کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

کوردستان لە پەنای نیۆ-لیبراڵیزم دا : بۆچی پێویستە دەستەڵاتێکی بەهێز لە کوردستان بە پێوە بێت؟ ... * بەهرۆز جەعفەر

Pin It
 
 
ڕۆڵی کۆمپانیا-فرەڕەگەزەکان چ لە بەرهەمهێنانی جیهانی دا و چ لە تێوەگلانی تاوانە ئابوریی و مرۆییەکان بۆ گیانی وڵاتانی خانەخوێ چی یە؟. بۆچی گرنگە دەستەڵاتێکی-نیشتیمانی لە سەر پێ بێت لە هەرێمی کوردستاندا؟. ئێستا بۆ نمونە سبەینێ هاوپەیمانێتی هەرێمایەتی تورکیا-ئیمارات بە پاڵپشتی ئەمریکاو بەریتانیا بیەوێت گازی کێڵگەی کۆرمۆر بەرەو تورکیا ببات، لە بەرانبەردا حیزبێک ناڕەزایەتی دەرببڕێت، کۆمپانیاکان چ ڕۆڵێکی تەخریبی لەناو ئەو حیزبە یان لە ناوچەکەدا ئەگێڕن؟
یەکەم/ چۆن قەیرانی دارایی لە جیهان سەریهەڵدا؟
‏How the global financial crisis started?
ساڵی 1982 بۆ 1988 سەرۆکی مەکسیک « دی لامەدرید» بەهەموو توانای ویستی بیرۆکەی نیۆ- لیبرالیزم بچەسپێنێت. هەر ڕێک لەو ماوەیەدا بەتایبەتی ساڵی 1984 سەرەتای قەیرانی ئابوریی جیهانی لە مەکسیکەوە دەرکەوت؟. چونکە بە پێی ڕێککەوتنامەی بازرگانی ئازاد- FTA- مەکسیک یەکێک بو لەو وڵاتانەی ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ (40) دەوڵەت هەبو، خەڵکیش قەرزێکی زۆریان لە بانک کرد، دوایی خەڵک نەیان ئەتوانی پارەکە بگێڕنەوە بۆ بانک! ئەمەش قەیرانی ئابوریی جیهانی لە مەکسیکەوە گەیاندە ئەمریکاو ئەوروپا تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە. چونکە زۆربەی ئەو پارانەی هاوڵاتیان قەرزیان کردبو پارەی وڵاتانی دیکە بو.
لە لایەکی ترەوە، لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی قەیرانی دارایی هەیە لە مەکسیکەوە تا قەیرانی ئەمدواییەی قەرزە سیادییەکانی یۆنان تا ئەگاتە تورکیاو هەرێمی کوردستانیش، بواری نیشتەجێ بون (عەقارات) هۆکارێکی سەرەکییە. خەڵک پارەیەکی زۆر بە یەکەی نیشتەجێ بون ئەدەن، ئینجا لەناکاو قەیرانێک دروست ئەبێت یان هێزی کڕین (قوة الشرائية) لاواز ئەبێ. ئیتر هەم موڵکەکە پارە ناکات، هەم پارەکانیش دیارنەمان!.
بۆ نمونە؛ هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو شوێنانەی کە سیستەمێکی دارایی بەهێزی نەبوە. لە نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2015، زیادە ڕۆیی نیە بڵێین بە سەدان ملیار دۆلار لە گوندە مۆدێرنەکانی وەک گوندی ئەڵمانی و گوندی ئیتاڵی و گوندی ئەمریکی و گوندی کۆری و گوندی ئیسپانی و ئینگلیزی و سیتیەکانی تردا سەرفکردوە “ تا ئەندازەیەک ئەمە ئاساییە”، پرسیارەکە سەرەکییەکە ئەوەیە : ئەوە کێ یە لە ناکاو قەیرانێک دروست ئەکات بۆ ئەوەی ووڵاتەکە یان دەوڵەتان تووشی داتەپینی ئابوری ببنەوە؟! ئەوە کێ یە وا ئەکات هێزی کڕین- قوە شرائي (Purchasing power) لاواز بێت؟
دووەم؛ نیۆ-لیبراڵیزم: دژی ناسنامەو سنورە کۆمەڵایەتیەکان و ئابوریی دەستێوەردراوە
نیۆلیبراڵیزم، قوتابخانە یان تیۆرێکی ناو بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، پرۆژەیەکی ئابوریی و سیاسی و کۆمەڵایەتییە، لە سەرەتاوە تا کۆتایی باسی ڕۆڵی « دەوڵەت» و « حکومەت» ناکات و دژییەتی، دژی هەموو سنورێکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و کەلتورییە. تەنهاو تەنها بیری لای کەڵەگەکردنی سەرمایەیە لە ڕێگەی ئەکتەرە- نادەوڵەتییەکانی وەک کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان، بۆ ئەوەش سەدان ڕێگە ئەگرنە بەر؛ هاریکاری و کردنەوەی پرۆژەی چاکەکاری گشتی بۆ زەمینە خۆشکردن، بەرتیلدان، دروشم و قسەی بریق و باقی وەها کە هەر سوێند ئەخۆیت ئەمانە جیهانێکی سەرنجڕاکێش بەرجەستە ئەکەن و، ئەبنە فریشتەی خەونەکان. بیانوی ئەمانە ئەوەیە کە گرنگن، چونکە؛
- باج ئەدەنە حکومەتەکانی دونیا (بەڵام لەڕاستیدا زۆربەیان خۆیان لەو باجە ئەدزنەوە).
- سەرمایە گەشە پێ ئەدەن چونکە ئاڵوگۆڕی بانکی زۆر ئەنجام ئەدەن ( لەڕاستییدا بانکەکانیش هەر خۆیانن).
- هەروەها یەکێکی تر لە بیانوە فەلسەفییەکانی تیۆریی نیۆ-لیبراڵیزم ئەوەیە ئەوان كار زامن ئەکەن بۆ ئەوانەی لەبواری تەكنیكی و بەڕێوەبردن یان كرێكاریدا كاردەكەن! بڕوانە هەرێمێکی وەکو کوردستان کە ئەندامێکە لە جەستەیەکی چوار بەشکراوی ستەملێکراو!. بەلای کەمی (60٪) ی ئەوانەی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا کارئەکەن، ئەوانەن کە بیانین و لە دەرەوەی کوردستانەوە هاتون و کادری تەکنیکی بنچینەیین، وە ئەوانەن کە سەرمایەیان دەست ئەکەوێت. ئەوەی ئەمێنێتەوە (40٪) ی کوردن کە یان کرێکارن، یان بەڵێندەرێکی لاوەکی پلە چوارن کە تازە دەستیان بەر پارە ئەکەوێت و پێیان وایە تووشی نیعمەتی گەورە بون! وە یاخود کورد لە کێڵگەکاندا ئۆپەرەیتەرێکی کڵاو لەسەرن یان کارمەندێکی سەکیۆرتین!. هەموو ئەوانەش بەدەیان هەوڵ و بێنەوبەرە لەوێدا دامەزراون! لە کاتێکدا، سەدان گوندی ڕەسەنی خاپورکراوی ناو کێڵگە گازیی و نەوتییەکان و دەوروبەری هەیە کۆمپانیاکانی هاوشێوەی داناگاز گڵۆپێکیان بۆ ڕا نەکێشاوە کەچی (5) ساڵە بانگەشەی ئەوە ئەکەن کارەبای کوردستان ئەوان دابینی ئەکەن!؟
نیۆلیبراڵیزم، ئایدۆلۆژیایەكە بڕوای بەدەوڵەت نییە و لەسەر بنەمای لیبراڵیزمی ئابووری و كەرتی تایبەت تێزەكانی كەڵەكەكراون، لەسەر بنەمای ئەوەی چۆن ملیارێکم دەست بکەوێت؟ چۆن سەدان کەسی پڕۆفیشناڵ بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی سەرمایە و داهات بۆ گروپێکی دیاریکراو لە ناو کۆمپانیایەکدا فەراهەم بکرێت. نەک نەتەوەیەک و حیزبێک و حکومەتێک، ئەم گروپە کۆربۆکراتیانە بەلایانەوە ئاساییە مرۆڤ بکەن بە گەرووی کارگەکاندا وەک ماددەی سەرەتایی بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان زیاتر بێت.
سێهەم: کامیان گرنگترە جیۆپۆڵەتیک یان بازاڕ؟
بازاڕ، بە کورتی یانی «سنور ناناسم- No border » لە بازاڕدا خواست و خستنە ڕوو، مامەڵەو دراو، ئاڵوگۆڕی بانکی و سەوداگەرایی هەیە. نەوت ئەفرۆشیت و دۆلار وەر ئەگریت، گرنگ نییە سووننەیت، شیعەیت، کوردیت…تادوایی. کۆمپانیایەو تەمەنی لە تەمەنی دەوڵەت و ناوچەی خانەخوێ زیاترە و سنوری جواگرافیاو سیاسەت و نەتەوە و زمان تێ ئەپەڕێنێت و بەدوای قازانج دا ئەگەڕێت.
لە بەرانبەردا، جیۆپۆلەتیک سنورە، جوگرافیایە، نەتەوەیە، ناسنامەیە، هەموو ئەمانە نادات بە دەست نوخبەیەکەوە لە تاوەرە بەرزەکانی جیهانەوە بڕیاری لەسەر درابێت!
زێدەڕۆیی نییە بوترێت نەوەت لە سەتی زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان فۆکەس خستنە بۆ سەر پەیوەندییەکانی هێز لە ئابوریی بازاڕدا، هەروەها فۆکەس خستنە بۆ سەر جیۆپۆلەتیک وەک گۆراوێک.
بەگشتی، بۆ نەتەوە ژێر دەستەکانی وەکو کورد جیۆپۆلەتیک «کاریگەری هەڵکەوتەی جوگرافیا بەسەر سیاسەت» گرنگترە، بەڵام ئایا ئابوریی بازاڕ ( ئابوریی نەوت و گاز) ئەتوانێت کورد لە ژێر جەبری جوگرافیا و هەڵکەوتەکەی قوتار بکات؟ یان گەلێکی چەوساوە لە دەمی سەگ دەرئەهێندرێت و ئەکەوێتە بەر کەڵپەی گورگ و شێر و پڵنگەکانەوە!
بێگومان، ئەگەر دەستەڵاتێکی لێهاتوو، بەهێز و مەرکەزیی لە کوردستان بە پێوە وەستا بێت، توانای ئەوەی هەبێت لەناو ئاڵۆزییەکاندا جۆر و شێوازی پەیوەندییەکانی هێز بۆ خۆی پۆلێن بکات، ئەوا لایەنی کەم لەو گێژەڵۆکەیەی هەڵیکردوە ئەتوانێت خاک و تاکەکانی بپارێزێت و، مەترسییەکان بکات بە دەرفەتی جۆراوجۆر. سریلانکا لەباشوری ئاسیا گەڵاچای بەرهەم ئەهێنێت و لە باکوری ئەمریکا بە دوای بازاڕدا بۆ کاڵاکەی ئەگەڕێت، کوردیش مافی خۆیەتی خاوەنی حەوزەیەک لە نەوت و گازە لەناو بازاڕدا بەدوای بەرژەوەندییە سیاسیی و دیبلۆماسیی و ئەمنییەکاندا بگەڕێت.
چوارەم؛ لە چ فەزایەکدا بە دوای بەرژەوەندیی بگەڕێیین؟
دەوڵەت، تا قۆناغەکانى دواى جەنگى جیهانى دووەمیش تاکە ئەکتەر بو کارلێکى لەگەڵ ئەکتەر (دەوڵەت) ەکانى تردا ئەکردو، بەمەش ئەوترا پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، “هانس مۆرجنتاو” پێشەنگى قوتابخانەى ڕیالیزم ( المدرسە الواقعیە) لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان دا کتێبى (سیاسەت لەنێوان نەتەوەکان دا: تێکۆشان بۆ هێزو ئاشتى) ى لەساڵى (1948) نووسى، تیایدا (6) پرەنسیپى بۆ ڕیالیزمى سیاسی خستەڕوو، واى شى ئەکاتەوە کە “هەموو شتێک لەپێناو هێزدا” بێت و “هێز-Power” یش لە پێناو دەوڵەتدا بێت، بەهیچ شێوەیەک دەوڵەت نابێت هێزى خۆى دابەش بکات لەگەڵ ئەکتەرە نادەوڵەتیەکان دا، بۆ ئەوەى ئاشتى و ئارامى بێتەدى ئەبێت دەوڵەت “هێز” ى هەبێت. ئەم “هێز” ەش دواتر لێکدانەوەى جۆراوجۆرى بۆ کرا، بەواتایەکى تر دیمەنى سیاسەتى نێودەوڵەتى دیمەنى گەڕان و دابچڕینى بەرژەوەندییە، هێزیش ئەو بەرژەوەندییە دیارى ئەکات.
ئەم تێزە لەلایەن لیبراڵیستەکانەوە ڕەت کرایەوە، نەخێر ئەبێت “تاک” لەبرى “دەوڵەت” سەنتەر بێت و، کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان و، بانکە جبهانیەکان و، ڕێکخراوە حکومى و ناحکومییە جیهانیەکانیش پێویستە ڕۆلیان هەبێت و، هەمەچەشنى پێداویستیەکى سیاسەتى نێودەوڵەتیە، تا ئەهاتیش باى بەهێزى دیموکراتى و گڵۆباڵیزەیشن سنورەکانیان کاڵتر ئەکردەوەو، پاڵیان بەم ئارگیۆمێنتەى لیبراڵیستەکانەوە ئەنا.
لەساڵى (1991) دا سێ گۆڕانکارى گەورە بەدواى یەکدا لەڕیشەوە سیاسەتى نێودەوڵەتیان گۆڕى، ئەو سێ فاکتەرە سێ تەقینەوەى هەژێنەر لەهەمان کاتدا کۆتابی هێنا بەو ژانە قورسەى کە کرانەوەى دونیاى دواخستبو، یەکەمیان، یەکێتى سۆڤیەت ڕووخاو لەناوچەى بەلتیق و سلاڤ و بولقان و تورکەکاندا (16) دەوڵەت سەربەخۆیی خۆى ڕاگەیاند کەپێشتر لەژێر چنگى سۆڤیەتدا بون.
دووەمیان/ تیۆرى نیۆ-لیبرالیزم گەشەى کرد.
سێهەمیان/ بەدواى ئەو دوو گۆڕانکارییەدا دەیەها هەزار تۆڕى پەیوەندى و سەدان هەزار ڕێکخراوى ناو گەورەو سەدەها هەزار کۆمپانیاو هەزاران زانکۆى تایبەت ئەم جیهانەیان تەنیەوە، ئیمڕۆکە تا دەوڵەت ڕۆڵێک ئەگێرێت ئەوان دوان…ئێ پرسیارەکە ئەوەیە ناسنامەى ئەمانە چیە؟. کێ ئاڕاستەیان ئەکات!. ئەکسۆن مۆبێل –Exxon Mobile لەساڵى (2019) ەدا (279.3) دووسەت و حەفتاونۆ ملیارو سێسەت ملیۆن دۆلارى ئەمریکى داهاتى هەبوە، ئایا ئیکسۆن کۆمپانیایەکى ئەمریکیە یان جیهانیە؟. بێگۆمان پێش ئەوەى نێودەوڵەتى بێت ناسنامەکەى ئەمریکیە.
هەموو ڕاپۆرتە ئابورییەکان ئەوە نیشان ئەدەن لە ساڵى (2019) ەدا سەرو (830.000) هەشت سەدوسى هەزار کۆمپانیاى فرەڕەگەز لەم جیهانەدا تۆمارکراوە. بەپێى ڕاپۆرتى فۆڕچن گلۆباڵ (Fortune Global500) کە ڕیزبەندى ساڵانەى 500 گەورەترین کۆمپانیا جیهانیەکانە، تەنها دە لەهەرە کۆمپانیا زەبەلاحەکان لەساڵى (2019) ەدا (500،34) پێنج سەت ملیارو سى چوارملیۆن دۆلار داهاتیان هەبووە «2019: واتە ساڵێک پێش کۆرۆنا ڤایرەس».
لەناو ئەو واقیعەی سەرەوەدا، گروپێکی کۆمەڵایەتی یان سیاسیی ببێتە بەربەست، بێگومان ڕووبەڕووبەڕووی لەناوچونی ئەکەنەوە، چونکە کۆمپانیا فرەرەگەزەکان زۆر پرۆفیشناڵترن، گرێدراون بە بانکەکانەوە، ئامرازەکانی میدیای نێودەوڵەتیش لە بەردەستیانە، پیاوانی ناو دەوڵەتە کاریگەرەکان و بیرکەرەوەکان بەمانەوە گرێدراون. سەدان سیناریۆی ئامادەکراوی پێشوەختیان هەیە. ئەوەندە بەسە بزانن ڕێگری لە بەردەم پرۆژەکانی هەناردەکردنی نەوت و گازدا لە لایەن حیزبێکەوە ئەکرێت، وەک بینیمان لەناو هەناوی دەزگایەکی ئەمنی هەستیاردا بەڕێوەبەری دەزگاکەو کۆمپانیایەکی گەورەی ناوخۆییان ئامادە کردبو کودەتا بەسەر سەرۆکی حیزبدا بکات، دواتر پێی زانرا( سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ی،ن،ک وتی: کودەتامان بەسەر کودەتادا کرد).
هەر ڕۆژەو ئەبیستیت، ئاگر لە شوێنێک کەوتەوە، جبەخانەیەک تەقییەوە، سەرکردەیەک جەڵدە لێی دا! بورجەکانی پەیوەندیی کردن لە ناوچەیەک وەستا ! لەناوچەی فڵان و فیسار کۆمپانیاکانی پاککردنەوە دەستیان لە ئەرکەکەیان هەڵگرت! گروپێکی چەکدار هەڕەشە لە فڵان دامودەزگە ئەکەن!. هێزی کڕین (قوە شەرائی) دابەزی! فڵان ناوچە بەهۆی گرفتی عەقاراتەوە تووشی داتەپینی ئابوریی بویەوە…ئیتر بەجۆرێک ڕۆژێکیان ئیزرائیل ئەچێتە لای خودای پەروەردگار و ئەڵێت؛ تۆ من ئەنێریت ڕۆحی ئەو هەموو خەڵکە بکێشم، نازانیت کە هەموو سەر زەوی ئەبنە دوژمنم!. خودای گەورەش پێی ئەڵێت؛ هیچ لەوە مەترسە، بەنی ئادامم وا سەرقاڵ کردوە کەسیان تۆیان لە بیر نەبێت و، بێ ئاگان لە تۆ!.
دەرئەنجام و ڕاسپاردەکان
بونی دەستەڵاتێکی مەرکەزیی و لە سەر پێ لە هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ گەلەکەیدا هوشیار بن بەرانبەر ئەو فاکتانەی سەرەوە بێ ئەندازە گرنگە.
هەرێمی کوردستان، پێویستی بە کەسانی وەها نیشتیمانپەروەر و خاوەن پرەنسیپی نیشتیمانییە کە لەلایەک بتوانێت لەو «بازاڕ»ەدا هێز بۆ کیانی نیشتیمانی کوردستان مسۆگەر بکات، لەلایەکیش نەکەوێتە ناو تەڵەو بەڵای ئەو تۆڕانەی ئەمڕۆ بە ڕێگەی نا-دادپەروەرانەی دوور لە هیچ بەهاو سنورێک ئابوریی و ئاستەکانی وەبەرهێنان ئاڕاستە ئەکەن. بۆیە پێویستە لە پشت بڕیارەکانی هەرێمی کوردستانەوە چەندین خانەی بیری بەدواداچونی زانستی قووڵ و ئین پوت-Input هەبن، تاوەکو ئەگەرەکان، مەترسییەکان و ئۆپشنەکانی ڕووبەڕووبونەوە دیاری بکەن.
لەماوەکانی ڕابردوودا، نیوەی ئەو داهاتەی لەو گوندە وەهمیانەی شاردا سەرفکراوە. یان ئەو سەدان هەزار ئۆتۆمبیلەی بە بێ پلان هێنرانە ناوەوەی کوردستان و دەیان ملیار دۆلار لەوێدا تیاچوو (پارەکان ئاوها دیار نەمان!)، بە گوێرەی پلانی زانستی -دوورخایەن لە گوندەکانی کوردستان دا خەرج بکرانایە ئیمڕۆکە بانکە کشتوکاڵیەکان پڕ ئەبون لە پارەی یەدەگ و ئاستی بەرهەم‌هێنانی ناوخۆیی زۆر پێشکەوتوو ئەبو...
بەگشتی، لە ئێستا بەدواوە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی کوردستان لە سەر ئاستی ناوخۆ پۆلێن بکرێت بۆ سێ ئاستی سەرەکی:
یەکەم/ ئاستی پاڵپشتی ناوخۆیی کە خۆی لە بەرجەستەکردنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان ئەبینێتەوە، بۆ ئەوەی نەوەیەکی نوێ بۆ پاراستنی کوردستان دوور لە دەنگە-دەنگی پۆپۆڵیزم ئامادە بکرێن.
دووەم/ ئاستی ژینگەیی، کە خۆی لەو میکانیزمە زانستییە هاوچەرخانە ئەبینێتەوە، بۆ ڕووبەڕوونەوەی کەمی باران و ئاو، گەرمبونی گۆی زەوی و ووشک بون و بە بیابانبون بگیرێتە بەر.
سێهەم/ ئاستی پیاچونەوە بە تەواوی پرۆسە نەوتییەکان لە گەڕان و پشکنینەوە تا هەناردەکردن. ئەمەش بیانوی بەغدا ئەبڕێت.
بەهرۆز جەعفەر
دکتۆرا لە ئابوریی سیاسیی هایدرۆکاربۆن، دامەزرێنەرو سەرۆکی پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-Mirs.

We have 94 guests and no members online