کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

بۆچی بەڵێ بۆ گەشەسەندن و بەردەوامی پیشەسازیی نەوتیی لە هەرێمی کوردستان؟ ... بەهرۆز جەعفەر

Pin It

 

کاتێك لە (٢١ ی ئایاری ٢٠٢١) وەزیری سامانە سروشتییەکان "د. کەمال ئەتروشی" سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد، (٩٧) ئەندامی پەرلەمان بەشداربون، بە هەر هەمویان نەیانتوانی (٧) پرسیاری زانستی و واقیعی لێ بکەن. جگە لە غەڵبە-غەڵب و موزایەدە بۆ گیانی یەکتر کارێکی تر هەر نەبینرا!.

بەداخەوە کە لەهەموو شوێنێكدا، مەنزوری تەشهیر و تەخوین و موزایەداتی سیای و ئایدۆلۆجی بابەتەکان ئەپێوێت، ئەگەروایە تا ئێرەو بوەستە لەم خوێندنەوەیە. لێرەدا تەنها سێ خاڵ لە کۆی سەدان بابەتی ئاڵۆز لە پرۆسە نەوتییەکاندا ئەخەمە ڕوو:

یەکەم/ یەک بەرمیل نەوت لە ژێر خاکی کوردستاندا (٦٠ بۆ ١٠٠) ملیۆن ساڵی پێویستە تا ئەبێتە بەرمیلێک نەوت و دەرئەهێنرێت.

دووەم/ بەشێکی زۆر لە بیر یان کێڵگەکانی کوردستان (مەبەستم چیاکان و دامێنی زاگرۆسە بە گشتی- چونکە تەمەنی دۆزینەوەی نەوت گەورەترە لە تەمەنی هەرێمی کوردستان) سەت ساڵ، هەشتا ساڵ و پەنجا ساڵ پێش ئێستا گەڕان و پشکنینی بۆ کراوە. ئەوەش بۆ ئێستا هیچ بەهایەکی زانستی و هونەری و بازرگانی نییە. کەواتە ئەبێت چی بکرێت؟ لای خوارەوە ڕوونتر ئەبێتەوە:

سێهەم/ بۆچی ئەبێت ئاسایشی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی کوردستان پارێزراو بێت؟ هەریەکەو بە پێی خۆی و لە بەر خۆیەوە باسی شتێک ئەکات. ئەگەر تەنها و تەنها ئیش کردن و ئۆپەرەیشن بوەستێت لە (١) یەک بیردا، واتە کار لە ڕووی تەکنیکییەوە بوەستێت (باسی لایەنە جیۆلۆجییەکەی ناکەم بواری قسە کردنی من نییە) ئەوا ئەو بیرە نەوتە لە دوو چارەنوسی خراپ بەدەر نابێت: یان تا-هەتایە ئەو بیرە بە کەڵکی کارکردن و بەرهەمهێنان نایات کە سەدان ملیۆن ساڵی ویستوە تا ببێتە هۆی تەواوکاریی و یەکگرتنی ئەم هایدرۆکاربۆناتانە لە قووڵایی گونجاوی زەوییدا. وە یان ئەو کۆمپانیایە بە پێی گرێبەستەکە بە دەیان و بگرە سەدان ملیۆن دۆلاری داناوە، زۆرجار بۆ یەک بیر (٩٠ بۆ ٩٥) ملیۆن دۆلار تێچووی هەیە تا ئەگاتە کارکردن و پەرەپێدان، وە پارەی دانراوی کۆمپانیاکە لای حکومەت هەیە، هەر هەموو ئەم سەرمایەیە تیا ئەچێت، ئەبێت سەرلەنوێ هەمان هەوڵ و تێچوو بخاتەوە گەڕ، ئینجاش دیار نییە ئەنجامەکەی چی ئەبێت!

هەرێمی کوردستان، پێویستی بەوە نەبو کێڵگەو بیرە نەوتەکانی خۆی (لە گەوهەر بەنرخترن) بخاتە بەردەست کۆمپانیا بیانییەکان، بەڵکو ئەم پانزە ساڵەی ڕابردوو ئەگەر دوو کۆمپانیای نیشتیمانی (تەنانەت حیزبیش بوایە) لە بواری خزمەتگوزارییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دابمەزرایە، ئەوا:

- کۆمپانیای بیانی هیچ بەزەیی و دەربەستێکی بەرانبەر بە هەدەرچوونی نەوت و گازی نەک کوردستان بەڵکو هیچ ووڵاتێک نییە کە تیایدا میوانە. گوێ بەوە نادات چۆن بیر لێ بدرێت ئاسۆیی یان ستونی، ژینگە پیس ئەبێت یان نە و. . . تادوایی.

- دەرفەتی کارێکی زۆر زیاتر بەرجەستە ئەبو، جیاوازی چینایەتی کەمتر ئەبو، لە باتی ئەندازیاری بیانی و هێج ئاڕ و ستافی ئۆپەرەیتەری هیندی، تورکی، ئێرانی، نەرویجی، فەڕەنسی، ئیماراتی، ئیتاڵی، چینی، ڕووسی و ئەفریکی، ئەوا توانای مرۆیی کوردیی زیاتر تیایدا ڕۆڵی ئەبینی.

- ئەگەر هەر لە سەرەتاوە کۆمپانیایەکی نەوتیی- خۆماڵی- کوردیی- بە یاسا ڕێکخراوی دیجیتاڵیزەکراو لە هەموو قۆناخەکانی کارکردندا هەبوایە: هەر هیچ نەبێت ئەمڕۆکە بەغدا نەیئەتوانی ئەو بیانوەی هەبێت و فشاری جۆراوجۆر بخاتە سەر کۆمپانیا بیانییەکان.

- ئەگەرچی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و هەوڵەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق تەواو سیاسیین پێش ئەوەی دەستوری و یاسایی بن. گریمان لە ئەنجامی فشارەکانی بەغداوە کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکانیش ئەمڕۆکە کوردستانیان بە جێهێشت، ئەوا یەکسەر ئەو توانا تەکنیکی و مرۆییە خۆماڵییەی دروست ببون، جێگەی ئەوانیان ئەگرتەوە.

- ئەگەر کۆمپانیای خۆماڵی کوردیی لە بواری نەوتدا بخرایەتە گەڕ، ئەوا ئەو تێچووە زۆرە کە نزیکەی (٥٨٪) بۆ تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیە و (٤٢٪) ی بۆ حکومەت و خەڵکی کوردستانە وەها نەئەبو! ئەمەیە ڕەگی گرفتە ئابورییەکە. . .

- ئەگەر کۆمپانیایەکی نیشتیمانی خۆماڵی کوردیی هەبوایە، (کۆمپانیا) واتە سەرمایە، سەرمایەش خۆ لە فەردەو لە کادان و ژێر فەرشدا دانانرێت، بەڵکو ئوتۆماتیکی لە بانکدا ئەبێت، هەر بۆ خۆی کۆمپانیاکە هەوڵی بە‌هێزکردنی سیاسەتی بانکی و ئاڵوگۆڕ و بەهای دارایی و بانکی ئەدا بە ناچاریی، ئەوا ئەمڕۆکە سیستەمێکی بانکیی تا ئەندازەیەک پێشکەوتوو بەرقەرار ئەبو.

- ئەگەر کۆمپانیایەکی خۆماڵی- نیشتیمانی- کوردیی- دیجیتاڵیزەکراو هەبوایە، ئەوا وەک چەندین کۆمپانیای بیانی و جیهانی نە ئەچوون دەرگای دادگا نێودەوڵەتییەکانی لەندەن و نیۆرک لە هەرێمی کوردستان بگرن، بە ناوی داواکردنی قەرەبوەوە دەست لەگەڵ ئەم و ئەو تێکەڵ بکەن و بە چەندین ملیار دۆلار لە هەرێمی کوردستان وەربگرن.

- ئەگەر کۆمپانیایەکی خۆماڵی- کوردیی- نیشتیمانی (حیزبیش بوایە هەر سوپاسگوزاریی ئەویست) هەبوایە ئێستا بە سەدان کادیری تەکنیکی کورد لە ئەنجامی وەگرتنی خولی درێژخایەن لە ووڵاتە پێشکەوتوەکانی بواری نەوت وەک: نەرویج و هیندستان و چین و بەریتانیاو ئەمریکاو ئیمارات و سعودیە تەواوبوبون، پراکتیزەی کاری خۆیان لە کوردستان لە بوارەکانی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی و کۆنترۆڵ و . . . تادواییدا کردبو.

دڵنیام دەیان و سەدان هەزار خوێنەر لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، ئەو تێگەیشتن و دیدگایانەیان لە لێکۆڵینەوەو پەیپەرە ئەکادیمی و ئەنەلایزەکانی ئێمەدا بینیوە. وە بە دڵنیاییەوە لەناو ئەم سیستمە کوردییەدا خەڵکی دڵسۆز هەن و، ئێمەش (خۆبەخشانە) چەندین جار ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە و کۆژانەکانمان پێگەیاندون. بۆیە، ئێستا خۆشحاڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم ساڵی (٢٠٢٢) ەدا گەیشتوەتە ئەم باوەڕە و سەرقاڵی دروستکردنی کۆمپانیای خۆماڵی کوردییە. ئەمەش گرنگەو جێبەجێکردنی نیوەی ئەرکەکەیە.

ئەگەر کۆمپانیایەکی خۆماڵی کوردیی بواری نەوت دروستکرا، ئەبێت چی بکرێت؟

بۆ ئەوەی دۆخەکە نەگاتە ئەو پەندە کوردییەی ئەڵێت" کورد یان ناچێت بۆ ئاش، یان کە چوو ئاشەوانەکە ئەکوژێت". ئەبێت:

- یەک لەشکر تیمی پسپۆڕ و ناوەندی توێژینەوەو لۆبیست و خەڵکانی پرۆفیشناڵ لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بە بازاڕیکردن و بازاڕ دۆزینەوەو میدیای پرۆفیشناڵ و سەنتەری ڕاهێنان و. . . و. . . تادوایی لە ناوەوەو دەرەوە ئەکتیڤ بکرێت. بۆچی؟ بۆ ئەوەی ئەگەر جارێکی تر جۆ-بایدن هاتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی کوردی لەسەر زار بێت و کوردستانیش یەکێک بێت لە مەلەفەکانی. نمونەی زۆر سەیرو سەرسوڕهێنەرمان لە کۆنفرانس و بۆنەکانی دەرەوەی عێراق و بەغداد دا هاتۆتە پێش کە کورد لەم کێڵگەیەدا گاسنی لە زەوی نەداوە! جگە لەهەموو ئەوانەی سەرەوە، هەزارو یەک موئامەرەو سات و سەودا لەناوخۆی ووڵات لەگەڵ کۆمپانیاکان هەیە، هەزارو ئەوەندە زیاتریش لە تاوەرە بەرزەکانی دونیاوە دەرهەق بەم پرسانە ئەکرێن، بە دڵنیاییەوە ئەبێت لە سەدەی بیست و یەکدا بژین. . .

- ئەبێت لە ژێر چاودێری تەکنیکی وورد و کەسانی زۆر دڵسۆز و متمانە پێکراو و پرس و ڕای زلهێزەکاندا ئەم پرۆسەیە بچێتە پێش، ئەمە خوداپەرستی نییە بە قەت دەریایەک گوناح بکەیت ئینجا یەک تۆبە یان چەند زیکرێک هەمووی چارەسەر بکات، ئەمە زانستێكی تر نییە، هەڵە کردن لە پرۆسەی نەوتدا بەگشتی، لە گرێبەستدا بێت یان لە ناو کێڵگەیەکی گاز و نەوتدا یەکجارەو تەواو.

- ئەگەر تەماشای زۆربەی گرێبەستەکان بکەن، یان کۆمپانیای بێ ئەزمون هاتوون و ئەم بیرو کێڵگانەیان خراوەتە بەردەست، وە یان من گومان (بەڵگەش هەیە) کە ئەم کۆمپانیایانە هەندێکیان لە (٢٠٠٥) و (٢٠٠٦) و (٢٠٠٧) و (٢٠٠٨) هەیە (٢٠٠٩) ش لە دەرەوەی ووڵات دامەزراوە. لە ئەوروپا و کەنداو و ئەمریکاو ئەفریکاش تۆمارکردنی کۆمپانیایەکی نەوتی و کردنەوەی وێبسایتێک بۆی تەنها (٧٠٠ بۆ ١٠٠٠) دۆلاری تێ ئەچێت! ئەوە نیشانی ئەدات کە هەندێ کەس چوون بە دەستی دوو -خۆیان کۆمپانیایان لە دەرەوە دامەزراندوەو هاتوون گرێبەستیان لەگەڵ خۆیان کردووە!. دڵنیام ئێستا ئەو کەسانە لەم کابینەو سیستەمی حکومڕانییەی هەرێمدا نەماون، ڕەنگە لە بەغدا لە پۆستە سیادییەکانیان بەدەستەوەیە بە ناوی کوردەوە! یان لە لەندەن و واشنگتۆن و ئەبو زەبین! ئێستاش بەو هۆیەوە دەستیان لەناو کەرتی گاز و نەوت دایە. بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم و ئەم کابینەیە لێکۆڵینەوەی وورد بکات، کەسانێکی ساتوسەوداگەر هەرکات ویستیان تەواوی پرۆسەی نەوت بۆ مەرامی کەسیی خۆیان لە دەرەوەی هەرێمەوە لە بار نەبەن!

جەنگ هەر ململانێی سەربازیی و بەکارهێنانی هێزی ڕەق نییە، لە دوای کۆتاییهیاتنی جەنگی سارد و کرانەوەی دونیاو بازاڕی ئابوریی و کاڵبونەوەی سنورەکان، کورد ئەیتوانی ئیش لەسەر پرسی ناسنامەو سنورەکانی لە ڕێگەی ململانێی"جیۆپۆڵەتیک" ەوە بکات، کە ووزە ڕۆڵی سەرەکی تیا ئەگێڕێت. هەروەها ئەیتوانی ئیش لەسەر بنەماکانی "بازاڕ" یش بکات کە پەیوەستە بە بهای دۆلار و نرخی نەوت و سوتەمەنییەوە. ئەگەر کۆمپانیایەکی خۆماڵی- کوردیی- نیشتیمانی- پرۆفیشناڵ پڕ بە پێستی قۆناخەکە هەبوایە، لقی خۆی لە لەندەن و ڕیاز و نیۆرک و دەوحەو پەکین و قاهیرەو ئەنکەرەو برۆکسل بکردایەتەوە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کۆمپانیا یاساییەکانی جیهان و دادگا نێودەوڵەتییەکانی بهەژاندایە دژی بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵی، بۆ ئەوەی ڕاهێنان و کەشێکی تەکنیکی بۆ توانا مرۆییەکانی کوردستان لەو شوێنانە بڕەخساندایە، بۆ ئەوەی ناوەندەکانی توێژینەوەو میدیا جیهانییەکان و لۆبیستەکانی بهێنایەتە سەر هێڵ، بۆ زۆر بابەتی دیکە. . . ئەوا ئیمڕۆکە دۆسیەی کورد لە شوێنێکی ئێجگار گەورەتردا ئەبو. .

ئەوەی ئەمێنێتەوە، ووردە گەندەڵییە لە بواری سەرمایەدارییدا (کە هەر هەبوەو هەر هەیەو ئەمێنێت) تەنانەت لە هۆڵەنداو ئەمریکاش گەندەڵی و فرتوفێڵی سیاسیی و ئابوریی هەیە، ئەگەر وانییە بۆچی مارک ڕووتە سێ خولە سەرۆکوەزیرانەو ساڵی پێشو بۆ ماوەی حەوت مانگ زیاتر حکومەت پێک نەهات؟ خەڵک دەنگ بە حیزبەکەی ئەدەن، حیزبەکەش لە ڕووی ئابوری و کەسییەوە لە ژێر کاریگەری مارک ڕووتەدان و دواجار ئەو دائەنەن. لە ئەمریکا دۆناڵد ترامپ چەندین جار کۆمپانیاکانی خۆی لە باج دزییەوە.

بەو شێوەیەی سەرەوە ناسیۆنالیزم و قەومییەتی کوردیی تێکەڵ بە پیشەسازیی ئەکرێت و، کورد ئەتوانێت هێزی هەبێت و ململانێی ئەوانی تر بکات. ئەوە بۆیە ئەبێت بوترێت " بەڵێ بۆ سەرپێخستنی پیشەسازیی پیترۆلیۆم لە هەرێمی کوردستان".

- بەهرۆز جەعفەر/ سەرۆکی پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، دکتۆرا لە ئابوریی سیاسی هایدرۆکاربۆن.

 

We have 164 guests and no members online