کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بەرەو (تاران)ی پایتەخت! ... نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

Pin It



"پایتەخت" یەکەم و دوا قەڵای دیکتاتۆری حوکمڕانە لە هەر "وڵاتێک"دا. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی "پایتەخت" جێی سەرنجی دوو هێزی نایەکسان و تێهەڵچوو بێت. زۆر ڕاپەڕین و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی هەبوون کە نەیانتوانیوە بگەنە پایتەخت و سەرکوت و بێدەنگ و کپ کران! "ئێران" نموونەیەکی زەقی ئەم راستیەیە!

ئێران لە سەروبەندی گۆڕانکارییەکی گەورەدا!

ئێستا ئێران لە سەروبەندی "گۆڕانکارییەکی گرنگ و مێژوویی"دایە. ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران کە بە شەهیدکردنی ژینا ئەمینی (مەهسا)ی کورد لە تاران گەیشتە لوتکە و ڕەنگدانەوەی، نەک تەنیا ئێران، بەڵکو جیهانیشی گرتەوە، نزیکەی دوو مانگە بەردەوامە و رۆژانە ڕەهەند و پانتاییەکەی بەرەو پەرەسەندن دەچێت و شوێنی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی لەق کردووە و لەگەڵ ئەمانەشدا. زۆرێک لە هاوکێشەکانی پەیوەست بە ئێرانی گۆڕیوە.

ئێستا خەڵکی جیهان شاهیدی ئەو ڕاستییەن کە چۆن خەڵکی ئێران ڕووبەڕووی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی بوونەتەوە، تا بە هەموو یاسا و باڵ و داوودەزگاکانییەوە، راماڵدرێن و دەسەڵاتێکی  خوازراو لە جێی دابنێن کە دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتییە.

ڕەهەندەکانی ڕاپەڕینی ئەمڕۆی گەل!

ئەگەر خولەکانی پێشووی ڕاپەڕینی جەماوەر لە ئێران سنووردار بوو لە ناوچەیەک یان چینێکی دیاریکراودا، ڕاپەڕینەکەی ئەمڕۆی ئێران، هەموو ناوچەکان و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگای گرتۆتەوە و " هاودەنگی" و "ئامانجی هاوبەش" لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم خولەی ڕاپەڕینە. دەسەڵاتی دیکتاتۆریش هەر لەم تایبەتمەندییە تۆقاوە!

داواکاری و دروشمەکانی خەڵکی ئێران!

هەرچەند لە خولەکانی پێشووی ڕاپەڕینەکاندا خەڵک داواکاریی ڕەوا زۆری بەرز کردۆتەوە، بەڵام "زمان"ی خەڵک لەم خولەی ئێستاد ڕاپەڕیندا بە تەواوی جیاوازە لە ڕابردوو. خەڵکی ئێران هیچ داواکارییەکیان لەم حکومەتە نەماوە. چونکە کاتی داواکاری بەسەر چووە. داواکارییەکانی وەک: هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباری، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، مافی ژنان و ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگا و .. هتد. خەڵکی ئێڕان بە ئەزموون گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی، کە هەبوونی داواکاری لە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی، وەک ئەوە وایە لە گۆڕەپانی دیکتاتۆردا یاری بکەیت. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی لە هەموو کات و شوێنی ڕاپەڕینی ئێستادا، "رروخاندنی دیکتاتۆر" داواکاری سەرەکی و "مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی" و "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" دروشمی سەرەکی خەڵک بێت.

ئێران شوێنی دیکتاتۆریەت نییە!

پاشماوەکانی دیکتاتۆری پێشوو، کە هەر هەموویان لە دەرەوەی ئێران نیشتەجێن، بە بەکارهێنانی پارەی ناڕەوا، لە وەهمێکی گەمژانەدا، لە هەڵبەز و دابەز دان و خەون بە گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆرییەتی پێشووەوە دەبینن! ئەوانە لە "کردەوە"دا لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی مەلاکان "هاودەنگ"ن و بە زارەکی خۆیان وەک "خەڵک" نیشان دەدەن. بەڵام حیسابی هەڵەی گەورەیان لەوەدایە کە دۆخەکە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دواوە. دروشمی "مەرگ بۆ ستەمگەر، چ شا بێت و چ رێبەر (واتا ئاخوند)"، کە یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی خەڵکی ئێرانە لەم خولەی ئێستای ڕاپەڕینیدا، ئاماژەیە بۆ ئەم ڕاستییە. ئێستا خەڵکی ئێران وریان و دەڵێن "نا" بۆ هەر جۆرە دیکتاتۆرییەتێک، جا چ لە جۆری پاشا بێت یان لە جۆری مەلاکان.

ئه‌بێ چی بکرێت؟

لوتکەی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێک لە گرژی و ڕووداو و پیلانگێڕی. پیلانەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و دەست و پێوەندەکانی، هەروەها هاتنە کایەی تاک و لایەنانی تێهەڵقورتاو، دۆخەکە هێندە ئاڵۆزتر دەکەن کە پێشڕەوی دەبێ بە وریایییەوە بکرێت. لە لایەک پیلانەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر بۆ بە لاڕێدابردنی ڕێبازی ڕاستەقینەی ڕاپەڕین و دروستکردنی دووبەرەکی لە ڕیزەکانی گەلدا، لە لایەکی دیکەوە، هەنگاوی سازشکارانی ڕۆژئاوا بۆ هاوکاریکردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە فۆرمی داتاشینی"ئەڵتەرناتیڤ" و دروستکردنی نائومێدی و بێهیوایی لە ناو خەڵک و جگە لەوانەش، تێهەڵقورتانی کەسان و لایەنانی (هەلپەرست) و (شەپۆل سوار)، کە هەڵبەت سروشتی ئەم قۆناغەیە و کاتییە. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەشە هەنگاونان بەرەو پێشەوە و " تێپەڕاندنی سەرکەوتووانە"ی ئەم قۆناغە، پێویستی بەوەیە کە بە پشتبەستن بە بنەما جەماوەرییەکان و دوورکەوتنەوە لە "بە لاڕێداچوون"دا کاری بۆ بکرێت.

پرەنسیپی بنەڕەتی و بنچینەیی لە ڕاپەڕین دژی دیکتاتۆرییەتدا، دوورنەکەوتنەوەیە لە "خواست و ویستی گەل" لە جوگرافیای نیشتمان و ژیۆپۆلەتیکی مەیدانیدا. ئەگینا سودمەندی یەکەم هەر دەسەڵاتی دیکتاتۆر دەبێت. بە واتایەکی ڕوونتر، داواکاری سەرەکی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران، "ڕوخاندنی دیکتاتۆر"ە بە گرنگیدان بە "پایتەخت" (واتا تاران) و پاراستنی "یەکگرتوویی هێزە جەماوەرییەکان"ە. نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە حکوومەتی ویلایەتی فەقیهی ئاخوندی سامناکترین و لە هەمان کاتدا، ناوازەترین جۆری دیکتاتۆرییەتە لە مێژووی ئێراندا و خاوەن ئەزمونی فێڵکردنە، لەوانەش ئەزمونی "دانوستاندن" بە مەبەستی... کڕینی "کات".

هێزی رووخێنەری ڕاستەقینە؟

لە مێژووی خەباتی خەڵکی ئێران دژ بە دیکتاتۆرییەتی ئایینی، حاشا هەڵنەگرە کە ئەڵتەرناتیڤی "ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران" کە سازمانی موجاهیدینی خەلقی هێزە سەرەکییەکەیەتی، هێزی هەرە سەرسەختی گۆڕەپانی سیاسی ئێرانە لە دژی دەسەڵاتی مەلاکان. هەر بۆیە دەسەلاتی ئێستای ئێران، هەمیشە سەرنجی لەسەر سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژکردنیان بووە لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران. ئەم ئەنجومەنە لە ساڵی ١٣٦٠ەوە کە دامەزرا، ستراتیژییەکەی لەسەر بنەمای ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەتی ئایینی داڕێژرا و "ئاڵا هەڵگری" ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی بووە.

ریزبەستنەکانی دوو هێزی بەرامبەر!

ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران حکومەتی خستووەتە لێواری داڕمان و لێکترازانی دیکتاتۆر و هێزەکانی، بە شێوەیەکی بێ وێنە زیادی کردووە. بەشێک لە کاربەستانی حکومەت خەریکی کۆکردنەوە و راکردنن لە ئێران. خەڵک و بەتایبەت گەنجانی ئێرانی لە قۆناغی هێرشکردنە سەر هێزەکانی حکومەتدان و هەرکات دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسابێت، هێرشیان کردۆتە سەر داو و دەزگاکانی حکومەت و هێزەکانیان. (ناوەندەکانی شۆڕش)یش  بە شێوەیەکی بێ وێنە خەریکە فراوانتر دەبن و خۆیان ڕێکدەخەنەوە. ئەون ڕۆژانە لە چالاکیدان دژ بە دەسەڵات. جگە لە درێژەی ڕاپەڕین لە سەرتاسەری ئێران، ڕۆژ بە ڕۆژ دروشمی خەڵک بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت توندتر و بەرزتر دەبێتەوە. هەڕەشەکردنەکانی کاربەدەستانی رژێم و بە تایبەتی سوپای پاسداران نەیتوانیوە ڕێگری لە جووڵەی خەڵک و درێژەدان بە ڕاپەڕین بکات. خەڵک لە پێشڕەویدان و پێداگری بڕیارەکانی خۆیانن و بە هیچ شتێک کەمتر لە ڕووخاندنی ڕژێم ڕازی نین.

بیرخستنەوەیەکی گرنگ!

دوابەدوای هێنانە سەر کاری (ئیبراهیم ڕەئیسی) وەک سەرکۆماری مەلاکان لەلایەن عەلی خامنەییەوە، لە وتارێکدا بەناونیشانی "ئیبراهیم ڕەئیسی، دوایین سەرۆککۆماری دیکتاتۆری ئایینی!" نووسیمان کە خامنەیی "بۆ مانەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی خۆی، پێویستی بە کەسانێکی وەک (ئیبراهیم ڕەئیسی)یە، کە تا بە تەواوی دەستی سوور بووبێت بە خوێنی خەڵک و زیندانیانی سیاسی" و ئەم هێنانە سەرکارەیش "دەتوانێ یەکێک بێت لە نیشانەکانی دواقۆناغی کۆتایی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئێران". هەروەها نووسیمان کە: ئەم پێشهاتەیە به تەواوی رێکە لەگەڵ مەنتیق و ستراتیژیی موقاومەتی ئێران، واتا (نا) بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی و (نا) بۆ دەسەڵاتی مەلاکان و ئەوەیش وەک هێڵی سووری گۆڕەپانی سیاسیی ئێران. لەم ساڵانەی دواییدا کە ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بووەتە داخوازی سەرەکیی خەڵکی ئێران، هەندێک کەس و لایەن کە لافی ئۆپۆزیسیون حکومەتی ئێستای ئێران لێدەدەن و  جلوبەرگی (گەلدۆستی)یان لەبەر کردووە و خۆیان وەک لایەنگری خەڵکی ئێران نیشان دەدەن و دەنگیان خستۆتە پاڵ جەماوەری راپەڕیو، بەڵام لە ڕاستیدا و لە دڵەوە، هاوتەریبی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتن و ئامانجی سەرەکییان، لێڵکردنی گۆڕەپانی سیاسیی ئێرانە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا!"

خۆری "رزگاری" بە ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت هەڵدیت!

دروشمی "ئازادی" و "رزگاری" لە ئێراندا هاوواتای ڕوخاندنی دیکتاتۆرە. چونکە رەهەندی هاوبەشی بەرچاوی هەموو دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان و بە تایبەت دیکتاتۆریی ئایینی، لە "سەرکوتکردنی ئازادییەکان"دا کورتکراوەتەوە. ئازادی خواست و داواکاری نییە. ئامانجێکە تەنها بە ڕووخاندنی دیکتاتۆر و دیکتاتۆرییەت بەدی دێت. لە ژێر ڕۆشنایی "ئازادی"دا، ئێران هەرگیز ناکەوێتەوە ناو زلکاوی دیکتاتۆرییەت!

بۆچی (تاران) لە ڕاپەڕیندا جێگەی تایبەتی هەیە؟

گەیشتنی شەپۆلی راپەڕینی گەل بە پایتەخت (تاران)، لە راستیدا دەرکەوتنی خۆرەتاوی ئازادی و ئاوابوونی ئەستێرەی بەختی دیکتاتۆرە. بەڕێز مەسعوود رەجەوی سەبارەت بە جێگە و پێگەی تاران لە ڕاپەڕیندا دەڵێت: "تاران گەورەترین شاری جیهانە کە شۆڕشی تێدا بەرپا دەبیت. تاران ئاوێنەیەکی تەواونمای ئێرانە" و "کۆتایی هێڵی گۆڕستانی ساواکی شا و سوپای پاسدارانی ئاخوندی و دیکتاتۆرییەتە " و "تاران دووبارە سەرهەڵدەداتەوە".

هەرچەندە سەرەتایەکی دیکەیە، بەڵام پێویستە سەرنجمان لەسەر (ڕووخاندنی دیکتاتۆر) و گەیشتن شەپۆلی راپەڕین بە (تاران) بێت. ئێستا تاران بووەتە ناوەندی ڕاپەڕین و هەموو سەرنج و چاوەکان لەسەریەتی. بێ هۆ نییە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێستا، بە چڕی سەرنجی لەسەر سەرکوتکردنی ڕاپەڕینە لە تاران و هەموو داو و دەزگا سەربازی و ئینتیزامی  و پۆلیسیەکانی و، هەروەها لقە جیاجیاکانی حکومەت و بە تایبەت (یەکە لیباش شەخسییەکان)ی هێناوتە مەیدان بۆ ئەوەی تاران نەکەوێتە دەست گەل و شۆڕش!

هەموومان لەبیرمانە کە دەستڕێژی گوللە و تەقەکردنی سوپای پاسداران لە گەورەترین خۆپیشاندانی خەڵکی تاران لە ٣٠ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٠ (1981)، سەرەتایەکی نوێ بوو لە هاوکێشەکانی ناو کۆمەڵگای ئێران. هەروەک چۆن بە شەهیدکردنی ژینا  ئەمینی (مەهسا) لە تاران لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، ئێران دژ بە دیکتاتۆر راپەڕی و جیهان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئێران سەریهەڵدا و بووە سەرەتایەکی نوێ لە بەڕەوپێشەوەچوونی راپەڕین دژ بە دیکتاتۆر و جێگەی بەو دەسەلاتە لەق کرد. هەربۆیە بە دڵنیاییەوە پێویستە "سەر"ی ماری ویلایەتی فەقیهی لە "تاران" پان بکرێتەوە!

ئیرادەی پتەوی خەڵکی ئێران!

نە هەڕەشەکردنەکانی پاسدار حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، کە روو لە خەڵکی ئێرانی وتی: "واز لە دزێوی و خراپەکاری بهێنن، ئەمڕۆ ڕۆژی کۆتایی ئاژاوەنانەوەیە!" و "چیتر مەیەنە سەر شەقام" و، نە چاوسورکردنەوەی خامنەیی و ڕەئیسی و دەسەڵاتی داد، برینەکانی ئەم دەسەڵاتە ساڕێژ دەکات. خەڵکی ئێران لەو راپەڕینە بەردەوام دەبن و دیکتاتۆرییەت رادەماڵن. توندوتیژی و حکومەتی نیزامی و هێنانی سوپا و هێزەکانیتری دەسەڵات و هێزە چەکدارەکانی و لیباس شەخسیەکان و تاقمە ستادی و لوجیستیەکان و هێزی هەواڵگری و هێزە وشکانی و ئاسمانی و دەریاییەکانی دەسەڵات، ناتوانن بەرگەی ئیرادەی گەل بگرن. خەڵکی ئێران دەیانەوێت بە ڕووخاندنی دیکتاتۆریی ئایینی و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دێموکراتی، "ئێران" بخەنەوە سەر پێگەی ڕاستەقینەی خۆی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هاوچەرخدا. بێگومان سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە پێویستی بە هەمان شتە.

دوا وتە!

ئێستا ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران، جگە لە بەردەوامیی و فراوانبوونی لە هەموو پارێزگاکاندا، بەرەو پایتەخت (تاران) بووەتەوە و نەخشە ڕێگای خەڵکی ئێرانیش لەوە بەدەر نیە کە (ئێمە ژنان و پیاوانی جەنگین و نابەزین). ڕێبەری موقاومەتی ئێران، بەڕێز مەسعوود رەجەوی لە پەیامێکدا وتی: چاوسورکردنەوە و هەڕەشەکردن و گاز و گوللە ئیتر کاریگەر نین و خاومان ناکاتەوە. شۆڕشێکی گەورە لە ئێراندا بەرپا بووە، ڕاپەڕین ناوەستێت و تا تێکدانی کۆشکی دوژمن دەڕوات و خەڵکی ئێران ئەوە دەزانێت و باجەکەشی دەدات. دوژمنی داماو لە چەقبەستوویی و نائومێدیدا پەلەقاژەیەتی. ئەگەر سەرکوت نەکات، گەردەلولی ڕاپەڕین و شۆڕش پەرە دەسەنێت. ئەگەر پەنا بباتە بەر سەرکوتکردنی زیات، ئەوە بڵێسەی "ئاگر لە وەڵامی ئاگر"دا دادەگیرسێت و دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی رادەماڵێت.

 

 

کۆتایی

 

 

We have 129 guests and no members online