کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

مه‌ترسی‌ (درۆن) له‌سه‌ر سه‌قامگیریی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ... بورهان شێخ ڕەئوف

Pin It

له‌ كاتێكدا زۆرێك له‌ تاقم و ده‌سته‌ چه‌كداره‌كانی‌ ناوچه‌كه‌، بوونه‌ته‌ خاوه‌نی‌ فڕۆكه‌ی‌ بێ فڕۆكه‌وان (درۆن)، ئێستا ئه‌و جۆره‌ فڕۆكه‌یه‌ بووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌تایبه‌تی‌ دوای هێرشی‌ ماوه‌ی‌ پێشووی‌ حوسییه‌كانی‌ یه‌مه‌ن بۆ سه‌ر میرنیشینی‌ ئه‌بو زه‌بی‌ له‌ ئیمارات، كه‌ بووه‌ هۆی‌ ته‌قاندنه‌وه‌ و سووتاندنی‌ چه‌ند تانكه‌رێكی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ سووته‌مه‌نی‌ و ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و به‌رز بوونه‌وه‌ی‌ دوكه‌ڵ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ ئه‌بوزه‌بی‌، كه‌ كوژرانی‌ سێ‌ كه‌س و برینداربوونی‌ شه‌ش كه‌سی‌ تریشی لێكه‌وته‌وه‌، ئه‌مه‌ش جاری‌ یه‌كه‌م نییه‌ هێرش و په‌لاماری‌ له‌و جۆره‌ رووبدات له‌لایه‌ن حوسییه‌كانه‌وه‌، كه‌ پێشتریش ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی‌ كۆمپانیای‌ ئارامكۆی‌ سعودیه‌یان به‌ ئامانج گرتبوو .

هه‌ر ئه‌وه‌ وای‌ له‌ ژنه‌ نووسه‌رێكی‌ ئه‌مریكی‌ به‌ ناوی‌ (روس بولارد) كردووه‌، له‌ راپۆرتێكیدا له‌ ئاژانسی‌ بلۆمبیرگ بنووسێت: ئه‌گه‌ر ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا ئاینده‌ی‌ مرۆڤایه‌تی‌ به‌ره‌و رووی‌ دۆخێكی‌ لێڵ و ناخۆش كردبێت، ئه‌وا ‌ئێستا فڕۆكه‌ی‌ بێ فڕۆكه‌وانیش پێشكه‌وتووه‌، كه‌ شاره‌زایانی‌ ئه‌و جۆره‌ له‌ ته‌كنۆ‌لۆژیا پۆلینی ده‌كه‌ن بۆ دوو جۆر (فڕۆكه‌ی‌ بچووك و هه‌رزان و هه‌ژارانه‌ كه‌ نرخه‌كه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ هه‌زار دۆلاری‌ ئه‌مریكییه‌، فڕۆكه‌ی‌ گه‌وره‌ كه‌ نرخه‌كه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ دوو هه‌زار دۆلاری‌ ئه‌مریكییه‌)، ئه‌مجۆره‌ له‌ فڕۆكه‌ به‌ ئاسانی‌ ده‌توانرێت چه‌ك و بۆمبی لێ ببه‌سترێت له‌ لایه‌ن گروپەکانی وەک تالیبان و حوسییه‌كان و چه‌ند گروپێكی چه‌كداری ترەوە.

نه‌وه‌یه‌كی‌ نوێی فڕۆكه‌ی‌ بێفڕۆكه‌وانیش بڵاوبۆ‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ ته‌كنۆلۆژیای‌ پێشكه‌وتوو به‌ تیشكی‌ لیزه‌ر ئاڕاسته‌ ده‌كرێت، وه‌كو رۆكێتی‌ هیلفایه‌ر، ئه‌مانه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی‌ ئه‌مریكادان، بۆ یه‌كه‌مجاریش واشنتۆن له‌ دووره‌وه‌ به‌ ریمۆت كۆنترۆڵ له‌ ساڵی‌ 2001 دا به‌كاریهێنا .

 

ئێستا ئه‌م فڕۆكانه‌ له‌ رووبه‌رێكی‌ فراوانی جیهاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵ و لێكۆڵینه‌وه‌ و چاودێرییدا نین، سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتیشیان ملیاران دۆلاره‌ و بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی‌ مه‌ترسی له‌ ناوچوونی‌ گیانی‌ هه‌زاران كه‌س.

ئێستا مه‌ترسی‌ و كاریگه‌رییه‌كانی‌ ئه‌م ته‌كنۆلۆژیا پێشكه‌وتووه‌ ته‌واو روون و ئاشكرایه‌ بۆ رای‌ گشتی‌، به‌تایبه‌تی‌ دوای‌ ئه‌و هێرشه‌ی‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ 29 ئابی‌ 2021 له‌ كابول كردیانه‌ سه‌ر تاقمێكی‌ تیرۆریست، به‌ڵام هێرشه‌كه‌ بووه هۆی‌ كوژرانی 10 هاووڵاتی‌ سڤیل كه‌ حه‌وتیان منداڵ بوون .

فڕۆكه‌ی‌ بێفڕۆكه‌وان یان درۆن، پێشكه‌وتنی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌خۆوه‌ بینیووه‌، ‌کە ئێستا (102) ده‌وڵه‌ت پرۆگرامی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌كتیڤی‌ له‌م جۆره‌ فڕۆكانه‌ی‌ هه‌یه‌، به‌ جۆرێك فڕۆكه‌ی‌ بێفڕۆكه‌وان جێگه‌ی‌ هه‌زاران سه‌ربازی‌ له‌سه‌ر خاك گرتۆته‌وه‌ و به‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ كه‌م له‌ پشت كۆمپیوته‌ره‌كانیانه‌وه‌، كه‌ له‌ دوورترین بنكه‌و پێگه‌ سه‌ربازییه‌كان هێرش و په‌لامار ده‌كه‌ن بۆ سه‌ر نه‌یاره‌كانیان .

ماڵه‌كه‌ی‌ مسته‌فا كازمی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراقیش هه‌ر به‌مجۆره‌ فڕۆكانه‌ كرایه‌ ئامانج، ئه‌وه‌ی‌ زیاتر مایه‌ی‌ نیگه‌رانی‌ و مه‌ترسییه‌ ده‌رچوونی‌ زیاتری‌ دۆخه‌كه‌یه‌ له‌ كۆنترۆڵ، به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌م فڕۆكانه‌ ده‌ستی‌ تاقم و گروپه‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان كه‌وتوون و ئامرازێكن بۆ توندوتیژی‌ و به‌ده‌رن له‌ چاودێری‌ و كۆنترۆڵ .

 

We have 336 guests and no members online