
ئەمڕۆ، بە ڕۆژ و مانگ و ساڵ، ٩٧ ساڵی تەواو بەسەر لە سێدارەدانی مرۆڤێکدا تێدەپەڕێت کە لەوانەیە زۆربەتان ناویتان نەبیستىیت، لە کاتێکدا ئەو لە پێناوی نەوەکانی هەموو سەردەمەکانی دوای خۆیدا گیانی بەخشیوە و شایەنی ئەوەیە ڕێز لە خۆی و خەبات و بیر و باوەڕی بگرین: پزیشک و سیاسەتمەدار و کوردی خانەدان دکتۆر فوئاد چەرموگی.
فوئاد کوڕی حاجی ئیبراهیم بەگی سەر بە بنەماڵەی حاجی قادیران ساڵی ١٨٨٧ لە ناوچەی چەرموگی سەر بە شاری ئامەد/دیاربەکر لە دایک بووە. بنەماڵەکەیان لە چەرموگ و دیاربەکر و ئیستانبوڵ خاوەن کۆشک و سەرا و بازرگانی و بەرژەوەندی بوون و زۆریان مەبەست بوو خوێندەوار لە ناویاندا هەڵبکەوێت. بۆیە سەرەتا فوئاد لە مەدرەسەی ئاینی دەخەنە بەرخوێندن و لەوێ فێری نووسین و خوێندنەوە دەبێت و پاشان بۆ خوێندن ڕەوانەی ئیستانبوڵ دەکرێت. لەوێ هەموو قۆناغەکانی خوێندن بەسەرکەوتوویی دەبڕێت و لە کۆتایی دەیەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا ڕوو لە فەرەنسا دەکات و لە پاریس بڕوانامەی پزیشکی بەدەست دەهێنێت.
دوای گەڕانەوەی لە فەرەنسا، ئیستانبوڵ و شارە گەورەکانی تری سنووری دەوڵەتی عوسمانی نا، بەڵکو دیاربەکر هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی تیایدا وەک پزیشک کار بکات و خزمەت بە دانیشتووان بکات. هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە خوولیای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان داوێتی لە کەلـلەی و ئەمەیش وای کردووە لە پاڵ کاری پزیشکیدا هاوشانی قەدری جەمیل پاشا و باڤێ توژۆ (حاجی ئاختی) و جەریزادە فکری و عەلیێ لجێی بچێتە کۆڕی خەباتی سیاسییەوە و ساڵی ١٩١٩ لەگەڵ ئەو دەستەیەدا لقی کۆمەڵەی تەعالیی کوردستانیان لە دیاربەکر کردووەتەوە. قەدری جەمیل پاشا لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی "دۆزا کوردستانێ" بەمجۆرە باسی ئەو سەردەمە دەکات:
"کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان لە ماوەیەکی کورتدا لە زۆر دەڤەر لقی کردەوە. تەنیا لە دیاربەکر هەزاران کەس ببوون بە ئەندامی کۆمەڵە. غەنیزادە دکتۆر جەواد بەگ کە لەو سەردەمەدا لە ئیستانبوڵەوە هاتبووە دیاربەکر، هاتە ڕیزی کۆمەڵەوە. دکتۆ فوئاد بەگیش ئەندامی کۆمەڵە بوو. بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی ئەو کەسە بەهرەمەند و خوێندەوارانە وەربگیرێت، دەستەی بەڕێوەبەری پێشوو دەستی لە کار کێشایەوە و جێگەی بۆ ئەوان چۆڵ کرد."
لقی دیاربەکری دەستەی نوێی کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان لە یەکەم کۆبوونەوەیاندا پەرۆشی زانینی هەواڵی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید دەبن و دەیانەوێت بۆ ئەو مەبەستە کەسێک بنێرن بۆ سلێمانی و پەیوەندی بە شێخەوە بکەن. لەبەرئەوەی هەموویان ئارەزوویان لەو گەشتە دەبێت، بڕیار دەدەن تیر و پشک بکەن و لە ئاکامدا ناوی باڤێ توژۆ دەردەچێت. چەند ڕۆژێک دوای ئەوە، باڤێ توژۆ دەگاتە موسڵ، لەوێ ئینگلیزەکان دەیگرن و ڕادەستی تورکەکانی دەکەن. باڤێ توژۆ ماوەیەک لە زیندانێکی ئەنقەرەدا ڕادەگیرێت، پاشان ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە بۆ دیاربەکر.
دکتۆر فوئاد لە بواری ڕێکخستندا کەسێکی چالاک بووە و زۆر لێهاتووانە بانگەشەی بۆ کارەکانی کۆمەڵەی تەعالی کردووە و ڕێکخەری پەیوەندییەکانی نێوان دیاربەکر و شار و ناوچەکانی دەوروبەر و پارچەکانی تری کوردستان بووە و بەشێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ کوردەکانی باشوور و ڕۆژئاوا لە پەیوەندیدا بووە و گۆڕینەوەی زانیاری لە نێوانیاندا هەبووە.
دوای شکستی شۆڕشی شێخی پیران، دکتۆر فوئاد وەک زۆربەی کەسە دیارەکانی شۆڕش لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستگیر کرا و برایە بەردەم دادگای بەناو "شەرق ئیستقلال مەحکەمەسی – دادگای سەربەخۆی ڕۆژهەڵات" کە لە بنەڕەتدا بۆ دادگاییکردنی چەتە و تاوانباران دامەزرێندرابوو. ئەو بەناو دادگایە تاوانی دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆی دابووە پاڵ دکتۆر فوئاد، بەڵام دادگا هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستەی بۆ سەلماندنی بانگەشەکانی داواکاری گشتی نەبوو، چونکە دکتۆر فوئاد شارەزایەکی بێ هاوتای خەباتی ژێرزەمینی بوو و هیچ بەڵگەیەکی بە دەستەوە نەدابوو. پاش ئەوەی دادگا نەیتوانی هیچ بەڵگەیەک بۆ تاوانبارکردنی دکتۆر فوئاد بخاتە ڕوو، بیانووی ئەوەی بۆ ساز کرا گوایە لە ڕۆژانی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیراندا بە جلوبەرگی کوردییەوە بە شەقام و کۆڵانەکانی دیاربەکردا گەڕاوە. ساڵانی دواتریش ئاشکرا بوو کە دکتۆر فوئاد ڕۆژی ٢١ی شوباتی ساڵی ١٩٢٥، واتە چەند مانگێک پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، نامەیەکی بۆ خزمێکی خۆی بە ناوی فەرید پاشا کە دانیشتووی ئیستانبوڵ بووە، ناردووە و ئەمە دەقەکەیەتی:
"هەواڵی ناوچەیی هەتا هانی و لجێ هاتووە دەربارەی ئەوەی کە کۆمیتەی سەربەخۆیی کورد لە بەغداد و موسڵ چەندین مانگە دەستی چالاکیی جدی کردووە و بڕیار و ڕێنمایی دەرکردووە بۆ ئەوەی شێخ سەعید ئەفەندیی خنس ڕاپەڕین بەرپا دەکات. ئێستا لە دووری هەشت تا نۆ سەعات لە باکوری دیاربەکر شەڕە. خوا ئەنجام بە خێر بگێڕێت. هاوکات کۆمەڵەی کورد لە حەڵەب خەریکە کوردەکانی سەر سنوور بۆ هەمان مەبەست ڕادەپەڕێنێت. مووش و دەوروبەری کەتووەتە دەستی عەشیرەتەکان. لە ئاکامدا بیر و حکوومەتی کوردستان کە تا ئێستا ئامانج بووە، گەیشتووە بە قۆناغێک کە بەهەند بیری لێ دەکرێتەوە. با بزانین چی ڕوودەدات؟ بەندەی خۆتان دوای بینین و تێپەڕاندنی ڕۆژانی ئاوارەیی، کەوتوومەتە قۆناغی چاوەڕێکردنەوە."
بە پێی ڕاپۆرتێکی داداوەر و داواکاری گشتی ئەحمەد سوورەیا ئوێرگەئەڤرەن (١٨٨٨ – ١٩٦٩) کە ڕۆژی ١٥ی ئایاری ١٩٥٧ لە ڕۆژنامەی "دنیا"دا بڵاو کراوەتەوە، دەست بەسەرداگرتنی ئەو نامەیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکەوە هەم بووە بە هۆی لە سێدارەدانی دکتۆر فوئاد و هەم بووە بە بەڵگە بۆ ئەوەی کە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لەپڕێک ڕووی نەداوە، بەڵکو پێشتر بەرنامەی بۆ داڕێژراوە.
دکتۆر فوئاد یەکەم کەس بوو کە ڕۆژی ١٦ی نیسانی ١٩٢٥ لەلایەن دادگەی ناوبراوەوە فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو و سەرلەبەیانیی ڕۆژی دواتر، واتە لە ١٧ی نیسانی ساڵی ١٩٢٥ وەک یەکەم کەسی ناو دەستگیرکراوانی شۆڕشی شێخی پیران لە سێدارە درا. بەر لەوەی لە سێدارە بدرێت، داواکاری گشتی شانسێکی تری دەداتێ و پێی دەڵێت: "ئەگەر بڵێت تورکم، فەرمانی لە سێدارەدانت هەڵدەوەشێنەمەوە". دکتۆر فوئاد لە وەڵامدا پێی دەڵێت: "من بە شانازییەوە کوردی کوڕی کوردم." کاتێکیش لە مەیدانی دەروازەی سەرا دەیبەنە بەردەم پەتی سێدارە، بە گوتنی دێرێک شیعر وەسفی کەشی ساتی لە سێدارەدانی خۆی دەکات و دەڵێت:
"شەڤەک تاری یا هەبوو یا تونەبوو نیڤ
دەشت د خەودا، چیا دگری، نە هەلهاتە هیڤ"
دوای ئەوە لە وەڵامی جەلادەکاندا دەڵێت:
"هەمیشە ئەوەم لە خەیاڵدا بووە بە جوامێری بۆ وڵاتی خۆم بمرم. ئەم خاکەی کە ئەمڕۆ ئێمە لەسەری لە سێدارە دەدرێین، بێگومان ڕۆژێک دێت ئاڵای سەربەخۆیی لەسەر هەڵدەکرێت."
دکتۆر فوئاد دوو کوڕ و کچێکی لە دوای خۆی بەجێ هێشت و پاش ئەوەی لە تورکیا یاسای پاشناو خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، پاشناوی "ئەرکمەن" درا بە بنەماڵەی دکتۆر فوئاد. بەڵام موزەفەری کوڕی ئەو پاشناوەی ڕەت کردەوە و پاشناوی "ئوێلدویرویلەنئۆغڵو- Öldürülenoğlu"ی هەڵبژارد کە بە کوردی دەبێت بە "باوک کوژراو". موزەفەر ئوێلدویرویلەنئۆغڵو دەکاتە باوکی دیجلە ئوێلدویرویلەنئۆغڵو (١٩٤٤-٢٠١٨) کە یەکێک لە مامۆستا بەناوبانگەکانی زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزی بوو لەسەر ئاستی تورکیا.
سەرچاوەکان:
بۆ نووسینی ئەم وتارە سوودم لە کۆمەڵێک سەرچاوەی کوردی (کرمانجی) و تورکی وەرگرتووە کە لەم لینکەکانەدان