
پەیکەرێکم دەوێ بۆ شەهید نەسرین و ، پەیکەرێکیش بۆ گویلەن کایا.
پەیکەرێکم دەوێ بۆ گوڵتان کشاناک و پەیکەرێکیش بۆ زەینەب جەلالیان
ئەی پەیکەر بۆ غاندییەکانی کوردستان بۆ دانانێن؟ لە کاتی شەڕی داعشدا، کاتێک ژنە ئازا و دلێرەکانی کورد و یەپەژە و یەپەگە بەرگرییان لە خەڵکی شەنگال کرد و، بە شاخەکەوە بوون بە قەڵغان بۆیان. کاتێکیش کە خەریک بوو کەرکوک و مەخمور و هەولێر و حکومەتی هەرێمیش بکەوێتە ژێر چنگی دڕ و تیژی داعش و، پێشمەرگە رای کرد، ئەوەی شەڕی سووری لە پێناوی پاراستن و نەکەوتنی هەرێم کرد، کچ و کوڕە ئازاکانی سەر ئەو شاخانە بوون، کە ئەردۆی گەورە کورد کوژ، بە پێشکەوتووترین چەکی بایۆلۆجی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لێیان ئەدەن. کەچی هەموو پاداشتێکی دەسەڵاتدارانی ئەو هەرێمۆکەیە دەست خستنە ناو دەستی دوژمن بوو لە دژییان.
پەیکەر بۆ غاندی دروست ئەکەن و غاندیە قارەمانەکانی خۆمان بە تیرۆر تاوانبار ئەکەن و لەگەڵ دوژمن پێکدێن بۆ لێدان و لەناوبردنیان؟
بەڵێ غاندی قارمانێکی گەل و نەتەوەی هند بوو، بەڵام غاندی بە تۆی کورد چی؟
ئەگەر راست ئەکەن و پەیکەر بۆ غاندی دروستئەکەن، ئەی بۆ دوای فەلسەفەکەشی ناکەون؟ فەلسەفەی ناتوندوتیژی، فەلسەفەی پێکەوەژیان و ئاشتی. فەلسەفەی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ. ئێوە زۆر سەیرن! گۆشتەکە ناخۆن و دەمدەخەنە ناو گۆشتاوەکەیەوە؟ پەیکەر بۆ غاندی فەیلەسوفی داهێنەری فەلسەفەی ناتوندوتیژی دروست ئەکەن، بەڵام ئێوە خۆتان پیاوکوژ و ژنکوژ مرۆڤ کوژ و میللەت کوژ و ئاییندە کوژن؟
پەیکەری بۆ دروست مەکە و شوێن فەلسەفەکەی بکەوە. لە بری ئەو خۆت هەزاران غاندیت بە قەندیلەوەیە، لە زیندانەکانی تورکدایە، لە زیندانەکانی ئاخونددایە، هەزاران کچە شۆخ و شەنگی شەهید و مامۆستای پاکیزەی وەکو شەهید نەسرینت هەیە و نەک پەیکەری بۆ دروست ناکەیت، هەر نایشی ناسیت؟
چ بەرپرسێکی گەواد شەهید نەسرین ئەناسێ؟ ئەو مامۆستا شۆڕشگێڕەی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان کە عەلی کیمیاوی لە 1987 لە گەڵ خێزانەکەیدا سەری بڕین؟ کام لە ئێوە گویلەن کایا دەناسێ؟ ئەو گەرێلا قارەمانەی کە هەموو پەنجەکانی لە شەڕی دژی داگیرکەراندا قرتا و، ئێستا بە مەچەکەکانی قەڵەم ئەگرێ؟ کێ لە ئێوە ناتوندوتیژە تا رۆژانە لە رووی بێ بە بەردەم پەیکەری غاندی مەزن دا تێپەڕێ و شەرم لە خۆی نەکات؟ هەرچەندە ئەزانم ئێوە ئەوەندە بێ شعورن هەستکردن بە شەرمکردنتان تیاسڕاوەتەوە.
غاندییەکانی کوردستانتان باش! ئەو غاندییە پرچ و پەلک درێژانەی یەپەژە و گەریلا کە خۆیان لە ژێر چەپۆکی دوژمندا بوون و، کەچی لە تەنگانەدا هاتن ئێوەیان پاراست و، بە هەزارانیان لێ شەهید بوون، ئەو غاندییانەی کە خاکی شەنگالییان لە دەست دوژمن بۆ دەرهێنان و، لەدوای تەواوبوونی شەڕ پێتان وتن ( فنش ، فنش )ٚ، بڕۆنەوە شوێنی خۆتان، ئێوە = ت-ی-ر-ۆ-ر-ی-س-ت-ن.
پەیکەر بۆ غاندی دروست مەکەن، نە غاندی ئێوە ئەناسێ و نە ئێوەش فەلسەفەکەی ئەو. ئەوەی ئێوە ئەناسێ غاندییە پەلک شۆڕە، نێونەمامە، کەڵەئاسکە، چنگ بەورە، تەوار و هەڵۆکانن کە بەو شاخانەوە چاودێری جوڵەکانی دوژمن دەکەن و هەرکاتێک ئەو دوژمنە کەوتە جوڵە بۆ لای ئێوە، ئەوان بۆی دابەزن و بە دەنوک چاوییان دەردێنن.
نا ببورن، پەیکەرییان بۆ دروست مەکەن، پێویستیان بە پەیکەری ئێوە نیە، چونکە ئەوان هەر خۆیان دوای شەهید بوون دەبن بە پەیکەر، چونکە ئەوان هەرخۆیان بەو شاخانەوە بە هەزاران پەیکەرە شەهیدییان لە دڵی شاخ و شۆڕش و مێژودا لێدروست بووە.