داگیرکاری کەمالیزم نەگەیشتبووە دەڤەرەکەیان " لە کاتێکدا گەر تەواوی ناوچەکە بە فانۆسیش گەڕابای کەسێکت نەدەدۆزییەوە تورکی بزانێت" ل 36 . لێ جەپەڵترین سیاسەتی توانەوەیان بەڕێوە برد و کورد هەر نەتوایەوە. تۆزێ پاشتر باس لە ھێرش و ئافاتی لەشکری تورکی دەکات کە ھێندە کێوییو وەحشی بوون، کاتێ دەکەوتنە بێستانی شووتی و کاڵەک، نەیاندەزانی کامە پێگەییوە تا بیخۆن، لەناچاریدا ھەموویان بەرشەق دەدا و بڕکەکانیان ھەڵدەکێشا.

سیاسەتێکی تری کۆلۆنیالیستانەی تورک بریتی بووە لە قەدەغەکردنی زمانی کوردی. دوای ئەوە ھەر کەسێک بە کوردی بئاخڤیایە، بەرانبەر بە ھەر وشەیەک لیرەکیان سزا دەدا. ئەمەش جگە لە گەورەیی تاوانەکە، بنۆڕە: چەند ستەمێکی گرانە و تێکشکانی دەروونی دەخوڵقێنێ، لەناوماڵی خۆت و لەسەر خاکی نیشتمانی خۆت بەزمانی زگماگ بدوێی سزا بخۆیت!، لەکاتێکد ئەو لیرەییە بۆ هەر وشویەک بۆ ئەوسا و ئێستای خەڵکی ھەژارنشین زۆر بووە. نموونەی جۆراوجۆری لەم ڕووەی خستۆتە بەرچاو. کاتێ بەرانبەر بە ھەر سەرپێچییەکی یاسا- لە ڕوانگەی کەمالیزمەوە!- لەشکر ھێرش دێنەتە سەر خەڵکی شار و شارۆچکە و گوندەکان، گەنج و لاوان بەناچاری رووەو شاخ و ناو ئەشکەوتەکان بۆ خۆ حەشاردان ھەڵدێن. . تەماشای دیمەنی دڵتەزێنی وا بکە! چ کارەساتێکە؟!. وەک گورک بکەوێتە نێو ڕانەمەڕەوە. .

ئاماژەمان بە زیرەکی ژێھاتی موسا عەنتەر کرد، کە ھەر ئەم خاڵەش کلیلی کاروانی خوێندنی ھەموو قۆناخەکانی بۆ کردەوە.

لە قۆناخی ئامادەییدا دوو کۆڕی گرنگی زانستی دەربارەی ھەستەوەریی تیۆری ھێنری بێرگسۆنی فەرەنسیی و فەلسەفی کانتی ئەڵمانی بەسەرکەوتوویی پێشکەش دەکات و لەنێو مامۆستاکانی دا خۆشەویستی زیاتر بەدەست دێنێ. لەم میانەشدا گەلێ دۆست و ناسیاو پەیدا دەکات و خۆیشی خۆشەویست و ڕۆحی ھاوکاری و خزمەتکردنی بەرز بووە، بۆیەکا رۆژ بە رۆژ ناوی زیاتر دەدرەوشێتەوە.

دوای سەرنەکەوتنی شۆڕشی سەید ڕەزا، ھاوسەرەکەی «بەسێ» ی ھاوسەری سەرکردایەتی گرووپێکی گەریلایی دەکات. . ناوناوبانگ دەردەکات و رۆژنامەکان لەبارەیەوە دەنووسن . رۆژێ لە قوتابخانە قوتابییە تورکەکان، جوێنی ناشیرینی پێدەدەن، ئەویش ھەمان جوێن بەدایکی ئەتورک "زوبەیدە" دەداتەوە. لەسەر ئەمە لای پۆلیس گازندەی لەسەر تۆمار دەکەن بەزەحمەت لەسزادان قوتاری دەبێت.

ئەوجا بە درێژی ئەو دیمەنە خەمبارانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لەسەردەمی شۆڕشی ناوبراودا بەسەر خەڵکەکەدا ھاتووە. کاتێ شار و گوندەکانی دەوری دێرسیم گەمارۆ دەدران، گەورەکان خۆیان حەشار دەدا. . لەشکری تورک منداڵەکانیان بە شیرینی و ھەڕەشە دەخەڵەتان و دەترسان، تا شوێنی گەورەکانیان نیشان بدەن. سیاسەتێکی جینۆسایدە لەوانە کاتێ فەرماندەیەک خەرکی کوشتنی کۆمەڵێ کورد دەبێ: فەرمان دەدات کەچی تر گوللە لەمانەدا خەسار نەکەن و بە کۆمەڵ فرێیان بدەنە ناو ئاوی ڕووباری ( مونزر) ەوە. ئەوانەشی بەربەرەکانیان کردووە بخرێنە ناو ئاوەکەوە بە شووڵکی تەڕ تێیان بەربوون بەو سەرماوسۆڵە گیانیان شەڵاڵی خوێن کردووە. ئەوانەشی بەمەلەکردن ھەوڵی خۆ ڕزگارکردنیان داوە بەھەمان شێوە. ھەروەھا کچێکی دەرسیمی 12-13 سالان بە چەندین ئەفسەر و سەرباز لاقەیان دەکرد. . . دیمەنی وا مەگەر بەسەر جولەکەدا لە ھۆلۆکۆست دا ھاتبێت. ، ئەگەرچی کچە جوولەکە لاقە نەکراون لەلایەن نازییەکانەوە.

مووسا عەنتەر. . لە دروستکردنی کۆمەڵێ ڕێکخراودا بەشداری دەکات و ھەمیشە قەڵای پشتیوان کوردی ئاوارە و بەلەنگاز و ئەوانەی بۆ خوێندن ناچاربوون بگەنە ئەستەنبووڵ. . تا وای لێ دێت ماڵەکەی دەبێتە ھوتێل و شوێنی حەوانەوەی تەواوی کوردەکانی نەک تەنھا باکوور بگرە باشووریش. . .

بەندە لە مامۆستا کامیل ژیرم بیستووە لە ساڵی پەنجاکاندا بۆ خوێندن چۆتە ئەستانبووڵ، مووسا عەنتەری ناسیووە و ھاوکاری کردووە پاشان بیروڕای سیاسییان ئالوگۆڕ کردووە و کوردایەتی زیاتر پێکیەوە گرێ داون. د. حەسەن حەمەعەلیش ھەمان چیرۆک دەگێڕێتەوە. . ھەر بۆیە ڕاپۆرتێکی دەزگای ھەواڵگیری تورکیا میت دەڵێ:" ماڵی موسا عەنتەر بووەتە باڵیۆزی کوردستان لە ئەستانبووڵ". ل 8

 

We have 100 guests and no members online