کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

سزای‌ ئابووری‌ وه‌كو ئامرازێك بۆ خۆسه‌پاندن ... بورهان شێخ ڕەئوف

Pin It

 

پێناسه‌ی‌ سزای‌ ئابووری‌

كۆمه‌ڵێك رێوشوێنی‌ دارایی‌ و ئابوورییه‌ كه‌ وڵاتێك یان كۆمه‌ڵه‌ وڵاتێك پێكه‌وه‌، یان رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمی پێكه‌وه‌ ده‌ی‌ سه‌پێنن به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تێك یان رێكخراوێك یان كۆمپانیایه‌ك یان كه‌سێك، له‌به‌ر كاری‌ دوژمنكارانه‌ یان تێكدانی‌ ئاشته‌وایی‌ و هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاشتی‌ جیهانی، یان ناچاركردنی‌ لایه‌نێك بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ هه‌ڵوێستی‌ سیاسی‌ و ئابووری‌ و سه‌ربازی‌.

كاتێك په‌نا بۆ سزای‌ ئابووری‌ ده‌برێت، هه‌موو رێكاره‌ سیاسییه‌ به‌رده‌سته‌كان شكستیان هێنابێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ر، بۆ ئه‌و كێشه‌و قه‌یرانه‌كان، هه‌ندێك له‌و بڕوایه‌دان كه‌ سزای‌ ئابووری‌ جۆرێكی‌ جوانكراوی‌ ده‌ستوه‌ردانی‌ سه‌ربازییه‌، كه‌ دواجار ده‌چێته‌ خانه‌ی‌ ڕق و كینه‌و زۆرداری‌ و خۆسه‌پاندنه‌وه‌ .

له‌م ساڵانه‌ی‌ دواییه‌دا، سزای‌ ئابووری‌ به‌ تایبه‌تی‌ سزای‌ بازرگانی‌ گشتی‌، بووه‌ مایه‌ی‌ بێزاری‌ و نیگه‌رانی‌ زۆربه‌ی‌ رێكخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌كانی‌ جیهان، له‌به‌ر كاریگه‌ریه‌ نه‌رێنیه‌كانی‌ ئه‌م سزایانه‌ له‌ رووی‌ مرۆییه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م رێكخراوانه‌ به‌هۆی‌ كاری‌ مه‌یدانیانه‌وه‌ توانیبوویان كاریگه‌رییه‌ سه‌خته‌كانی‌ ئه‌و سزایانه‌ به‌ چاوی‌ خۆیان ببینن و دۆكۆمینتی‌ بكه‌ن، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ سزاكان هه‌ر كاریگه‌ری‌ خراپیان له‌سه‌ر هاووڵاتیانی‌ وڵاتی‌ به‌ ئامانج گیراو نابێت، به‌ڵكو كاریگه‌ریشیان له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی كۆمه‌كی‌ مرۆیی‌ هه‌یه‌ .

لیستی‌ سزا ئابوورییه‌كانی‌ ئه‌مریكا

ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌ خۆرئاواییه‌كانی‌ ده‌توانن له‌م لیستی‌ سزایانه‌دا كامه‌ی‌ گونجاوبێت به‌لایانه‌وه‌ به‌كاری‌ بهێنن، بۆ سزادانی‌ ئه‌و وڵات و رژێمانه‌ی‌ كه‌ دڵخوازیان نین و تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن به‌ سه‌رپێچی‌ یاسای‌ نێوده‌وڵه‌تی.

1- بلۆككردن (تجمید) واته‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ هه‌موو ئوسولی‌ دارایی‌ ئه‌و وڵاته‌ی كه‌ خۆرئاواییه‌كانی تووڕه‌ كردووه‌، بلۆككردنی‌ ژمێریاری‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ ده‌وڵه‌ت و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌ بڕیاردانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌.

2- كۆت و به‌ندی‌ دارایی‌: دوورخستنه‌وه‌ له‌ سیستمی‌ حه‌واڵه‌كردنی‌ دارایی‌ پاره‌ (SWIFT) بۆ ناردن و گواستنه‌وه‌ی‌ پاره‌ بۆ هه‌موو وڵاتانی‌ جیهان، ئه‌م سیستمه‌ له‌لایه‌ن هه‌زاران دامه‌زراوه‌ی‌ داراییه‌وه‌ له‌ زیاتر له‌ دوو سه‌د وڵات به‌كار ده‌هێنرێت، بۆ نموونه‌ ئه‌م سزایه‌ له‌ ساڵی‌ 2012 دژبه‌ ئێران به‌كارهێنرا، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئێران به‌شی‌ زۆری‌ داهاتی‌ نه‌وتی‌ و بازرگانی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ ده‌ستدا .

3- دوورخستنه‌وه‌ له‌ مه‌قاسه‌ی‌ دۆلار: قه‌ده‌غه‌كردن و بلۆككردنی‌ هه‌موو ئاڵوگۆڕێكی‌ دراو كه‌ به‌ دۆلاری‌ ئه‌مریكی‌ ئه‌نجام بدرێت، سزادانی‌ هه‌ر ئه‌و كۆمپانیایه‌كی‌ خۆرئاوایی‌ كه‌ هه‌ڵسوكه‌وت و ئاڵوگۆڕی‌ دارایی‌ له‌گه‌ڵ وڵاتی‌ سزادراودا بكات .

4- رێگرتن له‌ ده‌ستگه‌یشتن به‌ بازاری‌ قه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان: ئه‌مه‌ رێكارێكه‌ رێگره‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ پاره‌ی‌ قه‌رز بۆ گه‌شه‌پێدان، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ تێچووی‌ قه‌رز له‌ وڵاتداو دابه‌زینی‌ به‌های‌ پاره‌ی‌ نیشتمانی‌ .

ئه‌مریكا و خۆرئاواییه‌كان و سزای‌ ئابووری‌

ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ له‌ ناتۆ راهاتوون له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ بۆ سزادان و به‌ ئاگاهێنانه‌وه‌ی‌ هه‌موو ئه‌و رژێم و دوڵه‌تانه‌ی‌ كه‌ یاخی‌ ده‌بن له‌ واشنتۆن و یاره‌كانی‌.

قه‌یرانی‌ ئۆكرانیا و سزای‌ ئابووری‌

له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵ 2022 كه‌ قه‌یرانی‌ ئۆكرانیا سه‌ری‌ هه‌ڵدا له‌ نێوان روسیا ئۆكرانیادا، یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی‌ پایته‌خته‌كانی‌ ناتۆ، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ ئه‌مریكی‌ و خۆرئاواییه‌كان بوو به‌ سه‌پاندنی‌ سزای‌ ئابووری‌ قورس و گورچكبڕبوو به‌سه‌ر روسیادا .

له‌م ساڵانه‌ی‌ دواییه‌دا سزای‌ ئابووری‌ بژارده‌ی‌ خۆش ده‌ست و له‌پێشینه‌ی‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانێتی‌، بۆ به‌ گژاچوونه‌وه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ و ده‌ستدرێژی‌ ركابه‌ره‌كانیان، وه‌كو جۆرێك له‌ خۆ لادانیش له‌ جه‌نگی‌ سه‌ربازی‌ و به‌ریه‌ككه‌وتن.

ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ سزاو ئابڵووقه‌ی‌ ئابوورییان خراوه‌ته‌سه‌ر له‌م ساڵانه‌ی‌ دوای‌ جه‌نگی‌ سارد ئه‌مانه‌ن:-

1- عیراق :

یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ توندترین سزای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ خرایه‌ سه‌ر، بۆ ماوه‌ی‌ سیازده‌ ساڵ عیراق بوو، له‌ دوای‌ داگیركردنی‌ كوێتی‌ دراوسێوه‌ له‌ 2- ئابی‌ 1990 تاوه‌كو داگیركردنی‌ عیراق له‌ 2003 له‌ لایه‌ن ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه‌، تا ئێستاش عێراق وێڵه‌ به‌ دوای‌ پاره‌و سامانه‌ بلۆككراوه‌كانی‌ له‌ بانكه‌كانی‌ جیهاندا، به‌هۆی‌ ئه‌و سزاو ئابڵووقه‌ ئابوورییانه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ یه‌ك ملیۆن و نیو هاووڵاتی‌ عیراق بوونه‌ قوربانی‌ كه‌ زیاتر له‌ نیو ملیۆنیان منداڵ بوون، له‌و ماوه‌یه‌دا عیراقیه‌كان بێ به‌شكران له‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ خۆرك و ده‌رمانی‌ پێویست .

2- لیبیا:

یه‌كێكی‌ تر له‌و وڵاتانه‌ی‌ خرایه‌ ژێر سزای‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه‌، لیبیا بوو، هه‌موو پاره‌و قه‌واڵه‌ داراییه‌كان و وه‌به‌رهێنانه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی‌ لیبیا له‌ كۆمپانیا و بانكه‌ ئه‌مریكی‌ و ئه‌وروپییه‌كان بوو كه‌ به‌ 200 ملیار دۆلار زیاتر ده‌خه‌مڵێنرا و بلۆككران، به‌ پێی بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ژماره‌ ( 1973) له‌ ئازاری‌ 2011.

3- ئێران:

یه‌كێكی‌ تر له‌و وڵاتانه‌یه‌ درێژترین ماوه‌ له‌ژێر سزاو ئابڵووقه‌ی‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیدا بووه‌، هه‌ر له‌ ساڵی‌ 1979 كاتێك هه‌ندێك له‌ قوتابیانی‌ ئێرانی‌ باڵوێزخانه‌ ئه‌مریكایان له‌ تاران داگیر كرد، یه‌كه‌م ره‌زمه‌ سزای‌ خرایه‌سه‌ر دواتر له‌ ساڵی‌ 1981 كاتێك بارمته‌ ئه‌مریكییه‌كان ئازادكران سزاكان لابرا، جارێكی‌ تر ساڵی‌ 1987 له‌سه‌رده‌می‌ رۆناڵد ریگان سزاكان خرانه‌وه‌ سه‌ر ئێران، به‌ تۆمه‌تی‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری‌ ناوخۆی‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو وبه‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌مریكا، جارێكی‌ تر له‌ ساڵی‌ 2006 قۆناغی‌ سێیه‌می‌ سزاكانی‌ خرایه‌ سه‌ر ئێران به‌ پێی بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ 1737 به‌پاساوی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێران قایل نابێت به‌رنامه‌ی‌ پیتاندنی‌ یۆرانیۆم بووه‌ستێنێت،تائێستاش سزاكان به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر ئێران، وتوێژه‌كانی‌ ڤیه‌ننا له‌ ئارادان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌.

4- ئه‌فغانستان:

ئه‌مریكا له‌ دوای‌ هێرشه‌كانی‌ 11 سپته‌مبه‌ری 2001 سزای‌ توندی‌ سه‌پاند به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی‌ تالیباندا .

ده‌كرێت بپرسین ئایا ئه‌م سزایانه‌ی‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ ئامانجه‌كانیان پێكاوه‌ یان نا؟ ئایا ئه‌م سزا به‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ گه‌لان ڕه‌وایه‌؟ له‌ كاتێكدا خه‌ڵكانێكی‌ كه‌م هه‌ندێك كار و كرده‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ و سیاسه‌تی‌ ئه‌مریكا، ئه‌وه‌ی‌ روونه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ ئه‌م سزاو ئابڵووقانه‌یان ده‌خرێته‌ سه‌ر زۆر رێگایان دۆزیووه‌ته‌وه‌ بۆ خۆڕاهێنان له‌گه‌ڵ سزاكان و خۆدزینه‌وه‌ و پێچ لێدان.

 

We have 84 guests and no members online