
ئێرە کوردستانه...
ڕۆژەکانی هەر له شەوەکانی دەچێت...
ئەمڕۆی لە دوێنێ و
سبەی کە دێت
هیچ ناگۆڕێت..
ئەگەر دانەر نەڕۆشتایه
بابە نوئێل دەهات..
بەفریش دەباری..
کۆڵانیش پڕ دەبوو له پێکەنین و یاری..
ئەگەر دەستگیرانی ئەو کوڕە غەریبه
نەخنکایه..
جوانتر دەبوون لێره گشت ئێوارەکان..
عەشق نەی دەبینی دابڕان و
دڵشکان..
ئەگەر مووچە ئەدرا
منداڵە بچووکەکەی دراوسێمان
وڕکی بەدایکی نەدەگرت بۆ چوونە دەرەوە..
باوکێک له شەرمەزاریدا
نەدەگریا..
ئەگەر وڵات سەرۆکی هەبوایه..
کەس بیری لەسەفەر نەدەکردەوه..
کەس دڵی نەدەهات شار به جێ بهێڵێت..
هیچ دانەرێک لافاو نەی دەفڕاند..
ماڵی پێش مەرگەیەک
نەدەسووتا لە بێ نەوتی..
هیچ کەسیش خەونی به مردنەوە نەدەبینی..
شار پڕ نەدەبوو له بەدبەختی..
سوپاس سەرۆک..
چەندە میهرەبانیت
کاتێک ئەم هەموو ڕووداوه ئەبینیت و ئەبیستیت
تۆ هیچ ناڵێیت و
وەک هەمیشه
بێدەنگی هەڵ دەبژێریت...
ڕووتان ڕەش و
تاریک و تار...
وەک کۆڵان و
شەقامی شار...
دووهەزار و بیست و دوو جار
دڵتان بشکێت..
قەزای جەستەی سارد و ون بووی
سەدان دانەر
هەزاران گەنجی دەربەدەر
له ناو دڵی ئێوەکەوێت..
دڵم نایه
بڵێم ساڵی نوێ پیرۆز بێت..
بێت یان نەیەت
له وڵاتی نەوت و ئاڵا
هیچ ناگۆڕێت...
دەریــــا هەڵەبجەیـے