کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

بێشکچی.. پیاوێک لە باوەڕ و زانست و تێکۆشانی مرۆڤدۆستانە ... هەڵۆبەرزنجەیی

Pin It

بەشی (٢ـ٢)

ڕانانی کتێب:  یادەوەرییەکان ئیسماعیل بێشکچی وەرگێڕانی محەمەد عیزەدین ٢٠٢٢

بڵاوکراوەی دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە ٦٥٤ لاپەڕە

                                                                  هەڵۆبەرزنجەیی ١٢/١٢/٢٠٢٢

یەکێ لەو تۆمەتە بێ بنەمایانەی بەردەوام دەردێتە پاڵ دۆزی ڕەوای کورد، ئەوەیە ئەم بزاڤە نەتەوەییە بەرهەقە، بەداردەستی ئیمپرتالیزم دەردێتە قەڵەم... لەکاتێکدا خودی دۆزی کورد لە قەسابخانەی (سایکس پیکۆ) ی ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزمدا سەربڕدراوە..ھیچ دۆزێ لەرۆژهەڵاتی ناویندا بە کێشەی فەلەستینیشەوە،ھێندەی دۆزی کورد نەبۆتە قوربانی سیاسەتی چەپەڵی ئیمپریالیزم.

 ئەوان دوو لایەنی دوژمن بەیەک ڕووبەڕووی یەک کراونەتەوە! کورد بەتەنیا کراوەتە چوار پارچە و رووبەڕووی چوار دەوڵەتی داگیرکەری دوژمن کراوەتەوە..

مامۆستایەکی زانکۆ بەشی مێژوو بە بێشکچی دەڵێ: " پرسی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوین لەلایەن ئەمەریکای ئیمپریالیستەوە دنە دەدرێ.. ئەوە نییە ئینستیتودتی کوردیان بۆ دەکرێتەوە کۆلیژی کوردۆلۆگیان بۆ دادەمەزڕێنن بێشکچی لە وەڵامدا دەڵێ: "دواین کاری ئیمپریالیزم لەناوچەکەدا بۆ ساڵی ١٩٢٠ دەگەڕێتەوە ئەو کاتەی کورد و کوردستانیان بەسەر چەندان پارچەدا بەشکرد". ل ٢٠٨...

بێشکچی زۆر شێڵگیربووە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە  لە تێکۆشان نەکەوتووە، دۆزی کورد بخباتە نێو زانکۆکانی تورکیا و لای ئادیمست و ڕۆشنبیرە باڵاکانی وڵاتەکەیی و ناوەندێکی گرنگی زانستی وەک زانکۆوە.. تاوەکو دوور لە کایەی سیاسی تاوتوێی ئەم کێشەیە بە میتۆدی زانستی بکرێ و بێتە زەمینەخۆشکەرێکی دینامیکی بۆ چارەسەرکردنی ئاوەزمەندانەی پرسی کورد. لێ بەداخەوە دەرگای زانستگە و زانکۆ و کایەی ڕۆشنبیران لە دەرگای زیندانەکان ئەستوورتر و ژەنگاوی تر بوون؟!..

  " تا کێشەی گەلی کورد نەخزێندرێتە ناو زانکۆ تورکییەکان و وەک چۆن پرسەکە لەوەش ڕێگری لێ دەکرا تا بچێتە ناو پارتە سیاسییە تورکییەکانەوە" .. ل ٢٢٠
بێشکچی دوای زانکۆ بڕیار دەدات کە ھیچ شوێنێکی تردا کار نەکات، ئامانجی ئەوە بوو بەتەواوی بە میتۆدی زانستی خۆی تەرخانی دۆزی کورد بکات. لەھەقیقەتیشدا سەرۆکایەتی زانکۆکانیش ئاسوودە نەبوون بە کەسێکی وەک بێشکچی..

"بێشکچی بەدوای دۆزینەوەی ئەو کێماسییەوە بوو کە لەنێوان زانست و بۆچوونی فەرمی دەوڵەتدا ھەبوو" ٢٢٥

لە تورکیا.. کێماسیەکە لەدەوڵەتەوە تا ئایدۆلۆژیای فەرمی و داگیرکاری و سیستەمی خوێندن و ناو مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی گرتۆتەوە و بەرجەستەیە" من بەردەوام بووم لەسەر ئەوەی کە دەبێ دیاردەکانی ناو کۆمەڵگە و ڕاستییەکان وەک ئەوەی ھەیە ببیندرێت و بەڕاستی و لۆژیکی زانستی و دوور لە کاریگەری ھیچ لایەن و بۆچوونی دیکە کاری لەسەر بکرێ. بەتایبەت ڕەخنەگرتن لەو بۆچوونەی ئەو ڕاستیانە بەلاوە دەنێ و بە نەبوونیان لەقەڵەم دەدا" . ل ٢٣٠

کاتێ بە دیوی ناوەوەی دەوڵەتی تورکیادا شۆڕ دەبینەوە، جۆرە یاسای شۆڤێنیانە و دەزگەی داپلۆسێنەر و بڕیاری ناجۆرر و شتگەلێکی ترمان بەرچاو دەکەوێت و دەخوێنینەوە و دەبیستین. کێشە بنەڕەتییەکەش لەوەدایە ستراکچەری دەوڵەتەکە لەسەر ئەم بنەمایە هەڵساوە و هەر لادانێک لەم ڕێڕەوە نادیموکراسی و نامرۆڤانەیە، دەبێتە مایەی مل شکاندنی دەوڵەتەکە و هەڵوەشانەوە. دەوڵەتێک بەرگەی ئەوە نەگرێ لە سنووری خۆیدا ددان بە بوونی ئەوانی دیکەدا بنێ؟ دەبێ ترس و تۆقان تا کوێ جێی هەڕيشەی سەر ئەو کیانە بێت.. ئاخر لەتەواوی جیهاندا دەوڵەتێک نییە، لێوان لێو پێکهاتبێ لە نەتەوەیەک،ئیدی تورکیا بەنیازی نەخشاندنی کامە ناسنامەی ئاوارتەیە؟!..

یاساکانیش هێندە قەرەقۆشی و  قرچۆکن گەر بە سزادانی قورس و هەڕيشە و تۆقاندن و پۆلیس پشتیوانییان لێ نەکرێ، شیاوی پێڕەوکردن نین و ناچنە نێو خەڵکەوە. بێشکچی سیاسەتی فەرمی تورکیامان بەم شێوەیە پێ دەناسێنێ: " بۆچوون و ئایدۆلۆژیای فەرمی وەکو ئایدیای دیکە نییە، چونکە ئەوە بۆچوون و ئایدۆلۆژیایەکە کە بە سزاکانی دەوڵەت پارێزگاری لێدەکرێ".. ل ٢٣٢

کاتێ سیاسەتی فەرمی دەرەتانی هەناسەدان و گەشە و فراژبوون و پێشکەوتنی داخست و ڕيشمەی ڕووداوەکانی تەنیا لە چاوی دەزگەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە گرت بەدەستەوە، ئیدی مەحاڵە هیچ دەرفەتێ بۆ زانست و دیموکراسی ساز بێت، مرۆڤە ئازادیخواز و زانستکارەکان پێوە سەرقاڵ بن و بتوانن تێیدا بژین. " واتە خنکاندنی ناوەندی زانستی لەلایەن ئایدۆلۆژیای فەرمیی و خاڵی کردنەوەی ناوەڕۆکە گرنگەکەی زانست بە گشتی ". ل ٢٣٦

ئەو ڕۆژگارەی تارمایی ڕەش و دڕندانەی کەمالیزم و سیاسەتی فەرمی دەوڵەتی تۆرانی باڵی بەسەر هەموو شتێکدا کێشا بوو، دەنگێکی نووزە ئاسا و دەگمەن و تاقانە دەبیسترا،ترس و لەرزی دەخستە گیانی دەوڵەتی تورکیاوە . هەروەک دەبینین و بە ئاگاین  چ بە بێشکچی زانستکار و مرۆڤپەروەر و هەقبێژ و داکۆکیکاری لە دۆزی ڕەوای کورد وتراوە: " بێشکچی بەئاگاھێنەرەوەی دۆزی کوردە بۆیە بەھیچ کلۆجێک قبوڵکراو نییە" ل ٢٣٥

پێشتر ئاماژەمان بە بیر و هەڵوێستی چەپی تورک و کورد دەرهەق دۆزی کورد و بێشکچی دا، بێشکچیش بەو چەند گووتەیە لە کۆڵیان نابێتەوە و وەک خۆی لە کات و شوێنێ خۆیدا دێتەوە سەریان.  لەو دۆخە پڕ لە کوێرەوەرییەی کورددا، چەپ و شۆڕشگێڕیی هەرە پێشکەوتوو، دژ بە کێشيی ڕەوای کورد وەستاونەتەوە،جارێک بە دواکەوتوو و فیۆداڵی و جارێک بە دەستچێنی ئیمپریالیزم و جارێ وەک شەیتان و جارێک ناسۆسیالیزم و..هتد.. تاوانباری کورد و بزاڤەکەی کردووە. ئەم بیر و نالۆژییەکە وای کردووە، لە بنە هەرە بنەڕەتییەکانی سۆسیالیزمیش لایان داوە،بەناڕاستەوخۆ بوونەتەوە برغویەکی تری دەوڵەتی تورکیا و کوتەکی ئایدۆلۆژییە فەرمییەکەی .بە واتای ئەوەی ئەوانیش کەمپینێکی دوژمنکارانەیان دژ بە دۆزی ڕەوای کرد بەرپاکردووە، سیاسەتی چەپایەتییان بۆ داکۆکی و پارێزگاری لە دەوڵەت و سیستەمی تورکیا بەکار بردووە.  کێشەی نێو رێکخراوە کوردییەکان چەپایەتی و ناچەپایەتی دەردێکی بێ دەرمان بووە. "  فیکر و ڕامانی تورک، چەند پڕ کێشە و ناتەندروست بووە، سیاسەتی نکۆڵیکردن ھۆشی تورک و تێگەیشتنی سۆسیالیزمی خنکاندووە". ل ٢٦٥

 بێشکچی لەسەر ئەم دۆخ و دیاردە و بیرکردنە ناسروشتی و سەقەتە هاتۆتە دەنگ و ئەشکەنجەی زۆری خواردووە و دژایەتی زۆریش کراوە. لە ل ٣٣٨ باس لەوە دەکات، کاتێ گیراوە چەپەکانی کورد  داوای لێ دەکەن ڕێنماییان بکات چ کتێبێک بخوێننەوە و چۆن خۆیان پێ بگەێنن، ئەو هەردەم پێێ گووتوون بڕۆن ڕۆمانەکانی یاشار کەمال بخوێننەوە.. لەسەر ئەوە بە کۆنپارێز و دواکەوتوو و ناسۆسیالیستی تاوانبار کراوە،چونکە پێی نگووتوون هەڕن : مارکس و ئەنگلس و لینین و ستالین بخوێننەوە.

سەیرە زانستکارێ باوەڕی بەزانستە و کاری پێ  دەکات و دەیەوێ بەم ڕێگایە کێشەی چەوساندنەوە و کوشتنی میللەتێکی چەندەها ملیۆنی قوتار بکات،کەچی  چەپە شۆڕشگێڕە هەر ئینتەرناسیۆنالەکانی تورک و کورد بە کۆنەپەرستی لەقەڵەم بدەن. ھەر وتارێکی نووسی بێت و ھەر کتێبێکی بڵاو کردبێتەوە،هێڕشی بکراوەتە سەر و لەلایەن دەوڵەتەوە  پاداشتەکەی سزادان و زیندانی کردن بووە.

بێشکچی هەر بەڕەخنەگرتن لەدەوڵەتی تورک و چەپی تورکەوە گیانبازی بە گیانی خۆی نەکردووە، بەڵکو گەلێ باوەڕی بەوەش بووە، ڕەخنە لە هەڵە و کێماسی کورد بگرێ و باوەڕی بە ڕەخنە و گرنگی ڕەخنە بۆ کورد هەبووە، دەڵێ: " بە بۆچوونی من لە هەموو گەلێک زیاتر کورد پێویستیان بە ڕەخنە لێگرتنە".   ل٤٠٦

خاڵێکی هەرە گەنگ و بنچینەیی و زانستی و بابەتی لە نووسینەکانی بێشکچیدا،ئەوەیە دۆزی کورد بەیەک یەکەی دانەبڕاو لەیەکتر دەبینێ و وەک قوربانییەکی پیلانی ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم تەماشای دەکات و باوەڕی بەو دەوڵەتە دەستکردانە نییە.  ئەم لایەنەش توانیویەتی  بایەخی زانستی بۆ تێزەکانی زیاتر بکات،وەک بە کتێبە بەناوبانگەکەی (کوردستان کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی) سەلماندوویەتی و لەسەری دادگایی کراو . تێزەکانی ئەم شاکارە توانی بیروبۆچوونی زۆر زانستکار و ئاکادیمیست و مێژوونووس و لێکۆڵەری کورد تێپەڕێنێو بێتە سەرچاوەیەکی زانستی گرنگی دۆزی کورد  " لەکاتێکدا پێویست بوو وەکو یەک پارچە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە بۆ کوردستان بکرێت. چونکە ئەو جۆری میتۆدە لە کارکردن لەسەر کوردستان دەبووە ھۆی ئەوەی دابەشکردن و پارچەپارچەکردن و  جیاکردنەوەی کورد و کوردستان ببێتە ڕۆژەڤەوە". ل ٤١٧

بۆ جەخت کردنەوە لەسەر بۆچوونەکەی ئێمە و راستی هەڵوێستی بێشکچی چەند لاپەڕەیەک دواتر باس لەوە دەکات لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی دیاری کورددا، شەەرەفەدین کایا، محەمەد عەلی چاویان بە مادام میتران دەکەوێ. ئەوان باس لەمافە کولتوورییەکانی کورد دەکەن و بێشکچی پانۆڕامایەکی مێژوویی دابەشکردنی

کوردستان و کێشە نەتەوەییەکانی دەکات. ل ٤٢٠

بێشکچی بە خەبات و تێکۆشانی زانستی و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی دڕندەترین دەوڵەتی سەرزەمین، بووە ناو و سیمبۆلێکی دیار و لە هەموو جیهاندا ناوی دەرکرد. بەرگەگرتنی ستەم و چەوسانەوەی ساڵانەی زیندانە ناوزڕاوەکانی تورکیا وای دەهێنایە پێش چاو، بێشکچی جەستەی پۆڵا و ئاسن بێت،لێ کاتێ دەتبینی هەر شتێ لە پەپوولە و کۆترێکی نەشمیلە بەخۆتر بوو. " تۆ بێدەنگترینی پۆل بووی، وەلێ ئستا لەھەموو کەس زیاتر دەوڵەتت بەخۆتەوە شەکەت کردووە، ئەوە چۆن کارێکە؟.".ل٤٥١


"

 

 

 

 

بێشکچی مێژووییەکی پرشنگداریشی هەیە لە دامەزراندنی  ئینستیتوت و بنکەی رۆشنبیریی و وەشانخانەکان کە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەمەیدانی کوردۆلۆگی و بوارەکانی دیکەدا و هەروەها بەشدارە لە دەرکردنی رۆژنامە و بڵاوکراوەکانی دیکە و ھاوکاری ناوەندەکانی دیکەی داوە و دەدات.

 
لە ل٤٧٤ ـ ٤٧٧  دا باس لە ناسینی ئەنترۆپۆلۆگێکی ئەمەریکی دەکات، کە خەریکی توێژینەوە بووە لە کوردستان و ئەفەریقا دەرخستووە هەستی هەستی نیشتیمانی و سرووشتیان زۆر کەمە. سەرنجدان لەو رووداو و بەسەرهاتەی تاقیکردنەوە لەنێوان کورد و هۆزێکی کینیایی لە ئەفەریقا دەکات.. خوێندنەوە و تێگەیشتن و توێژینەوە لەم باسە،ئەرکی رۆشنبیرانی کوردە؟!..شایانی لەسەر وەستان و بەهەند وەرگرتنە. لێرەدا پەندی " مشتێ نموونەی خەروارێکە" کتومت بە باڵای ڕاستییەکانی کورددا بڕاوە و دەبێت بپرسین بۆ کورد هێندە سادە و ساکار و دڵ وڵایە؟ بۆ هەستی نیشتمانی کز و لاوازە؟ رۆشنبیرانی و چرا بەدەستتانی کورد خەریکی چین لەو جڤاتە دواکەوتووەی کوردیدا و پێویستە چ بکەن؟ و کۆمەڵێ پرسیاری دیکەش...

"رووناکبیری چییە؟ بۆ کورد ڕۆشنفکریی بریتییە لەدەربازبوون لە بەرتەسکردنەوەی ھزری لەژێر ھەژموونی بۆچوونی فەرمیەوە". ل٤٨٠

بێشکچی خاڵێکی دیکەی هەستیار دەورووژێنێ و زیگنالێ دەدا بە گوێی نووسەر و رۆشنبیرانی کورددا و داوا دەکات، بایەخ بە ئەرشیفکردنی بەڵگەنامەکانی کورد بدەن و لەم میانەشدا پشت ببەستن بە  ئەرشیفی ڕووس و فەڕەنسی و ئەڵمانی و ئیتالی و ئەمەریکی  کە زۆر گرنگن. لەپاڵ ئەمەشدا زۆر بوێرانە و زرنگانە هوشیاریاریمان دەداتێ، کە پێویستە کورد بە بەردەوامی و بە گومانەوە لە ئەرشیفی تورک و عەرەب و فارس بڕوانێ. وەک چۆن لەو باوەڕەدام بۆ کورد ئەرشیفی ئەرمەنیش زۆر جێگای باوەڕ نەبێ.

دوای دامەزراندنی " وەقفی ئیسماعیل بێشکچی " گۆڕانێکی گەورە لە ژیانیدا دەست پێدەکات و قەدەغەکردنی گەشتی لەسەر لادەچێ و بواری بۆ دەڕەخسێ بۆ چەند وڵاتێک بچێ.. ساڵی ٢٠١٣ وەقفی بارزانی داوەتی دەکات و دێتە باشووری کوردستان

سەردانی دامودەزگە و زانکۆ و مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و کەس و لایەنە سیاسییەکان دەکات.. ڕێزی بێ پایانی لێ دەگیرێ و د< فەرهاد پیرپاڵ لەبەردەمیددا دەچێتە سەر چۆک و پێڵاوەکانی ماچ دەکات و تاکێ لە پێڵاوەکانیشی لە پێ دادەکەنێ و هاوار دەکات" ئەم تاکە پێڵاوە دەخەمە مۆزەخانەی کوردستانەوە.  گەشتی فەرەنسا و ئینگلتەرا دەکات..لە ناوەندە هەرە گرنگەکانی ئەم وڵاتانەدا وتاری پێشکەش کردووە و  پەیامی نەتەوەیی و مێژوویی و سیاسی کوردی گەیاندووە،بە وێنەی نوێنەرێکی ڕاستەقینەی کورد ئاخافتووە.دواتر چۆتە ئەمەریکا و ئەڵمانیا و زۆر شوێنی دیکە بەهەمان شێوە بیری کردۆتەوە و کاری کردووە و پەیامی گەیاندووە.

 خاڵی دەرچوون و بیرکردنەوەی بووە. بۆیە واقیعیانەش لە پرسی کورد گەیشتووە و دەتوانێ گوزارشتی لێ بکات...

کتێبەکانی وەرگێردراونەتە سەر زمانە زیندووەکانی جیهان بە زمانی ژاپۆنیشەوە.. چەندین جار خەڵات کراوە و دکتۆرای ڕوومەتی پێبەخشراوە و دامودەزگا بەناوییەوە کراوە. بەڵگەفیلمێکی لەسەر ژیان و تێکۆشانی دروست  دەکرێ.

وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، بێشکچی نەشتەری ڕەخنەی لە ڕووی کوردیشدا بەکار دەهێنا،بەتایبەت بەرانبەر بەوانەی لەئاستی پیرۆزیی  هەقیقەتی دۆزەکەدا نەبوون .

ئاشکرایە بێشکچی.. بە تێز و نووسینەکانی خزمەتێکی گەورەی بزاڤی کوردی لەهەر چوار پارچەی کوردستان کردووە و بە پ ک ک لە هەمووان زیاتر..هەر لەسەرەتاوە ئەم زانستکارە بە ئیرادە و بیروبۆچوونی خۆی  دەکەوێتە داکۆکی لە بەرخۆدانی کورد..خەباتی چەکداری پ ک ک بە شۆڕشی ڕزگارکردنی نەتەوەی کورد دایە قەڵەم. لەسەر ئەم بیرکردنەوە و هەڵوێستەی ڕەخنەیەکی زۆری لێگیرا.

پارتی ناوبراو دواتر بەتایبەت لەدوای گیرانی ئۆجەلانەوەوەرچەخانێک بە ستراتیژ و بیرکردنەوە و سیاسەتیدا دێت.بەتایبەت قسەکانی ئۆجەلان لە کاتی گیرانیدا و دواتر لە زیندانەوە و لادان لە ماف و داوا نەتەوەییەکانی کورد و سەرمەست بوون بە هەندێ دروشمی بریقەداری بێ ناوەڕۆک،   دەبێتە جێ ناڕەزایی و دڵشکاوی بێشکچی لەو پارتە.. ئیدی دەکەوێتە ڕەخنەگرتن لە پ ک ک ،ئەوانیش وەڵامی دەدەنەوە..

لە دوا لاپەڕەکاندا بە تایتڵێکی نوێ دێتەوە سەر باسی زانست و بەهای ئەم چەمکە و پیرۆزی زانکۆ وەک ناوەندی زانست و داکۆکییان لێ دەکاتەوە ." زانکۆ ئەو شوێنە گرنگەیە کە زانستی لێ بەرھەم دێت. ل ٦٢٣

هەر لەم کۆنتێشتە ڕەخنەیەکی توند دەگرێ لە سیاسەتی فەرمی تورکیا و ناوەندەکانی زانست بە زانکۆکانیشەوە. بێشکچی زانست بە واقیع دادەنێ. " زانست پێڤاژوێکی ھزرییە. میتۆلۆژیا و میتافیزیک و ئاین و ھونەر و ئەدەبیاتیش وەک ڕێکاری زانستی پەسند دەکرێت..ل ٦٢٤

کاتێ سیاسەت باڵ دەکێشێ بەسەر هەموو بوارەکانی ژیاندا و سیاسەتی فەرمی هەموو دەروازەکانی هەناسەدان دەتاسێنێ، ئیدی نە زانست،نە هەقیقەت،نە مرۆڤدۆستی و نە دیموکراسی و شتگەلێکی دیکە بایەخیان دەمێنێ و هەموویان لە پێناوی ئایدۆلۆژی فەرمی دەوڵەتدا پەکیان دەخرێ.. بەڵام بەلای زانستکاری راستەقینەوە زانست تاکە چەکی بەرەنگاربوونەوە نازانست و تاوان و ناڕاستییەکانە.

   " ھزری زانستی ھزرێکی واقعییە بە واتایەکی دیکە، بیر و بۆچوونێکە لەگەڵ واقیع مامەڵە دەکات و ھەوڵی ڕوونکردنەوەی واقیعیەتی زانستی و پەیوەندی نێوان واقیعیەت دەکات. بۆیە ئەرکێکی زۆر گرنگە کە لەوەھا دۆخێکدا ڕاستگۆبین لەگەڵ واقیعیەت. ئایدۆلۆژیەکانیش لەو ناوە ئایدۆلۆژیای فەرمی، بەدوای زانیاری بەرژەوەندی خوازانەیە". ل ٦٤٨

هەر ڕێگرییەک لە کاری زانستی ، واتە کوشتنی ئازادی بیرکردنەوە و کارکردن.. مردنی ئازادیش زیانگەیاندنە بە کار و تاقیکردنەوەی زانستی .. هاوکات دەکاتە ئاستەنگ دروست کردن بۆ دیموکراسی و لەباربردنی زەمینەی بەرخەستە بوونی.. ئەمەش لە دواجاردا زیانە بە زۆر کایەی گرنگی دیکەی ژیان..

" ئازادی لە ڕەخنەگرتن تەنیا سوود بە زانست ناگەیەنێت، بەڵکو پایەیەکی گرنگی ژێرخانی دیموکراسیش پێکدەھێنێت. وەک چۆن رۆڵێکی گرنگ لە فەلسەفە و ھونەر و وێژەشدا دەگێڕێ". ل ٦٢٥

بێشکچی تەمەنێکی دوورودرێژی لە زینداندا بەسەر بردووە. ئەم مێژووە، نەک هەر لای کورد بگرە لەسەر ئاستی جیهانیش جێی ڕێز و پێزانینی بەرز و گەورەیە..

خۆی لەم بارەوە شتێکی سەرنج ڕاکێش لەمەڕ ئەوانی دیکەوە دەنووسێ کەوا زۆر جۆرەها کەسی دیوە هەڵوێستیان بەرانبەر تورکیا نواندووە، بەڵام دوای سزادانێکی بچووک خۆیان  رادەستی دەسەڵات کردووە.. واتە پشووکورت و نازانستی و ناشۆڕشگێڕ بوون و ترسنۆک بوون لەئاست بیروباوەڕەکەیان دا..

کەچی وەک دەزانین سەرتاسەری تورکیا بۆ بێشکچی زیندان بووە،لێ لێرەدا گرنە ناوی ئەو زیندانانە بخەینە ڕوو،کە بێشکچی بەشێکی لە ژیانی تێذا بەسەر بردوون!!..ناوی ئەو زیندانانەی بێشکچی تێیاندا زیندانی کراوە.. تێیاندایە چەند جارێ بوونەتە شوێنی ژیان و مەرگی بێکشجی :

گرتووخانەکانی{ دیاربەکر، ئەدەنە، بورسا،تۆپتاشی، ساڤاریا، سەیمەن، چەنەقەلە، عەنتاب، کاینارجە، ئاداپازار،گولوجوک، بایرام پاشا، ئەنقەرە، ئیسکلیپ، بورسا، ساغماجلار،ئوڵوجاندار، مەتریس، ئیسکلیپ، مەترەس، بورسای تایبەت"..
فاشستەکانی تورک دژین٣٦ کتێبی قەدەغەیەکەم زانای زانست دۆست لە جیھاندا
کورد ھەیە زمانی کوردی ھەیە نکۆلییان لێناکرێ" کورد ھیچ دۆستێکی نییە، وەلێ دوژمنی گەلێک زۆرە} . ل ١٥١

لەگەڵ عوسمان بایدەمیردا دەڵێم" لە دڵی ھەموو کوردێکی شەرەفمەنددا دەبێت شوێنێکی تایبەت بۆ خۆشەویستی ئیسماعیل بێشکچی ھەبێت"...

بێشکچی.. زانستکارێکی بێ هاوتا و دۆستێکی گەورەی دانسقەی کوردە و بە زانست و بابەتێتی داکۆکی لە کورد و کوردستان کردووە، کەس هێندەی ئەو واقعیی و زانستیانە لێکۆڵینەوەی لەسەر دۆزی کورد نەکردووە.

بێشکچی لەنێو هەر سێ نەتەوە سەردەستەکەی کوردستاندا،  بێ نموونە و بێ هاوتا و تاقانەیە لە بیرکردنەوە و کاری زانستی و کورددۆستی دا..گەر بهاتەیە بە ڕێژەی ٪ ١٥ لەنێو تورک و فارس و عەرەب دا، کەسی تری وامان هەبایە  وێستگەی ژیانی کورد لە ئێستادا شوێنێکی دیکە دەبوو...

ئێمە هەرچی چەپکەگولێک لە وشەیە  بڕازێنیەوە، بۆ بێشکچی هەر کەمە و پەیکەرێ لە زێڕ بکەین بۆ بێشکچی هیچمان هەر نەکردووە و مێژوویەکی بۆ بنووسینەوە هێشتا بارتەقای ئەمەک و دڵسۆزیی و دۆستایەتی ئەو نایەتەوە...

سڵاو.. لە بێشکچی گەورە و سەرکەش و ویژدان زیندوو  و دەستخۆشی لەوەرگێری کارامە کاک محەمەد دەکەم، بۆ ئەم خزمەتە گەورەیە..




 

We have 212 guests and no members online