کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

📖 بێ ئەوەی هیچ تاوانێکی ئەنجام دابێت، ٢٧ ساڵە لە زینداندایە ... بەکر شوانی

Pin It
📖 "تێکنەدانی شارەمێروولە"
📖 ماندێلای دنیای شیعر و ئەدەب: ئیلهان سامی چۆماک
 
#کتێب_شوانی
#ئەدەبییات_شوانی
⬅چۆماک: "هەوڵ دەدەم بە خەیاڵ بیهێنمە بەرچاو کە سەردەمانێک لە دەرەوە بووم و لە کۆڵانەکانی ئیستانبوڵ پیاسەم کردووە، بەڵام ئەقڵم پەی بەمە نابات. من ڕاستیی ژیانی دەرەوەم لە دەست داوە. هەر دەڵێیت لێرە، لە گرتووخانە لە دایک بووم و ئەو شتانەی لە بارەی جیهانەوە دەیانزانم، یان لە میوانانم بیستووە، یان لە کتێباندا خوێندوومنەتەوە!"
ساڵی ١٩٩٤، کاتێک ئیلهان سامی چۆماک لە قۆناغی چوارەمی بەشی جوگرافیای کۆلێژی ئەدەبییاتی زانکۆی ئیستانبوڵ فێرخواز بوو، لەپڕ دەستگیر کرا و پاش ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر خرایە زیندانەوە. چەندین ساڵە چۆماک لە شەڕێکی سەختی سەلماندنی بێتاوانیی خۆیدایە و لەگەڵ ماڵئاواییکردن لە ساڵی ٢٠٢١ ئەو هێشتا هەر لە زیندانە. چۆماک هەر بەتەنیا کەسێک نییە کەوتبێتە بۆسەی ناداپەوەروەرییەوە، بەڵکو هەمان کات شاعیر و نووسەرێکی ناسراوە و بە زمانی تورکی دەنووسێت و شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی جیهانی وەرگێڕدراون.
سەرباری گشت نادادپەروەری و چەرمەسەرییەکانی ژیانی گرتووخانە، چۆماک کۆڵی نەداوە و باوەشی بۆ ژیان و خۆشەویستی و ئومێد و شیعر کردووەتەوە و لە نوێترین کتێبی خۆیدا بەناوی "تێکنەدانی شارەمێروولە" کە مانگی تەمووزی ٢٠٢١ بە زمانی تورکی کەوتە بازاڕەوە، بە زمانێکی شاعیرانە و شێوازێکی ئەدەبییانە باسی سەردەمی منداڵی و چیرۆکی دەستگیرکردنی و شیعر و تێڕوانینی خۆی بۆ ژیان دەگێڕێتەوە و دەڵێت:
"...دادگەری پاشقوولی لێم گرت و کەوتمە زەوی، زۆر خراپ نووچم دا و هەوڵی هەڵسانەوە چەندین ساڵی تەمەنمی برد، بەڵام هەرچۆنێک بێت توانیم خۆم لەو هەست و نەستانە بەدوور بگرم کە دەیانویست ژەهراویم بکەن و ڕەهەندە جوانەکانی مرۆڤبوونم لە یادەوەریمدا پاراست و فێر بووم چۆن لە فەوتان بیانپارێزم... ئومێد هەمیشە لێمەوە نزیک و یاوەرم بوو بۆ ڕەواندنەوەی تاریکایی ئەنگوستەچاوی بێهیوایی و بڵاوە پێکردنی بێدەنگیی باڵکێشاو بەسەر دڵ و ئەقڵدا و بۆ هێشتنەوەی ژیان لەسەر ڕەوتی خۆی."
ئیلهان سامی چۆماک ساڵی ١٩٧٣ لە پارێزگای بینگۆل (چەولیک)ی باکوری کوردستان لە دایک بووە. ساڵی ١٩٩٤ لە ئیستانبوڵ بە تۆمەتی هەبوونی دەست لە سووتاندنی دارستانەکاندا دەستگیر کرا. لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت دادگایی کرا و لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانەی کە لەژێر ئەشکەنجەدا لێی وەرگیرابوو، سزای زیندانی هەمیشەیی بەسەردا سەپێندرا. بەپێی دەیان وتار و بابەتی جیاوازی ڕۆژنەمانووسان و نووسەرانی کورد و تورک، چۆماک ماوەی ٢٧ ساڵە بێ تاوان لە گۆشەی زیندانە و دۆسیەی وی تەنانەت یەک بەڵگەی بەرجستەیشی تێدا نییە بۆ سەلماندنی ئەو تاوانانەی کە دراونەتە پاڵی. بگرە دادگای دەوڵەتیش کاتی خۆی بڕوای بەو دانپێدانانەی چۆماک نەکرد کە پۆلیس لەژێر ئەشکەنجەدا لێی وەرگرتبوو. دواتر دادگا سەرباری بەکارهێنانی دەستەواژەی "بە تەواوەتی ڕوون نەبووەتەوە داخۆ تۆمەتبار لە پێکادانی چەکدارییەوە گلاوە یان نا"، بە تاوانی "تێوەگلان لە شەڕی چەکداریدا لە سێگۆشەی گەنج-لجێ-قولپ" سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بۆ چۆماک بڕییەوە.
ئەگەرچی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری زیندانیکردنی چۆماکی بە ناڕەوا لە قەڵەم دا و بڕیاری دا دادگاییکردنەکەی دووبارە بکرێتەوە، بەڵام دادگاکانی تورکیا پابەندی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا نەبوون. چۆماک ساڵی ٢٠١٦ سەرلەنوێ لەلایەن یەکێک لە دادگانی ئیستانبوڵەوە حوکم درا و دۆسیەکەی نێردرا بۆ دادگای دەستوور کە تا ئەم ساتە دەستی بۆ نەبراوە. چەندین ساڵە چۆماک هەوڵێکی تاقەتپڕووكێن دەدات بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو باری ستەمەی کە لێی کراوە و لێی دەکرێت، بەڵام بەداخەوە تا ئەمڕۆ کەس دەنگی وی نەبیستووە.
ئیلهان سامی چۆماک دەڵێت لە کتێبی "تێکنەدانی شارەمێروولە"دا دەڵێت: "با هەرکەسێک ئەو ناڕەوایەتییەی بەرامبەر بە من کراوە، بەلایەنی کەمەوە بۆ کەسێکی نزیکی خۆی بگێڕێتەوە. شەڕانگێزییەکی چەسپاو هەیە لە ئارادا." ئەوا من بە ئامادەکردنی ئەم کورتە وتارە شتێک لەو ناڕەوایەتییەی کە بەرامبەر بە چۆماک کراوە و دەکرێت، بۆ هاوڕێیان گێڕاوەتەوە. ئێوەیش دەتوانن بە بڵاوی کردنەوەی ئەم وتارە لای خۆتان، هاوڕێیانتان لەو ستەمە گەورەیە ئاگادار بکەنەوە.
لە بەرهەمە چاپکراوەکانی چۆماک:
• دەریای کراوە، شیعر، ٢٠٠٧
• بەیانی باش سەرزەمین، شیعر، ٢٠١١
• سرووتەکانی لەلایەن پشیلەوە نووسراو، شیعر، ٢٠١٤
• وانەکانی باران، شیعر، ٢٠١٧
• ڕۆژانەی دیجلە، شیعر، ٢٠١٧
• بەیانییەک پیاسەم کرد، شیعر، ٢٠١٧
• تێکنەدانی شارەمێروولە، بیرەوەری، ٢٠٢١

We have 124 guests and no members online