کوردستان - هۆڵەندا +9647707681313 +31619651691 kurdistannet@hotmail.com
Menu
{loadmoduleid ? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string:? string: ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ? ?}

یەکەم نمایشی فیلمی "مێسیی بەغدا" لە فێستیڤاڵی فیلمی ئۆستێندە دەبێت

Pin It

 

فیلمی بڵندی سینەمایی 'مێسیی بەغدا' لە نووسین و دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی 15یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە لە بەلجیکا بەشدارە و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵات دەکات.

 

کورتە فیلمی "مێسیی بەغدا" براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، ئەمساڵ وەک فیلمێکی بڵندی سینەمایی بەرهەمهێنرا و کاری وێنەگرتنی لە هەرێمی کوردستان کراوە، یەکەم نمایشی فیلمە بڵندەکەی، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە دەبێت و لەگەڵ حەوت فیلم کێبڕکێ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیلمە نێودەوڵەتییەکاندا دەکات و دوو فیلم بەناوی بەلجیکا لەو بەشە بەشدارن، یەکێک لەوانە "مێسیی بەغدا"یە و شەش فیلمی دیکە لە وڵاتانی دیکەوە بەشدارن.

 

چالاکییەکانی 15یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە لە 27 کانوونی دووەمی 2023 لە شای ئۆستێندەی کەنار دەریایی بەلجیکا دەستپێدەکات و تاوەکو 4ـی شوبات بەردەوام دەبێت.

 

سەهیم عومەر، لە 2018 بە فیلمی سینەمایی "زاگرۆس" خەڵاتی ئەکادیمی بەلجیکی بۆ باشترین دەرهێنەر و سیناریۆ وەرگرت کە لەلایەن فیلمسازانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت و تایبەتە بە فیلمە بەلجیکییەکان و لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فیستیڤاڵەکەدا دەبەخشرێت.

 

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە، لە 2007ـەوە دامەزراوە، ساڵانە لە مانگی ئەیلوول بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەمساڵ لە مانگی کانوونی دووەم دەستپێدەکات.

 

لەلایەکی دیکەوە، ئەم بەرهەمە سینەماییە لە مانگی ئازاری 2023 لە سینەماکانی بەلجیکا پێشاندەدرێت و وەک ئامادەکارییک بۆ بڵاوکردنەوەی، پۆستەر و ترەیلەری بڵاوکرایەوە.

 

بودجەی بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە لەلایەن بەلجیکا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان دابینکراوە و تەنها لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دۆلاری ئەمریکی لە بودجەی فیلمەکە بۆ وێنەگرتن و بەرهەمهێنانی خەرجکراوە.

 

لە نێوەڕاستی حوزەیرانی 2021 وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، لۆکەیشنەکانی وێنەگرتنی فیلمەکە لە سنووری هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر بوو.

 

ستافی تەکنیکی فیلمەکە لە کوردستان، بەلجیکا و هۆڵەندا بەشدارن و هەریەک لە زەهرا غەندور، ئەسیر عادل، حسێن حەسەن و عادل عەبدولڕەحمان لەم بەرهەمەدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.

 

هێندریک ڤێرتە لەرێگەی کۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەکشن (A Team Productions) لە بەلجیکا، محەممەد ئەکتاش لەرێگەی کۆمپانیای میتۆس فیلم (Mitos Film) لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و هەرێمی کوردستانیش لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارن.

 

کۆمپانیای وایلد بۆنچ (Wild Bunch) کە یەکێک لە بەهێزترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە ئەستۆگرتووە.

 

کورتەفیلمی "مێسیی بەغدا" لە 2012 بەرهەمهات و دەنگدانەوەیەکی جیهانیی هەبوو و بووە خاوەنی 60 خەڵات لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا، یەکێک لە 10 کورتە فیلمەکانی کورتە لیستی فیلمە کاندیدکراوەکان بوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین کورتە فیلم.

 

"مێسیی بەغدا" باس لە منداڵێک دەکات کە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزانی یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی و ئەستێرەی هەڵبژاردی ئەرجەنتن لیۆنێل مێسییە.

 

ئەم فیلمە بووە هۆکار کە کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە چاوی بە لیۆنێل مێسی بکەوێت و دەزگایەکی بەریتانی هاوکاریی ماددی بۆ کۆکردەوە، لە ئێرانیش قاچێکی دەستکردی بۆ دروستکرا.

 

لە 2017 بەڕێوبەڕایەتیی سینەما لە بەلجیکا، بودجەی بۆ نووسینەوەی سیناریۆی "مێسیی بەغدا" بۆ فیلمێکی درێژ تەرخانکرد و بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەکەی تەرخانکرد کە ساڵانە تەنها پاڵپشتی شەش تا هەشت پڕۆژەی سینەمایی لەو وڵاتە دەکات.

 

بڕیاربوو کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لە دەستپێکی 2020 دەستپێبکات، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک تەواوی بەرهەمە سینەماییەکانی دیکە لە جیهاندا کاریگەری لەسەر وادەی وێنەگرتنی ئەم فیلمەش هەبوو.

 

ئەم بەرهەمە دەبێتە دووەم بەرهەمی درێژی سینەمایی خەلیفە لە دوای فیلمی درێژی سینەمایی "زاگرۆس" کە 12 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا.

 

سەهیم عومەر خەلیفە دانیشتووی وڵاتی بەلجیکایە، لەرێگەی کورتە فیلمی "خاکی پاڵەوانان"، "مێسیی بەغدا" و "نێچیرڤانی خراپ" و فیلمی بڵندی سینەمایی "زاگرۆس" زیاتر لە 120 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەمایەکاندا بەدەستهێناوە، دوو لە فیلمەکانی کاندیدی خەڵاتی ئۆسکار بوونە وەک باشترین کورتە فیلم، ئێستا یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئەکادیمیای ئۆسکار و لە رووی وەرگرتنی خەڵاتی سینەماییەوە خاوەنی چەندین ریکۆردە لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و بەلجیکا.

 

 

ترەیلەری فیلم

We have 228 guests and no members online